سەردانی ئەو جارەی ڕێزدار ” مستەفا هیجری ” سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ ئەمریکا و دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ کۆمەڵێك سیاسی و کاربەدەستی پلە بەرزو دەست ڕۆیشتووی نێو کۆشکی سپیدا، گرینگی و قورسای سیاسی و نفوزی حدکا لە نێو خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت.
رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو دوایانەی ئێران و کوردستان و ڕاپەرینی جەماوەری بەشێك لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای ئاگردانی ” هوتێل تارا” دا بۆ جارێکیتر سەرنجی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەی هاتەوە سەر خەباتی سیاسی و چەکداری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو بۆچوونانەش بوونە بڵقی سەر ئاو کە، دەگوتڕا زەمینەی هیچ جۆرە شۆڕشێك لەو بەشەی کوردستان بەدی ناکرێت لە ماوەی زەمانی کورتدا.
ئێرانی فرە نەتەوە و پێك هاتەی جۆر بەجۆری نەتەوەی لە رووی مێژووی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە و، لە زۆر بواری تردا گرینگی و تایبەت مەندی خۆی بۆ ئەمریکایەکان هەیە و کاتێك وڵاتێكی وەك ڕۆژئاوا دەتوانێت سێبەری سیاسی و ئابووری و نیزامی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەڕزبکاتەوە کە ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بەتەواوی پاشەکشەی پێکرابێ و خرابێتە دیوی سنووری رووداوە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانەوە. سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە وسەردانەیدا، بۆ جارێکیتر رووی دزێو و مەترسیداری حکوومەتی نیزامی ئێرانی بۆ دۆستە ڕۆژئاوایەکان روون کردۆتەوە و لە درێژەی کارو چالاکی سیاسی و دیپڵۆماسیەکانی بەڕێز” مستەفا هیجری” وەك کەسایەتیەکی دیار نێو گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دواجار ئەو دەرفەتەی بۆ پێکهات کە لە کەش و هەوایەکی بەتەواوی دۆستانەدا و زۆر بە کراوەی و پوختی باسی پرسی سیاسی و نەتەوەی گەلی کورد لە ئێرانی ژێر سایەی حکوومەتی ئاخوندی بکات و ئاماژەی بەسەرجەمی ئەو پێشێلکاریانەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بە دژی ڕۆڵەکانی گەلی کورد کە لە نێوخۆی وڵات بەدژی گەلی کورد ئەنجامیدەدەن ، کردوە و هەر لەو پەیوەندیەشدا باسی زەمینەی بەرفراوانبوون و پەرەگرتووی شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەشەکانیتری وڵاتیش کردوە. دیارە زۆربەی سیاسی و دەست ڕۆیشتووەکانی ئیدارەی ئەمریکا بەسەرنجەوە گوێیان بۆ ڕێزدار هیجری سەبارەت بە هەلومەرجی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئێران گرتووە و لە زۆر بواردا خاڵی لێکتێگەیشتن و هاوبەش بەدی کراون . هەر لە پەیوەندیەشدا بەشێكی بەرچاو لە سیاسیەکانی ئیدارەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕن کە بەڕێگای دانیشتن و تەفاهومی سیاسی و دیپڵۆماسیدا، مەحاڵە سەبارەت بە قەیرانە ئەساسیەکان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بە ئاکامێكی باش بگەن.
هەتا رێژیمی ئێران هەناسەی حوکمڕانی بدات، کۆتای بە دڵەڕاوکی و نیگەرانیەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەی نایەت و لەلایتریشەوە کۆشکی سپی هەوڵدەدات لە کاناڵیترەوە بەربەست لە بەردەم سەرکێشی و ئاژاوەگێڕیەکانی حکوومەتی نیزامی تاران دابنێن. کۆشکی سپی ڕەچاوی کۆمەڵێك فاکت و هێڵی گشتی تایبەت بەوەستاندنی حکوومەتی نیزامی ئێران دەکات و دیدار و گفتووگۆی کاربەدەستانی پلە بەرزی سیاسی و ئیداری ئەمریکا لە گەڵ کەسی یەکەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، بێگوومان بەشێکیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کێشە سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەوە هەیە کە خاڵی سەرەکی باس و دیدارەکانیان پێكهانابوو و ، دۆزینەوەی ڕێگایەکە کە بتوانرێت حکوومەتی ئاخوندی لە دەسەڵات لابدرێت. زۆربەی سیاسی و دست ڕۆیشتووەکانی نێو ئیدارەی ئەمریکا لە سەر پرسی ناوەکی و لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی لاوانی ئازادیخوازی کورد و هەوڵدانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا، بەمەبەستی فراوانترکردنی سنووری چالاکیە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی بۆتەمایەی نیگەرانی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی گێتیدا.
سیاسەتی فراونخوازی ڕێژیمی تاران بەدڵنیایەوە، زیانی زۆری بە ئابووری و پڕستیژی سیاسی و دیپڵۆماسی ئەمریکا گەیاندوە و بە روویەکەیتریشدا هەوڵەکانی حکوومەتی تاران لە ئاستی ناوچەکەدا،” بۆتە مۆتەکەی سیاسی و سەربازی بەسەر شانی کۆشکی سپیەوە”. هەربۆیەش ئێستا نەیارەکانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران لە ئەمریکا، دەستیان بە کاری خۆیانکردۆتەوەو هەوڵدەدەن ئێران لە سەر سیاسەتی فراونخوازی بە هەر شێوەك بێت بوەستێنن.
کاتێك ژمارەیەك لە سیاسی و نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکا بە ئاشکراو دەرکەوتووی لە گەڵ کەسی یەکەمی حیزبێکی سیاسی و دێمۆکڕات و پێشکەوتنخوازی وەك حدکا دا کۆدەبنەوە و سەبارەت بە وەزعی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی جیهان و ناوچە و ئێران و کوردستان، ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان دەکەن، بێگوومان نیشانەی بەرەوپێشچوونی پرسی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت و لە لایەکیتریشەوە سووربوونی ئیدارەی داهاتووی ئەو وڵاتە نیشاندەدات کە بە هیچ شێوەیەك ڕێگانادەن وڵاتی ئێران خۆی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێواڕاستدا لەوەی زیاتر فەرزبکات و، چوونکی پەرەستاندن و بەرەوپێشچوونی تاران، لە بەرژەوەندی سیاسەتی ئابووری و بازرگانیەکانی ڕۆژئاوادا نیە.
بۆ چی بەشێکی بەرچاو لە کۆنگرێس مان و سەناتۆرەکانی ئەو وڵاتە چاویان بە رێزدار هیجری کەتووە؟ بە دڵنیایەوە بێ حیکمەت و دەلیل نیە و لەسەر ئەساسی خوێندنەوەی مێژووی و ئێستا ئەو زەمینە فیکریە دروستبووە کە پێیان وایە تەنیا هێزێکی ئازادیخواز و دێمۆکڕات، کە شیاوی هاوکاری و پشتیووانی ئەمریکا بێت، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە گونجاوترین هێزی سیاسی دەزانن کە هاوکاری و پشتیووانی لێبکەن.
ئەو جارەیان ڕێزدار ” هیجری” لە پەراوێزی کۆی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە گەڵ گەورە سیاسی و دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکاندا، بەوردی ئاماژەی بە نالەباری هەلومەرجی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری گەلانی ئێران و گەلی کورد کردوە و لە درێژەی ئەو باس و خواسانەی کراون، بە وردی تیشك خراوەتە سەر کۆی سیاسەتی فراوانخوازی حکوومەتی تاران و پێشێلکردنی بەرچاوی مافی مرۆڤ و لە سێدارەکانی بە کۆمەڵی لاوانی کورد و گەلانیتری بندەستی ڕێژیمی ئاخوندی. هەر لەو پەیوەندیەشدا تیشك خراوەتە سەر پێك هاتنی کۆمەڵێك گۆڕانکاری لە ئاستی ناوچەکەدا کە بەتەواوی کارئاسانی دەکات بەمەبەستی بووژانەوە و چالاکتربوونەوەی شۆڕشی سیاسی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی کورد لە ئێستادا لە هەموو کاتێك زۆرتر پێویستی بە هاوکاری و پشتیووانی سیاسی و دیپڵۆماسی دەرەکی و یەك لەوان ئەمریکا هەیە.
محمد سلێمانی
18.06.2015