"an independent online kurdish website

باسی چۆنیەتیی تۆمارکردنی گرتە ڤیدۆکە و شەڕەکەی کێلەشین دەکاتbrind_ar

دوای چوار رۆژ لە شەڕەكەی كێلەشین ئەمڕۆ پەكەكە كۆمەڵێك وێنە و گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە كە سەرقاڵی تیماركردن و چارەسەریی پزیشكیی پێشمەرگە بریندارەكانی دیموكراتن.

لەم بارەوە “حیكمەت نەبی‌زادە” پێشمەرگەی دێموكرات و یەكێك لە بریندارەكانی شەڕەكەی كێلەشین بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەوان سەرەتا شەڕیان دەست پێكرد و یەكیان لێ‌ شەهید كردین و من و دوو كەسی دیكەمان بریندار بوون و پاش چەند ماوەیەك هەر بۆ خۆشیان ئاگربەستیان راگەیاند و تەنیا بۆ هێنان و بردنی شەهید و بریندارەكان بوو پاشان ئێمە كەلە شاخەكەوە هاتینە خوارەوە، و لەلای خۆیان رایان گرتین و سواری سەیارەیان كردین و بردینیانە شوێنێك و دەستیان كرد بە تیمار كردنمان و بۆ ماوەی یەك سەعات و نیو هەر وێنەیان لێ‌ هەڵگرتینەوە”.

 brind_ar1

لە درێژەدا گوتی: “من بەو كارەیان تووڕە بووم و پێم گوتن بۆ وێنەمان هەڵدەگرن، خۆ هەر بۆ خۆتان بە قەناس بریندارتان كردووین، ئەمە چ واتایەكی هەیە و چ مەبەستێكتان لەم كارە هەیە؟ ئەو كەسەی كە فیلمی لێ‌ هەڵدەگرتین فەرماندەیەی سەربازی بوو و پێی گوتین ئێمە كاری خۆمان دەكەین و پەیوەندیی بە تۆوە نییە”.
گوتیشی:”لەو ماوەیە كە لەلایان بووین لەوپەڕی رێز و حورمەتدا رەفتاریان لەگەڵ كردین و هیچ شتێك رووی نەدا، بەڵام من لە بەرانبەردا پێم گوتن ئەوەی كە ئێمەتان تیمار كردووە هەڵوێستێكی مرۆییانەیە، بەڵام هیوادارم بۆ پڕوپاگەندە و چەواشەكاریی راگەیاندن نەبێـت”.

 

حیكمەت نەبی زادە لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆكەوە بە باسنیوزی گوت: “من هەر لەوێش پێم گوتن كە ئێوە مەبەستتان لەو كارەتان هەیە و ئێستەش كە بڵاویان كردووەتەوە، تەنیا مەبەستیان بانگەشە و پڕوپاگەندەیە و دەیانەوێ‌ ئەو هەڵە مێژووییەی كە كردوویانە و شەڕیان لەگەڵ حدكا كردووە بیشارنەوە و پێی دابپۆشن و دەیانەوێ‌ بڵێن ئێمە ئاوا لەگەڵیان جووڵاوێنەتەوە”.

 

لە درێژەدا لەبارەی وردەكاریی دوای رووداوەكە ئەو پێشمەرگەیەی دێموكرات رایگەیاند: “ئێمە كاتێك بریندار بووین و هاتینە خوارێ‌ هێزەكەمان هێشتا لەسەر شاخەكە مابوون، بریندارەكەی دیكەشیان هێنا و شەهید قادر بەر لە ئێمە كە شەهید ببوو زووتر تەرمەكەی هێنرابوویانە خوارەوە، بۆیە هەتا ئەو بریندارەكەی دیكەشیان هێنا یەك سەعاتی خایاند و سەعات و نیوێكیش خەریكی تیمار كردنمان بوون و دواتر شەو داهات و لەنێو دەشتاییەك و لەنێو مێرگێكدا بووین، دواتر سواری پەترۆڵی هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی سۆرانیان كردین و بۆ ماوەی یەك سەعات بەڕێگادا هێنایانین هەتا گەیشتینە ئامبۆلانسی خەستەخانەی سیدەكان و گەیشتینەوە بە هاوڕێیانی خۆمان“.

سەرچاوە:  باس نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی