"an independent online kurdish website

سڤەین ئۆڵسن-ی تەمەن ٦٨ ساڵ، ٤٢ ساڵ لەباكووری نەرویژ پزیشكی ددان بووەو ئێستا لەشاری»بۆدۆ»ی نەرویژ نیشتەجێیە، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی ٥٠ هەزار كەسە.sefein_olsn12

لەهەمان كاتدا ئەندامی پارتی سووری نەرویژە‌و ماوەی ٢٠ ساڵە ئەندامی پارێزگاو ئەنجومەنی شارەوانیی شارە‌و ٢٠ ساڵیشە بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئەو حزبەیە، هەروەها سەردانی چەندین وڵاتی كردووەو بەرپرسی رێكخراوی‌ مرۆیی بووە. لەبنچینەدا لەنەتەوەی سامییە كە ژمارەیان ٣٠٠٠٠ كەسەو زمانی تایبەت بەخۆیانیان هەیە، سڤەین ساڵانێكی دوورو درێژە بەدوای ئازارو دەردو مەینەتییەكانی كوردەوەیە‌و تا ئەو جێگایەی توانیبێتی پاڵپشتی گەلی كوردی كردووەو لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا چەندینجار دەرفەتی بۆ رەخساوەو سەردانی باشوورو باكوورو رۆژئاوای كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاشنای زیاتری بارودۆخەكە بێت، سەبارەت بەداعش‌و پرسی كوردو هەڵوێستی ئەوان سەبارەت بەو مەسەلانە چەند پرسیارێكمان ئاراستە كردو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامیداینەوە                                             

دیداری: هەورامان تاوەگۆزی

 

 

*لەم ماوەیەدا سەردانێكی مەیدانیتان بۆ كۆبانی كرد، هۆكاری سەرەكی ئەم سەردانەتان چی بوو، چیتان بینی؟

ئێمە لە ١ی نۆڤەمبەر، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم، وەكو نوێنەری پارتی سووری نەوریژی گەشتێكمان بۆ كۆبانی كرد، بەمەبەستی پاڵپشتی‌و هاوكاری بۆ كوردانی بەرگریكاری كۆبانی‌و بەدواداچوونی دۆخەكەو بەپەرۆشبوونمان بۆ خەبات‌و بەرگریكردنی گەریلاكانی یەپەگەو یەپەژەو هاوكارانیان بۆ پارێزگاریكردن لەخۆیان‌و خەڵكی سڤیل‌و بەڕەنگاربوونەوەیان دژ بەداعش لەكۆبانی‌و تەواوی رۆژئاواو مەخمورو شەنگال‌و هەموو ئەو شوێنانەی كە شەڕی سەختی تێدا دەكرێت. كوردەكان بۆ ئازادی‌و سەربەخۆیی‌و دیموكراسی هەموو كات لەجەنگدا بوون. لەئێستادا لەگەڵ دوژمنێكی مەترسیدارو رەشپۆش لەشەڕدان كە دژ بەهەموو بەهاو پیرۆزییەكانی مرۆڤایەتین‌و گرووپێكی توندڕەو و تیرۆریستین‌و دەیانەوێ بەناوی دەوڵەتی خەلافەت رەوڕەوەی مێژوو بۆ دواوە بگێڕنەوە. هەربۆیە ئەم شەڕە تەنیا هی كورد نییە، بەڵكو شەڕی ئێمەشە. ئەم سەردانەمان كرد بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگەیەنین كە خەڵكانێكی زۆر لەنەرویژو تەواوی ئەوروپا هەست بەمە دەكەن‌و بەشەڕی خۆیانی دەزانن‌و بۆ ئەوەی نیشانی سەركردەكانمانی بدەین كەوا ئێمە دژ بەوەین ئەوان تەنیا وای ببینن كە ئەم شەڕە تەنیا هی كورد بێت، ئێمە بیریان دەهێنینەوەو دژیان دەوەستین‌و هەڵوێستەی لەسەر دەكەین‌و دنیا دەبێت لەئاست ترسناكی ئەم گرووپەو ئەوانەشی لەپشتیانەوەن، بێنە دەنگ‌و چیتر تەماشاچی نەبن. ئێمە چووین لەكاتی خۆیداو راستەوخۆ ئامادەی شەڕەكە بین‌و لەنزیكەوە چاودێرییەكی وردو دروستی بارودۆخەكە بكەین‌و شایەتحاڵێك بین‌و رووداوەكان بەچاوی خۆمان ببینین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەمەمان بۆ نەكراو زۆر لەسەر سنوور ماینەوەو درێژەی كێشا، لەبەر ئەوەی سنوور داخرابوو. ئێمە ویستمان راستیی رووداوەكان لەڕێگەی (تەلەفزیۆن‌و رۆژنامە، رادیۆو ئۆنلاینەوە) بگەیەنینە خەڵكی نەرویژ. خۆشبەختانە ئەوەمان كردو بەردەوام لەسەر خەت بووین‌و هەواڵی نوێمان دەگەیاند ئەگەرچی لەسەر سنوور بووین، بەڵام رووداوەكانمان دەگواستەوەو ئەوەی بینیمان‌و بیستمان روماڵمان كرد. بینیمان چۆن سەربازانی توركی ئەندامی «ناتۆ» و «ناتۆ»ی دووەم، چەندە بەچڕی چاودێری سنوور دەكەن‌و دایدەخەن‌و رێگای هەموو دەروازەكان دەگرن، بەتایبەتیش ئەوەی لەژێردەست‌و كۆنتڕۆڵی یەپەگەو یەپەژەدا بوو. ئەوەشمان بینی كەوا چۆن توركەكان بەئاشكراو لەهەموو روویەكەوە هاوكاری تیرۆریستانی داعشیان دەكرد. ئێمە خەڵكێكی زۆرمان لەنەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی وەك كورد، توركمان، ئاشووری، ئێزدی‌و ئاوارەكانی كۆبانی‌و پارت‌و گەریلاكان بینی‌و پرسیارمان لێكردوون كە بەشداری راستەوخۆی شەڕەكان بوون‌و باسیان لەڕووداوەكان دەكرد. هەمووی ئەو دیدارو قسەو باسانە بەدۆكیۆمێنت پارێزراوە لامان.                                                                                          

ئێمە شەو لەشارێكی سەرسنوور ماینەوە، دیارە بەپرس‌و ڕا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارەدا

به‌گازی فرمێسک رێژ هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌رمان.                                                                                  

*ئێوە كە وەك شایەتحاڵێك لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكەتان دەكرد، دەزگا پەیوەندیدارەكانتان لەو رووداوانە ئاگادار دەكردەوە؟ 

بەڵێ ئێمە لەمبارەیەوە راپۆرتی خۆمان داوەو بەحكومەتی نەرویژمان راگەیاندووەو سەلماندوومانە كەوا رووە راستەقینەكەی دەوڵەتی توركیاو ئەردۆگان كامەیەو بەڵگەمان خستووەتەڕوو كە چۆن توركیا بەئاشكرا هاوكاری داعش دەكات‌و داڵدەیان دەدات. وتومانە كە چاومان لێبووە چەندینجار ئەمبوڵانسی توركیا خێرا خێرا لەهاتوچۆدا بوونە لەو سنوورانەی كە لەژێر دەست‌و كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون‌و ئەمەش بەڵگەی ئەوەبوو كەوا بریندارانی ئەم گروپە لەتوركیا تیمار دەكران‌و چارەسەریان بۆ دەكرا. باسمان لەوە كردووە چەندین ئۆتۆمبیلی گەورەو بارهەڵگرمان بینیوە هاوكاری‌و تەقەمەنییان گەیاندووەتە ئەم رێكخراوە. من‌و سەدانی تر كە لەوێ بووین، چەندینجار لەلایەن سوپای توركیاوە هێرشمان كراوەتەسەرو بەگازی فرمێسك رێژ هەوڵی ئەوەیان داوە بڵاوەمان پێبكەن‌و ناوچەكەمان پێ چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی ئاسانترو زیاتر هاوكارییەكانیان بۆ داعش چڕ بكەنەوە. ئەوەی تێبینیمان كردبێ، ئەو گازە فرمێسك رێژەی بەكاریان دەهێنا، جۆرێكی سەیر بوو دوای دووكەڵێكی زۆر، زیانی زۆر بەچاو و ئەندامانی تری جەستە دەگەیاند. ئێمە شاهیدین چەندینجار لەلایەن تۆپخانەكانی داعشەوەو هەم بەنارنجۆك هێرش كراوەتەسەر چەند ماڵێكی دراوسێی ئەو خانووەی ئێمە تێیدا دەماینەوە لە «دێوزان». رامانگەیاندووە كەوا چۆن داعش‌و هاوشێوەكانی هاووڵاتیانی بێتاوان‌و سڤیل دەكوژن‌و هێرش دەكەنەسەر ئەو شوێنانەی كەوا لەسەر سنوورەو لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیاو ئەكەپەدایەو هەمووی كوردنشینە. دەیان نموونەی تر بۆ ئەوەی بڵێین كوردەكان لەژێر چ گوشارێكدان.                                                                                                                                

*تا چەند توانیتان ئەو رووداوانە بەمیدیایی بكەن‌و رای گشتی لێ ئاگادار بكەنەوە؟                                         

گەشتەكەمان 10 رۆژی خایاندو سەردانی ئورفەو ئامەدیشمان كرد. ئێمە چەندین نامەو پەیاممان لەو ماوەیەدا كە لەسەر سنوورو لەئامەد بووین، ناردووەتەوەو هەمووی لەڕۆژنامەو نێت‌و تیڤییەكانی نەرویژ بڵاوبوونەتەوەو چەندین چاوپێكەوتنی نێودەوڵەتیمان لەڕێگەی تیڤی‌و رۆژنامە جیهانییەكانەوە ئەنجامداوەو لەدەیان كەناڵ‌و رۆژنامەی بەناوبانگ بڵاوبوونەتەوە. لەو ماوەیەدا كە لەسەر سنوور بووین‌و دوای ئەوەی كە گەڕاینەوە، دەیان چاوپێكەوتنمان لەمیدیای بینراو و بیستراوی نەرویژو بیانی لەگەڵ كراوەو لەچەندین رێگاوە كارمان كردووە بۆ ئەوەی وەكو شایەتحاڵێك چیمان بینیوەو چیمان بیستووە، بیخەینەڕوو و دۆكیۆمێنتەكان بڵاوبكەینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامین تاوەكو ئێستاو لەڕۆژنامەو دەزگاكانی راگەیاندن كاری لەسەر دەكەین. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ شیكردنەوەو گەیاندنی پەیامی خۆمان‌و ئەو بارودۆخە سیاسییەی كە ئێستا كوردی پێیدا تێدەپەڕێ، لەشارەكانی (ئۆسلۆ، بێرگن، ترۆندهایم، بۆدۆ، درامێن، ترۆمسۆ)ی نەرویژ، بەشداریمان لەدەیان كۆڕو سیمیناردا كردووە                          

داعش دژ به‌خواستی ئازادی کورده‌                                                                                                   

*بەڕای تۆ بۆچی داعش كوردستانی كردووەتە ئامانج؟                                                                              

بۆ داعش، شەڕی كورد لەسەر ئازادی‌و بەدەستهێنانی مافەكانی‌و سەربەخۆیی گەورەترین هەڕەشەیەو بۆ ئایندە بەترسناكی دەزانێت، بەتایبەتیش ئەو ئەزموونەی رۆژئاوا، بەدەستهێنان‌و دابینكردنی تەواوی ماف‌و خواستەكانی نەتەوەو ئایین‌و كەلتوورەكانەوە بەبێ جیاوازی‌و لەكاتێكدا ژنانی كورد شانبەشانی پیاو دەجەنگن‌و سیاسەت دەكەن‌و پارێزگاری لەنیشتمانی خۆیان دەكەن‌و داوای ماف‌و ئازادی دەكەن، بەڵام داعش وەكو كۆیلە لەگەڵ ژناندا هەڵسوكەوت‌و رەفتار دەكات‌و بەبۆچی ئەوان دەبێ «بكوژرێن‌و بفرۆشرێن‌و لەخزمەت بەرپرس‌و جەنگاوەرەكاندا بن» واتا هەرچییەكیان ویست دەبێ جێبەجێی بكەن. كوردستانێكی دیموكراسی، بەرامبەر بەدابینكردنی هەموو ئازادی‌و مافە گشتی‌و تاكەكان‌و بەبێ جیاوازی نەتەوە، ئایین، كەلتوور، بێگومان دژ بەخواست‌و ئایدۆلۆژیای داعشەو ئەمانە هیچ پەیوەندییەكی بەئایینەوە نییەو تەنیا بۆ دەستبەسەرداگرتن‌و داگیركردنی ناوچەكەیەو سەرچاوەكانی (نەوت، سامانی سروشتی‌و ئاو…هتد)و هێزو دەسەڵات بۆ ئەمەش ئیسلامیان كردووەتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بەنیازو مەبەستەكانیان. داعش لەئاسمانەوە نەهاتووە، ئەمە لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئەمریكاو رۆژئاوایە لەعیراق، ئەفغانستان، سوریاو لوبنان. 100ساڵە كڕین‌و فرۆشتن بەسروشتەوە دەكەن، هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دەدەن لەوانەش نەوت‌و كانزا بەنرخەكان، بۆ گەیشتن بەم داگیركارییە.                                        

رۆژئاواییەكان‌و ئەمریكا گروپی جیاجیاو مەزهەبی‌و تایفەگەرییان دروستكردووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەگژداچوونەوەو وەستانەوە بەرامبەر بەیەك. رۆڵ بینین، زاڵبوون، دەستبەسەرداگرتن، حوكمڕانی، شەڕو كوشتن، ئەمە ئاكامەكەیەتی‌و ئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵەو تەماحكارییەیەو هەر ئەم شتانەی چاوەڕوان دەكرێت بۆ خەڵكی هەژارو بێدەسەڵات‌و سڤیل دۆزەخ دروست دەكەن‌و تووشی قڕبوون‌و لەناوچوون دەبن‌و داهاتوو خێروبێری بۆ داگیركەران‌و دەسەڵاتدارانە.                                                                                                          

لەم ساڵانەی دواییدا داعش دەركەوت‌و بەشێوازێكی زۆر لەلایەن چەند وڵاتێكی ناوچەكەو دەرەوە هاوكاری پارەو دابینكردنی چەك‌و تەقەمەنی دەكران. ئەوانەی دەیانویست لەم یارییە دۆمینەیەدا بەشدار بن‌و لەناوچەكە هێزو دەسەڵاتەكانیان بەرفراوانتر بكەن بەتایبەتی(سعودیە، قەتەر، ئیماراتی عەرەبی‌و توركیا) خواستیان هەبوو لەم یارییەدا رۆڵ ببینن. شەڕی كورد بۆ ئازادی‌و سەربەخۆیی‌و ماف‌و خواستەكانیانەو بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەو ئازادكردنی خاك‌و ناوچەكانی خۆیەتی‌و داكۆكی‌و جەنگیش لەپێناو كەمایەتی‌و نەتەوەكانی تریش دەكات، كە لەخاكدا هاوبەش‌و دراوسێن‌و ئەم یارییە ترسناك‌و مەترسیدارە لەناوچەكەدا زیانێكی زۆری بۆ كورد هەیەو دەبێ خۆیان بەرگری بكەن‌و دەستكەوتەكانیان بپارێزن، بۆ گەیشتن بەئازادی‌و سەربەخۆیی‌و پاراستنی دەستكەوتەكان تەنیا دەبێ پشت بەهێزو ئیرادەی خۆیان ببەستن‌و هەموو بڕواو پشتێكیان تەنیا خۆیان بێت‌و لەسەر پێی خۆیان رابوەستن‌و سیاسەتێكی ژیرانە بگرنەبەرو یەكگرتوو و یەكڕیز بن‌و خەبات‌و شۆڕشی كورد لەتوركیاو ئێران ترسێكی زۆری بۆ سەر ئایدۆلۆژیاو دەسەڵاتدارانی ئەم دوو دەوڵەتە دروستكردووە.                                                     

رۆڵی ژنانی کۆبانێ باوه‌ڕ پێ نه‌کراو بوو ، بەرخودان و رۆلی ژنی کوردتان لە کۆبانی چۆن بینی؟                                                                                                                                                                     

-ئەوەی ئێمە لەژنانی كورد بینیمان، شتێكی بڕوا پێنەكراو بوو، قارەمانێتی‌و زیرەكی‌و رۆڵیان ناتوانرێت بەوتن یان نووسین ئاماژەی پێبكرێت. بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمان بوو. ئەوەی لەژنانی كوردمان بینی، زۆر شتی لەناخی ئێمەدا گۆڕی‌و جیاواز لەو ژنانەی ئێمە رۆژانە دەمان بینین، ئەمان پەیامێكی نوێیان بەئێمەو جیهان داو لەمێژوودا بێوێنەیە.                                                                                                                      

لێتانی ناشارمەوە ژنی كورد زۆر بەهێزو چاونەترسن، خۆراگرو قارەمانن، بەلای داعشەوە لەسەرەتاوە وەك ژنانی ئاسایی دەبینران، كەچی هەموو تێبینی‌و بۆچوونەكانیان سەبارەت بەژنانی كورد پوچەڵ‌و ئاوەژوو بۆوە. ئەوەی لەكۆبانی تووشی داعش بوو لەلایەن ژنانی كوردەوە، دۆزەخێك بوو لەسەر زەوی‌و بەرخودانی ژنانی كۆبانی تووشی شۆك‌و شپرزەیی كردو لەشكان‌و هەڵاتنی یەكجارەكی نزیك بوونەتەوە. لەم شەڕەدا، زۆربەی ژنەكان پارێزگارو سەرپەرشتیاری بەرەكانی شەڕ بوون‌و شەڕەكەشیان بردەوەو لەسەركەوتنی یەكجارەكی تەواو نزیك بوونەتەوە. ئەمانە ئایندەیەكی پرشنگداریان هەیەو بوونەتە سیمبول بۆ داهاتووی كوردستان‌و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناویان لەمێژوودا بەجوانترین شێوە دەنووسرێتەوەو بەرخودان‌و سەروەریی ژنانی كورد زۆر بابەتی لەجیهاندا گۆڕی.                                                                                                                           

هاوکارو پشتیوانی دۆزی کوردین .

ۆن دەڕواننە دۆزی كوردو خوێندنەوەتان بۆ كەیسی كورد چییە؟

-ئێمەو حزبەكەمان كە پارتی سوورە، بەشداربووانی شۆڕشی ئەوروپاو نەرویژین. یەكێتی گەلان‌و كۆدەنگییان دژ بەئیمپریالیزم بۆمان گرنگە. ئێمە هاوكاری‌و پیشتیوانی دۆزی كوردو هەموو ئەوانە دەكەین كە هەوڵی سەربەخۆیی‌و دیموكراسی‌و ماف‌و نەتەوەو مەزهەب‌و كەلتووری خۆیان دەدەن. هەروەها پشتیوان‌و هاوكاری ژنانیش دەبین لەدەستەبەركردنی مافەكانیان. بۆ ئەم مەبەستە‌و چۆنێتی دەستپێكردنی، كورد خۆی بڕیار دەدات‌و هەڵیدەبژێرێ كە چ دەكەن نەك ئێمە. ئەگەر كورد خۆی دەیەوێ دەوڵەتی هەبێت یان زیاتر یان شێوازی خۆبەڕێوەبەری، ئەوا كەس مافی ئەوەی نییە دەستتێوەردان بكات تەنیا خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن‌و سنووردانان یان هەڵگرتن هەمووی كورد دەتوانێ بڕیاری لەسەر بدات.                                                                            

كورد دەبێ لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە پەیوەندی باشی هەبێت‌و هەوڵی ئاشتەوایی بدات لەگەڵ ئەوانەی قبووڵیشیان ناكەن یان نەیانكردوون. لەڕابردوودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە چاو لەهەرێمی كوردستان‌و كانتۆنەكانی رۆژئاوا دەكەین ئایندەیەكی زۆر گەش‌و روون دەبینین بۆ كوردەكان، هیوادارین سەروەرییەكانی خۆیان بپارێزن‌و هەوڵی سیاسەتی دروست بدەن‌و نەبنە جێبەجێكاری سیاسەتی هیچ دەوڵەت‌و هێزێك‌و پشت بەتواناو هێزی خۆیان ببەستن‌و متمانە بەوە بكەن كە هێز هیچ كاتێك لەدەرەوە نەهاتووەو فریادڕەس نەبووە، ئەوە تەنیا ئیرادەو بەرخودانی خۆیانە وادەكات بڕوایان بەهێز بێت‌و خۆڕاگربن. ئاواتمان سەركەوتنی كوردەو داواكارین جیهانێكی ئارامترو ژیانێكی ئاسوودەتر چاوەڕوانی كوردو نەوەكانیان بێت‌و ئاشتی‌و ئارامی‌و پێكەوەژیان كۆتا بەهەموو شەڕو ناكۆكییەكان بێنێت، بۆ خۆشمان هەروەها، ئێمە لەكورد زۆر شت فێر بووین‌و سوپاسمان نەبڕاوەیە.                    

ئایا دوای گەڕانەوەتان هیچ پلانێك یاخود پڕۆژەیەكتان بەدەستەوەیە؟

-دوای ئەوەی ئێمە گەڕاینەوە، دەستبەجێ لەگەڵ هاوڕێ كوردەكانمان كەوتینە گفتوگۆو راوێژ بۆ ئەوەی رێكخراوێك دامەزرێنین. خۆشبەختانە توانیمان لە 10نۆڤەمبەر (رێكخراوی داكۆكیكارو هاوكاری كوردستان) دامەزرێنین‌و لەلایەن دەوڵەتەوە بەفەرمی بناسرێت. كارێكی زۆرمان كردووەو بەردەوام دەبین جگە لەدابینكردن‌و كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی‌و ناساندنی دۆزی كورد لەنەرویژو بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر بۆ گەیشتن بەئازادی‌و سەربەخۆیی، رێكخراوەكە تایبەت‌و گرێدراو نییە بەهیچ حزبێكی نەرویژی یان كوردییەوە. چەندین هێزو پارتی كوردی تێدایە بێ جیاوازی‌و هەموویان پشتیوان‌و هاوكارمانن لەكارو چالاكییەكانمان. ئێمە پشتیوان‌و پاڵپشتی خەڵكانێك دەبین كە بۆ نەتەوەی خۆیان‌و مافە دیموكراسییەكانیان خەبات دەكەن‌و هەوڵدەدەن. پێمان خۆشە خەڵكێك بنێرینەوە بۆ ئەوەی فێر بن‌و هاوكار بن‌و زیاتر لەبارودۆخەكە بكۆڵنەوە. لەم زستانەدا هیچ پلانێكی دیاریكراو و بەرنامە بۆ داڕێژراومان نییە، بەڵام زۆرمان پێ خۆشەو لەپلانماندا هەیە دووبارە سەردانی كۆبانی بكەینەوەو بەهەموو بەشەكانی كوردستاندا بگەڕێین.                                                                   

ئێمە هەموو كات لەڕێگەی خۆمانەوە هەوڵی بەرەوپێشچوون‌و جوڵانی كەیسی كوردمان داوەو بەردەوام دەبین لەپشتیوانی‌و هاوكاری تا دەگەن بەمافە رەواكانی خۆیان‌و خەباتیان سەر دەكەوێت. بارودۆخەكە لەئێستادا لەسوودو قازانجی كوردەو دەبێ زۆر بەوریاییەوە سیاسەت بكەن‌و دەرفەت لەدەست نەدەن‌و خۆیان بۆ هەر گۆڕان‌و هەلومەرجێكی نوێ، سازو ئامادە بكەن.                                                                                             

*لەكۆتاییدا رێگامان بدەن بەناوی هەموو گەلی كوردەوە سوپاس‌و پێزانینی خۆمانتان ئاراستە بكەین، بۆ ئەو هەموو هەوڵ‌و تێكۆشانەی بەرەپێشچوونی كەیسەكەمان لەسەر ئاستی جیهاندا، دووبارە سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە زێڕینەی بەمنتان بەخشی بۆ سازدانی ئەم دیمانەیە.                                                                          

سەرچاوە: کوردستانی نوێ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی