"an independent online kurdish website

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ كه‌س پێیان سه‌یر بێ كه‌ بۆچی وه‌ها ناوێكم بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ دیاری كردووه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ كه‌سیش پێیان وابێ كه‌ جۆرێك‌ ده‌مارگرژیی زاڵه‌ به‌سه‌ر نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌دا وpkk-karikatir-0

به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بچێته‌ خانه‌ی حیزبیگه‌رییه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا دوو هۆكاری سه‌ره‌كیم هه‌ن بۆ ناودێری كردنی ئه‌م بابه‌ته‌.

یه‌كه‌م:

كۆمه‌ڵێ به‌ڵگه‌ و فاكتم له‌به‌رده‌ستدایه‌ و هه‌روه‌ها‌ بۆ خۆیشم له‌ نێوان ساڵه‌كانی 1377 تا 1379ی هه‌تاوی، بینه‌ری هه‌ندێ ڕاستیی بووم له‌ پێوه‌ندیی ئه‌وه‌یكه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ كردووه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ عه‌بدوڵڵا ڕه‌مه‌زانزاده‌ پارێزگاری پارێزگای سنه‌ بوو. له‌و كاته‌دا به‌ ڕاشكاوانه‌ باسی پاڵپشتی كردن له‌ پێ كاكا له‌ ئارادا بوو. به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ركردنی مۆڵه‌ت و ئیزنی خۆپیشاندان دژی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ له‌ كاتی ده‌سبه‌سه‌ركردنی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجالان له‌ كنیا و هاوكاری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌ باری لوجستیكیی و كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی پێ كاكا له‌ ورمێ و تاران بوو. له‌و كاته‌دا جگه‌ له‌وه‌یكه‌ سه‌ركرده‌كانی پێ كاكا له‌ ده‌روازه‌ی ئێرانه‌وه‌ هاتووچۆی ئۆرووپایان ده‌كرد به‌ڵكوو به‌ناو هه‌ڤاڵانی پێ كاكا به‌ ئازادانه‌ له‌ شاره‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕان و بانگه‌شه‌یان بۆ سیاسه‌ت و دروشمه‌ بریقه‌داره‌كانی پێ كاكا ده‌كرد. هه‌ڵبه‌ت هێشتا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوێك له‌ پژاك له‌ ئارادا نه‌بوو. به‌هه‌ر شێوه‌ ئه‌وه‌ قۆناخێ بوو كه‌ هه‌موو كه‌سێ به‌ ئاشكرا ده‌یزانی كه‌ پێوه‌ندییه‌كی گه‌رم و گوڕ له‌ نێوان پارتی كرێكارنی كوردستانی توركیه‌ و كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ئارادایه‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ لێره‌شدا باسی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌م پێوه‌ندییه‌ له‌ نێوه‌ڕۆكی خۆیدا هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و ده‌توانین بڵێن به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پاساوهه‌ڵگره‌. به‌ڵام كاتێ ئه‌م پێوه‌ندییه‌ به‌ شوێنێك ده‌گات كه‌ خه‌سار به‌ خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی پارچه‌یه‌كی كوردستان جگه‌ له‌ جوگرافیای سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ واته‌ خودی باكووری كوردستان ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌و كات ده‌توانین ڕه‌خنه‌ بگرین له‌ بنه‌ماكانی ئه‌و پێوه‌ندییه‌. یه‌كه‌م جار كاتێ ڕه‌خنه‌ هاته‌وه‌ سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی نێوان پێ كاكا و كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌ پاش ڕووداوه‌كانی ڕه‌شه‌مه‌ی 1377ی هه‌تاوی و كوشتن و بریندار كردن و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ كردنی به‌ ده‌یان كه‌س له‌ خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجالان بكه‌رانی ئه‌و ڕووداوه‌ی به‌ دارده‌ستی ئیسراییل و ئه‌مریكا شوبهاند و له‌ كۆماری ئیسلامی داوای لێبوردنی كرد. دوابه‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌ پێوه‌ندییه‌كانی پێ كاكا و كۆماری ئیسلامی هه‌وراز و نشێوی زۆری به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ به‌ڵام هیچ كات ئه‌م پێوه‌ندییانه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ ئاستێ كه‌ بپسێن یان ئه‌وه‌نده‌ش گه‌رم و گوڕ بن كه‌ له‌ لای بیروڕای گشتیی زۆر زه‌ق بن. تا ڕووداوه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌ودانی شاخی جاسووسان و ڕاده‌ست كردنی به‌شێك له‌ خاكی كوردستان به‌ جاش و پاسداره‌كانی كۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ڕووداوه‌كانی سووریه‌ و هێرشی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانیی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران و درێژه‌كێشانی ئه‌م ڕه‌وته‌ تا هێرش و په‌لاماری هێزه‌كانی پێ كاكا بۆ سه‌ر كادر و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ چه‌ن ڕۆژی ڕابردوودا. به‌هه‌ر شێوه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك چووكه‌ترین شه‌می سیاسی هه‌بێت زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ ئاڵقه‌كانی زنجیری ئه‌م پێوه‌ندییه‌ به‌ جوانی بۆ خۆی ده‌سنیشان بكات.


دووهه‌م:

چه‌واشه‌كاریی و به‌ڵاڕێدابردنی ڕاستییه‌كان یه‌كێك له‌ ئامرازه‌ سه‌ره‌كیی و به‌هێزه‌كانی دیكتاتۆره‌كان و یه‌ك له‌وان كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌. وادیاره‌ له‌م به‌شه‌شدا پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووه‌ به‌سه‌رباشقه‌ی خۆی و به‌ نموونه‌هه‌ڵگرتن له‌ كار و كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی، ده‌ستی داوه‌ته‌ چه‌واشه‌ كردن و به‌ڵاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی كۆمه‌ڵگای وشیاری كوردستان له‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كێشه‌ و ئاریشه‌كانی ئه‌م دوواییانه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌ كۆمۆنیسیتی، سووسیالیسیتی، ناسیۆنالیسیتی، ئێنترناسیۆنالیسیتی، ماركسیست ئیسلامیستیی و ئاپۆییستی و كۆمه‌ڵێ ئیسمی دیكه‌ كه‌ ده‌رخه‌ری نه‌بوونی ستراتژییه‌كی ڕوونی ئه‌م ڕێكخراوه‌ن بۆ به‌رده‌وامی له‌ كار و چالاكییه‌ سیاسیه‌كانی خۆیدا. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ ڕوون و ئاشكرایه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ هۆی نه‌بوونی ستراتژییه‌كی یه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی و چه‌ن ده‌نگبوونی ڕێبه‌رایه‌تی له‌ نێو ئه‌م ڕێكخراوه‌دا تووشی قه‌یرانێكی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ بووه‌ كه‌ ناچار بووه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵ بدات به‌ یه‌كێك له‌ هێزه‌  هه‌رێمییه‌‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌داخه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و هێزانه‌دا، ئه‌م ڕێكخراوه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانی هه‌ڵبژاردووه‌ و ده‌توانین به‌ ئاشكرا بڵێین، پارتی كرێكاران جگه‌ له‌وه‌یكه‌ بووه‌ته‌ شاڕێیه‌كی تڕانزیتی بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و چۆڵ و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ و به‌داخه‌وه‌ بووه‌ته‌ كرێكاری ئامانج و به‌رنامه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و به‌دوور له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌مارگرژییه‌ك بووه‌ته‌ دارده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ و پلانه‌كانی ئه‌م ڕێژیمه‌ له‌ به‌شێك له‌ جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤییندا. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قه‌یران له‌ ڕێبه‌ریی و نه‌بوونی ستراتژییه‌كی یه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ناڕوونه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌. بۆیه‌ باسی ئامانجی ناڕوون ده‌كه‌م چونكوو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ڕوون نییه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ چی ده‌وێ و ‌ له‌ داهاتووی هاوكێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیین و به‌ تایبه‌ت جوگرافیای كوردستاندا به‌ ته‌مای چییه.

له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ ته‌مایه‌ كه‌ باڵ بكێشێ به‌سه‌ر هه‌موو جوگرافیای كوردستاندا و وه‌ك به‌رنامه‌ و پێڕه‌وه‌كه‌ی ـ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وییش زۆر گونگ و نامفهوومه‌ ـ هه‌ستێ به‌ یه‌كسان سازیی كۆمه‌ڵگای كوردستان، به‌ ته‌ئكید ده‌بێ بڵێین له‌م پلانه‌یدا شكست ده‌خوات و هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان و پێشكه‌وتنه‌كانی دونیای ئه‌مڕۆ به‌ ئێمه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ داهاتووی جیهان شوێنێكی به‌رته‌سك و ته‌نگه‌ بۆ سیستمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان. بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ هێشتا پارتی كرێكارانی كوردستان له‌م پێوه‌ندییه‌شدا كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووه‌ به‌ سه‌رباشقه‌ی خۆی و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ پێكهاته‌ و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ڕێژیمه‌ دژه‌گه‌لییه‌ له‌ ڕێكخراوه‌ ناڕوونه‌ و ترسهێنه‌ره‌كه‌ی خۆیدا په‌یڕه‌و بكات.

ئاكامی ئه‌م دوو هۆكاره‌:

هه‌ر به‌ پێی ئه‌م دوو هۆیه‌ وێناچێ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ له‌ بیری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حیزبی دێموكراتدا بێ و وادیاره‌ به‌ دنه‌دانی ئێران و پاڵپشتیی كاربه‌ده‌ستانی سه‌ربازیی ئێران تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ بۆی ده‌كرێ كۆسپ ساز بكات له‌ ڕێگه‌ی دانووستاندا به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئاشتی و وازهێنان له‌و سنووره‌ی كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ له‌ پاوانی خۆیدا ڕایبگرێ و ئیزن نه‌دات هیچ هێزێكی دیكه‌ له‌و سنوورانه‌وه‌ جموجۆڵ بكات. ڕه‌نگیشه‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی ئه‌وه‌نده‌ زه‌خته‌كه‌ی زۆر بكات كه‌ هێزه‌كانی حیزبی دێموكرات و خودی حیزبی دێموكرات ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بكات. به‌ڵام خافڵه‌ له‌وه‌یكه‌ ئاراسته‌به‌ندی و ڕیزبه‌ندی هێزه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیین و به‌ تایبه‌تی كوردستان گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر هاتووه‌ و ئه‌گه‌ر پێ كاكا خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا ئابده‌یت و به‌ڕۆژ نه‌كاته‌وه‌ مه‌حكوومه‌ به‌ لاواز بوون و ته‌ریككه‌وتنه‌وه‌.

به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڕێ كردنی دووكه‌سه‌ بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ حیزبدا به‌ چاوه‌دێریی حكووومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هیچكامیان ڕۆڵ و ده‌ورێكیان نییه‌ له‌ بازنه‌س سیاسه‌تدانان و بڕیاردان له‌م ڕێكخراوه‌دا، چونكوو یه‌كیان فوسیلێكی مه‌علووموڵحاڵی په‌ككه‌وتووه‌ كه‌ كه‌س حسێبی له‌سه‌ر ناكات و له‌ هیچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یك حسێبی بۆ ناكرێت و ئه‌وی دیكه‌شیان ته‌نیا گوته‌بێژی هه‌ندێ ڕاسپارده‌ی ده‌سڵاتبه‌ده‌ستانی سه‌ره‌وه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێ كاكا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی زۆر ناسیاسیانه‌ له‌ده‌ست دا و به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندنی كه‌ له‌ژێر ئامۆژگاری و هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماده‌ نییه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئاشتیخوازانه‌وه‌ چارسه‌ر بكرێت و ده‌یهه‌وێ له‌ ئه‌هرۆمی هێز و چه‌ك له‌م پێوه‌ندییه‌دا كه‌ڵك وه‌ربگرێ، بێ ئاگا له‌وه‌یكه‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی پاشایه‌تی په‌هله‌ویی و حكوومه‌تی دڕنده‌ی ئاخووندی به‌ درێژایی حه‌فتا ساڵ” نه‌یانتوانی به‌ چه‌ك و چۆڵ و زه‌بر و زه‌نگ و تیرۆر، پاشه‌كشه‌ به‌ جووڵانه‌وه‌ی ڕه‌وای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ن، ئێستا پێ كاكا به‌ بێ هیچ پشتیوانییه‌كی مه‌عنه‌ویی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانی ئێرانه‌وه‌ چۆن ده‌یهه‌وێ پاشه‌كشه‌ به‌ هێزێك بكات كه‌ یه‌كه‌م هێزی مودێڕنی كوردی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان بووه‌.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی