Hoppa till innehåll
Hem » نامەیەکی تاڵەبانی بۆ عەبدولا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێمۆکرات

نامەیەکی تاڵەبانی بۆ عەبدولا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێمۆکرات

پێشمەرگەکان: ئەمەی خوارەوە دابەزاندنی نامەیەکی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی ینک ، یە بۆ   مامۆستا  عەبدولا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حدکا کە  دەقی نووسراوی دەستخەتی تالەبانی  بە بێ دەستکاریی تەنانەت یەک نوقتەش  دەخەینە بەردیدی خوێنەران.

مەبەست لە دابەزاندنی نامەکە ئەوەیە کە زۆر جار باس لە وازهێنانی خەباتی چەکداریی حدکا دەکرێ و وڵامەکەی ڕەنگە بۆ زۆر کەس ڕوون نەبێ، بەڵام بە خوێندنەوەی نامەی تاڵەبانی وڵامی زۆر پرسیار دەردەکەوێ.  هەر وەها مەبەستێکی دیکەش ئەوەبوو کە بەداخەوە دەستخەتی تاڵەبانی بۆ هیندێک لە خوێنەران سەخت بوو، بۆیە ویستمان وەک خۆی لە کامپیۆتێری بدەین. سەرچاوەی نامەکەش ئەوەتە بە ژمارەی ڵاپەڕەوە لە سەر خودی نامە کە نووسراوە و حەوجە بە نووسین ناکا.

 

برای دیرین و هەڤالی تێکۆشەر

مامۆستا عەبدولا حەسەن زادەی بەڕێز

سڵاوێکی گەرم

شادی و خۆشی وسەرکەوتنتانم داوایە. سوپاس بۆ هەردوونامەکتان، دوای مشاوەرە لەگەل هەڤاڵان ئەمەی خوارەوەتان عەرز دەکەم.

یەکەمین : شەرتەکانی ئەبو حیکمەت مەنتیقین، بەڵام جارێ ڕەنگە نەتوانین یەکێکیان کە بەڵێنی سزای دانی تاوانبارەکانە عیلان بکەین. لێتان شاراوە نەبێت ، نەمعلوومە ، نەدەزانین چۆن کراوە؟ دیسان لێژنەیەکی نوێمان پێکهێناوەتەوە لە هەڤاڵان فەرەیدون و عیمان و ئەرسەلان بۆ چاوخشاندنەوە بە هەموو ڕووداوەکە. بۆیە گەر لەوە تەساهولمان لەگەل بکەن، بەشێوەیەکی تر بیڵێێن، ئەوا هەمووی تەواو.

دووەم: ئەوەی ڕاست بێت ، دوای ئەوەی ئێوە تکای دێرینی ئێمەتان قەبووڵ نەکرد و چالاکی چەکدارانەتان ڕانەگرت ،ئێرانیش بۆی مەعلووم بوو کە ئێوە کاری عەسکەری دەکەن و گفتوگۆی نهێنی شتان ڕەدکردەوە ، بۆیە داوایان لە ئێمە کرد دەرتان کەین، و چەکتان کەین و هتد! دیارە پێمان گوتن ئەوانەمان پێ ناکرێ.ئینجا سنووریان لە ١/٧ ەوە داخست و دەیان ملیۆن دیناریان زیان پێ گەیاندین. کە زۆر بەداخەوە ئێوەی برای دێرین وهەڤاڵی تێکۆشەر هیچ حیسابێک بۆ ئێمە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێمە ناکەن، بەڵکوو سوورن لە سەر ئەو  چالاکییە زۆر مەحدوودە عەسکەریەی خۆتان . ئێستەیش ئێران بە ئێمە دەڵی کە یان دەبێ چەکتان کەین و دەرتان کەین یان ئەویش وەک ئێوە گوێمان ناداتێ و چی پێ بکرێ بە دژتان دەکات.

ناتوانم لێتان بشارمەوە، وناکرێ پێتان نەڵێم: ئێمە شەڕی ئێرانیش مان پێ ناکرێ ، نە پێمان دەکرێ بە کردەوە_ مەگەر شەڕێکی خۆتڕێن_ کە نایکەین، نە بۆشمان دەست دەدا . بە تایبەتی قسەکانی ئێران دەخرێنە چوارچێوەی (منطق) و (حسن الجوار) و قانوونی دەولی یشەوە، کە هیچ یەکێکیان ڕیگە نادەن بە هیچ دەوڵەتێک کە چەکدارانی حیزبێک بحەوێنێتەوە تا لە خاکی ئەوەوە هێرش بەرنە سەر وڵاتێکی تر: ئەوەش نموونەکانی هەموو دونیا .

جا بۆیە ئێمە ناتوانین بەرگری، ڕێگری لە ئێران بکەین هەر وەک تورکیەشمان نەکردووە و نەمانتوانیوە بیکەین. کەواتە دیسان تکایەکەمان دووپات دەکەینەوە ، کەلە خاکی کوردستانی عێراقدا واز لە چالاکی چەکدارانە بهێنن ، تاکو ئێمەش بتوانین دیفاعتان لێ بکەین و ئەوسا بەرگری لە هێرش و هاتنی پەلاماردەران بۆ سەرتان بکەین ، خۆ گەر هەر سوورن لە سەر چالاکی نظامی ئەویش لە کوردستانی عێراقەوە ، ئەوە دەبێ : هەم چاوەنواڕی هەموو جۆرە. هێرشێکی ئێرانی ببن بۆ سەر خۆتان ، هەم چاوەنواڕی ئێمە نەبن کە شەڕی ئێران بکەین و ڕیگەیان لێ بگرین. دیارە خۆشتان دەزانن کە((لا یکلف الله نفسا الا وسعها)) باوەریش بفەرموون لە (وەزعی؟؟) ( وسفی؟؟) ئێمە دا نیە شەڕی ئێرانیش بکەین هەرچەندە باوەڕیشمان بەوشەڕي نیەوبەراستی نازانین. و ئێمە ناتوانین ”منطقی بوونی” قسەکانی ئیرانیش ڕەدبکەینەوە 

ئیتر هیوادارم لوتفی برایانەتان لەگەل برایانی خۆتان لە کوردستانی عێراق زیاد ببێتەوە و خێرێکمان پێ بکەن و وەزعمان ڕەچاو بکەن،

هە ربژین بۆ برای دڵسۆزتان

مام جەلال 

قەڵاچوالان ٢٠/١١/١٩٩٦