"an independent online kurdish website

ساڵی 1984 به‌نهێنی سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیم كرد له‌ (لۆلان)ی سه‌ر سنووری ئێران، ئه‌وكات پێیان ده‌گوت مه‌كته‌بی سیاسیی (خلفی)wahid_gwani

دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كاك فازڵ میرانی و كاك عزه‌دین به‌رواری كۆبوومه‌وه‌ و رێكخراوی (پێشڕه‌وانی گه‌ل)مان پێك هێنا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خه‌باتی نهێنی له‌ ده‌ڤه‌ری مێرگه‌سۆر، سۆران تا شه‌قڵاوه‌ و هه‌ولێر، ڕه‌زامه‌ندیی كاك فازڵ میرانیم وه‌رگرت كه‌ سه‌ردانی باره‌گای په‌كه‌كه‌ بكه‌م كه‌ هاوسێی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بوون، په‌كه‌كه‌ تازه‌ دامه‌زرابوو له‌سه‌ر خوان و نانی پارتی بوون، كه‌ چووینه‌ ناو باره‌گاكه‌، بینیم كورسی و مێز له‌ دار دروست كرابوون و زه‌ویه‌كی گه‌وره‌ی پێش باره‌گاكه‌یان كردبوو به‌ كشتوكاڵ، لێپرسراوه‌كه‌یان كه‌ كوردی ده‌رسیم (زازایی)بوو، له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵیدا بوو، كه‌ بانگیان كرد هاته‌ لامان و به‌خێرهاتنی كردین، به‌ڵام زمانی كوردیی نه‌ده‌زانی، بۆ منی گه‌نجی ئه‌وسای سه‌رگه‌رمی خه‌بات و تێكۆشانی سیاسی، دیمه‌نێكی جوان بوو، ماوه‌یه‌ك گفتوگۆمان كرد. له‌ كۆتاییدا كۆمه‌ڵێك بڵاوكراوه‌یان پێدام له‌گه‌ڵ بڵاوكراوه‌كانی پارتی، هێنامه‌وه‌ دیانا، په‌كه‌كه‌م خۆشویست چونكه‌ زاده‌ی زامێكی زۆر برینداری كوردی باكوور بوو، ناكرێ ئه‌و كوڕ و كچانه‌م خۆش نه‌وێ كه‌ دوای كۆمه‌ڵێ كوشتارگه‌ و قڕكردنی كوردانی دیرسیم و وارتۆ و پیران و ئامه‌د و… هتد چه‌كیان كردووه‌ته‌ سه‌ر شان و خه‌بات ده‌كه‌ن.

به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ پێم ناخۆش بوو كاتێك له‌ ڕاپه‌رینی گه‌لی كوردستان ساڵی١٩٩١ ئه‌وان خۆشحاڵ نه‌بوون و دواتر زه‌نده‌قیان له‌ هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم چوو، ئه‌وان بیانوویان ئه‌وه‌ بوو كه‌ نابێ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێ، ده‌بێ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هه‌بێ، ئاخر ده‌مانگۆت سه‌برێك بگرن با ئه‌و هه‌رێمه‌ دروست كه‌ین، هیچ نه‌بێ ده‌بێته‌ پێپیلكه‌یه‌ك بۆ ئیمپراتۆریه‌تی چوار پارچه‌ی كوردستان، كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌وكات كردبوویه‌ دروشمی خۆی، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، ئه‌وه‌یان كرد كه‌ كردیان، مه‌به‌ست پێشتر ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی پێ کاکا و هه‌رێمی كوردستانه‌، ساڵی (1994) چاوم به‌ جه‌میل بایك كه‌وت، كه‌سێكی خۆ به‌زلزان هاته‌ به‌رچاوم. هه‌ر واش ده‌ركه‌وت تا ئه‌و سه‌ركێشی په‌كه‌كه‌ بوو، په‌یوه‌ندیی په‌كه‌كه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌وپه‌ری خراپیدا بوو (شه‌ڕ، كوشتن، خۆته‌قاندنه‌وه‌، دژایه‌تیكردن، گفتوگۆ نه‌كردن، ململانێ، ركابه‌ری… هتد) سیمای سه‌ركردایه‌یتی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بوون، دواتر موراد قه‌ره‌یلان كه‌وته‌ لووتكه‌ی سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه‌، من هه‌ر كه‌ قه‌ره‌یلان ده‌بینم، شه‌هید دكتۆر (عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ)م دێته‌وه‌ یاد، سیمای كوردانه‌ی، جلوبه‌رگی ، هه‌ڵسوكه‌وتی، قسه‌كردنی، په‌یامی گرژی و توندوتیژیت پێ نابه‌خشێ. كه‌ دێته‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن له‌ سۆزی كوردایه‌تی تێرم ده‌كات، هه‌ر بونیادی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ بونیادێكی كوردانه‌یه‌، به‌ڵگه‌شم بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ ئه‌وه‌یه‌: تا قه‌ره‌یلان سه‌رۆكی پێ کاکا هەر ئەوەی خۆیان دەڵێن ك ج ك بوو په‌یوه‌ندیی په‌كه‌كه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاسایی بوو. ئاگاداری ئه‌و سه‌ردانه‌ مه‌كووكیانه‌ش بووم كه‌ قه‌ره‌یلان بۆ لای هه‌ردوو بارزانی له‌ هه‌ولێر و سه‌ری بڵند ده‌یكردن، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی قه‌ره‌یلاندا، هه‌ناسه‌ی شه‌ڕ و گرژی و ململلانێ نه‌مابوو، دۆزی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چوو، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی قه‌ره‌یلاندا، پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك بونیاد نرا و هه‌نگاوی باشی بڕی و خوێنڕشتن كۆتایی هات. هه‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی قه‌ره‌یلان دا بوو، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بیردۆزه‌وه‌ كه‌وته‌ واری پراكتیكی، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی قه‌ره‌یلان باری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردنی كورده‌كانی رۆژئاوا، ورده‌ ورده‌ مكومتر ده‌بوو. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش بوون قه‌ره‌یلانیان له‌ پۆسته‌كه‌ی لادا. چونكه‌ چاودێرانی بواری ئه‌منی و ستراتیژیی وڵاتانی ئیقلیمی سه‌یریان كرد له‌ سه‌رده‌می سه‌ركردایه‌تیكردنی قه‌ره‌یلاندا، یه‌كێتیی كوردان، لێك تێگه‌یشتنی كوردان، ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردان دێته‌ دی، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان په‌یامی مه‌رگه‌ و قه‌ت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ناده‌ن، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر به‌ شێوازی كاركردنی خۆیان، كوده‌تایه‌كی سپییان به‌سه‌ر قه‌ره‌یلاندا كرد و قه‌ره‌یلانیان لادا و جڵه‌وی پێ کاکا یان خسته‌وه‌ ده‌ست جه‌میل بایك. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ی جه‌میل بایك پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، په‌یوه‌ندیی پێ کاکا و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمیه‌كان ده‌یانه‌وێت، دیالۆك نه‌ما، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ قه‌بر نرا، ئیدی هه‌ر له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه‌، دیمه‌نه‌كان گۆڕان و گرژی كه‌وته‌وه‌ ریزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ توركیاش گیروگرفتی تێكه‌وت، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ی جه‌میل بایكی هێنایه‌وه‌ لووتكه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پێ کاکا ، نه‌ پرۆسه‌ی ئاشتیی په‌كه‌كه‌ و توركیای قبوڵه‌، نه‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردان و نه‌ دیالۆكی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كاریگه‌ره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌، كه‌واته‌ جه‌میل بایك كه‌ منه‌تباری ئه‌و هێزه‌ ئیقلیمیه‌یه‌ كه‌ ئه‌وی هێنایه‌وه‌ لووتكه‌، ده‌بێ به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو بنێ كه‌ خواست و ویستی ئه‌وانه‌، یان روونتر بڵێین ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌وان پلانی بۆ داده‌نێن.

سەرچاوە: باس نیوز 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی