"an independent online kurdish website

 لەڕاستیداو زۆر بە راشكاوی دەبێ بڵێم، شەڕی نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان، دەبوایە زووتر بكرایە، جا لە گەڵ دیموكرات یان هەرهێزێكی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە بازنەی دیسكۆرسی پەكەكە دوورن و ئەم دیسكۆرسە ناسەلمێنن.

celil_azadixwaz25
.

لەمێژە دوو روانگە لە بەرامبەر یەكدا وەستاون، هێزەكانی كوردستانی رۆژهەڵات سەرەڕای ئەوە لە كردەو هزردا پارتی كرێكارانی كوردستان بە هێزێكی خاوەن ڕۆڵی كوردستانی دەزانن. ئەم كوردستانی بوون و ڕۆڵە لە جوگرافیای خەباتی پەكەكە دا بێ یەك و دوو بەرەسمی دەناسن و هاوسۆزی وهاوهەنگاو هاوكاریشیان بۆی بووە و هەیە. پارتی كرێكارانی كوردستان لە پێكهاتەو رێكخستن و بنەمافیكری وئاخێزگەكانی بیر وئەندیشەی رامیارییدا بە هێزێكی توتالیتەر داخراو سەربازیگەر دەناسن كە بوون و فریچكی تا دواخانەكانی بە ستالینیزم و تۆتالیتریزم گۆشكراوە. تایبەتمەندییەكانی خۆسەپێنی، ملهوڕی، پاوان خوازو بێگانە بە دێمۆكراسی و زۆر رەهەندی لە كردەی ئەم پارتەدا دیدەیی و دیارن ودەناسرێنەوە. دیارە ئەمە تەنیا ڕوانین وشرۆڤەی هێزەكانی كوردستانی خۆرهەڵات نەبووە. تەنانەت ئەوهێزانەش كە پارتی كرێكاران پەیوەندی باشی لەگەڵیان هەیە هەرهەمان لێكدانەوە وخوێندنەوەیان بۆ ئەم پارتەهەیە. پراتیكی سیاسی پەكەكە و جۆری مامەڵەی لە كۆی كوردستان و باكوردا و بە تایبەتی لە خۆرئاوا و بۆ چەندەمین جاریش لە باشور و ئێستا لە شەنگال باشترین بەڵگەو زەقترین كردەی حەشالێنەكراوی پارتی كرێكارانن. لەڕاستیدا لە كۆی كوردستاندا هێزێكی نا پەكەكەیی نیە كەئەم پارتە بەجۆری پەلاماری نەدابێت و نوقرچێكی لێنەگرتبێت. پەكەكە سەرەڕای ئەوەی هەموو هێزەكانی خۆرهەڵات بە كلاسیك وماوە بەسەرچوودەزانێت. لەمەزنە ستراتیژی خۆیدا لە راستیدا جێگایەك بۆ هێزەكانی خۆرهەڵات دانەنراوەو رەنگە بەم زوییانەش دای نەنێت (ڕوونە پەكەكە ئەم ڕوانینەی بۆ سەرپاكی كوردستان بووەو هەیە، ئەوەی كە واقعی باشور وجەمسەری هیز نایەڵی ئەم خەونە بەدی بێنێ شتێكی دیكە یە ئەگەر دەكرا ئەویشی وەك رۆژئاوا قووت دەدا).

سەرەڕای ئەمانەش لە مێژە پەكەكە دەیەوێت و بەكردە هەوڵدەدات خۆرهەڵاتی كوردستان بەدەردی رۆژئاوا بەرێت، ئەگەر بۆی كرائەویش خۆراوالیزە بكات. لە هەموو ڕووبەرەكانی كاری سیاسی و سەربازی و ئاڵتەرناتیڤ سازیەوە هەتا لە گوتاری كولتوری وكۆمەڵایەتیشدا پەكەكە هەوڵی سڕینەوەی ئەم هیزانەی داوە. هەر رۆژهەڵاتییەك ڕووی لەپەكەكە كرابێت سەرەتا مێشكی پڕكراوە لە دوژمنی ئەم هێزانەو پاشان یەكسەرەو لە بنەڕەتەوە ناسنامەی رۆژهەڵاتی ئەم كەسە سڕاوەتەوە، وا ناوی لێنراوەكە كەس نیزانیوە و نازانێ ئەم كەسە رۆژهەڵاتییە وەك (ناوەكانی سیپان ئاماد، عەفرین كارا، رێزان فلان ) دوای ئەمەش یەك یەكەو سەركردەو شوێن و ئارم و جوگرافیاو بڵاوكراوەو میدیایی پەكەكە هەڵگری ناو یا نیشانەیە لە رۆژهەلات و كوردستانی رۆژهەڵات نیە. پارتی كرێكاران بە هەر نرخێك بوایەت هەوڵی ئەم كارەی داوەو وڕەنگە دیسانیش بیدات. كوردی رۆژهەڵات لە پەیوەندی ئێران و پەكەكە تێدەگات و ئەزموونی ئەم جۆرە پەیوەندیانەی هەیە، كاتی خۆی یەكیتی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئێران ئەم پەیوەندییەی بووەو زیانی لە بەرژەوەندی خەبات و بزاوتی رۆژهەڵاتیش نەدەدا. هەرلەم ڕوانگەوە فامكردن و ئاسان گرتنی ئەم پەیوەندیەی پەكەكەو ئێرانیش دژوار نەبوو. لە ڕاستیدا پەكەكە لە هەلێكی لەبار دەگەڕا كە پەیامی خۆی بەڕاشكاوی بە هێزەكانی رۆژهەڵات و بزاوتی رزگاریخوازی ئەم بەشەی كوردستان بگەیەنێت و بڵێت كە دەورانی ئێوە تەواو بووە.

كۆی ئەدەبیاتی سیاسی پەكەكە و زمانی زاڵ و ئاراستەی میدیاو ڕاگەیاندنەكانی لە مێژە بە شێوەیەكی دیار ئەم ئاراستە بڵاو دەكەنەوە و یارگیری بۆدەكەن. لە گرتنی ناجوامێرانەی بەرێز ئۆجەلاندا جەماوەری رۆژهەڵات گیان لە سەر دەست هاتنە مەیدان و ئەم كردەوە دزێوەیان ریسواكرد. هەرچەندە بەداخەوە وڵامێكی شیاویان لە پەكەكە وەرنەگرتەوە، بەرخۆدانی ئەفسانەیی كۆبانی و هەڵوێستی جەماوەری رۆژهەڵات و هەندێ گڕی بەندی دیكەی مێژوویی و هەڵوێستەكانی كوردانی رۆژهەڵات تاڕادەیەكی وا پەكەكەی دووچاری وەهم كرد كە بەرێز ئۆجەلان لە ئیمراڵیەوە ووتی ئێمە دەتوانین سەدان هەزار كورد بخەینە ئیختیاری ئێران و دژی توركیە بوەستین. ئەم ڕووداونەو بارودۆخی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچە وای لە پارتی كرێكاران كردبوو كە وابزانێت دەتوانێ بە ئاسانی رۆژهەڵاتیش بەدەردی خۆرئاوابەریت و هیزەكانی رۆژهەڵات دورخاتەوە‌و ئەم موزاحیمە كلاسیكانە لە مەیدان بكاتە دەرەوە . پەكەكە لەم لێكدانەوەیەدا دووچاری چەند هەڵەی گەورەی ئیستراتیژیك بووە كە هەندێكیان بریتین لە :

١_پارتی كرێكارانی كوردستان هیچ حیسابی بۆ دیسكۆرسی هیزە سیاسیەكانی رۆژهەڵات وجەماوەری ئەم بەشە نەكربوو. كە لە گەڵ گوتاری ئەو نامۆ و ناتەباو بگرە زۆر دژیشن، دیكۆرسێكی كراوەی دێمۆكراتیكی فرە رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە سەر بنەمای دادوەریی و ئاسانگیری و هاوژینی بەرابەر و هەڵگردن، لەگەڵ نەیارە كە هەرگیز لە گەل دیسكۆرسی پەكەكە نایەتەوە. تازە پەكەكە ئەگەر بشتوانێت هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵات وەلانێت چی لە جەماوەری رۆژهەڵات دەكات ؟! .

٢پارتی كرێكارانی كوردستان وای دانابوو كە لە رۆژهەڵات خاوەنی پێگەو دەسەڵاتێكی جەماوەری وا بەرفراونە كە دەتوانێ بە ئاسانی دەست بەسەر ئاقاری گشتی ئەم كۆمەڵگایەدا بگرێت و لە تەنیایدا بكەوێتە سڕینەوەی نەیارەكانی.

٣بەراستی پەكەكە وای خوێندبووە كە هێزەكانی رۆژهەڵات ئیتر زەوین گیربوون و توانای هیچ جوڵەو بزاوت بە خۆدا هاتنەوەیەكیان نیە، دەتوانێ جوگرافیای خەباتی ئەم هێزانە بۆ خۆی داگیركا.

بەم تێگەیشتنەو لەم هەل و مەرجەدا كە ناوچەكە هەیەتی و لە ساتەوەختێكدا كە:

١_یەكێتی نیشتمانی بەهەر هۆ و بۆ هەر ئەگەرێك لە گەڵ پەكەكە دۆستەو هەموو توانای لۆجستیكی و میدیای ئەم هێزە لە بەردەست پەكەكە دایە

٢_كوردستان لە شەڕێكی درێژ خایەندا یە لە گەڵ داعش و هەمووان سەرقاڵی ئەم شەڕەن

٣_پارتی دێمۆكراتی كوردستانی عێراق لە چەند ڕووبەردا سەرقاڵە، شەڕ لەگەڵ داعش‌و بابەتی دەوڵەتی كوردی ‌و ئابوری كوردستان و كێشەكانی ناوەند وحكومەتی هەرێم

٤_داستانی شەنگاڵ و گوشارەكانی پەكەكە و ئێران بۆ سەر پارتی

٥_باری خراپی ئابووری هێزەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بە گشتی

٦_داخرانی بەشی زۆری میدیاكانی هێزەكانی رۆژهەڵات وەك تیشك و ……

٧_ناڕەزایەتی تووندو بەرچاوی ناوخۆی كوردستانی رۆژهەڵات و غیابی هێزەكانی رۆژهەڵات لە ناوەوە و ….. زۆر هۆكاری دیكەش

هەرلەم چركەساتەدا هێزەكانی رۆژهەڵات بەكۆ هۆكارێكی دیارو بەرجەستە سەرقاڵی خۆ كۆكردنەوە و ئامادەكارین بۆ دەرچوون لەم دۆخەی ئێستا

١_ویستی بەرینی جەماوەریی بۆ دەرچوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەم دۆخە وكۆتایی هێنان بە ئەم بارە نەشیاوە

٢_بووژانەوەی بزاوتە كۆمەڵایەتییەكانی ناوخۆی ولات و پێویستی بوونی پەیوەندی نزیك وئۆرگانیك

٣_لەبار بوونی دەرفەتەكە بۆ بزاوت و جوڵانی زیاتر و گێڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی شیاوی ئەم هێزانە خۆیان لە بزوتنەوەی رۆژهەڵات و ئامادبوونیان بۆ گۆڕانكارییەكان

٤_هاوبەشی زۆرتری مودیرییەتی بزاوت و گۆڕانكارییەكانی ناوەو …….هتد

لەئاوەها چركەساتێكدا كە هەركام لەم دوو لایەنە خۆیندنەوەی خۆیان بۆی هەیە، هێزەكانی حیزبی دیموكرات روولە زیدی باوباپێرانی خۆیان دەكەن . بەخاكی باشوری كوردستاندا تێدەپەڕن و بەنیازی دامەزراندنی بنكەو بارەگان. خاكێ كە لەراستیدا هەردوو لا واتا پەكەكە وهێزەكانی رۆژهەڵات هەردوكیان لە سەری ئەگەر میوان نەبن خانەخوێ نین. دیارە پارتی كرێكارانی كوردستان لە مێژووی خۆیدا لە ڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە تائیستا بۆ چركە ساتێكیش لە خاكی خۆی و جوگرافیای خەباتی خۆیدا نەبووە. یا لە دەڕەی بیقاع و رۆژئاوای كوردستان یان لە باشور و رۆژهەڵاتدا بووە.

دەبێ بڵێم ئەم هەلە هەرئەو دەرفەتە خوازراوەیە كە پەكەكە لێیدەگەڕا كە ڕاشكاو پەیامی خۆی بۆ هێزەكانی رۆژهەڵات وجەماوەری ئەوێ بنێرێت. پەكەكە زۆر بەوردی بەڵام نا وشیارانە هەرلەگەڵ یەكەم دەركەوتنی پێشمەرگەكانی دیموكراتدا دەستیكرد بە ناردنی پەیامی خۆی، دیارە پارساڵیش لە ناوچەی شلێر لە گەڵ هێزێكی دیكە رۆژهەڵات ئەمەیان هەركرد .

پەكەكە سەرەتا وڵامی نامەی سەركردایەتی حیزبی دیموكرات ناداتەوە، ئەم وڵام نەدانەوەیە هەڵگری ئاماژەیەكی قووڵە ؛، دەڵێت بەرەسمیتان ناناسم. لەئاستی ئەوەدا نین وڵامتان بدەمەوە، ئەگەر بخوازێ بە شێوەی تر مامەڵەتان لەگەڵ دەكەم. سەركردایەتی حیزب یا ناوەرۆكی ئەم جوڵانەوەی پەكەكە ناگرێت یا دەخوازێ كە بەردەوام بێت لە هەوڵدا بۆ دانوستان تا قەیران و خەسار لێكەوتنەوە ساز نەبێت، كە گریمانەی دووهەم گونجاوترە . پاشان گەمارۆی هیزەكانیان دەدات، دەیەوێت بڵێت ئێرادەی بزاوتی ئێوە لە مستی بە هێزی مندایە، دەبێ یان تەسلیمی من بن یا بێ ئیرادەی من بزاوتنتان نیە. كاتێ ڕووبەڕووی راوەستان و بەرخۆدانی هێزەكانی حیزب دەبێتەوە بەو پەڕی ناباوەڕی و حەپەسانەوە دوا پەیامی خۆی دەنێرێت. دووچاری كوشەندەترین هەڵەی مێژووی سیاسی خۆی دەبێت واتە شكانی خەتی سوری شەڕی خۆ كوژی. پەكەكە وەنەبێت گرنگی ئەم كارەو فەزاحەتی شكانی ئەم خەتە سورەی نەزانی بێت، بە زانینەوە دەی شكێنێ، بۆ شكانی ئێرادەی بزوتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هێنانە سەرچۆكی لە بەرمبەر خۆیدا. ڕەنگە پەكەكە لەم دواپەیامەیدا توانیبێتی زەبرێ بنوێنێ، بەڵام لە گەڵ وروژانی بابەتەكەو هاتنە دەنگی كۆمەڵگای كوردەواریی و رای گشتی كوردەواری بەتایبەتی جوڵانی میدیای بوێر و هێزە ئاشتی خوازەكان و هەڵوێستی حیزبی دیموكرات و هێزەكانی رۆژهەڵات، پەكەكە لەم كارەساتەدا خێراو بە چاوەڕوان نەكراوی لە ڕووبەری میدیاو ڕای گشتی كوردستاندا دۆڕاو دۆڕانێ كە بەهیچ جۆریك بۆی ڕاست نەبووەو جگە ملدان بۆ دیالۆگ و لۆژیكی دانوستان .

من بە بیرم نایەت میدیای پەكەكە و تۆپخانەی پڕوپاگاندەی ئەم حیزبەو هەموو مانگەكانی بازنەی ئەم حیزبە، لە مێژووی خۆیاندا هێندە لاواز و زەبون و كەم دەسەڵات بوبن لە بەرامبەر میدیای ئازاد دا، بەتایبەتی تەلەفزوێنی ڕووداو.

هێرشی هەموو تۆپخانەی راگەیاندنی پەكەكە بۆ سەر رووداو لەم كارەساتەدا لەبەر ئەم بی دەسەڵاتییەیان بووە هەر چەندە تەنیاش نەبوون. ئەم كارەساتە سەلماندی رای گشتی كۆمەڵگای كوردەواری لە هیچ كەس ولایەنێ چاوپۆشی ناكات، كە ئاگری شەڕی خۆكوژی رۆشن كات. پەكەكە پێی وابوو لەم دۆخەدا دەتوانێ دەست بەسەر بزوتنەوەی رۆژهەڵاتدا بگرێت و پەیامەكانی هەموو ئاوەژوو بوونەوە. سەرەڕای ئەمەش خوێندنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵات و ڕەخنەكارانی پەكەكە بەراست وەرچەرخا. پەكەكە نیشانیدا كە بەڕاستی هەرئەوەیە كە ئەوان دەیخوێننەوە. ئەگەر وانەبوایە و پەكەكە بەجۆرێكی دیكە مامەڵەی لەگەل هێزەكانی دیموكرات بكردایە دەبوو هەموومان لە وخوێندنەوە بەگومان بین و پیداچوونەوەی جیدیان بكەین كەبەداخەوە وابوو. ئێستاو لەم قۆناغەدا كە شەڕی خۆكوژی وەستاوە، دەبێت هەمووتاكێكی كوردیش ئاگاو نائاگای، بوون و ئاوەزو ئەندێشەی وەستانی ئەم شەڕە نگریسەو هەڵنەگیرسانەوەی بێت. پەكەكە دەبێ بزانێ و ئەم ڕاستیە قبوڵكات كە ئەوانیش و رۆژهەڵاتیەكانیش لە قەندیل میوانن و كوردستانی رۆژهەڵاتیش هێزو دیسكۆرس و شۆڕشی خۆی هەیە كەتەنیا بە مامەڵەی بەرابەر و یەكسان مامەڵەدەكات و لەوە كەمتر لە كەس قبوڵ ناكات.


 لە  دیواری نووسەر لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبۆک وەرگیراوە


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی