"an independent online kurdish website

مستەفا هیجری، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ (سڤیل): زۆر لە تۆمەتبارانی تیرۆركردنی كادیر و پێشمەرگەكانمان لەهەرێمدا بەئازادی دەسوڕێنەوە و هەشیانە لەپێگەی دەسەڵات دان.mustefa-hijri-2015

 – هەر هێزێكی كوردی بەشەكانی تری كوردستان بێ رەزامەندی و داخوازی هەرێم موداخەلە بكات، ئەوا سەروەری ئەو بەشەی نیشتیمانی ژێرپێناوە

ئەو لیژنەیەی لەبارەی پەلاماری پۆلیس و ئاسایشی كۆیە بۆ سەر كەمپی حزبمان پێكهێنرابوو تا ئێستا هیچ  ئەنجامێكی نەبووە

ریفۆرمخوازەكانی ئێران بەگشتی و ریفۆرمخوازەكانی كوردی ئێرانیش بەتایبەتی بەدوای كڵاوی بابردوو كەوتوون

لە نوسینگە سادەكەی خۆی و بەشێوازە خاكەڕاییەكەی خۆی پێشوازی لێكردین. وەڵامی هەموو پرسیارەكانی دایەوە و خۆی لەهیچ پرسیارێك نەبوارد، چ لەبارەی ئێران و پرسە ناوخۆییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بارودۆخی ئێستایان، چ لەبارەی ئەو كتێبەی بەو دواییانە بەناوی “نسكۆ و دابڕان” نوسیویەتی و تێیدا باسی وردەكارییەكانی تیرۆركردنی رێبەرانی شەهید “د.قاسملو و د.سادق شەرەفكەندی” و سێ ئینشیقاقی ناو حزب دەكات و بۆ یەكەمجاریش هەندێك روونكردنەوە و زانیاری نوێی تێدا خستۆتەڕوو.

رەنگە كەم كەس تێبینی ئەو راستیەی كردبێت، كە ئەو یەكەم سكرتێری حزبێكی كوردیە بەر لە 20 ساڵ لەكۆنگرەی دەیەمی حزبەكەیدا دەسبەرداری پۆستی سكرتێری حزب دەبێت بۆ بەرژەوندی كێبڕكێكارەكەی (عەبدوڵڵا حەسەن زادە) و پیرۆزبایی سەركەوتنی لێدەكات و لەماوەی سێ كۆنگرەی داهاتووشدا وەك جێگری سكرتێر و دواتریش ئەندامێكی ئاسایی دەفتەری سیاسی حزب بەردەوام دەبێت، تا دواتر لە كۆنگرەی 13هەمدا جارێكی تر وەك سكرتێر هەڵدەبژێردرێتەوە. كاتێكیش لەمبارەوە پرسیارمان لێكرد، بەپێكەنینەوە گوتی “خۆ نابێت من خۆم باسی ئەوە بكەم”.

بەشی یەكەمی ئەو دیمانە تایبەتە بە تەوەری ئێران و پرسەكانی تری حزب. بەشی دووەمیشی تایبەت دەبێت بە كتێبی “نسكۆ و دابڕان”.

سڤیل: دەگوترێت زەرەرمەندی یەكەم لەرێكەوتنی نێوان ئێران و گروپی 5+1 هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانن، بەحزبە كوردیەكانیشەوە. تا چەند لەگەڵ ئەم بۆچوونەدای؟

مستەفا هیجری: ئەو رێكەوتنە بەزەرەری خەڵكی ئێران تەواو نابێت، كە خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستانیش بەشێكن لەخەڵكی ئێران، چونكە لەرووی ئابوورییەوە بڕێك دەبوژێنەوە، رەنگە دەرفەتی كاری زیاتر بڕەخسێت، بەڵام نەك بەو شێوەیەی ئێستا خەڵكی ئێران چاوەڕوانی دەكات، چونكە ئاستی چاوەڕوانی خەڵك زۆر بەرزبۆتەوە و راستیەكانیش شتێكی دیكەن. بەڵام لەلایەنەكەی ترەوە، پێمانوایە كۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا لەرووی ئابوورییەوە لەدۆخێكی ئێجگار شپرزە دایە، هەر لەبەر ئەو هۆیەشە ئامادەبووە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا بكات، ئەمریكایەك كە ساڵەهایە بەشەیتانی گەورە ناوی دەبات و لەرێبەرەوە تادەسەڵاتدارانی خوارەوە رایانگەیاندبوو، كە ئەوان قەت لەگەڵ ئەمریكا گفتوگۆ ناكەن، كەچی ئێستا وتوێژیان كرد و ملیشیان بۆ مەرجەكانی ئەمریكا و خۆرئاوا كەچ كرد. جا كە ئەوان گەمارۆی ئابوورییان لەسەر نەمێنێت، بێگومان دەستیان لەئێستا پڕتر دەبێت، لەئاكامیشدا توانای دەستێوەردانی لەكاروباری وڵاتانی دەرەوە و فشارهێنان بۆ نەیارانی خۆیان لەدەرەوە زیاتر دەبێت و دەستیان ئاوەڵاتر دەبێت، كە ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانیش بەشێكن لەدژبەرانی كۆماری ئیسلامی و ئێستا لەباشوور نیشتەجێن. دیارە تائێستا كۆماری ئیسلامی هەرچی لەدەستی هاتووە هەر كردویەتی، بەڵام ئێستا دەستی ئاوەڵاتر دەبێت.

سڤیل: پێتوایە ئێران دەسبەرداری دروشم و خەونی لەمێژینەی ببێت، كە بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمە و ساڵەهایە خەڵكی وڵاتەكەی بەهۆیەوە گرفتار كردووە؟ واتە بەرای تۆ ئێران راستگۆیە لەرێكەوتنەكە و پێیەوە پابەند دەبێت؟

مستەفا هیجری: كۆماری ئیسلامی ئێران تەحەمولی ئەو هەموو زەرەرەی كرد، كە بەسەدان ملیار دۆلار زیان بەر ئابوورییەكەی كەوت و خەڵكی ئێرانی توشی بێكاری و هەژاری كرد و لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەراوێزكەوت، لەپێناوی ئەوەدا بوو چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و رژێمەكەی پێ بپارێزێت، بەڵام ئەو بەرنامەیە قەیرانی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێستا ئەگەر مل رانەكێشێ و ئەركەكانی خۆی لەو رێكەوتنە جێبەجێ نەكات، گەمارۆكانی لەسەر هەڵناگیرێ، واتە ئەوكات لەلایەنی ئابوورییەوە كێشەی بۆ دروست دەبێت و ناتوانێت وڵاتەكە بەڕێوە ببات. بۆیە دیسان هەر بۆ ئامانجی پاراستنی رژێمەكەی مل بۆ رێكەوتنەكە رادەكێشێت، نەك بەدڵخوازی خۆی ئەمە بكات.

سڤیل: بەڵام ئەوەی ئێران لەو رێكەوتنە دەستیكەوتووە، 10 ساڵ لەمەوبەر دەیتوانی بەدەستی بهێنێت، بێ ئەوەی خەڵكی ئێران توشی ئەو هەموو نەهامەتیە بكات. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە ئێران لەرووی مەعنەوی و سیاسیەوە لایەنی دۆڕاوی ئەو رێكەوتنەیە؟

مستەفا هیجری: بێگومان ئێران دۆڕاوی ئەسڵی ئەو رێكەوتنەیە. من لەوتارێكدا نوسیومە ئەو رێكەوتنە مانای گەڕانەوەی ئێرانە بۆ خاڵی سفر، واتە ئەو رۆژەی كە هێشتا دەستینەكردبوو بە پیتاندنی یۆرانیۆم و گەمارۆی نەخرابووەسەر. ئێستا دوای ئەو هەموو خەسارەت و دروشمدانە، تازە گەڕاوەتەوە ئەو خاڵەی كە دەستیپێكردبوو. واتە ئێران زەرەری زۆری كرد، بەڵام رۆژئاوا هیچی لەدەستنەداوە، بەڵكو دەستكەوتێكی گەورەی هەبوو و بەئامانجی خۆی گەیشت، ئەویش ئەوە بوو كۆماری ئیسلامی دەستی بەچەكی ئەتۆمی رانەگات، خۆ ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئەوەی درێژە پێبدابایە، ئەوا قسە لەپەلامار و هێرشی سەربازیش دەكرا بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئێستا رۆژئاوا تەنیا بەوتوێژ و بێ ئەوەی هیچ تێچوویەكی هەبێت، كۆماری ئیسلامی بەچۆكداهێنا و مەرجەكانی خۆی بەسەردا سەپاند. بۆیە لەو رێكەوتنەدا یەك دۆڕاو هەیە، ئەویش كۆماری ئیسلامیە.

سڤیل: ئەی كاریگەری ئەم رێكەوتنە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی؟ پێتوایە ئەو هەژموون و نفوزەی ئێران لەهەرێمدا هەیەتی، دوای ئەو رێكەوتنە زیاتریش بێت و سێبەری ئێران لەسەر هەرێم قورستر بێت؟

مستەفا هیجری: بێگومان كۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی ئەوەیە هەژموونی خۆی زیاتر بكات. دەیەوێت لەگەڵ عێراق بەگشتی و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەجۆرێك سیاسەت بكات، كە بەدڵخوازی خۆی بێت. دوای ئەو رێكەوتنەش دەسەڵاتی زیاتری دەبێت، چونكە باشتر دەتوانی هاوكاری هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە و ئەو گروپانەش بكات، كە سەر بەخۆنی. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا رۆژئاوا كە بەرژەوەندی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرە، رێگا بەئێران دەدات بەدڵی خۆی دەستوەربداتە ئەم وڵات و ئەو وڵات؟ چونكە ئێستا دەبینین هەندێك بەرگری بەرامبەر بەهەوڵەكانی ئێران لەناوچەكەدا دروست بووە، بۆ نمونە حوسیەكانی سەر بە ئێران، كە لەیەمەن دەستپیانپێكرد، پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد، رووبەڕووی دژكردەوەی ئاوا توندوتیژی عەرەبەكان و هەڵوێستی توندی وڵاتانی خۆرئاواش ببنەوە. بۆیە رەنگە وڵاتانی رۆژئاوا ئێران ناچار بكەن جۆرێك لەهاوسەنگی رابگرێت و وەك ئێستا مەیدانی بۆ ئاوەڵا نەكەن.

 سڤیل: تۆ وەك سەركردەی حزبێكی كاریگەری كوردی لەخۆرهەڵاتی كوردستان، لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئەو رێكەوتنە، هیچ جۆرە نائومێدی یان نیگەرانیەك داینەگرتی، لەبارەی ئایندەی خەباتی سیاسی و چەكداریتان لەخۆرهەڵاتی كوردستاندا؟

مستەفا هیجری: هیچ نیگەرانیەك داینەگرتم و بۆشم شتێكی تازە نەبوو، چونكە بەپێی لێكدانەوەكان و هەندێك زانیاری كە خۆم هەمبوو، پێش دەستپێكردنی وتوێژەكانی جنێڤ، ساڵ و نیوێك لەمەوبەر من وتارێكم نوسیبوو و ئاماژەم بەوە داوە، كە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، كە لەوێدا باسم كردبوون، لەو وتوێژانەدا كۆماری ئیسلامی بە چۆك دادێ و تەسلیمی مەرجەكانی خۆرئاوا دەبێت. پێشبینی ئەو رێكەوتنەم كردبوو. ئێستاش كە زۆر كەس گومانی لەوە هەیە تا مانگی شەش بەرێكەوتنی كۆتایی دەگەن یاخود نا، پێموایە بەرێكەوتنی كۆتاییش دەگەن، پێشبینی دەكەم ئێران بەتەواوەتی پابەندی رێكەوتنەكە بێت، جگەلەوەش هیچ رێگاچارەیەكی دیكەی نیە. ئەمەش نەك لەبەر خاتری خەڵكی ئێران، چونكە خەڵكی ئێران لەو رێكەوتنە شتێكی ئەوتۆیان دەستناكەوێت، بەڵام كۆماری ئیسلامی بۆیە كۆماری ئیسلامیە، كە بەپێی ئیدیۆلۆژی و یاسای بنچینەییەكەی بتوانێت شۆڕش هەناردەی دەرەوە بكات، چونكە لەئێستادا كۆماری ئیسلامی دەبێ جەنگی سوریا بەڕێوەببات، ئیدارەی حیزبوڵڵای لوبنانی بدات، دەبێ هاوكاری حوسیەكان بكات و كەرەستە و توانای جەنگیان بۆ دابین بكات، كە هەموویان رەشوڕووت و بێداهات و ماڵوێرانن، هەروەها زۆر گروپی تیرۆریستی تری دیكە لەناوچەكە، دەبێت یارمەتیان بدات، ئەگەر پارەی نەبێت، ناتوانێت ببێتە كۆماری ئیسلامی، بۆیە مەجبوورە سەردانەوێنێت و بەچۆكدا بێت.

 سڤیل: هەڵوێستی حزبەكانی باشووری كوردستان، بەرامبەر بەهەوڵەكانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەهەرێمدا بەتایبەت چۆن دەبینی؟ پێتوایە لەئاستی پێویستدا بوونە لەوەستانەوە بەرامبەر بەهەژموونی ئێران، یاخود تاڕادەیەك خۆیان بەدەستەوە داوە؟

مستەفا هیجری: پێموابێت ئێستا هەموو شتێك ئاشكرایە و شتی شاراوە نەماوەتەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەموو عێراقدا نفوزێكی ئێجگار زۆر بەربڵاوی هەیە، بەكوردستانی باشووریشەوە، لەباشووریش دەستێوەردان دەكات و كێشە سازدەكات، بەردەوام خەریكی ئاژاوە نانەوەیە. گومانم لەوەدا نیە، زۆربەی ئەو كێشە و دووبەرەكی و دژایەتیەی لەنێو هێزە سەرەكیەكانی باشووردا هەیە، دەستی ئێرانی تێدا هەیە، هێندەشی بتوانێت درێژە بەم ئاژاوانە دەدات.

 سڤیل: ئێوە كە لەناوچەی جێنفوزی یەكێتین، نزیكی ئەو هێزە لەئێران هیچ جۆرە فشارێكی بۆ سەر ئێوە دروستكردووە، یاخود سنووری ئازادی جموجۆڵی لێ بەرتەسك كردبنەوە؟

مستەفا هیجری: تائێستا لەجموجۆڵی كاروباری سیاسیماندا ئازاد بووین، تەلەفزیۆن و دەزگای راگەیاندنمان هەبووە، بەشی ئاشكرای حزبمان بەرێبەرایەتیەوە لێرەوە سەفەری دەرەوە دەكەین، لەگەڵ هەر شوێن و جێگایەك مەبەستمان بێت، چاوپێكەوتن پێكدێنین. تائێستا هیچ گرفتێك لەسەر رێگای ئێمە دروست نەكراوە.

 سڤیل: بەڵام رەخنەیەك كە زیاتر هەر لە نوسەران و رۆشنبیرانی خۆتانەوە دەگیرێت، ئەوەیە كە حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات لێرە لەباشووردا رۆڵی پاشكۆیەتی حزبە سەرەكیەكانی باشووریان پێ رەوا بینراوە، بۆ نمونە لەمەسەلەی بەشداریكردنتان لەشەڕی داعش؟

مستەفا هیجری: ئەوە بەڵگەی پاشكۆیەتی ئێمە بۆ لایەنێك نیە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئێمە وەك حزبێكی سیاسی بەدروستی رەفتار دەكەین. سیاسەتی ئێمە لەگەڵ پەكەكە، یان لایەنەكانی دیكە جیاوازی هەیە. پێمانوایە حزبەكانی باشوور و خۆرهەڵات و باكوور و خۆرئاوا، هەموویان دەبێت لەچوارچێوەی ئەو بەشەدا كە هەن، كار و چالاكی خۆیان ئەنجام بدەن، لەپێناو ئازادی و مافی خۆیان خەبات بكەن. وەزیفەی ئێمە ئەوەیە یارمەتی بەرەوپێشچوونی خەبات لەهەموو بەشەكاندا بدەین، پشتیوانیان بكەین، بەڵام ئەو پشتیوانیە ئەوكاتەیە كە بەخۆیان داوا بكەن، چونكە لەوباوەڕە داین، كە خۆیان داوا نەكەن و سەرەڕۆیانە بچین لەبەرەیەكی شەڕ یان لەهەر كارێكی دیكەدا بەشداری بكەن، ئەوا دەستێوەردانە. كاتێك داوامان لێكرا پێشمەرگەكان بنێرینە بەرەكانی شەڕ، وەك ئەركێكی نەتەوایەتی ئەوەمان جێبەجێ كرد. پاشانیش پێمانڕاگەیاندوون، هەركاتێك ئەوان داوامان لێبكەن، هێزەكانی ئێمە ئامادەن. كاتێكیش سوپاسیان كردین و گوتیان پێویستمان بەئێوە نیە و بكشێنەوە، ئێمە كشاوینەتەوە. بۆیە ئەوە بەهیچ جۆرێك بەمانای پاشكۆبوون نیە، دەبێ هەموو كورد رێز بۆ یاسا و سنوری هەرێم دابنێت.

 سڤیل: كەواتە مادام هەڵوێستی ئێوە رێزگرتن بێت لەیاسا و سەروەری هەرێم، ئەوەی هێزێكی دیكە بێ پرسی هەرێم دەیكات، بۆ نمونە ئەوەی پەكەكە لەناوچەی شەنگال دەیكات، پێشێلكردنی ئەم سەروەری و یاسای هەرێمە؟

مستەفا هیجری: ئەگەر بێ رەزامەندی و داخوازی حكومەتی هەرێم بیەوێت موداخەلە بكات، بەڵێ ئەوە لەژێرپێنانی سەروەری ئەو بەشەیە لە نیشتیمان.

 سڤیل: یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەگیرێت، ئەوەیە تائێستا كەیسی ئەو 250 كادیرەتان، كە لەساڵانی نەوەدەكان بەدەستی كۆماری ئیسلامی تیرۆركراون، لەدادگایەكی هەرێم، یان لەدادگایەكی نێودەوڵەتیدا نەتانكردۆتە كەیسێك و دژی ئێران نەتانجوڵاندووە؟

مستەفا هیجری: زۆربەی ئەو رووداوانەی هاتنەپێشێ، كاتێك بوو كە هێشتا حكومەتی هەرێم پێكنەهاتبوو، لەماوەی نێوان پاشەكشەی هێزەكانی سەدام حوسێن تا پێكهاتنی حكومەتی هەرێم بوو، لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی زۆر كادیر و پێشمەرگەی ئێمە و رێكخراوە سیاسیەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی تیرۆركران. ئەوكات حكومەتێك نەبوو بەدوای ئەمەوەبێت، هێزە سیاسیەكانیش رەنگبێت بەهۆی ئەو دژبەریەی لەگەڵ یەكتر هەیانە، بەتایبەت پارتی و یەكێتی، نەیانویستبێت یان نەیانتوانیبێت بەو جۆرەی پێویستە بەو ئەركە هەڵبستن و بەدوای ئەو تیرۆریستانەدا بگەڕێن و بیانبیننەوە و سزایان بدەن. چونكە تیرۆریستان هەموویان مەعلومن، كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رێكدەخرێن و ئێمەش جگە لەكۆماری ئیسلامی ئێران كەس و لایەنی دیكە بە دوژمنی خۆمان نازانین. لەبارەی ئەو پێشمەرگە و كادیرە تیرۆركراوانەشەوە، دەبێت بەڵگەكان بەجۆرێك بن كە قابیلی قبوڵكردن لە دادگا بن، ئێمە ئەو بەڵگانەمان لەبەردەستدا نین. راستە خۆمان بەشێكی زۆری ئەو تیرۆریستانە دەناسین، بەڵام بەڵگەی یاساییمان لەبەردەستدا نیە، تا بیاندەین بەدادگا، لایەنی دیكەش حاشا دەكات، بۆیە رەنگە ئەوە لەدادگایەكی نێودەوڵەتیدا نەكرێت.

 سڤیل: بەڵام خۆ هەرنەبێت لەراگەیاندندا دەنگدانەوەی دەبێت، كە دۆسیەی تیرۆركردنی سەدان كەس دژ بەكۆماری ئیسلامی ئێران جوڵێندراوە؟

مستەفا هیجری: ئێمە لەكۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكاندا و لەگەڵ ئەو وڵاتانەی رۆژئاوادا كە پەیوەندیمان هەیە، هەمیشە باسی ئەوەمان كردووە و ورژواندومانە، بەڵام تائێستا وەك كەیسێكی یاسایی بەهیچ دادگایەكمان نەداوە.

سڤیل: هیچ كام لەو تیرۆریستانەی باسیان دەكەی، كە ژمارەیەكی زۆریان لێدەناسن، لەهەرێمی كوردستاندا ماون و دەژین، كە ئازادانە بسوڕێنەوە و لێكۆڵینەوەشیان لەگەڵ نەكرابێت؟

مستەفا هیجری: بەڵێ هەن.

 هەیانە لە پێگەی دەستەڵاتدا بێت، یان لە سەركردایەتی حزبەكاندا بێت؟

مستەفا هیجری: تاكوتەرا لە پێگەی دەستەڵاتیشدا هەن.

 سڤیل: تائێستاش ئەو مەترسی تیرۆركارییە لەسەر ئێوە و كادیرەكانتان هەر ماوە؟

مستەفا هیجری: ئەو مەترسیە قەت لەسەر ئێمە نەڕەویوەتەوە، بەڵام كە تائێستا تیرۆری دیكە جێبەجێ نەكراون، دوو هۆكاری هەیە. یەكەمیان: بۆ خۆمان لەهاتوچۆ و هەڵوسكەوتماندا زۆر وریاترین. دووەمیان: كۆماری ئیسلامیش لەو هەلومەرجەدا كە لەدونیادا پەراوێزخراوە، توشی گرفتی سیاسی گەورە بووە، رەنگە تائێستا بەپێویستی نەزانیبێت، كە درێژە بە تیرۆركاریەكانی بدات. بەڵام هەرگیز لەوە نەوەستاوە، كە جاسوس بنێرێتە ناومانەوە، كێشەمان بۆ دروست بكات و زانیاری كۆبكاتەوە. رەنگە لەكاتێكی دیكە كە لەرووی سیاسیەوە بۆ خۆیان لەباری بزانن، كاری تیرۆرییش دەستپێبكەنەوە.

 سڤیل: ریفۆرمخوازانی كورد لەئێران چۆن دەبینی؟ دواجار هەڵوێستی ئەوان دەچێتە خانەی بەرگری لەرژێمی ئیسلامی یان بەرگری لەمافی كورد؟

مستەفا هیجری: پێموایە ریفۆرمخوازەكانی ئێران بەگشتی و ریفۆرمخوازەكانی كوردی ئێرانیش بەتایبەتی بەدوای كڵاوی بابردوو كەوتوون. ئەوەی ئێستا زۆر روونە، ریفۆرم یەكێكە لەتایبەتمەندیەكانی حكومەتی دیموكراتیك، لەوێدا ریفۆرم دێتەپێشێ، ئەوڕۆ كەموكوڕیەكی هەیە، خەڵك فشار دێنێت، بەخۆیدا دەچێتەوە و دەزانێت كە هەڵەیەكی كردووە، هەڵەكەی راست دەكاتەوە و هەنگاو بەهەنگاو دەچێتەپێشەوە، ئەمە ریفۆرمە. بەڵام لەوڵاتێكدا كە یاساكەی بەئاسمانی دەزانێت، پێیوایە كامڵترین یاسایە لەجیهاندا و سەرچاوەكەی لەشەریعەتی ئیسلامی و ویلایەتی فەقیهەوە وەرگرتووە، لەو وڵاتەدا چۆن دەتوانرێت ریفۆرم بكرێت؟ وەك دەبینین لەماوەی 36 ساڵی رابردوودا لەرژێمی ئیسلامی ئێراندا گەر ئاڵوگۆڕێك كرابێت، ئاڵوگۆڕ بەرەو دواوە بووە و رۆژ بەرۆژیش توندوتیژتر بووە. بۆ نمونە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێن دەدەن، وەك چۆن لەدواین هەڵبژاردندا حەسەن رۆحانی هات بەڵێنی زۆری بەكورد و غەیری كورد دا، بەڵام بەپێی ئامارەكانی جیهان و هی خۆشیان، ژمارەی لەسێدارەدانەكان لەو ماوەیەدا لە هی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد زیاترە. ئەو رژێمە لەواقعدا پێیوایە هەموو شتێك دەزانێت، وەلی فەقیهــ خۆی بەنوێنەری ئیمامی زەمان دادەنێت و بەستراوەتەوە بەئاسمانەوە، تۆ چۆن دەتوانی قسە لەقسەی كەسێكی ئاوادا بكەی، یان شتێكی پێبڵێی لەهی ئەو باشتر بێت؟!! بۆیە ئەو جۆرە سیستەمانە ریفۆرم هەڵناگرن.

 سڤیل:كەناڵی ئاسمانی تیشكتان بۆچی داخست؟ لەبەر نەبوونی توانای دارایی بوو، یان نەبوونی كادیری راگەیاندنكاری پێویست بوو؟

مستەفا هیجری: داخرانی تیشك بەهۆی كێشەی داراییەوە بوو، لەبەر نەبوونی تێچووی كەناڵەكە بوو. تا كاتێكیش متمانەمان نەبێت كە بتوانین بەشێوەیەكی باشتر بەردەوامی پێبدەین، رەنگە ئەو كەناڵە دەست بەكار نەكاتەوە. ئەزموونی پێشووتر كەموكوڕی و هەڵەی تێدابووە، بەڵام ئەوجارە ئەزموونمان زیاتر دەبێت. لەبەرامبەر ئەوەدا هەوڵ دەدەین ئەو راگەیاندنانەی دیكەمان كە هەمانە، وەك ماڵپەڕی حزب، بەهێزتری بكەین.

سڤیل:  ئەنجامی كاری ئەو لیژنەیەی پێكهێنرابوو بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوی هەڵكوتانە سەر كەمپەكەتان لەلایەن پۆلیس و ئاسایشی كۆیەوە چی بەسەر هات؟

مستەفا هیجری: ئێمەش هەر چاوەڕوانی ئەنجامین كە پێمانبڵێنەوە. چونكە ئەوكاتەی برادەرانی لیژنەكە هاتنە لای ئێمە، باسیان لەوە كرد كە لێكۆڵینەوە دەكەن و تاوانبارەكان سزادەدەن، بەڵام گوتیان ماوەیەكی پێدەچێت تا لێكۆڵینەوەكەمان بەئەنجام دەگات. تائێستا هیچ ئەنجامێكیان بەئێمە نەداوەتەوە.

سڤیل: هیچ ئومێدێكت بەو لیژنەیە هەیە ئەنجامێكی هەبێت، یان وەك هەر لیژنەیەكی ترە كە بۆ لەبیربردنەوەی كێشەكان پێكدەهێنرێن؟

مستەفا هیجری: لەراستیدا ئێمە تائێستاش هیوادارین كە ئەمە بەو جۆرە نەبێت و ئومێدمان بەرنەداوە.

 

سڤیل: مەریوان عومەر

 

بۆ بەشی 2 ئێرە کلیک بکەن 



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی