"an independent online kurdish website

بێگومان دابەش بوونی سیاسەتی جیهانی لە ئاستی گشتی بە سەر دوو بەرەی رۆژئاوا (بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ) و رۆژهەڵات ( بە میحوەرییەتی چین و رووسیا ) ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو نێوەدا کوردستانیشی گرتۆتەوە.بە چەشنێک کە دەتوانین بڵێن هەموو وڵاتان و هێزە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە بە سەر ئەو دوو بەرەدا دابەش بوونە.rambou_lutfipour

 لە دونیای سیاسەتدا زۆر بە دەگمەن لایەنەکان بەڵگەی روون و حاشاهەڵنەگر بە دەستەوە دەدەن بۆیە مروڤی سیاسی دەبێ لە رووی هێماکان و بە لێکدانەوەی هاوکێشەکان رووی راستەقینەی ململانێیەکان دەربخات. کەوابوو سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەش بوونی هێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێ بڵێین لە هەڵوێست و پراکتیکی سیاسییانڕا دیارە کە ئێران ، سوریای بەشار ئەسەد ، حکومەتی بەغدا ، حیزبۆڵڵای لوبنان و لە نێو کوردیشدا پ.ک.ک بە هەموو لقەکانییەوە و یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان هاوپەیمانانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەی چین و رووسیان وە لەولاشەوە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچە ، بە تایبەت سەعوودی و بەرەی سوننەی عێراق و لە نێو کوردیشدا پارتی دیمۆکرات لە بەرەی رۆژئاوادان.

 لێرەدا هەست بە بۆشاییەک دەکرا کە باڵانسی هاوکێشەکەی بە قازانجی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی گۆڕیبوو ، ئەو بۆشاییەش دیار نەبوونی هێزەکانی رۆژهەڵات بوو کە لە ئەگەری ئامادە بووندا دەیانتوانی قورسایی هاوکێشەکان بگۆڕن . بێگومان هاتنە مەیدانی هێزەکانی رۆژهەڵات بەو پێیەی کە دژی ئێران خەبات دەکەن لە بازنەی کوردستاندا بەرەی پارتی بەهێز دەکات و پڕ دیارە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا پارتی کە کەوتۆتە گەمارۆی بەرەی ئێران و زەختێکی زۆری لەسەرە ئەگەر بە شێوەی ناڕاستەوخۆش بێ پشتگیری لە ئاکتیڤ بوونەوەی هێزەکانی رۆژهەڵات دەکات. لە وەها هەلومەرجێکدا حیزبی دیمۆکرات کە چەندین ساڵە لە دەشتی کۆیە باجی هێنانە خوارەوەی هێزەکانی لە چیاکانی سەر سنوور دەدات ،بە خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ بارودۆخەکە و قۆستنەوەی ئەم هەلە مێژوویە بازێکی گەورە دەدات و بە ناردنی هێزەکانی بۆ قەندیل لە پەراوێز دێتە دەر و دیسانەوە وەک ئەکتەرێکی کارا دێتەوە نێو بازنەی هاوکێشەکان.

ئەم هەستانەوەیەی حیزبی دیمۆکرات بە پێی کاریگەرییەک کە لە سەر هاوکێشەکەی دانا بەرەی ئێرانی تووشی شۆک کرد هەر بۆیەشە زۆر بە پەلە و ناسیاسییانە رووداوەکەی کێلەشینیان خولقاند. بەم شێوەیە بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات بە گشتی و حیزبی دیمۆکرات بە تایبەتی بوون بە خاوەن قورساییەکی بەرچاو و جەمسەرێکی کاریگەریان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا پێکهێنا، جەمسەرێک کە پێشتریش بە شێوەی هێزەکی (بالقوە) بوونی هەبوو .

 ئەم جەمسەرە پێکهاتەی دوو جەمسەریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی (جەمسەرەکانی پ.ک.ک و پارتی) تێکدا و وەک جەمسەرێکی نوێ هاتە نێو هاوکێشەکانەوە.
بەڵام لێکدانەوەی هەڵە یا باشترە بڵێم چەواشەکارانەی لاینگرانی بەرەی ئێران و بەتایبەت بەشە کوردەکەی ئەوەیە کە دەڵێن حیزبی دیمۆکرات بە پلانی پارتی ئەو کارەی کردوە و مەبەستیشیان زەربە لێدان لە قورسایی هادپ لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بوو. هەر دوو بەشی ئەم لێکدانەوەیە هەڵە و نادروستن چونکە یەکەم، لە بیریان چۆتەوە کە حیزبی دیمۆکرات هێزێکی سیاسییە و بە پێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی مافی خۆیەتی کە بە شێوەیەکی ستراتژیک یان تاکتیکی بێتە نێو هاوکێشەکانەوە و خۆی لە بەرەیەکدا ببینێتەوە.

یەکێک لە بنەماکانی گەمەی سیاسی ناسین و قۆستنەوەی هەل و دەرفەتەکانە لە کاتی خۆیدا،کەواتە زۆر سروشتییە کە حیزبی دیمۆکرات ئەم هەلە لە پێناو ئاکتیڤ بوونەوەی خۆیدا بقۆزێتەوە. دووهەم رۆیشتنی حیزبی دیمۆکرات بۆ قەندیل بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی باندۆر بخاتە سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا و پێگەی هادپ مەگەر ئەوەیکە پ.ک.ک شەڕی پێ فرۆشتبا ، کەواتە ئەوە پ.ک.ک بوو کە دەبوو بە هێمنی هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەو دۆخە بکات و لە بەر هەڵبژاردنەکانی تورکیاش بووە بارودۆخەکە ئاڵۆز نەکات، حیزبی دیمۆکرات کاتێکی هەستیاری بۆ چوونە قەندیل هەڵبژارد ، بەڵام نەک بە مەبەستی زەربە لێدان لە هادپ بەڵکوو بۆ کەم کردنەوەی ئەگەری هەڵچوونی پ.ک.ک و کۆنتڕۆڵی ئارامیی دۆخەکە. چوونکە ئەگەر لە کەشوهەوایەکیتردا حیزبی دیمۆکرات ئەو کارەی کردبا پێدەچوو پ.ک.ک هەڵوێستێکی توندتر بنوێنێ و شەڕێکی گەورەی براکوژی بێنێتە ئاراوە.

بەڵگاندنی لاینگرانی بەرەی ئێرانیش وەک ئەوە وایە کە بڵێن ئێوە دەتانزانی پ.ک.ک شەڕتان لە گەڵ دەکات بۆیە لەم کاتەدا رۆیشتن.
ئێستاش بەرەی ئێران کە لە باری سیاسییەوە لە قەندیل وێیکەوتووە دژەهێرشێکی دەست پێکردوە کە بەڕێوەبەرانی ئەو دژەهێرشە کوردن و لە تارانەوە کارگێڕی دەکرێت، واتە لە لایەک یەکێتی و گۆڕانیان بەگژ بارزانیدا کردوە و سیرەیان لە سەری ئەو بەرەیە گرتوە و دەیانهەوێ بە لێدانی بارزانی ئەو بەرەیە تووشی نوشستی بکەن و لەلایەکیتریش پ.ک.ک کە لە باری سیاسییەوە لە قەندیل دۆڕاندوویەتی لە ناوچەی زاخۆ لە کوردستانی رزگارکراو هەرێمی ئازاد دادەمەزرێنێ و راشکاوانە کەڵەوەکێشی دەکات. هەردووک هێڵەکە واتە گۆڕان و یەکیەتی لە لایەک و پ.ک.ک ش لە لایەکیتر یەک ئامانج پێڕەو دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران داڕێژەریەتی.
هەرچەند لە ئێستاوە ناتوانین بە وردی داهاتووی ململانێیەکان پێشبینی بکەین ، بەڵام پێدەچێت بەرەی رۆژئاوایی کوردستان کە پێشتر هەموو قورساییەکەی لە سەر شانی پارتی بوو ئێستا بە هۆی هاوپەیمانە تازەکەیەوە لە قەندیل واتە حیزبی دیمۆکرات توانایەکی زیاتری بۆ مانۆڕدان و پاشەکشە کردن بە بەرەی ئێران هەیە.

سەرچاوە:لاپەرەی فەیسبپکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی