ئه‌م نووسینه له لایه‌ن ئه‌ندامێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) نووسراوه و به دڵنیایه‌وه ناچێته خانه‌ی نووسینێكی بێ لایه‌ن. هه‌وڵ ده‌درێ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیار به شێوه‌ی كورت له سه‌ر هێرشی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان
(پ.ك.ك) بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران له به‌ربه‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٣٩٤.٠٣.٠٣ به‌رنابه‌ر به ٢٠١٥.٠٥.٢٤ بدرێته‌وه.
پرسیار: بۆچی حدكا پاش نزیك ٢٠ ساڵ ئێستا پێشمه‌رگه‌ی نارده‌وه؟
وه‌ڵام: ئه‌م پرسیاره له ئه‌ساسدا ڕاست نیه، چوون حدكا و حیزبه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م ماوه ئه‌گه‌رچی خه‌باتی چه‌كداریان ڕاگرتووه، به‌ڵام هه‌موو كات هێزیان ناردۆته‌وه. ئه‌مه له لێدوانه‌كانی (به‌شێكیان نافه‌رمی) به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ش ده‌بیندرێ (ئه‌و كاته كه ئاماژه ده‌كه‌ن له پێشتریش هێز نێردراوه‌ته‌وه…). جیاوازی ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ جاره‌كانی پێشوو یه‌كه‌م دانانی مه‌قه‌ڕه و دووهه‌م ژماره‌ی زۆری پێشمه‌رگه نێردراوه‌كانه.
پرسیار: بۆچی پێش ناردنی هێزی حدكا له‌گه‌ڵ پ.ك.ك هه‌ماهه‌نگ نه‌كرا؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه كه پێشمه‌رگه‌كانی حدكا له نزیك مانگاكانی (واته شوێنی مانه‌وه به ئه‌ده‌بیاتی په‌كه‌كه) په‌كه‌كه بووه، ئه‌وه دوور له ڕاستیه. هه‌ر حیزب و ڕێكخراوه‌یه‌ك بۆی هه‌یه له هه‌ر شوێنێكی كوردستان خه‌بات بكات. ئه‌م پرسیاره وه‌كوو ئه‌وه كه بۆ وێنه یه‌كێتی بڵێت پارتی بۆی نیه له سلێمانی كارێك بكات مه‌گه‌ر به ئیزنی ئێمه بێت. تا چه‌ند ئه‌م وته مه‌نتقیه؟!
له لایه‌كی دیكه‌وه كاتێ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات كه له‌م ساڵانه‌ی دوایی هێزیان ناردۆته‌وه له سه‌ر ئه‌م كێشه قسه ده‌كه‌ی، پێیان وایه كه ئه‌م شه‌ره دێر یا زوو هه‌ر ده‌بوو. ئه‌وان ئاماژه به هه‌ڵسووكه‌وتی په‌كه‌كه له كاتی تێپه‌ڕینی پێشمه‌رگه‌كان له سنوور ده‌كه‌ن كه هه‌رجاره و له‌گه‌ڵ كێشه‌یه‌ك له لایه‌ن په‌كه‌كه ڕووبه‌ڕوو بووه. هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م هه‌ڵسووكه‌وته‌ی په‌كه‌كه، ئه‌وانه‌ش كه ئه‌ندامی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتن ده‌زانن كه هه‌موو جار كه باسی ده‌سپێكردنی خه‌باتی چه‌كداری ده‌كرێ، له پاڵ هه‌موو فاكته‌ره‌كان، ئاماژه به فاكته‌ری په‌كه‌كه‌ش ده‌كرا كه له‌وانه‌یه نه‌توانێ ته‌حه‌مۆلی جموجووڵ له ڕۆژهه‌ڵات بكات و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شه‌ڕ بكات، ڕاستیه‌ك كه به‌داخه‌وه بینیمان.
پرسیار: ئه‌وه نیه پێشمه‌رگه برینداره‌كانیشی ده‌رمان كرد؟
وه‌ڵام: ئه‌وه ڕاستی هێرشی په‌كه‌كه و داڕێژڕاو بوونی ئه‌و پیلانه ده‌ر ده‌خات. واته هێرش ده‌كرێ و له گه‌رماوگه‌رمی شه‌ڕ فیلم هه‌ڵده‌گرێ كه له داهاتوو ئه‌گه‌ر پێویست بێ وه‌كوو پرووپاگه‌نده كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرێ. هێزێك كه به بێ ئاگاداربوون هێرشی كراوه‌ته سه‌ر قه‌د خۆی ئاماده ناكا كه مه‌تریال بۆ پروپاگه‌نده‌ی پاش شه‌ڕ كۆ بكاته‌وه.
پرسیار: ئێوه ته‌نیا بۆ گۆمرك ڕۆیشتوون بۆ قه‌ندیل. ئه‌وه ته‌نیا شه‌ڕی پاره‌یه.
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر به فه‌رزی مه‌حاڵیش ئه‌و فه‌رزه ڕاست بێت، ئه‌وه په‌كه‌كه‌یه كه نیگه‌رانی له ده‌س دانی ئه‌و پاره و گۆمركه‌یه كه ڕۆژانه له خه‌ڵكی هه‌ژاری ده‌ستێنێ. واته لایه‌نێك كه نیگه‌رانی له ده‌سدانی داهاتی ئابووری خۆیه شه‌ڕ ده‌كات و حازره خوێنیش بڕژێنێ. ساڵه‌هایه كه په‌كه‌كه ئه‌و كاره ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت، حدكا یا هه‌ر هێزێكی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵات زۆر زووتر و پێش ئه‌وه‌ی تووشی قه‌یرانی ئابووری بێت ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد.
پرسیار: سنووری ڕۆژهه‌ڵات زۆر به‌ربڵاوه، بۆچی له شوێنێكی دیكه پێشمه‌رگه نانێردرێته‌وه؟
وه‌ڵام: ڕاسته، به‌ڵام یه‌ك، ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و پرسیاره ده‌كا چه‌نده دڵنیایه كه له شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م سنووره‌ش چالاكی نیه، وته هێزی پێشمه‌رگه نه‌نێردراوه؟! دوو، كه‌س ناتوانێ ستراتژیك بوونی كوێستانه‌كانی قه‌ندیل له‌به‌رچاو نه‌گرێ، به تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستی پارتیزانی. بوونی چه‌ندین ساڵه‌ی حیزبه‌كانی چوارپارچه‌ی كوردستان له‌و كوێستانانه ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێ. سێهه‌م، په‌كه‌كه كه خه‌باتی زۆرتر له باكوور و ڕۆژئاوایه، باشتر وایه له سنووركانی ئه‌وێ نزیكتر بێته‌وه، نه سنووری ڕۆژهه‌ڵات و باشوور. سنووره‌كانی ئه‌وێش به‌قه‌د ئه‌مه به‌ربڵاون.
پرسیار: په‌كه‌كه بیست ساڵه لێره‌یه، چۆن ده‌توانێ خۆی بۆ شوێنی دیكه بگوازێته‌وه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه دوور له قسه‌كانی سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌یه كه گه‌ریلا هه‌موو جار له حه‌ره‌كه‌ت دایه، واته ڕۆژێك له باكوور، ڕۆژێك له ڕۆژئاوا و ڕۆژێك له ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌گه‌ر هێزی په‌كه‌كه ئه‌وه دینامیكه و خۆی به ئاسانی ده‌گوازێته‌وه، چۆنه كه ئێستا بۆته به‌ربه‌ست بۆ حه‌ره‌كه‌ت دانی خۆی. ته‌نانه‌ت ئه‌و داوایه هیچكات له په‌كه‌كه نه‌كراوه.
پرسیار: ئه‌و سنوورانه هه‌موو ده‌سكردن، بۆچی ئه‌وه‌نده باسی باكوور و ڕۆژهه‌ڵات و… ده‌كه‌ن؟
وه‌ڵام: به پێچه‌وانه ئه‌وه په‌كه‌كه‌یه كه له‌م كێشه ئه‌و خاڵه زه‌ق ده‌كاته‌وه. دوو ڕوانگه له‌م نێوه‌دا هه‌ن، یه‌كه‌م ڕوانینی په‌كه‌كه كه ئه‌ڵێ بۆ وێنه كاتێ له توركیه هه‌ڵبژاردنه، كوردی ئێران نابێ خه‌بات بكه‌ن. ئه‌وه به‌و مانایه‌یه كه په‌كه‌كه ئه‌و بۆچوونه‌ی قه‌بووڵه كه خه‌باتی به‌شه جیاكانی كوردستان له كرده‌وه و هه‌ڵبژاردنی تاكتیك جیاوازه. ڕوانینی دیكه هه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌یه كه ئاماژه‌م پێكرد، واته كوردستان ئه‌گه‌رچی یه‌ك وڵاته كه دابه‌ش كراوه، به‌ڵام له ئاستی تاكتیك بۆ خه‌بات جیاوازی هه‌یه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و فاكته‌رانه كه له هه‌ر وڵاتێكی داگیركه‌ر كاریگه‌ریان له سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی هه‌یه.
له‌م ڕوانگه‌وه، ئه‌م شه‌ڕه‌ی په‌كه‌كه ڕاست له‌و ڕوانینه‌یه كه دابه‌ش بوونی كوردستانی قه‌بووڵه و پێی وایه كه خه‌باتی به‌شێك له كوردستان ده‌توانێ بكرێته قوربانی به‌شێكی دیكه، واته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكرێته قوربانی باكوور. به‌ڵام له ڕوانینی دووهه‌م كه پێم وایه حیزبی دێمۆكرات و زۆربه‌ی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌یان قه‌بووڵه، خه‌باتی گه‌لی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ڕه‌وایه و نابێ خه‌باتی هیچ به‌شێك بكرێته قوربانی به‌شه‌كه‌ی دیكه.
پرسیار: ئه‌وه نیه كه حیزبی دێمۆكرات به بیانووی پاراستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی باشوور بیست ساڵه بێ ده‌نگه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌كه‌وێته ئه‌و خانه‌وه كه حیزبی دێمۆكرات قه‌بووڵی نیه كه خه‌باتی به‌شێكی دیكه‌ی كوردستان بكرێته قوربانی. له‌م ماوه حكوومه‌تی باشوور وه‌كوو منداڵێكی ساوا بوو و تا ئه‌و كات كه له مۆعادێلاتی ناوچه جێ بگرێ و له ڕووانینی نێونه‌ته‌وه‌یی (حقوق بین الملل) به فه‌رمی نه‌ناسرێ، باشتر بوو كه هه‌موومان هاوكاری بكه‌ین. ئێستا (له دوو ساڵی ڕابردوو) نه‌زمێكی نوێ خه‌ریكه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین شكڵ ده‌گرێ، له‌م نه‌زمه نوێیه ئه‌كته‌ره بێ ده‌وڵه‌ته‌كان (وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێم، په‌كه‌كه، داعش و …) هه‌موویان كاریگه‌ریان هه‌یه. ته‌نانه‌ت له‌م نه‌زمه نوێیه كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاواش به فه‌رمی ده‌ناسرێن (پێشتر وا نه‌بوو). له‌م نه‌زمه نوێیه، تاكتیكه‌كانیش ده‌گۆڕدرێن، گۆڕینی تاكتیكی حدكایش له‌وانه‌یه له‌م چوارچێوه بێت.
پرسیار: به‌ڵام شه‌ڕ باش نیه، بۆچی پێش شه‌ڕه‌كه هه‌وڵ نه‌درا وتووێژ بكرێ؟
وه‌ڵام: نزیك یه‌ك مانگ و نیوه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی حدكا له شوێنی خۆی جێگیر بووه. نزیك دوو حه‌وتوو به‌شێك له‌و هێزه له لایه‌ن گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له لایه‌ك و پاسداری كۆماری ئیسلامی له لایه‌كی دیكه‌وه گه‌مارۆ درابوون. له‌م ماوه حیزبی دێمۆكرات یه‌ك جاریش له ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆی باسی نه‌كرد و هه‌وڵی دا كه كێشه‌كه له ڕێگه‌ی گفتووگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت. واته له ڕێگه‌ی دۆستانی هاوبه‌شی حیزب و په‌كه‌كه. یه‌ك به‌ڵگه‌ش كه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و داوایه‌ی حدكا بوو بڵاو كرایه‌وه. به‌ڵام ئه‌و بێ ده‌نگیه به هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حیزب و شه‌هید بوونی یه‌ك پێشمه‌رگه و برینداربوونی سێی دیكه شكا. حدكا له میدیاكانی خۆی باسی كرد و زۆر به به‌ربڵاوی له میدیا كوردستانیه‌كان بڵاو كرایه‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و كاته‌ش (واته له ڕۆژی شه‌ڕه‌كه) وتوبێژی حیزب (حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی) له په‌خشی ڕاسته‌وخۆ وتی كه هه‌ر ئێستاش ئێمه ئاماده‌ین بۆ وتووێژ، به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌كه‌كه هیچكات ئه‌و وتووێژه‌ی قه‌بووڵ نه‌كرد. پاش سێ ڕۆژ پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌شدار نه‌بوون له دوو دانیشتن، یه‌ك كه‌س وته‌بێژیان نارد. ئه‌وه پیشان ده‌دا كه په‌كه‌كه نه ته‌نیا خۆی ده‌سپێكه‌ری شه‌ڕه‌كه بووه، به‌ڵكوو ئێستا له وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كه خۆی ده‌بوێرێ.
پرسیار: ئه‌مه ته‌نیا پیلانێكه كه كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیه سه‌رنه‌كه‌وێ. چاو له ڕووداو بكه چۆن ئه‌و باسی براكوژیه‌ی زه‌ق كرده‌وه، ڕووداویش خۆ هه‌موو كه‌س ده‌زانێ سه‌ر به كام وڵاته.
وه‌ڵام: بۆ من دیار نیه ڕووداو سه‌ر به كێیه، ئه‌وان ته‌نیا وه‌كوو میدیایه‌ك خه‌به‌ره‌كانیان به‌ربڵاوتر بڵاو كرده‌وه كه پێم وایه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پالیسی ئه‌و میدیایه كه ئه‌م كێشه‌ی دوو حیزبی كوردستانی بۆی گرینگ بووه.
به‌ڵام به‌و وه‌ڵامانه‌ی سه‌ره‌وه دیار ده‌بێت كه ئه‌م پرسیاره ته‌نیا له چوارچێوه‌ی وه‌همی ته‌وته‌ئه جێ ده‌گرێ و قه‌د ناتوانێ ڕاست بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پرسیارێكی ئاوا بێته ئاراوه ئه‌بێ ڕووی له په‌كه‌كه بێت (به‌و وتانه‌ی سه‌ره‌وه). واته په‌كه‌كه له مۆحاسێباتی خۆی ئه‌بێ چه‌ند شتی هه‌ڵسه‌نگاندبێ كه ئه‌و كاره‌ی كردبێ، یه‌كه‌م چالاك بوونه‌وه‌ی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له ئاستی چه‌كداری، بوونی ئه‌و هێزانه له قه‌ندیل، یان به‌رگری له‌و كاره (له ڕێگه‌ی هێرش بردن بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه) به‌ڵام كاریگه‌ری نێگاتیڤ له سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیه. په‌كه‌كه ڕێگه‌ی دووهه‌می هه‌ڵبژاردووه.
له‌وانه‌یه هه‌ندێ لایه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌م كێشه نانه‌وی په‌كه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كه‌ڵك وه‌ربگرن و زۆرتر زه‌قی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له مه‌سه‌له‌كه كه‌م ناكاته‌وه یا مه‌سه‌له‌كه ناخاته خانه‌ی پیلانه‌وه. له داهاتوودا كه چالاكی به‌ربڵاوتری هێزی پێشمه‌رگه بیندرا، ئه‌و كات ڕوون ده‌بێته‌وه كه كێ كه‌وتۆته ناو پیلانی داگیركه‌ری كوردستان. هه‌رچه‌ند له سه‌ر كاریگه‌ری ئه‌م بارودۆخه له سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیه زۆر قسه‌ی له‌سه‌ره و ئه‌مه ته‌نیا وه‌كوو پاساوهێنانه‌وه‌ی په‌كه‌كه بۆ ئه‌و هێرشه و ده‌سپێكردنی شه‌ڕی براكوژی بڵاو كراوه‌ته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌وه به پێچه‌وانه ده‌توانێ پیلانێك بێت به‌رانبه‌ر به خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. بێ ده‌نگ بوونی داموده‌زگاكانی كۆماری ئیسلامی له مه‌ڕ جمووجووڵی هێزی پێشمه‌رگه و بڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست (له ماڵپه‌ڕی ئاكام نیوز، سه‌ر به ئێتێلاعات) له سه‌ر حدكا ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت.
پرسیار: ئه‌وه هه‌ڵه‌یه كه په‌كه‌كه به خائین ناو ده‌به‌ن و پێتان وایه هاوكاری سپای ئێران ده‌كات.
وه‌ڵام: ئه‌وه له‌وانه‌یه له هاوكاری پایگاكانی په‌كه‌كه و سپای ئێران له سه‌ر سنوور (كۆڵبه‌ره‌كانی سه‌ر سنوور و خه‌ڵكی نزیك ئه‌و پایگایانه له‌و ڕاستیه زۆرتر ئاگادارن) و هاوكات ئه‌م كرده‌وه‌ی دوایی په‌كه‌كه واته هێرش بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حدكا (و ئه‌م دواییه‌ش حدك) سه‌رچاوه بگرێ. به‌ڵام تا ئێستا ڕاستیه‌كه‌ی نه‌سه‌لمێندراوه و ڕوانگه‌ی حدكا نیه. خه‌ڵك هه‌ر جۆر پێیان خۆشه ده‌توانن بیر بكه‌نه‌وه، ناكرێ به خه‌ڵك بڵێی بۆچی ئاوا بیر ده‌كه‌یته‌وه.