"an independent online kurdish website

 بەشی یەكەمی ئەو دیمانە تایبەت بوو بە تەوەری ئێران و پرسەكانی تری حزب. بەشی دووەمیشی تایبەت دەبێت بە كتێبی “نسكۆ و دابڕان”.mustefa-hijri-2015

 

بەشی دووەم

مستەفا هیجری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ (سڤیل)

جۆرێك لە حەزەر بە نوسینی “نسكۆ و دابڕان”ەوە دیارە، چونكە نەمویست كۆسپ لەبەردەم هەوڵەكانی یەكگرتنەوەمان دروست بكات

لەهەر حزبێكی نەتەوەییدا سەركردەیەك لەبەر بەرژەوەندی گرووهی ببێـتە هۆی دابڕان و دووبەرەكی، نەك شایانی رێزلێنان نیە، بەڵكو دەبێت بكەوێتە بەر لۆمەی خەڵك

پێم باشتر بوو لەئێستادا كتێبەكە بڵاوبكەنەوە، نەوەك دوای یەكگرتنەوەمان بەهۆی كتێبەكەوە دووبارە كێشە و دووبەرەكی دروست ببێتەوە

سڤیل: لەخوێندنەوەی كتێبی “نسكۆ و دابڕان”دا تێبینی ئەوە دەكرێت، زۆر بە حەزەرەوە نوسراوە، لەچەندین شوێن باسی رووداوی جیاواز دەكەی و ئاماژە بەناوی بكەرەكان نادەی و دەنوسی ناوەكەیان لای من پارێزراوە. تۆ بۆ مێژوو دەنوسی، ئەم حەزەرە بۆچی؟

مستەفا هیجری: ئەو حەزەرە لەبەر ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان كە جیابوونەتەوە، لەوتوێژ داین، چونكە دەمانەوێت بەشێوەیەكی باش یەكبگرینەوە، بۆیە نەمویست نوسینەكە بەجۆرێك بێت، كە ببێتە كۆسپ لەبەردەم ئەو وتوێژانە. هەرچەندە ئێستا ئەوان بەو نوسینەش زۆر ناڕەحەتن. ویستومە ئەو فەزایەی كە زۆر تێكۆشاوین تاكو ئارام بۆتەوە، جارێكی دیكە تێكنەچێتەوە و ئەو پەیوەندیە لەگەڵیاندا هەمانە، بەردەوام بێت، تاكو بتوانین وتوێژەكانمان درێژە پێبدەین.

سڤیل: حزبە كوردیەكان بەگشتی حزبی سەركردەن، هەمیشەش دوابڕیاری یەكلاكەرەوە تێیاندا لای سەركردەی حزبەكان بووە. بێگومان (د. قاسملو) و حزبی دیموكراتیش لەوە بەدەر نین. بەڵام ئەوەی تۆ لەكتێبەكەدا باسی دەكەی، كە د. قاسملو بێ پرس و راوێژی مەكتەبی سیاسی دوو خولی دانوستانی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە، كە دواجار بە تیرۆركردنی خۆی كۆتایی دێت، ئەوە ناگەیەنێت، كە د. قاسملو سەركردەیەكی تاكڕەو بووە و لەبڕیارە گرنگەكانیشدا بۆ مەكتەبی سیاسی نەگەڕاوەتەوە؟

مستەفا هیجری: پێموایە ئەگەر سكرتێر یان كەسایەتی یەكەمی حزبی هەڵەیەكی كرد، نابێت ئەوە تەعمیم بكرێ، چونكە هەموومان مرۆڤین و لەكارەكانماندا توشی هەڵە و لێكدانەوەی هەڵە دەبین و رەنگە هەنگاوی هەڵەش بنێین، بەڵام ئەوە مانای وا نیە هەموو هەنگاوەكانمان هەڵەن. جیاوازیەكەی د. قاسملو لەوەدابوو، كە ئەو بەگشتی مرۆڤێكی دیموكرات بوو، لەگەڵ كۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی بابەتەكانی خۆی دەخستەڕوو، بەڵام لەبەر هەندێك هۆ كە لەكتێبەكەدا ئاماژەم پێكردووە، د. قاسملو هاندرا بۆ ئەوەی بچێت لەم وتوێژەدا بەشدار بێت. ئەو نیەتێكی پاكی هەبوو، بەشێوەیەكی لۆژیكی و سیاسی بیری دەكردەوە. بیری لەوە دەكردەوە رژێمی ئیسلامی ئێران كە هەشت ساڵ لەگەڵ عێراقدا لەجەنگدا بووە و خەسارەتێكی گیانی و ماڵی زۆری لێكەوتووە، ئێستاش كەوتوونەتە وتوێژ و كێشەكەیان چارەسەر كردووە، كەوابوو لێرە بەدواوە ئێران پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، بۆیە ئەویش گەر بە لۆژیكی بیربكاتەوە، دەبێت بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانی خۆی و لەگەڵیان بسازێت و كێشە نەهێڵێتەوە. لەكتێبەكەدا ئاماژەم بە بەڵگەی دیكەش كردووە، كۆماری ئیسلامی پلانێكی وای داڕشتبوو و وای نیشاندابوو، گەر د. قاسملو خۆی بەشدار نەبێت، وتوێژەكە درێژەی نابێت. د. قاسملوش چونكە هەر لەسەرەتاوە تا ئەوكاتەش كە شەهید بوو، هەمیشە لەو باوەڕەدابوو، كە كێشەی ئێمە و كۆماری ئیسلامی ئێران بەچەك چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت لەرێگای وتوێژەوە بێت. ئەو پێیوابوو هەلومەرجێك هەڵكەوتووە و دەبێ لەدەستی نەدات، هەرچەندە رەنگە ئەو رەخنەیەی بێتەوەسەر كە باستكرد.

 سڤیل: كەواتە تۆ ئەمانە بە بەڵگەی تاكڕەوبوونی د. قاسملو هەژمار ناكەیت؟

مستەفا هیجری: نەخێر بەهیچ جۆرێك لە باسكردنی ئەو بابەتەدا مەبەستم ئەوە نەبووە، كە بڵێم د. قاسملو كەسێكی تاكڕەو بووە.

سڤیل: بەشی زۆری كتێبەكەت تەرخانكراوە بۆ وەڵامدانەوەی كتێبەكەی عەبدوڵڵا حەسەنزادە “ئەزموونی خەبات”. بە راشكاوانە پێمان بڵێ، گەر “ئەزموونی خەبات” نەنوسرابایە، تۆ “نسكۆ و دابڕان”ت دەنوسی؟

مستەفا هیجری: نەخێر، ئەگەر ئەزموونی خەبات نەنوسرابایە، ئەو كتێبەم نەدەنوسی. كاك جەلیل گادانی لەكاتی جیابوونەوەیاندا لەسەر هۆی جیابوونەوەكە نوسی، من وەڵامم نەدایەوە. بەڵام ئەوەی عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە ئەزموونی خەباتدا باسی كردووە، چەواشەكاری مێژووی حزبی دیموكراتە، كە ئەوە بەكارێكی زۆر خراپ دەزانم، ئێمەی حزبە سیاسیەكان لەجیاتی ئەوەی زانیاری دروست بە خەڵكەكەمان بدەین، چەواشەی بكەین. تەنانەت ئەگەر كەسێكی دیكەش لەهاوڕێیانی ئێمە وەڵامی دابایەوە، رەنگبوو من وەڵامم نەدابایەوە، بەڵام لەبەر ئەو هۆكارانە بەئەركی خۆمم زانی، ئەندام و لایەنگرانی حزب و خەڵكی كورد بەگشتی یەكلایەنە قەوازەت نەكەن. سبەی ئێوە وەك رۆژنامەنوس، یان توێژەرێك ئەگەر بەدوای راستیەكاندا بچێت، تەنیا قسەی یەك لایەنی لەبەردەستدا نەبێت. بۆیە پێمباش بوو، ئەو زانیاریانەی من ئاگاداریان بووم بیاننوسم و لەبەردەستی خەڵكدا هەبن، ئەوكات خەڵك قەزاوەتی خۆی بكات.

 سڤیل: لەشوێنێكی كتێبەكە باس لەوە دەكەی، دوای كۆنگرەی 13 و بەرلەوەی برادەرانتان جیاببنەوە، پێشنیاری ئەوەتان كردبوو، كە لەوحێكی رێزلێنان بۆ عەبدوڵڵا حەسەنزادە بنوسن. بەڵام دوای ئەوەی ئەو مەرجی دانا كە خۆی لەناوەرۆكەكەیدا بنوسێت یەكڕیزی حزبی پاراستووە و درێژەی بە رێبازی رێبەرانی شەهید داوە، ئێوە رازی نەبوون و لەوحەكەتان نەنوسی. تۆ لەبەرئەوەی پێتوابوو ئەو یەكڕیزی حزبی نەپاراستووە و پێڕەوی رێبازی رێبەرانی شەهیدی نەكردووە، بۆیە بەوە رازی نەبووی؟

مستەفا هیجری: لەكتێبەكەدا ئاماژەم پێداوە، لەواقیعدا ئەوەم لە هیچ سەركردەیەكی دیكە نەبیستووە، كە لەوحی رێزلێنانی بۆ بنوسرێت، بڵێت دەبێ بەخۆم بینوسم، ئەمە وەك پرەنسیپ. جگەلەوەش كاتێك هەیئەتەكەی دەفتەری سیاسی لەلای ئەو هاتنەوە و دانیشتین، ئەوكات هێشتا پێكەوە بووین، كاك حەسەنی رەستگار و كاك مستەفای مەولودی، كە ئێستا لەگەڵ هاوڕێیانی جیابووەوەن و ئەوكات هەردووكیان ئەندامی دەفتەری سیاسی بوون، لەسەر بابەتەكە قسەمان كرد. كاك حەسەنی رەستگار ئەوەندە لەمەرجەكەی عەبدوڵڵا حەسەنزادە ناڕەحەت بوو، داوای كرد وازی لێبێنین. ئەوەبوو ئیدی لێیگەڕاین.

 سڤیل: ئەی ئێستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بەشایانی ئەو لەوحی رێزلێنانە دەبینی؟

مستەفا هیجری: بەر لەجیابوونەوە ئەگەر ئەوە سەریگرتبایە، ئامادەبووم خۆم لەوحی رێزلێنانی بۆ بنوسم، بۆ ئەو خزمەتانەی لەریزی حزبی دیموكراتدا كردبووی، هەرچەندە كێشە و جیاوازی بیرۆبۆچوونیشمان هەبوو. بەڵام لەوباوەڕەدام، نەك لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا، لەهەر حزبێكی نەتەوەییدا كاتێك سەركردەیەك دەبێـتە هۆی دابڕان و دووبەرەكی، بێ هیچ جیاوازییەكی فیكری و سیاسی، تەنیا لەبەر بەژەوەندی گرووهی، پێموایە كەسایەتیەكی ئاوا نەك تەنها بۆ رێزلێنان نابێت، بەڵكو دەبێت بكەوێتە بەر لۆمەی خەڵك. من زیاتر لە سی ساڵ لەتەمەنی گەنجیەتی خۆم لەو حزبەدا بەسەربردووە، گرفت و مەترسی زۆرم قبوڵ كردووە، هەموو ئەوانە نابنە پاساو بۆ ئەوەی كارێك بكەم ئەو حزبە لەت ببێت. ئێمە پێویستمان بەیەكڕیزی هەیە، نەك جیابوونەوە. ئەمە ئەو كێشەیە بوو كە عەبدوڵڵا حەسەنزادە دروستی كرد و هەشت ساڵە چەندەی دەكەین بۆمان وەك خۆی لێنایەتەوە.

سڤیل: لەباسی هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوڕێیانتان لەدوای كۆنگرەی 13، باسی هۆكارێك دەكەی، وەك كارەكتەرێكی سەرەكی نائاشكرا وەسفی دەكەی، بۆچی بەراشكاوانە نەتگوتووە و وا بە نائاشكرایی هێشتووتەتەوە؟

مستەفا هیجری: بەراستی تاكو ئێستاش بۆ من نائاشكرایە، لەوبارەوە فاكتێكی قابیلی قبوڵم بەدەستەوە نیە، ئاسار و شەواهیدەكان نیشانی دەدەن، كە كەسێك یان لایەنێك لەپشتی ئەو جیابوونەوەیە بووە، بەو بەڵگانەی لەكتێبەكەدا باسم كردووە، بەڵام لەلام روون نەبوو تا بەدیاریكراوی بڵێم فڵانە كەس یان لایەن بووە، پێمخۆش نەبووە شتێك بڵێم، كە گومانم لەسەری هەبووە. لەو كتێبەدا هەوڵمداوە، هەرچی بەخۆم شاهێدی بوومە و دیومە، بە دروستی بیخەمە بەرچاوی خەڵك.

سڤیل: ئێستا كە نێوانتان لەگەڵ برادەرانی حزبی دیموكراتی كوردستان باشە و وتوێژ لەنێوانتاندا هەیە بۆ یەكگرتنەوەتان، پێتوانیە كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكە كاتێكی خراپ بوو و زیان بەم هەوڵانەتان بۆ یەكگرتنەوەتان دەگەیەنێت؟

مستەفا هیجری: ئەو برادەرانە ئەو رەخنەیەیان لەمن گرتووە، رەنگە خەڵكی دیكەش رەخنە بگرێت، رێزم هەیە بۆ رەخنەكانی خەڵك. ئەمە كتێبێكە خەڵك حەقی خۆیەتی بیروبۆچوونی خۆی لەسەر بڵێت. من بیرم كردەوە، راستە ئێمە لەوتوێژداین و مەبەستمان یەكگرتنەوەیە، بەڵام ئێستا كە عەبدوڵڵا حەسەنزادە ئەو شتانەی لە ئەزموونی خەباتدا نوسیوە، ئەگەر بڕیار بێت وەڵامی بدەمەوە، دەبێ كەی وەڵامی بدەمەوە؟ خۆ ئەگەر یەكمانگرتەوە، ئەوكات هەر ناتوانم باسی بكەم، چونكە دووبارە كێشە لەنێوانماندا دروست دەبێتەوە، رەنگە دووبارە ببێتەوە هۆی دوودەستەیی و لەیەكتر دڕدۆنگبوون و دروستبوونەوەی ناخۆشی، كەوابوو باشتر وایە بەر لەیەكگرتنەوە ئەو راستیانە بخەمە بەرچاوی خەڵك، تاكو خەڵك بەچاوكراوەیی بیبینێت. هەرچەندە پێشبینی ئەوەشم دەكرد، كە ئەوان پێشوازی لێناكەن، بەڵام بەهەرحاڵ مادام هەر بڕیارم داوە كە بینوسم، پێموابوو ئێستا باشترە لەوەی دوای یەكگرتنەوە بینوسم.

سڤیل: لەكتێبەكە باس لەوە دەكەی، لە كۆنگرەی 13 عەبدوڵڵا حەسەنزادە “بابا عەلی” پێشنیار دەكات بۆ سكرتێری حزب، چونكە وایدانابوو ئەو كەسایەتیەكی لاوازە و هەر خۆی لەپشت پەردەوە سكرتێری راستەقینە دەبێت. ئێستا كە خالیدی عەزیزی سكرتێری (ح.د.ك)ە، پێتوایە هێشتا لەپشت پەردەوە سكرتێری راستەقینە عەبدوڵڵا حەسەنزادە بێت، بۆیە هەنگاوەكانی یەكگرتنەوە وا لەسەرخۆن؟

مستەفا هیجری: هێندەی من زانیاریم هەبێت، كە رەنگە زانیاریەكانیشم تەواو نەبن، عەبدوڵڵا حەسەنزادە ئێستاش كارەكتەرێكی كارایە لەناو حزبەكەیدا، بەڵام وەك سەرەتا نەماوە، چونكە بەرەبەرە بەشێكی زۆری خەڵكەكەی ئەوانیش ئێستا هەستیان بەوە كردوە، كە ئەو جیابوونەوەیە هەنگاوێكی دروست نەبووە و خزمەتی بەوان و بەجوڵانەوەی كورد لەخۆرهەڵات نەكردووە، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی سەرەتای نەماوە.

سڤیل: لەكتێبەكەدا باس لەوە دەكەی، لەكۆنگرەی دەیەمدا تۆ دژی گەڕانەوەی برادەرانی “رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ” بووی بۆ ناو حزب، چونكە متمانەت پێیان نەبوو. ئەی باشە ئێستا هەمان گروپ، دوای ئەوەی ئینشیقاقێكی تریشان لەحزبدا ئەنجامدا، هیچ متمانەیەكت پێیان ماوە بگەڕێنەوە ناو حزب و لەئایندەدا دووبەرەكی دروست نەبێتەوە؟ چونكە تۆ نوسیوتە كە بەر لە 20 ساڵ تۆ ئەوانت بە باشی ناسیبوو و متمانەت پێیان نەبوو؟

مستەفا هیجری: لەكاری سیاسیدا متمانە زۆر شەرت نیە، پیاو هەوڵ دەدات متمانە پەیدا بكات، بەڵام دەبێ متمانە لەمیانەی كردەوە و هەڵوسكەوتدا بێتەپێشێ. ئەوەی بۆچوونی من و حزبەكەمانە و وایلێكردووین هەنگاو بنێین بۆ یەكگرتنەوە، یەكەم، زەرورەتی سیاسی ئەمڕۆی ناوچەكە و ئێرانە، كە ئەوە دەخوازێت حزبەكانی رۆژهەڵات لەجیاتی دابڕان و ئینشیعاب، رەوتی یەكگرتنەوە بگرنەبەر، دەبێ ئێمەش ئەو كارە بكەین، چونكە ئاڵوگۆڕەكان زۆر خێران، ئەگەر ئێمە یەكگرتوو و بەهێز نەبین، ناتوانین لەئاڵوگۆڕەكانیشدا جێپەنجەمان دیار بێت. دووەم، پێموایە بەشێكی زۆر لەو هاوڕێیانەی كە جیابوونەتەوە، گەیشتوونەتە ئەو راستیەی، كە كارەكەیان كارێكی هەڵە بووە، رەنگە ئێمەش لەوبارەیەوە هەندێك هەڵەمان هەبووبێت. زۆرتر هیوام بەوەیە كە بەهەڵەكانی خۆمانمان زانیوە، لە یەكگرتنەوەماندا جارێكی دیكە هەنگاوی هەڵە نەگرینەبەر و بۆ قازانج و بەرژەوەندی تاكەكەس و گرووهی حزب لەت نەكەین. لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی بیروبۆچووون و لێكدانەوە هەمیشە هەر دەبێت.

سڤیل: ئەو برادەرانەتان كە دوای كۆنگرەی 13 بەرلەوەی جیاببنەوە، چەندین مەرجی قورسیان هەبوو بۆ ئەوەی پێكەوە كاربكەن و جیانەبنەوە، تۆ ئەوكات لەبەر بەرژەوەندی حیزب زۆر لەو مەرجانەت قبوڵ بووە، خۆ مەرجەكانی ئێستای برادەرانی (ح.د.ك) لە مەرجەكانی ئەوكات كەمتر و سوكترە، بۆچی هەنگاوەكان بۆ یەكگرتنەوە وا بەهێواشی بەڕێوە دەچن؟

مستەفا هیجری: من تەنیا لەلایەنی خۆمەوە قسە دەكەم، لەلای ئێمەوە هۆكارەكەی ئەو نیگەرانیانەیە كە ئێمە لەیەكگرتنەوەدا هەمانە. چونكە پێشتر یەكگرتنەوە روویداوە و دواتر شكستی هێنا، ئەزموونێكی شكستخواردوو بوو. هەموو نیگەرانیەكەمان ئەوەیە كە بەر لە یەكگرتنەوە قسە لەهەموو ئەو گیروگرفتانە بكەین كە هەمانن و هەمووی چارەسەر بكەین و هیچ گرفتێكمان نەمێنێت. ئەوانیش بۆ خۆیان نیگەرانیان هەیە. زیاتر ئەو وردەكاریانەن، كە كاتی خایاندووە.

سڤیل: وردەكاریەكانە كە تائێستا بۆتە كێشە، یاخود مەسەلەی ناوە؟

مستەفا هیجری: نەخێر مەسەلەی ناو نیە، ئەوان لەدانیشتنی دوو مەكتەبی سیاسیدا قبوڵیان كردووە، كە یەكگرتنەوە ئەگەر ببێت، لەژێر ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەبێت، هەروەها بەو ئارمەی حزبمان هەیەتی. بەڵام لەهەموو وتوێژێكدا وردەكاریەكان چارەسەركردنیان زەحمەتترە و كاتی زۆر دەگرێ.

سڤیل: لەحزبی كوردیدا، كە وەك باسمان كرد حزبی سەركردەن، سەركردەكان یان بەمردنی خۆیان یان بە تیرۆركردن لەسەركردایەتیكردنی حزبەكانیان دووركەوتوونەتەوە. لێرە لەباشوور زۆربەی خەڵك باوەڕیان بەوە هێناوە، كە یەكگرتووی ئیسلامی یەكەم حزبی كوردی بووە ئەمینداری گشتیەكەی لە كۆنگرەیەكی ئازاددا دەسبەرداری پۆستەكەی بووە، خۆشیان هەر لافی ئەوە لێدەدەن. بەڵام كەم كەس بەوە دەزانێت، كە تۆ یەكەم سكرتێری حزبێكی كوردی بوویت، بەر لە 20 ساڵ و لەكۆنگرەی دەیەمی حزبدا بۆ بەرژەوەندی حزبەكەت دەسبەرداری پۆستەكەت بوویت و تا سێ كۆنگرە وەك جێگری سكرتێر، یان ئەندامێكی ئاسایی مەكتەبی سیاسی بەردەوام بوویت، تا دواتر وەك سكرتێر هەڵبژێردرایتەوە. تۆ بۆ ئەمە چ قسەیەكت هەیە؟

مستەفا هیجری: منیش هەر وای دەبینم، خۆ ئەوە هەمووی ئاشكرایە و خەڵك دەزانێت، بەڵام مەرج نیە هەموو شتێك بەخۆم بیڵێم.


بۆ بەشی 2 ئێرە کلیک بکەن 

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی