پێشمەرگە مرۆڤێك لە رەگەزی هەتاو، دەشتێك پڕ لە گوڵە مێلاقەی سەر لوولەی تفەنگ.
چریكەیەك لە گەرووی بێ ئوقرەی نیشتمانێكی یاخی.
هەڵوەدایەكی بێ ئوقرەی ژیان.
پێشمەرگە هەڵفڕینە بۆ بەرزایی، بازدانە لە لە دشەتی لیخنەوە بەرەو لووتكەی شەیدایی. داستانێك پڕ لە سیحری نەوتراو،
شەپۆلی یاخیی زەریای شڵەژاوی گەردوونە، هاوارێكی پەنگ خواردووە، كوێستان لەبەر هەیبەتی باڵای سەرنەوی دەكات و
زەنوێر و شاخ كڕنۆش بۆ جوامێریی دەبەن. حەیرانێكە چووەتە گەرووی شمشاڵی لوولەی تقەنگ و لە هەڵەمووتی چیادا قرمژنی دەست و پەنجەی مۆسیقای ژینی كوردانە.
چاوگەی باوەڕ و قەڵای بەرخودان، چیرۆكی كۆنی زێدی ئەهوورایە، قامێكی ناو دیوەخانی ماڵە كوردە، زایەڵەی لایەلایەی سەر لانكەی كۆپەری دەم بە بزەیە.
قەندیلی هەرێمی جوانی و خوناوكەی گەردنی باوەڕی چیای كوردستانە.
ئەوینەوانی دەروازی عەشقی نیشتمانە، چاوی هیوا و ترپەی دڵی ئازادی و رووگەی راستەقینەی كوردستانە.
قامووسێكە لێوانلێو لە وشەی بەرخودان، تژییە لە چیرۆكی جوامێری و داستانی نەوتراوی سینگی پڕ لە زاری زایەڵەی كوێستان.
رۆڵەیەكە پڕ لە وزە و راسان، دێوەزمەی رەش نایترسێنی، ئازا و نەترس و بەجەرگە
هەموو رۆژی رۆژی تۆیە، ئوستوورەكەم ئەی پێشمەرگە.
