"an independent online kurdish website

 بەڕێزم کاک سیاوەش! کارێکی عاقلانەت کردوە کە ئەم کردەوە قێزەوەنەی پێکاکات مەحکووم کردوە و بەداخبوونی خۆت لە شەهید کردنی پێشمەرگەیەکی دیموکرات لە لایەن گریلاکانی پارتەکەتانەوە، ڕاگەیاندوە.

nusin-01

بەڵام زۆر جێگای داخە کە هەر بۆ بێئاکامکردنەوەی ئەم کارە رووتینییەشت، ئەم هەمووە شێڕ و ڕێوییە دەهێنییەوە. واتە چەند داستان دەخەیەوە سەر یەک بۆ ئەوەی ئەم رسواییە نوێیەی پی کاکا، پاساو بدەی و تەوجیه بۆ شەڕ فرۆشتنی پێ کاکا بە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەلات بێنییەوە.

بە پێچەوانەی فەرمایشتەکەی بەڕێزتان یەکەم خۆشخزمەتیی پێکاکا و پێهەڵگوتنی پێ کاکا بە کۆماری ئیسلامیی دژە کورد نەک ئەو کاتە کە خەڵک بۆ نارەزایەتیدەربڕین لە گیرانی ئوجەلان هاتنە سەر شەقام، بەڵکوو بۆ زۆر پێشتر دەگەڕێتەوە. سەرنجراکێش ئەوەیە پێهەڵگوتنەکەش راست لە لایەن کاک عەولای سەرۆکی پیکاکا بوو. وا دیارە حافیزەی بەڕیزیشت، ئەو کاتانە کە دەگاتە ئاست وەبیرهیناەوەی کارنامەی پێ کاکا، ژەنگ هەڵدێنێ.

ئەمانە فەرمایشاتی ئاپۆن لە سالی١٩٩٥:

“ئێرانیش هەر وەها بە سیاسەتی خۆی دا چۆتەوە بەرامبەر بە کێشەی کورد و گۆڕانکاریی دروست کردوە، سیاسەتێکی وا پیادە دەکات کە کورد سوودی لی وەربگرن. هەتا کوو کوردەکانی ڕۆژهەلاتیش سوودی لی وەردەگرن. ئەمەش پێشکەوتنیکی تازەیە هەر بۆیە دەیەوی هەنگاوی نیوخۆیی بهاویژێ بەرامبەر دۆزی کورد.” (ڕۆژنامەی ولات، ژمارە ١٠١، ١٩ی تشرینی یەکەم ١٩٩٥)

“هەر وەها هاوپەیمانەتی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستیش دا پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێ، بە تایبەتی ئێران سیاسەتیکی نوێ بەرامبەر بە کورد پەیڕەو دەکات.” (ڕۆژنامەی ولات، ژمارە ١١٩، ٢١ی کانوونی یەکەم ١٩٩٥)

حیزبی دیموکرات نەک ساڵی ١٩٩٩ بەڵکوو هەر ئەو ئەو کات، رەخنەی لەم جۆرە لێدوانانەی سەرۆکی پیکاکا گرت. من ئەو کات لە رادیۆی دەنگی کوردستان ڕەخنەی حیزبی دیموکراتم لە سەر ئەم جۆرە لێدوانانەی پێ کاکا گوی لێ بووە کە وایە قسەی بەڕیزت لە بارەی دەسپێکی بردنە ژیرپرسیاری سیاسەتی پی کاکا لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە، راست نییە.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە بەڕێزت پاساو بۆ ئەو سپڵەییەی پێ کاکا بەرامبەر خەڵکی رۆژهەلات دێنییەوە. خەلکی ڕۆژهەڵات هاتبوونە سەر شەقام تا لە لایەکەوە پیلانی دەولەتی تورکیە و چەند لایەنێکی دیکە بۆ گرتن و ڕفاندنی ئوجەلان ، مەحکووم بکەن و لە لایەکی دیکەوە بڵێن کورد لە ئیران، وەزعی لە کوردی باکوور باشتر نییە و ڕیژیمی ئێرانیش وەک ڕێژیمی تورکیە دژی نەتەوەی کوردە. ڕێژیمی ئێران لە بەر دژ بە کۆماری ئیسلامی بوونی دروشمەکانی خەڵک، تەقەی لە خۆپێشاندەران کرد و چەندین کەسی لێ شەهید کردن، بە دەیان و سەدانی لێ بریندار و قۆڵبەست کردن. بەڵام سەرانی پێکاکا و تەلەڤیزیۆنەکەی لە جیاتی هاودەردی لە گەڵ ئەو خەڵکە، بە بەکرێگیراوی ئیمپریالیست و سەهیۆنیستیان ناو بردن!! ئێستا ئەو پاساوە شەرمێونانە چییە بۆ قسەکانی ئەو کاتی دەمراست و راگەیەنەکانی پێ کاکا دەیهێنییەوە؟

سەیر ئەوەیە ئەو سەرفەسلەی بۆ خۆت و ژیانی خۆت بە دەسپێکی خەباتی راستەقینە و کوردایەتیی سنوورنەناس و شۆڕشگێڕبوونیکی راستەقینەی دەزانی، بۆ حیزبی دیموکرات و پێشمەرگە و کادرەکانی، بە سەرەتای ژیانی کەمپنشینی و بە هەڵکەوتنی دەرفەتیک بۆ هەلاتن بۆ ئورووپای ناو دەبەی. دەسپێکی ژیانی کەمپنشینی و سەرقاڵی پێشمەرگە بە کرێکاری و کڕینی سەلاجە و موبەڕیدە هەروەها هەڵکەوتنی دەرفەتێک بۆ هەڵاتن و هاتنە ئەوروپا” ئەو کاتەیە کە بەڕیزتان هەلەکەتان قۆستەوە و چووی بۆ ئورووپا و بەو سەلاجە و موبەڕیدەیەش لە دەشتی کۆیە قەناعەتت نەهێنا! بۆ چی بە پێکاکابوونی بەڕیزت لە ئورووپا و ژیان لە نێو نوێن و بانی گەرمت بووە بە کوردایەتی و سۆڕشگێڕی ، بەلام هی هاوسەنگەرانی دوێنێت بوو بە خزمەت کردن بە سیاسەتی یەکیەتی و پارتی و تورکیە و…؟!

کاکی برا! نهێنی و مەتەڵی مەیدانهەبوونی پێکاکا بۆ کار لە نیو خەلکی ڕۆژهەلاتی کوردستان ، شتێکی زۆر شاراوە نییە. هەر ئەو ساڵانەی کە عەبدوڵلا ئوجەلان لە دەڕەی بیقاع و لە ژیر سێبەری موخابراتی حافیز ئەسەدی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی دا بە کۆماری ئیسلامیی هەل دەگوت (نیوەی یەکەمی دەیەی ١٩٩٠ی زایینی) ، دیموکرات لە بست بە بستی خاکی کوردستانی ئێران خوێنی لێ دەچۆرا. لە حاڵێک دا کادرەکانی پێ کاکا بە خەیاڵی ئاسوودە و بەو دروشمانەی کە تەنیا دێوجامەیەک بوون بۆ تەفرەدان، شار بە شار و زانکۆ بە زانکۆ بۆ راکێشانی لاوانی ڕۆژهەلات هەڵدەخولانەوە و کەس ڕێگریان نەبوو، بە دەیان لاوی ڕۆژهەلاتی لە سەر راگەیەندراوێکی دیموکرات دەچوونە زیندان و ئیعدام دەکران.

بەڵێ کۆماری ئیسلامی دەیزانی چی دەچێنێ و چی دەدروێتەوە!! لە نیوخۆی ڕۆژهەلات و باشووری کوردستان و ئورووپا، ئەندامان، تێکۆشەران و ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی لە نیو دەبرد، بەلام دەرگای ڕۆژهەڵاتی بۆ پێکاکای بە روالەت هەڵگری دروشمی کوردستانی گەورە والا کردبوو تا لاوەکانی ڕۆژهەڵات بۆ لای “فەلسەفە” ئەنتیکەکەی ئوجەلان رابکێشێ و نەهێڵێ بە لای دیموکرات دا بچن. وەک لە درێژایی ٢٠-٢٥ ساڵی ڕابردووش دا دیتمان، ئەم فەلسەفەیەی ئاپۆ و ئەم دروشمە قەبە و رەنگاورەنگانەی پێکاکا و ئەم ڕێکخراودروستکردنەی لە نێو لاوانی ڕۆژهەلات، هیچ کات خەبات لە دژی ئەو رێژیمەی لێ نەکەوتەوە. لە راستی دا ئەو لاوانەی ڕۆژهەلاتیان هیچ کات بۆ خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ داواکردنی مافی کورد لە ئیران بە کار نەهێنا. ئەو پەژاک دروستکردنەش کە گوایە بەرهەمی بایەخدانی پی کاکا بە خەباتی کورد لە ڕۆژهەلاتە، بە دوو ئامانج بوو. لە لایەک ئەو لاوانەی لە ڕۆژهەلاتەوە ڕوویان کردبووە پێ کاکا، و هیچیان لە پێکاکا لە پێوەندی لە گەل خەبات بۆ کوردی ڕۆژهەلات نەدەبینی، پێ هەلخەڵەتێنن.

لە لایەکی دیکەش وەک ئامرازێکی گوشار و کەرەستەیەک بۆ مەعامەلە لە گەل ئێران بە کاری بێنن. هەر کات ئێران بە پێی پێویست بە دەم داواکانی پێکاکاوە نەچووە، یا لە هیندێک شوێن، گوشاری بۆ پێ کاکا هیناوە، ئەویش بە هۆی پەژاکەوە چالاکییەکی دژی ئێران کردوە. لەم بارەیەوە دەستی پێکاکا و پەژاکەکەی ئەوەندە ڕوو بوون کە ئیدی پێویست بە شیکردنەوە ناکا. هەر داستانی ئاگربەسەکەی ئەم ساڵانەی دوایی نیوان پەژاک و کۆماری ئیسلامی لە سەر دەستی پێکاکا و تەحویلدانی بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت- پیرانشار و هەرێم، جێگایەکی بۆ قسەلێکردن لە کەینەوبەینەی ئەو ڕێژیمە و پێ کاکا نەهێشتوەتەوە .

بەڕیز گودەرزی! باس لە هاتوچۆی نوێنەرانی دیموکرات بۆ کۆنسۆڵی تورکیە دەکەی و دەتەوێ ئەمە وەک هەبوونی پێوەندییەکی جێگای گومان بخەیە روو. باوەڕ بکەن مرۆڤ دەبێ زۆر ڕووقایم بێت، لە سەر جۆری پێوەندییەکانی پێکاکا لە گەڵ ڕیژیمی ئەسەد و دوای ئەو پێوەندیانەی لە نێوان سوپای پاسداران و پێکاکا هەیە، پرسیار بخاتە سەر چوونی بەرپرسێکی دیموکرات بۆ کۆنسوڵگەریی تورکیە کە بنکەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی ئاشکرا و فەرمییە. زۆر سەیرە! لە ئیلامەوە تا ماکۆ، گریلاکانی پیکاکا، بە ڕۆژی ڕوون و بە سواری ماشێنە ‘اهدایی”یەکانی سوپای پاسداران، دێن و دەچن، کەم مانگ و حەوتوو هەیە لە سەردەشت و پیرانشار و شنۆ و ورمێ، بەرپرسانی پێ کاکا و یەک لەوان جەمیل بایک، لە گەڵ کاربەدەستانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران، چاویان بە یەک نەکەوی و پێکەوە نەخشە و پلان لە ئاستی سوریە و عێراق و بە تایبەتی لە دژی هێزە کوردییەکانی دیکە دانەڕیژن.

لە درێژایی سنوورەکانی هەرێم و ئێران دا، هیزە چەکدارەکانی ئێران و گریلاکانی پێ کاکا، پشتیان پێک بەستوە. کە چی بەڕێزت سەردانی سکرتێرەکان و نوێنەرانی دیموکرات لە کۆنسۆلگەریی تورکیە یا دەرنەکەوتنی دیموکراتەکان لە تەلەڤیزیۆنەکانی پی‌کاکا، بە نیشانەی گوماناویی بوون و دەستتیکەڵکردنیان لە گەڵ دوژمنانی مەوهووم، بە بەڵگە دەهینیەوە. خۆت و ئەو ویژدانەی کە خستوەتە ژێر پێت، پێوەندیی دیموکرات و ڕێژیمە داگیرکەر و دژ بە کوردەکان، لە گەڵ پێوەندیی پێکاکا و ڕێژیمەکانی ئێران و سوریا دەبێت بە یەک؟

برای بەڕێزم! راست دەکەی دیموکرات و پێ کاکا زۆر لە یەک جیاوازن. ئەوەی دیموکرات شەرم لە ئەنجامدانی دەکا، بۆ پێ‌کاکا وەک ئاو‌خواردنەوە هاسانە بیکا. نموونەکەشی هەر ئەو دەست تێکەڵاوکردن لە گەڵ دوژمنانی کورد و زەبر وەشاندن لە بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە لە پێناو بەرژەوەندەی خۆیە کە پی کاکا لە دەستی دێت و بەردەوام کردوویەتی بەلام دیموکرات بە شانازییەوە، هیچ کات ئامادە نییە بیکا.

 

(*)سیاوەش گودەرزی کە سالانێکە لە تریبوونەکانی پێکاکاوە، دژایەتیی هیزەکانی ڕۆژهەلات بە تایبەتی حیزبی دیموکرات دەکا، بە تازەیی و بە بیانووی شەڕفرۆشیی پێ کاکا بە پێشمەرگەکانی دیموکرات، وتارێکی لە ژیرناوی ” حیزبی دیمۆکرات و گرێی پەکەکە ” نووسیوە. ئەگەر چی ناوبراو بە روالەت لەرووداوی شەهید کردنی پێشمەرگەی دیموکرات بە هۆی پێکاکاوە بە داخە، بەلام پاساوێک کە بۆ دوژمنایەتیی پێکاکا لە گەل دیموکراتەکانی هیناوەتەوە، بە داخبوونەکەی کردوەتەوە بە هیچ. ئەم بابەتەم لە ولامی ئەو وتارەی ناوبراو دا نووسیوە.

نووسراوەی سیاوەش گۆدەرزی….

دەقی نووسینەکەی سیاوەش گودەرزی وەک خۆی  ئەگەر لینکی سەرو نەکراوە


حیزبی دیمۆکرات و گرێی پەکەکە
‌وەک دەسپێکێک سەرەخۆشی لە بنەماڵەی دوا شەهیدی شەڕ و تێکهەڵچوونی ناوخۆیی لە کێلەشین، قادر کەریمی دەکەم. شەڕی ناوخۆیی هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و مەحکوومە. ئەوەی قادری پێشمەرگە بە چەکی گریلایەک گیانی لە دەستداوە شاراوە نییە و هەموو لایەک لە سەری هاوڕان. بەڵام ئەو شەڕە چۆن دەستی پێکرد، کێ هاندەری بوو و کامە لایەن تاوانبارە بێگومان لە داهاتووی نزیکدا هەر دەردەکەوێ و ئەمەش ئێستا لە ئەجەنداو لە دەرەتانی ئەم نووسینەدا نییە. لێرەدا هەوڵی من ئەوەیە تەنیا ئاورێکی سەرپێی لە سەر پاشخان و ڕابردووی پێوەندییە گرژ و هەمیشە ئاڵۆز و تێکەڵ بە زمانی زبر و هەڕەشەی حدکا بەرانبەر بە پەکەکە لە ساڵانی ڕابردوو هەتا ئیمڕۆ بدەمەوە.
‌١/ یەکەم کاردانەوەی فەرمی و دژی حدکا بەرانبەر بە پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای گرتنی ڕێزدار ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩. ئەم ڕێکەوتە کاتێکە کە حدکا ٦ ساڵە بە هۆی یەکیەتی و لە نێو تارمایی دۆستایەتی یان فریودانی حدکا لە لایەن یەکیەتییەوە لە قەندیل دابەزێندراوەو لە دەشتی کۆیە نیشتەجێ بووە. (لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم پاساوی نیشتەجێ بوون لە کۆیە لە بەر بەرژەوەندی نەتەوەیی لە درۆیەکی گەورە واوەتر هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە) بە هۆی دەسپێکی ژیانی کەمپنشینی و سەرقاڵی پێشمەرگە بە کرێکاری و کڕینی سەلاجە و موبەڕیدەو هەروەها هەڵکەوتنی دەرفەتێک بۆ هەڵاتن و هاتنە ئەوروپا ئاگای لە ڕۆژهەڵات نەماوە. بەرزکردنەوەی وێنەکانی ئۆجالان و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێبەرانی حدکای لە خەو ڕاپەڕاند. بەڵام لە بری لێکدانەوە بۆ هەلوومەرجی تازە و خۆتازەکردنەوە لە گەڵ شێوە خەباتی نوێ، ڕێبەرایەتی حدکا بە بیانووی بەیاننامەیەکی عوسمان ئۆجالان هێرشی ڕاگەیاندنیان کردە سەر پەکەکە. عوسمان ئۆجالان لە بەیاننامەکەیدا لە سەر ئەوەی هەژمارێک لە خۆپیشاندەران درووشمی دژی کۆماری ئیسلامییان دابوو و کۆماری ئیسلامیش هێرشی کردبووە سەر خۆپیشاندەران و هەژمارێکی زۆر لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستدابوو و خۆپیشاندان لە سەر خەتی دژایەتی دەوڵەتی تورکیا و گیرانی ئۆجالان لایدابوو، ڕەخنەی لە چەند لایەنێکی نادیار وەک هێزی ئیمپریالیستی گرتبوو و حدکاش خۆی لە نێو ئەو هێزانەدا دیتبۆوە. هەر بۆیە یەکەم بەیاننامەی فەرمییان لە دژی پەکەکە بڵاو کردەوە. هەروەها لایەنگرانی خۆیان لە ئەوروپا ڕاسپارد لە خۆپیشاندان بۆ پرۆتێستۆکردنی گیرانی ئۆجالان بەشداری نەکەن. 
‌٢/ لە هەمان ساڵدا بوو کە حەرەکەتی ڕیفۆرمخوازی لە ئێران دەستی پێکرد. پەکەکە و مێدتیڤی و دواتر مێدیاتیڤی پشتگیریان لە حەرەکەتی ڕیفۆرمخوازی کرد و بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەکی تایبەتییان بە ناوی چوارچرا لە مێدیا تیڤی بڵاوکردەوە. ئەمە بوو بە هۆی ئەوە بۆ یەکەمجار پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و کوردی تاراوگە و ئۆپۆزیسیۆن ساز ببێت. بەڵام حدکا لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات سەرپاک دەنگیان بە خاتەمی و ڕیفۆرم دا، تەحریمی هەڵبژاردنی کرد و لە تووڕەیی و ئیزۆلە مانەوەی لە دەشتی کۆیە، مێدیا تیڤی لە زمانی سکرتێرەکەیەوە عەبدوڵا حەسەنزادە بە پەنجەرەی کۆماری ئیسلامی وێنا کرد و بە هەمان شێوەش پەکەکە بە دەستێوەردەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داندرا.
‌٣/ لەو ماوەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران کچ و کوڕ ڕوویان لە پەکەکە کرد و هەر ئەمانەش دواتر پەژاکیان دامەزراند، ئەمەش لە باتی ئەوە حدکا بەرەو تێفکرین بەرێ کە گەلۆ چما خەڵک ڕوو لە پەکەکە دەکەن و ڕوو لەوان وەردەگێڕن، بەپێچەوانە حدکای تووشی هیستریا و فۆبیای پەکەکە کرد. ئەم دژایەتی وشک و نەدواندنە هەتا لێکترازانی دوو باڵی حدکا و حدک بەردەوام بوو بە شێوەیەک ئەو کەسانەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تەنیا بەشداری تێڤییەکانی نزیک لە پەکەکە دەبوون وەک پەکەکەیی حیسابیان بۆ دەکرا. پێشمەرگە دێرینەکانی حدکا کە نزیکی دام و دەزگای پەکەکە دەبوونەوە ناویان لە ئارشیوی حدکادا سڕدرایەوە، تەنانەت هەژمارێک بەرپرس ئەو تێکۆشەرە دێرینانەیان بە خائین دانان. 
‌٤/ لە دابڕانی حدک لە حدکا، بە هۆی نزیکایەتی حدکا و پارتی ئیتر بۆ ساتێکیش بووە حدکا لە سیاسەتی هاوتەرتیبی خۆی لەگەڵ پارتی لە پێوەندی لە گەڵ پەکەکەدا لای نەداوە. پارتی نێوانی لە گەڵ پەکەکە چۆن بووە کە بە زۆری خەراپ بووە، حدکاش دەقاودەق هەمان پێوەندی هەبووە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە دەیان نموونە بکەین. حدکا پاڵپشتی تەواوی پارتی و پارتۆکەکانی پارتی لە ڕۆژئاوا بووە. لە لێدانی خەندەقەوە بگرە هەتا گرتنی شەنگاڵ، حدکا دەنگێکی جیاوازی لە پارتی نەبووەو تەنانەت لە زمانی شەخسی یەکەمەوە کاک مستەفای هیجری تەوجیهی هەموو سیاسەتەکانی پارتی لە ڕۆژئاوایان کردووە. هاتووچۆی کۆنسۆلخانەی تورکیایان کردووە، حەفتانە عوسمان ئۆجالان و دژبەرانی پەکەکەیان دیوەو لە مژاری بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییدا بە موو لە سیاسەتی پارتی لایان نەداوە. ‌
‌٥/ حدکا قەت ڕوویان لە تێڤییەکانی نزیک بە پەکەکە نەکردووە. من بۆ خۆم لە نەورۆزتیڤی بەدەیان جار دەعوەتی دیبەیتم کردوون لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەڵام هەموو جارێک بە بیانوویەک خۆیان بواردووە. کە ڕووداو دامەزرا وەک کونە هەنگیان لە دارا دیبێتەوە ڕوویان تێکرد و ڕووداویش هەتا توانی بەکاری هێنان تەنانەت بۆ سپی کردنەوەی مێژووی پارتی لە بەرانبەر حدکا لە پێوەندی لە گەڵ ڕابردووی شەڕ و گێچەڵی پارتی هەر لە سەردەمی نەمر مستەفا بارزانی هەتا شەڕی قیادە مەوەقەتەو دەرپەڕاندنی هێزەکانی حدکا لە ناوەند و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پارتییەوە. ڕووداو وای لێهات کە بوو بە ڕێفرێنسی ئەندامانی حدکا. ئەمە لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاوە تەنانەت زیاتر لە مێدیاکانی خۆیان ڕێکلام بۆ ڕووداو دەکەن، ئەویش ڕووداوێک بە ئەجەندایەکی ئاشکرای دژە پەکەکەیی لە سەر ئاستی هەموو کوردستان. 
‌ئەمە تەنیا بە کورتی پاشخانی حدکا بووە …
بەرانبەر بە پەکەکە هەتا ڕۆژی تێکهەڵچوونی کێلەشین…



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی