"an independent online kurdish website

خەڵك- ئامەد حەسەنsal_hi

بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ڕەتی دەكاتەوە، كە هێزەكانی پێشمەرگەی دیموكرات لە ناوچەكانی كێلەشین كشابنەوە، جەخت دەكاتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك كشانەوە لە ئارادا نییە.

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باس لەوە دەكات، ئەم جوڵانەوەیەی ئێستا دەستی پێ كردووە، پەیوەندی بە هیچ هاوكێشە و ململانێیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە نییە، بەڵكو شۆڕش و خەباتی ئەوانە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

لە بارەی هەوڵەكانی گەیشتن بە چارەسەر بۆ كێشەكانیان لەگەڵ پەكەكە، محەمەد ساڵح قادری، دەڵێت :”هەوڵەكان لە باشوری كوردستانەوە دەستیان پێ كردووە و پێویستە سنورێك دابنرێت، كە هیچ حزبێكی كوردی پەنا بۆ شەڕ و براكوژی نەبات و بە وتوێژ كێشەكان چارەسەر بكەن”.

لەڕووی مەیدانیشەوە ناوبراو ئاشكرای دەكات، كە هێشتا وتوێژ و هەوڵەكان ئەنجامێكی ئەوتۆیان لێ نەكەوتووەتەوە و گەریلا و پێشمەرگە لە شوێنی خۆیان بەرامبەر یەكدی وەستاون، بەڵام شەڕ ڕاگیراوە.

دەقی چاوپێكەوتنی (خەڵك) لەگەڵ محەمەد ساڵح قادری

 

خەڵك: دوایین ئەنجامی هەوڵەكان بۆ هێور كردنەوە و گەیشتن بە چارەسەری كێشەكانی نێوان پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران بە چی گەیشتووە؟

 محەمەد ساڵح قادری: دواین هەوڵەكان لە سەر داوای مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی پێكهاتوو لە دامەزراوە شەرعییەكان و نوێنەری حزبەكان سەردانی ئێمە و برادەرانی پەكەكەیان كردووە، داوایان كردووە، لە كاتێكی نێزیكدا دانیشتن و كۆبوونەوەمان هەبێت بۆ ڕێگرتن لە بارگرژی و بوونی یەكتر قبوڵ كردن، بەهۆی ئەو ڕەوشەی هاتووەتە پێش، بەهۆی سیاسەتی تاكڕۆیی و شەڕ فرۆشتنی پەكەكەوە، كە ئەوانیشی تووشی ئاڵۆزی كردووە، هەوڵی ئێمە ئەوەیە قسە بكەین، بەڵام ئەوە نییە لایەنێك شتەكانی خۆی بە سەر لایەكی دیكەدا بسەپێنێت، بەڵكو دەبێت یەكتر قبوڵ كردن و هاوسەنگی تێدا هەبێت.

 

خەڵك: ڕەوشی مەیدانی ناوچەكانی كێلەشین لە نێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات و گەریلاكانی پەكەكە ئێستا چۆنە؟

محەمەد ساڵح قادری: ڕەوشی مەیدانی لە دیوی ئێرانەوە، هێزەكانی ئێران لەو شوێنانەی هێزەكانی ئێمەی لێیە، خەریكی دروستكردنی ڕێگا و رەبایەن، لە بەری ئێمە و پەكەكەش تا ئێستا لە بەر ئەوەی وتوێژ نەكراوە و ئەنجامێكی ڕوونی لێ نەكەوتووەتەوە، هێزەكانی ئێمە لە ئامادەباشیدان و برادەرانی پەكەكەش هەر لە سەنگەرگرتندان، بەڵام بە خۆشیەوە شەڕ ڕاوەستاوە، ڕەنگە ئەمەش بەهۆی فشاری ڕای گشتی بێت، بەهۆی ئەو دەستدرێژیەی كرایە سەر پێشمەرگەكانی ئێمە بەشێوەیەكی ناجوامێرانە وەك خەنجەروەشاندن لە پشتەوە، كاردانەوەی ڕای گشتی و هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەكان كاریگەری لە سەر پەكەكە هەبووە، یەك لایەنە وەك چۆن شەڕی دەست پێ كردبوو، ئاواش لە گەمارۆدان خۆی بپارێزێت، بۆیە پێویستە دانوستاندنەكان بە ئەنجامێك بگات، سنورێك دابنێت هیچ هێزێكی كوردستانی پەنا بۆ شەڕ و براكوژی نەبات و بە وتوێژ كێشەكان چارەسەر بكەن.

 

خەڵك: هەندێ میدیای نزیك لە پەكەكە باس لەوە دەكەن، پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات كشاونەتەوە لە شوێنەكانی پێشتر بۆی چوو بوون و گەریلاش هاوكاریان كردوون، ئایا هێزەكانتان كشاونەتەوە؟

محەمەد ساڵح قادری: لە ڕاستیدا ئەوە زیاتر بۆ چەواشە كردنی ڕای گشتییە، ئەگەر ئەوان هێندە بە نەرمونیانی مامەڵە دەكەن لەگەڵ پێشمەرگە، بۆ هێرش دەكەن و پێشمەرگە شەهید و بریندار دەكەن، بەڵام ئێمە كۆمەڵێك لە پێشمەرگەكانمان لە خنێرەوە هێنایە خوارێ بۆ ناوچەكانی چیای سەقەر و كێلەشین لەگەڵ پێشمەرگەكانی دیكەدا یەكیان گرتووەتەوە، ئەوەش وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، بەڵام پرسی كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بە هیچ جۆرێك لە گۆڕێدا نییە، ئەوە خەباتی ئێمەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێشمەرگەی ئێمە لەوێ بۆ بوونی هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی ڕۆژهەڵاتە و خەباتی ئێمە دژی ئێرانە.

 

خەڵك: ئێستا ڕەوشی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە؟

محەمەد ساڵح قادری: ڕەوشی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خراپە لە ڕووی ئەمنی و لەژێر گوشاردایە، سەرباری گرتن و كوشتن و سێدارە و دەستدرێژی سەر ژنان و كچان‌و خراپی گوزەران و ڕەوشی ئابوری، بەڵام خەڵك دڵی بەوە خۆشە، كە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران یان هێزەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات جوڵەیەكیان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزاییەكانی ئەوان دژی ئێران هەبێت، بەڵام لەوەش دڵگرانن، كە لە یەكەم هەنگاوەكاندا پەكەكە تووشی ڕووداوێكی نەخوازراوو خوێن ڕشتنی پێشمەرگەیان بكات، سەرباری ئەو هەموو دروشمە قەبانەی بۆ نەتەوە و چوار پارچە بەرزی كردبوونەوە، بۆیە خەڵكی ڕۆژهەڵات دڵیان پڕە و توڕە و نیگەرانن.

 

خەڵك: ڕەخنەی زۆر لە پەرشوبڵاوی و جیاوازی حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەگیرا، خوێندنەوەتان بۆ هەڵوێستی حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات چی یە، پەیوەست بەم مەسەلەیە؟

محەمەد ساڵح قادری: هەموو هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەك هەڵوێستن و ئەو هێرشەی پەكەكەیان مەحكوم كردووە، پشتیوانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان كردووە، كۆبوونەوەشیان كردووە و بەلاغ دەردەكەن، سەرباری هەندێ ناكۆكی یان دووبەرەكی، بەڵام لە بارەی پرسی ڕۆژهەڵات و دەستوەردانی دەرەكی، یان پارچەیەكی دیكەی كوردستان لە كاروبارەكانی ڕۆژهەڵات یەك دەنگ و یەك هەڵوێستن.

 

خەڵك: هەندێ بۆچوون و چاودێر هۆكاری ئەم گرژییانەی نێوان دیموكرات و پەكەكە دەگەڕێننەوە بۆ ململانێی هەرێمی و جەمسەربەندی ناوچەكە، وەڵامتان بۆ ئەم بۆچوونانە چی یە؟

محەمەد ساڵح قادری: ڕەنگە كەسانێك، كە زۆرتر ئیش و كاریان بە شرۆڤەی پرسەكانەوە هەبێت، بیانەوێ هەندێ شتی لەو چەشنە بخەنە پاڵ حەرەكەتێكی شۆڕشگێڕی، كە بۆ دەستپێكردنەوە و هەستانەوەی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتە لە لایەن هێزەكانی ئەو پارچەیەوە،  لە كاتێكدا ئەوانە بە پەكەكەشەوە ڕەخنەی ئەوەیان لە حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەگرت، كە لە كەمپەكانی باشور پاڵیان داوەتەوە و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیان تەعتیل كردووە، ئێستا، كە جووڵانەوەیەك هەیە، خەریكە دەیبەستنەوە بە هەڵبژاردنەكانی باكور و شتی دیكەی بۆ زیاد دەكەن، ئێستا هەمووان ڕەوشی ڕۆژهەڵات دەزانن، سێ‌ چوار هەفتە لەمەوبەر ڕووداوەكانی مەهاباد و شارەكانی دیكە هاتنە پێشێ‌، كەوایە ئەمەی ئێمە پێوەندی بە هیچ مەسەلەی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و شیعە و سوننە و توركیا و ئێرانەوە نییە، تەنها ئیرادەی خۆمان و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام خۆ دەشكرێت لەو هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەشدا پەرە بە خەباتی خۆمان بدەین، بەڵام ستراتیژ و ڕەسەنایەتی خەباتی ئێمە سەربەخۆیە و جیاوازە لەو شتانە.

   

سەرچاوە : تۆری میدیایی خەڵك

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی