ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی، ” فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان” بۆ یاد کردنەوەی ٢٧مین ساڵڕۆژی کارەساتی شیمیابارانی ” هەڵەبجە” ڕێوڕەسمێکی لە شاری ” ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید پێک هێنا.
لەو پێوەندییەدا شاندێکی کومیتەی سویدی ” حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بەسەرپەرەستی ” ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کومیتەی سوید لەو ڕێوڕەسمە ماتەمینییەدا بەشداری کرد.
سەرەتا ڕێوڕەسمەکە لەلایەن ” کوردۆ باکسی” بە وتەیەکی کورت لە سەر شیمیاباران و شەهیدانی هەڵەبجە کرایەوە،
پاشان بە ڕاگەیاندنی خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیە دەستی پێ کرد.
شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە پەرلەمانتار و کار بەدەستانی دەوڵەتی سوید بەشدارییان کرد و سەبارەت بەو کارەساتە دژە مرۆیە وتار و پەیامی تایبەتیان پێشکەش کرد، کە یەکێک لەو پەیامانە پەیامی جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتی سوید بوو، کە لەلایەن شەخسی” ئۆسا ڕۆمسۆن” جێگری سەرۆک وەزیرانەوە پێشکەشی کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا پەیامی نوێنەرایتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان و پەیامی کومیتەی هاوکاری هێزەسیاسیەکانی کوردستانی و چەندن شێعر و پارچە مۆسییقای ئارام پێشکەش کران.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی سوید
١٦ی مارسی ٢٠١٥