ھەموو ساڵێک بە ھاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، موسڵمانانی سەرجەم وەڵاتانی جیھان خۆیان حازر دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی یەکێک لە ئەرکە واجبەکانی ئایینی ئیسلام
و لەم کات و ساتەدا خۆیان دەبوێرن لە خواردن و خواردنەوە و پاراستنی نەفس لە خراپە و خراپەکاری بەمەبەستی خۆشەویستی و نزیک بوونەوەی ھەست و ڕۆح لە خودا
” قربة إلی الله”.
لە قورئانی پیرۆزدا بەم ئایەتە ڕۆژوو بۆ ئیماندارانی موسڵمان فەرز کراوە ” یا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ﴿بقرة ۱۸۳﴾”.
لە دەسپێکی ڕەمەزاندا مامۆستایانی ئایینی باسی ئەو ھەموو فەزڵ و نێعمەتانە دەکەن کە بە پێی ئایاتی قورئان و فەرموودەکان، لە مانگی ڕەمەزندا لە لایەن پەروەردگارەوە دێتە خوارەوە بۆ ڕۆژوەوانان و لە بەرانبەر مل کەچ بوونیان بۆ یاساکانی خودا و جێبەجێ کردنی ئەم فەڕزە گرینگەی ئایینی ئیسلام.
بە پێی فەرموودەکانی قوڕئانی پیرۆز لەم مانگەدا،1- لە شەوانی قەدردا قوڕئانی پیرۆزی تێدا ھاتۆتە خوارەوە 2- دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن و دەرگاکانی بەھەشت دەرکرێنەوە 3- شەیتان و جنۆکە بە زنجیر دەبسرێنەوە و کاری چاکە ئاسان دەبێت و خراپەکار بێزار دەبێت و کەسانێک لە دۆزەخ ڕزگاریان دەبێت و …ھتد.
لەمڕۆدا کە لەزۆربەی زۆری وەڵاتانی موسڵمان بە ھۆکاری بەڕێوەبەردنی وەڵاتان لە لایەن سیستەمی سیاسی دیکتاتۆر و خوێنمژ، نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی، چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەیان شێوە و شێواز پەرەی ستاندووە، تەنیا ھێنانەوەی چەند ئایەت و فەرموودەی پیرۆز و سەرنجی خەڵکی راکێشان بۆ نەخواردن و خۆپاراستن لە دەیان ھەڵسووکەوتی ڕۆژانە کە ئامانجەکەی ڕازی کردنی پەروەردگار بێت شتێکی عەقڵانی نیە.
ئاخۆ مەبەست لە ڕەمەزان تەنیا نەخواردن و نەخواردنەوە و پێڕانەگەیشتن بە نەفسە وەک حەسانەوەیەکی کاتی بۆ جەستە و ڕۆحی مرۆڤ لەم مانگە دا؟!
بەدڵنیایی نەخێر، لێرەدا ھەڵەی چینی ئایینی کۆمەڵگە دەردەکەوێت کە تەنیا بە “انذار و تبشیر” واتە ترساندن و موژدە دان” خەڵکی بۆ خوا پەرەستی ڕێنوێنی دەکەن.
لە جیھانی ئەمڕۆدا کە زۆرتر ھەستەکانی مرۆڤ “احساسات” چالاکن و مرۆڤی ئەم سەردەمە تەنیا بە خوێندنەوەی مێژووی ئایینی و دەق و فەرموودە پیرۆزەکان ڕێگەی ڕزگاری خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو لە گەڕندایە بە شوێن جۆرێک لە بە کردەوە دەرھێنانی حەز و ئاواتی جەستەیی و ڕۆحیی خۆی.
مەبەست لە ڕۆژوو ڕاھێنانی نەفس و دوورکەوتنەوە لە پڕش و بڵاوی خواست و ویستەکانە نەوەک تەنیا برسی بوون و توێنی بوون.
دەسەڵات و حوکمڕانی سیاسی موسڵمانان لە پاوانی چینی ئایینی دا دەخولێتەوە و بە پاساوی حرام و حەڵال بوون، خەڵکی لە سەرەتایی ترین ماف و ویستەکانیان بێ بەری کراون و بۆ وەدەست خستنی نانی شەوێک لە ھەر دەرگایەک دەدەن و خۆ بە ئاو و ئاگردا دەکێشن، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی تارمایی چاکەکاری “تقوا” بۆ خودا لە عەبا و جبەیان دەبارێ و بەھشتیان بۆ خۆیان پێکەوناوە، خودایی دەکەن بە سەر کۆمەڵانی خەڵکدا. ئا لێرەدایە وەسفی حیکمەتی ڕەمەزان لە ئیسلامی ئەمڕۆدا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی بە درێژایی ساڵ لەمەڕ کەم داھاتی و ھەژاری تێری زگی خۆیان خواردن و خواردنەوەیان نیە بە برسیەتی و ناڕەحەتی ڕۆژ و شەو دەکەنەوە لە حەقیقەتدا ھەمووی ڕۆژانی ساڵ بەڕۆژوون ، کەوابوو پێویست ناکات چەند ئاخوندێکی دوکاندار و ملھوڕ فێری یاساکانی جێبەجێ کردنی ڕۆژوو و ڕەمەزانیان بکەن. لە ئیسلامی سیاسیدا ھەموو پیرۆزییەکان وەک دار دەست و گۆپاڵی دوو سەر بۆ ترساندن و تۆقاندن و ھاوکاتیش وەک موژدەی بەھەشت و دواڕۆژی مرۆڤ کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ لە ئێران ڕیکلام کردن بۆ دەست پێوە گرتن “صرفەجویی” و خۆپاراستن لە زیادەڕەوی خواستی نەفس “اسراف” وەک دوو دەستەواژەی تایبەت لە ڕەمەزان دا زیندوو دەکاتەوە و زۆربەی ئاخوندەکان لە نوێژی ھەینی و گوتاری ئایینی خۆیاندا خەڵکی بۆ کەم خوردان و نەخواردن دەعوەت دەکەن و بە سیفەتی بەرزی ئەخلاقیی ئەنبیا و ئەولیای ناو دەبەن.
پێچەوانە بوونی گوتاری ئیسلامی سیاسی ویلایەتی فەقێ ڕێک لە بۆنە ئاینیەکان و فەڕیزە واجبەکاندا دەردەکەوێت، بە پێی وەسفی خودا لە قوڕئان و فەرموودەی پیرۆزدا، خودا “غنی” یە واتە دەوڵەمەندە و مانگی ڕەمەزانیش وەک مانگێ “ضیافةاللە” یان خانەخوێ بوونی خودا لەبەرانبەر ڕۆژوەوانان وەسف دەکرێت، بۆیە لێرەدا دەبێ لە چینی ئاخوند و مەلا بپرسین دەکرێ خودا دەوڵەمەند بێت و حەز بە ھەژاری و نەبوونی خەڵک بکات؟! خودایەک حەزی لەوە بێت میوانداری بکات و میوانەکانی لە مانگێکدا برسیی و توێنی ڕابگرێت بەڵام لە ئێوارە خوانەکاندا سفرەکان بە خاڵی بۆ خەڵک و ئیمانداران بێڵێتەوە چۆن خودایەکە!؟
دیسان وەڵام نەخێر دەبێت، کێشەی سەرکی ئەوەیە ئەوانەی لە سەر زەوی ئایین و مەزھەب وەک ئامرازی دەسەڵات بە سەر خەڵکدا دەسپێنن، گوتاری دینی و فەرموودەکان وەک دوو ڕوویی پووڵێک بە کار دێنن بۆ پاراستنی دەسەڵات و خۆ بە خودا کردن بە سەر خەڵکەوە.
مرۆڤ جیا لە دوعا و پاڕانەوە لە خودای سەماویی و باوەڕمەندی بە زاتی موتڵەقی ئەو، تەنیا خۆی سەرپشک کراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکە ئاینیەکان، بەڵام ئەوانەی لەمڕۆدا لە جیھانی ئیسلامدا حوکمی خودا لە سەر وەڵاتانی موسڵمان دەکەن و خەڵکی بە ناوی خودا و ئایین برسی و توێنی دەھێڵنەوە، تەنیا ئامانجیان “خودایی” کردنە بە سەر خەڵکەوە و ھەژاری و برسیەتی خەڵک و بە کار ھێنانی مەزھەب، تەنیا وەک ئامرازی پاراستنی سومعەی بارەگای سیاسی و جێگە و پێگەی خۆیانە و ھیچی تر.