بە بیانووی 26ی سەرماوەز
ئاخێزگەی پێشمەرگە، رۆژهەڵاتی كوردستانە. رۆژهەڵاتی كوردستان مەكۆی بە مودێڕن كردنی خەباتی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان بوو. پێشمەرگەی كوردستان بوو بە هێزی لەبڕان نەهاتووی گۆڕەپانی خەبات دژی داگیركاری و سەرەڕای هەموو كۆند و كۆسپەكانی بەردەمی، پێشمەرگە هەر مایەوە.
لە زەین و یادگەی گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتدا، سروودی “هۆی كاكی پێشمەرگە” خەریكە دەبێتە مێژوو، مێژوویەك كە دتوانێت تا خوا حەز بكات تاڵ بێت. نزیكەی 25 ساڵە ئێمە بووینەتە تێچووی دەسكەوتێك كە هەرچی بان و خواری دەكەیت و لە بێژنگی دەدەی، هیچی بەری ئێمە ناكەوێت، ئێمە واتا رۆژهەڵاتی كوردستان، باكوور و رۆژئاوا و برا عەرەبە سوننە و شێعەكان و فارسەكانی تاران، جێی رێز و حورمەتن و توركیش كە خۆی خاوەن ماڵە، ئەوە كێشەی ئەوانە و ئێمە خۆمانمان ساڵانێكە پێ خافڵاندووە، ئەو رووناكیەی ئێمە بە دوای دا هاتین لەم رەشستانەی باشوور دەستمان ناكەوێت. باشوور و گیرسانەوەی پێشمەرگە لەم هەرێمە، پێگەی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی بۆ ئاستێك دابەزاند كە دەبوو وا نەبێت. دابڕان لە خەڵك و لێكدابڕان لە نێو خۆماندا، كردمانی بە ئەوەی وا هەین، ئێمە كە دەبوو هیوا و هۆمێدی خەڵك بین، بووین بە دڵساردی و خاڵی ناهۆمێدی خەڵك، ئێمە كە دەبوو ببین بە وەدیهێنەری ئاواتی گەل و دڵخۆشی ئەوان، بووین بە بێزاری ئەوان لە هەرچی كە خۆشیان دەویست و خۆشیان دەوێت.
گەلی ئێمە پێشمەرگە پەروەرە، پاڵپشتی پێشمەرگەیە، هەروەها كەسانێكیشی لێیە كە كەرامەت و شەرافەتی خۆیان هەرزانفرۆشی داگیركەر كردووە، هەموو كۆمەڵگایەك ئەو كەسانەی بووە و دەبێتیش، بەڵام ئێمە چۆن لەگەڵ خواست و داخوازی خەڵك جوولاینەوە؟
پێشمەگەر لە خەڵكە و بۆ خەڵكە، بۆ دەبێت گوێ لە خەڵك نەگرێت، پێشمەرگە دەبێت دیسانەوە لە دایك ببێتەوە، دەبێت ببێتەوە بە هیوای راستەقینەی خەڵك. پرسیارێك كە رەنگە خستنە بەرباسی زۆر پڕ ئێش و ئازار بێت و زۆریش پڕ تێچوو، ئەمەیە كە كۆماری ئیسلامی چی دەوێت و ئێمە چی دەكەین؟
راستی ئەوەیە كە نەك كۆماری ئیسلامی و نەك هیچ دەسەڵاتێكی دیكە توانای لە ناوبردنی ئێمەی نیە، ئێمە تەنیا جەستە و چەند مەقەڕ نین، ئێمە بیرۆكە و گوتار و خواستی دڵی میللەتێكین، جەستەی ئێمە لە ژێر بەرد بە بەرد و دار بە داری شاخەكانی كوردستاندا نێژراوە و لە نێو دڵی هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵگایەدا وەچی كردووە، هەر بۆیە ئێمە هەین تا گەل هەبێت.
كەوابوو ستراتژی كۆماری ئیسلامی بە نیسبەت ئێمە لە هەنووكەدا لە سەر بنەمای دوو فاكتەر شكڵ دەگرێت: دوور بوونی ئێمە لە خەڵك و كۆمەڵگا و نەبوونی حزوور، دووهەمیش، لێكترازان و ناتەبایی و دابڕانی خۆمان لە خۆمان كە زۆر كەس و لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا ئاگرەكەی گەش دەكەنەوە.
فرە حیزبی بۆ ئێمەی لە حاڵی شۆڕشدا گەورەترین نەخۆشیە و فڕی بە سەر پلۆرالیزمی سیاسیەوە نیە، چونكە 80 لە سەدی حیزبەكانی رۆژهەڵات، لە بەرنامە و ستراتژی و داواكارییەكاندا، تەنیا قسەی یەكتر دووپات دەكەنەوە و لە ناوەڕۆكدا هیچ جیاوازییەكیان نیە.
گرفتی نەبوونی یەكگرتوویی لە نێو حیزبە لەتكراوەكان، بێ گومان یەخەی ئەو كەسانەی كە ئەندامی حیزبەكانن و خوازیاری یەكبوونی بەرەی كوردن دەگەڕێتەوە، هەمیشە دەنگەكان كاتێك بەرز دەبنەوە كە ئیدی نابیسترێن، واتا كاتێك كە پێشمەرگایەتی بە جێدەهێڵن.
ئەمڕۆ لە بەرە بەرەی 26ی سەرماوەزدا، ئەركی ئێمەیە كە گشتمان پێكەوە، دەنگ بخەینە پاڵ دەنگی یەكتر و بە قبووڵكردنی گشت تێچووەكانی بۆ خۆمان و لە پێناو بەرژوەندی گەلەكەماندا هاواری یەكگرتنەوە بەرز بكەینەوە. هەزاران كەس گیانی خۆیان فیدا كرد بۆ گەل و نیشتمان و بوون بە قوربانی. ئەمڕۆ قۆناغی ئێمەش ئەم لە خۆبردووییەی دەوێت، ئەم بێ دەنگیە سامناكەی كە گشتمانی تووشی داڕمان كردووە دەبێت بشكێت و ئەستێرەكەی هیوا لە ئاسمانی ئەو گەلەدا هەڵ بكەین.
بژی 26ی سەرماوەز
سڵاو لە پێشمەرگە