رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەندا، بە زمان خامەنەییەوە، هەندێک شتی نووسیوە کە پێم باش بوو، شیکردنەوەیەکی لەسەربکەم.
چەند رۆژ پیش، لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتەکەی مەهاباد و بۆ پەردەپۆشی روورەشییەکەی کارگێڕانی رژیم، دەسەڵاتداران، لە سنە رێو رەسمیکیان بە ناوکونگرە بــۆ یـــادی بـــە ناوشەهیدانی”پێشمەرگەی موسوڵمان” پێک هێنا و لە مەڕ خۆش خزمەتیکردنیان بە رژیم دژی داخوازەکانی نەتەوەکەیان، خەڵاتی خەیانەتیان پێدرا!! لەو بەرنامەدا، پەیامی خامەنەیی ئەوە بوو کە: ئەمریکا، خەریکە، لە بابەتگەلی مەزهەبی و قەومی بۆ شێواندنی ئاسایش و ڕاپەراندنی هەستی قەومی کوردەکانی ئێران، کەڵک وەردەگرێ.
هەرلەو پێوەندییەدا وەزیری ناوخۆی رژیم، گوتی، ئەوە رووداوێکی کەسییە و گەورەکردنەوەکەی بە هۆی ڕاگەینەرە گشتییەکانی دژی شوڕش هاتەئاراوە و ئەوە ئەوان بوون کردیانە بابەتێکی سیاسی.
خامنەیی لە دریژەی وتەکانیدا، گوتی: پێشمەرگەی موسوڵمان، لە ماوەی ئامادەبوونیان لە مەیداندا، بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و بنەماڵەکان لە هەڕەشەی دژی شوڕش، گیانی خۆیان خستەمەترسییەوە. هەرجۆریک بێ، سیاسەتی دوژمن تێکشکاو نەیانتوانی ئەورووداوە بکەنە بابەتێک زیان بە شوڕش بگەینێ. دیارە دوژمن وازناهینێ و بۆ ئەو مەبەستەش کەرەستەی زۆری هەیە. دوژمن ناتوانێ مەسەلەی قەومی هەڵگرسینێ، بەلام تێدەکۆشێ شەڕی شێعەوسوننی سازبکا بۆ ئەوە بە سەرناوچەدا زال بێ. لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی بەسیج گوتی: پێشمەرگەی موسوڵمان دەبێتە پێشڕەو بۆ رزگارکردنی قودس، کوردستان، نزیکترین ئوستانی ئیرانە بە قودسەوە.
با دەسەڵات و سامان، چاوی مرۆڤ لە حاست راستییەکان کوێربکا، جاخۆ مێشک یان بە وتەی ئاخوندەکان، دڵێک هەیە کە لەخەڵوەتخانەی خۆیدا، راستییەکان ببینێ. گەلۆ، خامنەیی، لە ژیانیدا، ئاگای لە مێژوو و رووداوەکانی ناوچە نەبووە!؟ زۆر دوور ناچین، لە کارەساتی شەڕی یەکەمی جیهانی نییە کە ئاتاتورک بە یارمەتی رەزاخانی میرپەنج واتا رەزاشا، شوڕشی نەتەوەیی ئاراراتی تێك شکاند و نەمر ئێحسان نووری پاشا سەرۆکی ئەوڕەوتە چەندین ساڵ لە تاران، لە ژێر چاوەدێریدا بوو، ئاگای لە پێکهاتنی کۆماری ئازەربایجان وکوردستان نییە کە دوای شەڕی دووەمی جیهانی هاتنەئاراوە و شای ئێران لە بەرچاو ئەمریکا و یەکیەتی سوڤیەتی پیشوو و ئینگلیسەوە، نەمرقازی موحەممەدو هاوڕێیەکانی لە سێدارەدا و ئەومیراتەی بۆ جەنابی خامنەیی بە جێهێشت!؟ خامنەیی هیچ ئاگای لە شەڕی نەمر بارزانی ورۆڵە نەبەزەکانی باشووری کوردستان نییە کە بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی چەندین ساڵ لەگەڵ رژیمی داگیرکەری عێراق ململانییان کرد و لەکۆتاییدا، بە فیتی ئەمریکاوئێران لە١٩٧٥دا، تووشی شکان هات!؟ ناوبراو ئەگەرحافێزەشی پەرێشان بێ، خۆ لە ژیانی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا، راپەڕینی چەندینساڵەی رۆڵەکانی گەلی کوردی لە ئیران دیتووە و خۆیشی لەوشەرەدا، بەشداربووە. ئەدی چلۆن دەبێژێ:”ئەمریکاویستی، کورد هان بدا یان هەستیان وەخەبەربێنێ!” مەگەرئەوە نییە لەباشووری کوردستان، دەسەڵاتێکی کوردی پێکهاتووە کە خەریکە بگاتە لووتکەی سەربەخۆیی ودەسەڵاتی خامنەییش، لەگەڵی پیوەندی هەیە؟!
ئەم خۆ خەفڵاندنە لە راستییەحاشاهەلنەگرەکانی ناوچە و ئەوە کە نەتەوەی پەنجامیلیونی کورد، لە چواروڵاتی ناوچەدا، وەک هاووڵاتی پلەدووەم وبگرە نزمتریش لە قەڵەم دەدری، بێجگە مەلەکردن لە زەلکاوی دەسەڵات ولەخۆبایی بووندا، چ واتایەکی هەیە؟!
بریایە خامنەیی بە ئەندازەی هیتلێر خاوەن هەست بایە کە دەبیژێ:” پەستترین مرۆڤ لای من ئەوانەن کە ئاسانکاریم بۆ ئەکەن بۆ ئەوە وڵاتەەکەیان داگیربکەم”. کەچی خامنەیی و دامو دەزگاکەی، بەوکەسانە کە یارمەتی دەدەن ستەمگەرو داگیرکەران، مافی نەتەوەکەیان پێشیل بکەن وخاکیان بکەنە گوڕەپانی تەڕاتێنی چۆماخ بەدەستانی دەسەڵات، خەڵات ئەدەن و هانیان ئەدەن بۆ خۆشخزمەتی زیاتر و تازە دەیانکەنە پیشڕەوەی داگیرکردنی قودسیش!
گومان لەوەدانییە، کە پەردەپۆشی دەسەڵاتی ئێران لەپارێزگاری لەگەڵ شواڵپەڵیتەکانی دامودەزگاکەیدا و کەمنرخ لە قەلەمدانی چاوچنۆکی فەرمانبەرانی وتاوانبارکردنی ئەم وئەو بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری بیری نەتەوەیی، دادی ئەو دەسەڵاتە نادا و لە سێدارەدانی رۆڵە خاوەن بیروما فخوازەکانی ئێران و بە تایبەت رۆڵەکانی کوردستانیش، ئەو رژیمە لە داڕمان ناپارێزن و دێر یان زوو، رووداوەکانی ناوچە، میژووی خەباتی نەتەوەکەمان، دەخەنەوە بیری مورشێدی خورافات.
20150522
حوسێن خەلیقی