وەک دەزانین لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیادا سەرەتا سیستەمی خوێندن لە خزمەت ئاییندا بووە و قوتابخانەکان (مەکتەبەکان) زیاتر وانەی ئایینیان وتووەتەوە و خوێندەواریان بۆ خزمەت بە ئایین بار هێناوە.
نموونەی ئەم رەوتە لانیکەم لەو ناوچانەدا کە ئایینەکانی جوو، مەسیحی و ئیسلام بڵاو بوونەتەوە یەکجار زۆرە. لەوانەیە هۆکارێکی ئەم ڕەوتەش ئەوە بووبێت کە ئایینەکان پێویستیان بووە کە لە خوێندەواری کەڵک وەرگرن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆیان و پەرەدان بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان. هەروەها لە لایەکی ترەوە لە مێژووی زۆر لەو ناوچانەدا ئەوەش سەلمێندراوە کە قوتابخانە و خوێندەواری خراونەتە خزمەت ئایین و ئایینیش خراوەتە خزمەتی دەسەڵات و بەم شێویە ئەم سێ لایەنە لێک گرێ دراون. هەڵبەت گرێ دران و پەیوەندی ئەو سێ لایەنە لەگەڵ یەکتر بەمانای ئەوە نییە کە ئەوان لە خزمەت خەڵکدا بووبن و خەڵک لێیان ڕازی بووبێت.
لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا بە دریژایی مێژوودا زۆر کەس و لایەنی دڵسۆزی کۆمەڵگە لە ڕادەی ناوچەیی و جیهانیدا هەوڵی ئەوەیان داوە کە ڕەوتی قوتابخانە و خوێندەواری بە ئاراستەیەکدا بگۆڕن کە کەمتر لە خزمەتی ئایین و دەسەڵات و، زیاتر لە خزمەتی خەڵکدا بێت. ئەمەش سەرەتا بەوە دەستی پێ کردووە کە بەشی وانەی ئایینی کەم بکرێتەوە و بەشی پیشەیی و ئەو وانانەی بۆ باشترکردنی ژیان پێویستن زیاد بکرێت، واتە ناوەڕۆکی خوێندن بگۆڕدرێت و قوتابخانەی مودیڕن بهێنرێتە ئاراوە. هەڵبەت هۆکارێکی سەرەکی تری ئەم گۆڕانکارییە شۆڕشی پیشەیی، واتە کەڵک وەرگرتن لە ئامراز و ماشێن وەک کەرەستەی بەرهەمهێنان لەباتی دەست بوو، کە دوای بڕێک تاقیکاری سەرەتایی لە ساڵانی ١٧٥٠ بەدواوە لە وڵاتی زلهێزی بریتانیا وردە وردە دەستی پێ کرد. شۆڕشی پیشەیی بوو بە هۆی بەرهەمهێنانی ئەو ئامراز و کەرەستە و ماشێنانەی کە توانیان خێراییەکی گەورە بدەن بە بڕی بەرهەمهێنانی کەل و پەل و پێداویستییەکانی ژیان. کەرەستەی بەرهەمهێنانیش هێزی کاری وای دەویست کە لە قوتابخانەدا جیا لە فێربوونی خوێندن و نووسین، تا ڕادەیەک فێر کاری پیشەیش بووبێت. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی خوێندندا هەبوو، واتە دەبوو قوتابخانەی مودیڕن بێنە کایەوە. شۆڕشی پیشەیی بە پێشکەوتنی تکنۆلۆژی و کەرەستەی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ژیانی مرۆڤەکان ناسراوە، بەڵام ئەم ڕەوتە کە سەرەتا لە بریتانیا دەستی پێ کردبوو، دەیان و بگرە سەدان ساڵی خایاند تا بگاتە وڵاتانی تری ئەورووپی و لەوێوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر بگوازرێتەوە.
کە وایە لە درێژایی مێژووی قوتابخانە و خوێندەواریدا، وانەی پیشەیی و قوتابخانەی مودیڕن زۆر دواتر دەستی پێ کردووە و بووە بە بەشێک لە مێژووی قوتابخانە و سیستەمی خوێندن. لێرەدا ئەگەرچی زۆر بە کورتییش بێت، من ئاماژەکردن بە سەردەمی دەستپێکردنی قوتابخانە مودیڕنەکان لە ئێران و بەراوردکردنی لەگەڵ ئورووپا بە پێویست دەزانم،. قوتابخانەی مودیڕن بەو مانایە کە جیا لە خوێندنی ئایینی خوێندنی ماتماتیک (بیرکاری) و زانستەکانی تێدا هەبێ و جیا لە ئامادەکردنی قوتابی بۆ کاری مەلایەتی و ڕاپەڕاندنی کاری ئایینی، قوتابی بۆ کار و پیشەی تر وەک کاری سەنعەتی (پیشەسازی) و فەننی پێ بگەیەنێ. ئەگەر زۆر بە کورتی سەردەمی دامەزراندنی قوتابخانەی مودیڕن لە ئێران لەگەڵ ئورووپادا بەراورد بکەین دەبینین قوتابخانەی مودیڕن لە ئێران زیاتر لە ١٥٠ ساڵ دوای ئورووپا دەستی پێ کردووە. قوتابخانەی مودیڕن لە وڵاتێکی بچووکی وەک نورویژ کە ئەو کات لە ژێر دەسەڵاتی دانمارک دا بووە، لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە ئورووپا و لە ساڵی ١٧٣٩ بەو لاوە وردە وردە دەستی پێ کردووە. کە چی قوتابخانەی مودیڕن لە ئێران لەسەر دەستی حەسەن ڕوشدییە دوای چەندین ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی، سەرەتا لە تەورێز و دوایی لە تارانی پێتەخت لە ساڵی ١٨٩٥ی زایینییەوە وردە وردە و دەستی پێ کردووە. پیاوانی ئایینی کرانەوەی قوتابخانەی مودیڕنیان بە دژایەتی لەگەڵ مەکتەبە ئایینەییەکان و لەگەڵ ئایین و هەروەها بە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی خۆیان لە ئیدارەکردنی کۆمەڵگە دەزانی، بۆیە بە زۆر شیوە دژایەتییان لەگەڵ دەکرد.
لە قەسری شیرین کە شارێکی گرنگی سەرسنوور بوو و پاراستنی شارەکە و ناوچە سنوورییەکانی دەوروبەری لە لایەن قاجارەکانەوە بە شێرمحەممەدخانی سنجاوی “صمصام الممالک”، وەک حاکمی ئەو کاتی سنوورەکە سپێردار بوو، لە ساڵی ١٩١٤ قوتابخانەی مودیڕن درووست کرا. بەڵام لە زۆربەی لادێکانی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان لە ساڵی ١٩٦٣ی زایینی (١٣٤٢ی هەتاوی) و لە ئاکامی ڕاگەیاندنی شۆڕشی سپیی موحەممەدڕەزا شا قوتابخانەی مودیڕن بونیات نرا. کوڕان و کچانێک کە خوێندنی پۆلی دوازدەیان تەواو کردبوو لە باتی خزمەتی سەربازی بەناوی “سپاهی دانش” لەم قوتابخانانەدا دادەمەزران بۆ ئەوەی وانە بە منداڵانی گوندنشین بڵێنەوە و فێری خوێندن و نووسینیان بکەن، بەشکەم دوایی درێژە بە خوێندن بدەن. بە هۆی “سپاهی دانش”ەوە قوتابخانەی مودیڕن بە شێوەیەکی گشتگر لە زۆربەی گوندەکانی ئێراندا کرانەوە. شۆڕشی سپی یان شۆڕشی شا و خەڵک لە ٢١/١٠/١٣٤١ی هەتاوی بەرانبەر بە ١١/١/١٩٦٣ی زایینی بەهۆی محەممەدڕەزا شاوە لە کونگرەی میللی جووتیاران لە تاراندا راگەیەندرا و ساڵی دواتر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. شۆڕشی سپی ناوی زنجیرەیەک گۆڕانکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیی بوو کە سەرەتا بریتی بوو لە ٦ بەند و دوایی کرا بە ١٩ بەند و “سپاهی دانش” بەندی شەشەم لەو نۆزدە بەندە بوو. بەر لە دەستپێکردنی “سپاهی دانش” واتە تا ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، لەسەریەک نزیکەی ٧٥ لە سەدی خەڵکی ئێران نەخوێندەوار بوون ( ۶۷٫۲ لە سەدی پیاوان و ۸۷٫۸ لە سەدی تەواوی ژنانی سەرەوەی پانزده ساڵ). ڕوونە کە پلەی خوێندەواری ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە باشترکردنی دۆخی ژیانی هەر کۆمەڵگەیەک و سەرەتا هەر کۆمەڵگەیەک ژمارەی خوێندەواری زیاتر بوو بێت توانیویەتی زووتر پلەکانی پێشکەوتنی ژیان ببڕێت. لەبەر ئەوەی قوتابخانەی مودیڕن، ناوەندی فێرکردن و بارهێنانی قوتابی بۆ خۆبەڕێوەبردن لە کۆمەڵگەیەکی مودیڕن و سەردەمدا بوو، دەکرێ بە پێی ساڵی کرانەوەی قوتابخانەی مودیڕن، پلەی پێشکەوتوویی یان دواکەوتوویی خەڵک و بەشەکانی کۆمەڵگەی ئەو کاتە، لە لای خۆمان وێنە بکێشین و بەراوردیان بکەین. لەم بەراوردکردنەدا دەتوانین بڵێین کە خەڵکی ئێران بەگشتی و ئێمە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی لە ڕیزەکانی هەرە دواوەی کاروانی پێشکەوتندا بووین. سەرچاوەیەکی تر ساڵی ١٢٨٦ی هەتاوی (١٩٠٧ی زایینی)، واتە ساڵی دەستپێکی خوێندەوارکردنی گەورەساڵان بە سەرەتای فێرکردنی خوێندن و نووسین لە ئێران هەژمار دەکات کە ئەمە ١٢ ساڵ دوای دەسپێکی قوتابخانەکانی حەسەن ڕوشدییە بووە.
هەڵبەت قوتابخانەی “دارالفنون” لە تاران، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و پێش لەو رەوتەی سەرەوە، واتە مانگێک دوای گەیشتنی دوکتور یاکووب ئیدوارد پوولاک و شەش هاوکارە ئوتریشیەکەی کە لە ٢٤/١١/١٨٥١ی زایینی گەیشتەن تاران، کرایەوە و دەستی بە وانەوتنەوە کرد. ئەم گرووپە بوون بە سەرەتایەک بۆ بارهێنانی خوێندکارگەلێک کە دوایی بوون بە یارمەتیدەر بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی سەرەتایی بە شێوەی مودیڕن و بەڕیوەبردنی کاروباری ئیدارە دەوڵەتییەکان. شایانی باسە کە دوکتور پوولاک سەر بە بنەماڵەیەکی هەژاری یەهوودی بوو و خوێندنی لە زاکۆی ڤیەن و پراگ تەواو کردبوو. ئەو لەسەر داوای وەزیری ناسرەدین شا، واتە ئەمیر کەبیر بۆ کردنەوەی قوتابخانەی “دارالفنون” گەیشتە تاران و دوای ١٠ ساڵ گەڕایەوە ولاتی خۆی. دوکتور پوولاک ئەگەرچی پزیشکی پسپۆڕی ژنان بوو، بەڵام پزیشکی تایبەتیی ناسرەدین شا بوو.
ئەوەی کە لێرەدا جێگەی باسەکەی ئێمەیە خەڵکی هەموو ئەو ناوچانەیە کە ساڵی ١٩٨٠ بە کۆمەڵ کەوتنە بەر هێرشی ئەرتەشی عێراق و دوایی لە ئۆردووگای ڕومادی گیرسانەوە. هەموو ئەو خەڵکە لەو ناوچانەوە هاتبوون کە لە دوای ساڵی ١٩٦٣ قوتابخانەی مودیڕنیان بۆ کرابووەوە. ئەو دەرفەتەیش بۆ هەمووان نەبوو و لەوێش کە قوتابخانە کرایەوە کچان و ژنان بێبەش بوون و کوڕانیش ئەوپەڕی تا پۆلی ٦ی سەرەتایی دەیانخوێند. چونکە دوای ئەوە، قوتابخانەی ناوەندی بۆ درێژەدان بە خوێندن لە پۆلی ٧ و بەرەوە سەرەوە لە گوندەکاندا نەبوو و هەروەها کوڕان دەبوایە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان یارمەتیدەری باوکان بن.
ساڵی ١٣٥٩=١٩٨٠ لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عێراق ـ ئێران، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی سەرسنوور لە ناوچەکانی نێوان سێ شارستانی قەسری شیرین، پاوە و شاه ئاباد کەوتنە ژێر دەستی عێراق و دوایی لە ئۆردووگای ڕومادی گیرسانەوە. ژمارەی دانیشتوانی ئۆردووگاکە زیاتر لە ٤٠٠٠٠ کەس دەبوون و لەم ژمارەیە تەنیا نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ کەس خوێندنیان تا پلەی دیپلوم، واتە تا پۆلی ١٢ تەواو کردبوو. ژمارەی ئەو مامۆستایانەی لە ئێران دەورەی مامۆستایەتییان دیبوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. سەرەڕای ئەم کەلێنە گەورەیە و نەبوونی دەورەی پێویستی پێگەیاندنی مامۆستا، مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان بەپێی توانا خزمەتی گەورەیان پێشکەش کرد و زۆر قوتابییان پێ گەیاند کە بەشێکیان ئێستە لە پلەی بەرزی خوێندندان و جێگەی شانازین. هەڵبەت ئەم سەرکەوتنەی قوتابییانی قوتابخانە ئەهلییەکان زۆر هۆکاری هەیە و تەنیا نەبەستراوەتەوە بە هەوڵ و دڵسۆزی مامۆستایان.
دیارە لەو دۆخەدا پیاو ماقووڵ و ڕیش سپییەکان کە پەیوەندیی نێوان خەڵکی ئۆردووگا و کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق بوون، زۆربەیان یان نەخوێندەوار بوون یان خوێندنی پلەی سەرەتاییان هەبوو. بە پیی ئەم زانیارییانە دەکرێ بڵێین کۆمەڵگای ئێمە لەو ئۆردووگایە لە پلەیەکی زۆر نزمی خوێندەواری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا بوو و توانای بەرنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو هەموو نەهامەتییانەی نەبوو کە بەرۆکی پێ گرتبوون. کۆمەڵگەکە پێویستیی بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر هەبوو کە بە داخەوە ئەو کات و بەتایبەت لە سەرەتاوە نەمانبوو. ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە ڕووخانی شا و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و شەڕی عێراق ـ ئێران و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی جێگەی باسی ئێمە و دواییش گیرسانەوە لە ئۆردووگای ڕومادی، هەموو لە ناکاو بەسەر خەڵکدا ڕووخان و زۆر بە خێرایی تێپەڕین. ئەم ڕووداوانە زۆربەی کەسایەتی و تەنانەت ڕێکخراوە سیاسییەکانیشی تووشی هەڵەی لێکدانەوە کرد، تا چی بگا بە ئێمە خەڵکی ئەم ئۆردووگایە کە سەرەڕای داماویمان لە بەرانبەر ڕووداوەکان و نەبوونی ڕێنوینی باش، زۆر کەس و تاقم و گرووپی بەرژەوەندیخوازیشمان لێ پەیدا بوون کە بەشێک لە خەڵكیان تووشی هەڵەی گەورە کرد. نووسین لەسەر کاری ئەم کەس و تاقم و گرووپانە بەشێکی زۆر گرنگە لە ژیانی خەڵکی ئۆردووگای ڕومادی پێک دەهێنێت کە من لەم بەشەدا ناڕۆمە سەری، بە چەن هۆکار: ١ـ تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاوازی خەڵک لەسەر ڕووداوەکانی ئەو کات و دژواری دەستنیشان کردنی هەڵەکان بەپێی پێوانە جیاوازەکانی خەڵک بەگشتی ٢ـ خەڵک نەیانتوانیوە و ناتوانن بێلایەنانە قەزاوەت بکەن و خۆیان لە کەسە خراپەكان دوور بخەنەوە، بەتایبەت ئەگەر پەیوەندیی خزمایەتیی نزیکیان بە کەسە خراپەكانەوە هەبێت. ٣ـ بابەتەکەی من لەسەر خوێندن و قوتابخانەکانەیە و نامەوێ ئەم بەشە زۆر درێژ بێتەوە.
دەزانین کە خوێندەواری و خوێندنەوە یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرنگەکانە و مرۆڤ دەتوانێ لە ڕێگەی خوێندنەوەوە لە دەوروبەری خۆی تێبگا و زانیاری خۆی بگەیەنێتە پلەی زۆر بەرز. من پلەی خوێندەواریی خەڵک و خوێندنەوە بە فاکتەرێکی گرنگ دەزانم بۆ فێربوون و ناسین بەگشتی و دیاریکردنی ڕێڕەوی ژیان و خۆپاراستن لە هەڵە. پێم وایە ئەگەر پلەی خوێندەواریی خەڵکی ئێمە بەرزتر بوایە، دەکرا ئێمە خۆمان لە بەشێک لەو هەڵانە بپارێزین کە لە ژیانی ئاوارەیی و لە ئۆردووگاکەدا ڕوویان دا و لە باتیی ئەو هەڵە و تێکەوتنانە کاری باشتر بکەین. هەروەها پێویستە خاڵی لاوازی خۆمانیش لە بواری خوێندنەوە و خوێندندا لەبیر نەکەین و بزانین کە ئێمە زۆر لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا دۆست و هاوەڵ نین. ئەگەر بەبێ دەمارگرژی پەیوەندی خۆمان وەک کورد لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا بناسێنین، دەبێ بڵێین بەداخەوە ئێمەش وەک زۆر لە گەلانی ناوچەکە نێوانمان لەگەڵ خوێندنەوەدا زۆر خۆش نییە و وەها ڕاهاتووین کە شتەکان زیاتر لە ڕێگەی گوێ و بیستەنەوە فێر بین. هیوادارم ئەم خاڵە لاوازەی خۆمان بناسین و بیناسێنین و کار بکەین بۆ گۆڕینی بەرەوە لایەنی ئەرێنی.
فەرامەرز ئەڵماسی ٢٠/٠٥/٢٠١٥ ئوسڵۆ
………………………………………
تێبینی:
من لە دوو وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ کوردان لە سوید ١٧ و ٣٠ ژووئەنی ساڵی ٢٠١٢ بەشێک زانیاریم لەسەر ئۆردووگای ڕومادی باس کرد و هاوکات داوام لە هەموو ئەو بەڕێزانە کرد کە شتێکیان لەم بارەوە نووسیوە بۆ ئەوەی پێکەوە نووسراوەکانمان بدەین بە کەسێکی هەڵەچن (ئێدیتۆر ـ ویرایشگر) کە دەتوانێ لە کۆی زانیارییەکان و بە لێزانی خۆی مێژوویەکی باش و بەکەڵکی لێ بەرهەم بێنێ. دەزانم کە تا ئێستە چەند کەسێک نووسێنی خۆیان لەسەر ژیانی ئۆردووگای ڕومادی لەسەر ماڵپەڕە کوردییەکان داناوە، بەڵام لەوانەیە سەرقاڵیی ژیان و هۆکاری تر دەرفەتی ئەوەی نەدابێ ئەو کەسانە پێکەوە پەیوەندی بگرن و نووسینەکانیان بخەنە سەریەک. هەرچۆنێک بێ بەداخەوە من تا ئێستە هیچ وەڵامێکم لەم بارەوە لە هێچ کەسێک وەرنەگرتووە، بۆیە ئەم بەشە لە نووسراوەکەم دەخەمە بەر دیدی خوێنەران، هەرچەن کرچ و کاڵ و ناتەواویش بێت. بەشکەم دوای ئەمە و بۆ جاری داهاتوو بتوانین بە هاوکاریی ئەو بەڕیزانە ئەم ئەرکە باشتر جێبەجێ بکەین. ئەمەش لینکی ئەو دوو وتووێژەی من لەگەڵ ڕادیۆ کوردان:
Wituwéjí radio Kurdan legell Faramarz Almassi beshí 1 – 17.06.2012
Wituwéjí radio Kurdan legell Faramarz Almassi beshí 2-30.06.12
ـ لینکی وتووێژ لەگەڵ ڕۆژهەڵات تیڤی لەسەر خوێندن لە ئۆردووگای ڕومادی و جیاوازی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی ئێران و نورویژ
Kirmashan Dialog beshi 3 – کرماشان دیالوگ بەشی سێهەم
بۆ خوێندنەوەی سەرجەم 6 بەشەکە بە PDF ئێرە کلیک بکەن کە هەمووی کۆ کراوتەوە.