"an independent online kurdish website


چەند پێش ئێستا لە سەر فەیسبووک بینیم کە هاوڕێیەکم کۆمێنتی بۆ پۆستێکی کاک ئاسۆس هەردی کوڕی مامۆستا هەردی شاعیر لە ژێر ناوی ” دێمۆکرات و پە کە کە … تەنها چەند پرسیارێک” دانابوو.arselan_yarahmedi

نووسینێک کە زیاتر لە قەڵەمی کەسێکی نەخوێندەوار و ناشارەزا یان مەلایەک کە لە حوجرە زیاتر شووێنێکی دیکەی نەبینیوە دەچێت هەتا کەسێکی راگەیاندنکار و یان ئەو مامۆستا ئاسۆسەی کە من ناوم بیستبوو!

کاک ئاسۆس لەسەرەتای بابەتەکەیدا دەڵێت ” بۆچی حیزبی دێمۆکرات لەو هەموو سنوورە دوورو درێژەی ئێران، رێک ئەو شوێنە هەڵدەبژێرێت کە لەژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە؟”

لێرەدا پێشنیاری ئەوە بە کاک ئاسۆس دەکەم کە باشتر وایە سەرەتا هێندیک لەسەر مێژووی هاوچەرخی خەباتی چەکداری کورد لە رۆژهەڵات، باکوور و باشوور بخوێنێتەوە و دواتر وەها پرسیارێک ئاراستەی بەردەنگانی بکات. ئایا جگە لە قەندیل و کێلەشین شوێنێکی دیکە شک دەبن هەتا حیزبەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت باشوور و باکووریش لەوێ وەکوو پەنایەک بۆ خۆیان کەڵکی لێ وەر بگرن؟

دواتر خۆتان بە باشی دەزانن سنوری دوور و درێژی ئێران لەگەڵ باشوور لە قەزای مێهرانی پارێزگای ئیلامەوە دەست پێدەکات هەتا قەزای ماکۆی پارێزگای ئورمیە. سنوورەکان و شاخەکانی پارێزگای ئیلام نەک هەر لە رۆژهەڵات بەڵکوو لەباشووریش نەیانتوانیوە پاڵپشتی پێشمەرگە بن و حیزبی دێمۆکرات و یەکێتی نیشتمانیش لەکاتێکیشدا لەوپڕی هێزی خۆیان بوون، نەیانوێراوەو و نەیانتوانیوە خۆیان لەو ناوچانە بدەن.

لەپارێزگای کرماشان و سنەش زەنجیرە شاخەکانی داڵاهۆ و شاهۆ هەیە کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی و هەروەها کەمبوونی سەرچاوەی ئاو لەوەرزی هاویندا، بەشێوەی کاتی توانیویە پێشمەرگە لەخۆ بگرن.

تەنیا دەمێنێتەوە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە کە بەهۆی هەبوونی قەندیل و کێلەشێن بەدرێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد پشت و پەنای هێزین پێشمەرگەی سێ بەشی کوردستان بووە.

پاشان ئەگەر کاک ئاسۆس شارەزایی لە سەر مێژووی دێمۆکرات هەبوایە دەیزانی ئەو ناوچەیە شوێنی دامەزراندنی حیزبی دێمۆکرات و کۆمارە تاقانەکەی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێمۆکراتە و زۆربەی هەرەزری دانیشتوانەکەی ئەگەر ئەندامی دێمۆکرات نەبن لایەنگری سیاسەتەکانی ئەو حیزبەن و سروشتییە ئەگەر حیزبێک بیهەوێ دوای ٢٠ ساڵ جووڵەیەک بکات لەو شوێنەوە دەیکات کە دڵنیایە لە سەرکەوتنی بەستێنەکە لەبار دەبینێت.

هەروەها راست لەکاتی سەرهەڵدانی رووداوەکەی مەهاباد و مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی و خرۆشانی خەڵک هێزی پێشمەرگە رەوانەی کێلەشین کراوە هەتا بتوانن لەئەگەری هاتنە پێشی هەر رووداوێکدا پاڵپشتی خەڵکەکەی خۆیان بن.

کاک ئاسۆس ئەگەر ئەم تێبینیانەی لەپێش چاو بگردایە خۆی وتەنی ئەو هەموو نیشانەی پرسیارانە لای دروست نەدەبوو .

ناوبراو لەبەشیکی دیکەی نووسینەکەیدا چوونی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات بۆ کێلەشین بە “کێشە ” ناو دەبات و دەنووسێت ” بۆچی پاش ساڵانێکی درێژ لە متبوون، ئێستاو لەکاتێکدا کە باڵی سیاسی پەکەکە، واتە هەدەپ لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایەو هاوسۆزییەکی بەرفراوانی جەماوەری هەرچوار پارچەی کوردستانی بەدەستهێناوە، دروست ئا لەم ساتەدا ئەم کێشەیە دروست دەبێت، یان دروست دەکرێت؟

کاک ئاسۆس دەبێ بزانێ کە تەنیا هزر و عەقڵیەتێکی چەقبەستوو چوونی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات بۆ سنوورەکانی خۆی بە ” کێشە ” دەزانێت . پێشینیان وتوویانە ماڵ لەساحێو ماڵ حەرامە لێرەدا رەوایە، حیزبێک کە ٧ دەیە خەباتی کردووە ناتوانێ لەسنووری وڵات خۆی چالاکی هەبێت بەڵام بۆ حیزبیکی باکووری کە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتیشی شەهید و تەنانەی رادەستی ئێران کردووەتە رەوایە .

ناوبراو بەشێوەیەکی نابەرپرسانە دەیهەوێ بە خوێنەری خۆی بڵێت کە حیزبی دێمۆکرات لەبەر ئەوە چووە بۆ ئەو سنوورانە کە هەدەپە لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگ نەهێنێتەوە!

ئەمە لەکاتێکدایە حیزبی دێمۆکرات بە درێژایی مێژووی ٧٠ ساڵەی خۆی دەستێوەردانی لە کاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان نەکردووە و هیچ کات نەبووەتە داردەستی دەوڵەتانی داگیرکەر دژی بەرژەوەندی کوردانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان.

باشترین بەڵگەش ئەو وتانەی دوکتۆر مەحموود عوسمان کەسایەتی نەتەوەیی باشووری کوردستانە کە لینکەکەی لێرە دادەنێم و دەتوانن بیبینن .

https://www.youtube.com/watch?v=gJ0ui7pei68

 

ئەم جۆرە بیرکردنەوە زیاتر لە خیاڵ و هەستی شاعیرانە دەچن هەتا بری کەسێکی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس!

ئەگەر وا بێت و خاوەن بیرۆکەی لەم چەشنە بین دەبێ بڵێین ئەو کەسەش کە لە هۆتێل تارای مەهاباد ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەر فەریناز خوسروانی ئەندامی میتی تورکیا بووە ، چونکوو لەو کاتەدا بووە هۆی شڵەژانی مەهاباد و دواتر جوڵەی پیشمەرگە!!!

دواتر حیزبی دێمۆکرات و باقی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا کاک ئاسووس وتەنی “مت” نبەبوون، بەڵکوو بەشێوەی جۆراوجۆر و لەرێگای میدیا و رێکخراوەکانەوە درێژەیان بەخەباتی خۆیان داوە و بەرهەمی باشیشی هەبووە ، لانیکەم دەتوانم بڵێم لەباری هەستی نەتەوایەتییەوە رۆژهەڵات سەرتۆپی پارچەکانی دیکەی کوردستانە و بەهانا هاتنی شەنگال و کۆبانێ لە ژیر دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری رێژیمی ئێران خۆی دەرخەری ئەو راستیەیە.

 

ئەو هاتنە دەنگەش تەنیا لەبەر هەستی نەتەوایەتی بووە کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی حیزبەکانی رۆژهەڵات بووە نەک شتێکی دیکە.

کاک ئاسۆس و هاوبیرەکانی چونکوو تەنیا چاو لەکەناڵەکانی پ ک ک دەکەن پێیان وایە ئەو خرۆشانەی رۆژهەڵات بەهۆی کاریگەری ئەو حیزبەیە و قەت زەحمەت بەخۆیان نادەن رۆژانە ٢٠ دەقەش بچنە سەر سەتەلایتی هاتبێرد و چاو لە میدیاکانی رۆژهەڵات بکەن و هیچ کاتیش ئەو پرسیارە لەخۆیان ناکەن بۆچی بۆ جارێکیش بوبێت لەساڵڕژی دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا عوجاڵان سەرۆکی بەندکراوی پ ک ک و یان بۆنەیەکی ئەو حیزبەدا هیچ چالاکی یان خۆپێشاندانێک لە رۆژهەڵات ناکرێت.

پاشان حیزبی دێمۆکرات بۆچی خەباتی چەکداری وەلا نا؟ ئەگەر نازانی با بە بیرت بێنمەوە، لەبەر بەرژەوەندی باشووری کوردستان بوو کە دەستی لە مافێکی رەوای خۆی واتە خەباتی چەکداری هەڵگرت، بەڵام وڵامەکەی هەڵکوتانە سەر بنکەکانی دێمۆکرات لە شاری کۆیە بوو لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری حیزبەکەی جنابتەوە کە وەک رۆژنامەنووسێک یان کەسیکی نەتەوەیی نەک هەر دەنگت دەرنەهات بینیمان کە ” متبوونتان” کردبوو بە پیشە!

ئەو دۆخەش کە ئێستا لەرۆژهەڵاتی ناوین هاتووەتە پێش هاندەرێکی سەرەکی بووە هەتا حیزبی دێمۆکرات جارێکی دیکە پەنا بۆ چەک بباتەوە، چونکوو لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین چەک هەموو پرسەکان یەکلایی دەکاتەوە و حیزبی دیمۆکراتیش ئەمە بە مافێکی بێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێت. هەروەها بەهێز بوونی ئێران لە باشووری کوردستان و ئەگەری هێرشکردنە سەر بارەگاکانی لەلایەن هێزەکانی سوپای قودسەوە وەک ئەو کارەی بەرانبەر بە هێزەکانی موجاهدین کرا دەتوانێ هۆکارێکی دیکەی جووڵانی پێشمەرگەی دێمۆکرات بیت.

ئەگەر کاک ئاسۆ زەحمەت بکێشێت و سەردانێکی کۆیە بکات دەزانێ باس لە چی دەکەم، لەئیستادا کۆمپانییەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆیە سەرقاڵی دروستکردنی جاددەیەکە لە کۆیەوە بۆ هەولێر، ئەو جاددەیە سێ بنکەی دێمۆکرات دەکات دوو بەشەوە!

ئایا ئەمە ئەگەر پلانی بۆ دانەڕژابێت چۆنە کە ئەو سی بنکەیە کە بەشێوەی سێگۆشە هەڵکەوتوو و لە سەر یەک هێڵ نین دەکەونە پێش ئەو پرۆژەیە؟ ! ئایا ئیوە ئەو مافە بە دێمۆکرات نادەن کە بۆ پاراستنی خۆی جووڵە بکات؟ ئەگەر خاوەن بیریکی نەتەوەیین بۆ وا بێ دەنگن؟ لەروانگەی ئێوەوە ئەم جۆرە هەڵسووکەوتەی دەسەڵاتی باشوور دەچێتە چوارچێوەی چ خانەیەکەوە؟

کاک ئاسۆس وەک هەموو هاوبیرەکانی لە کۆتاییدا هەوڵی داوە جووڵەی پێشمەرگەکانی دێمۆکرات بخاتە ئەستۆی پارتی و ئەو کارەیان بێ نرخ بکات. ئەمە لە حاڵێکدایە ئێمە چاوەڕوانیمان هەبوو بەو هەنگاوەی دێمۆکرات لەوەی کە رۆژهەڵاتیش جووڵەی تێبکەوێتەوە نەک هەر خوشحاڵ بێت، بەڵکوو پشتگیریشی لێ بکات.

ناو براو دەڵێ “سەیر نییە کەناڵە رەسمی‌و سێبەرەکانی پارتی‌و لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەکاتێکدا کە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی تورکیا ئەگەر دژایەتیی هەدەپ-یان نەکردبێ، ئەوا پشتگوێیان خستووە، کەچی لەسەر ئەم کێشەیەی نێوان پەکەکەو دیموکرات لەبری هەوڵدان بۆ هێمنکردنەوە، هەرایەکیان ناوەتەوە وەک ئەوەی رووماڵی شەڕی پێشمەرگەو داعش بکەن؟

کاک ئاسۆ دەبێ ئەوە بزانێ کە شەڕی براکوژی قیزەونە و بەمەبەستی بنبڕکردنی هەرچی زەق بکرێتەوە کەمە، کوردێکی رۆژهەڵاتی وەک ئێوە بیر ناکاتەوە، ئەوان پێیان وایە ئەو راگەیەندنانە ئەرکی خۆیان بەجێ هێناوە و هۆکاری ئەوەش کە ئێوە وا دەزانن لەرادەبەدەر زەقیان کردووەتەوە ئەوەیە کە میدیاکانی ئێوە هەر رووماڵیان نەکردووە!

 تێبینی : بابەتەکەی کاک ئاسۆس هی نزیکەی مانگێک بەر لەئێستایە و من بەهۆی ئەوەی کە لە کێلەشین بووم تازە بینیومە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی