"an independent online kurdish website

نزیکبوونەوە و دانووستان لە سەر پرسە گرنگە نەتەوەییەکان سیاسەتی هەردەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ئەوەش دەتوانرێ بە بەڵگەوە نیشان بدرێ.mensur_azizi

حیزبی دێموکرات، حیزبێکی بەرپرسە و لە سەرکەوتنەکانیدا لە خۆ دەرناچێ و لە شکستەکانیشدا هیوا لەدەست نادات. زۆر گرنگە کە حیزبێکی سیاسی ، یان رێبەران و بەڕێوەبەرانی حیزبێکی سیاسی لە دووان و هەڵوێستەکردندا هەستەکانیان نەکەنە پێوانە بۆ چرکە ساتە لاوازە دەرونییەکانی خۆیان.

پێویستە بەرپرسێک لە هەر حیزبێکی سیاسیدا، ئەویش لە کۆمەڵگەی کوردستان، زۆر بە سەرنجەوە بگاتە قۆناغی هەڵوێستەکردن و پەلە نەکات لەوەی کە بیەوێ شتێک بڵێ یان ئەنجامی بدات.


لە سمینارێک کە چەند مانگ پێشتر لە شاری یوتوبۆری لە وڵاتی سوئێد ئەنجام درا، پێنج لایەن بەشداریمان کرد لە پێوەندی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتی خەباتی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەو بەشە لە کوردستان کە لەوێ نوێنەرانی چەند حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون و کاک رەزا کەعبیش وەک نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەشداری ئەو دانیشتنە بوو. ئەوەی کە من لە گووتە و رەفتارەکانی بەڕێزیان تێگەیشتم، تووڕەییەکی تایبەت بوو لە پێوەندی لەگەڵ هاوپەیمانێتیی نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئەوان لە قسەکانیاندا زیاتر هەوڵیان دەدا تەشەر و توانج بنێن بەو رێکەوتنە و هەوڵیان دەدا کە باسی شەری نێوخۆیی بێننە ئاراوە و باسەکان بە لاڕێدا ببەن.


لە سەر قسەکانی بەڕێزیان من لەو کۆڕەدا گووتم کە حیزبی دێموکرات ئامادە بووە و ئامادەشە کە لە سەر ئەو شەڕە نەخوازراوە لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە بکات و هەردەمیش پێیوابووە کە ئەو شەڕە لە زیانی گەلەکەماندا بووە و ئەبێ ببێتە پەند بۆ داهاتوو و جارێکی دیکە شەڕی نێوخۆیی لە کوردستاندا روو نەدات. هەروەها گووتم کە ئەوەی کە بە باوەڕی ئێمە ئێستا گرنگە، ئەوەیە کە پێکەوە کار بکەین بۆ داهاتووی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات و ئەو بابەتەش بسپێرین بە لێکۆڵەران، رۆشنبیران و ناوەندە دادوەرییە سەربەخۆکان لە داهاتووی نیشتمانی ئازادماندا و نەیکەینە هۆکار بۆ لەدەستدانی ئەمڕۆ و سبەینێشمان و لە باتی چاندنی تۆوی ئاشتی و تەبایی، هۆکار بۆ دروستبوونی گرژی و رق و بێزاری لە دژی یەکدی دروست نەکەین.


بەڵام ئایا وروژاندنی ئەو باسانە ئەویش لە لایەن ئەندامی رێبەریی حیزبێکەوە، تا چەندە دەتوانێ سیاسەتی حیزبەکەی بێ؟ یان ئایا ئەو بابەتە تا چەندە رای تاکیی کاک رەزایە؟
بۆ ئەبێ لە هەر کۆڕێکدا کە رێکدەخرێ، لە هەر مەیدانێکی مێدیاییدا و لە هەر قۆناغێک لە خەباتدا، ناوبراو کە هەست بە لاوازی دەکات، دەست بکات بە وروژاندنی هەندێک خاڵ کە تەنانەت بە قازانجی خۆشی نییە تا بگات بە حیزبەکەی.


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێر ، لە یەکێک لە خاڵەکانی نێو رێکەوتننامەی نێوانیاندا زۆر بە روونی شەڕی براکوژییان بە تووندی مەحکوم کردووە و دەقی ئەو خاڵەشم بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر بە پێش چاوی دووربینەکانەوە بۆ جەنابیان خوێندەوە!
هەر لەو پێوەندییەدا و لە تاوانبارکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر شەڕی براکوژی، ناوبراو هەم خوای دەوێ و هەم مێوژ! ئاخر ئەو دەبێ بزانێ کە ئەو لایەنەی ئەو بووە بە پارێزەریان و بەردی دڵسۆزییان بۆ لەسینگ دەدا، هەر لە سەردەمی شەڕی براکوژیدا، ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات بوونە و ئێستاش هەر خۆیان بە حیزبی دێموکرات دەزانن!


کاک رەزا لە بابەتێكدا ئاوا دەنووسێ:
ئەو هەڵوێستەی ئیسەی پ.ک.ک و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران که لەم دوو رۆژه باسی لێدەکرێ، دروستی سیاست و هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەر له یەکەمین ساتەکانی ئەو ئاڵۆزیە دەستکردە نیشان دەدات.
بانگەوازی شەرئەنگێزانه، دەستبردن بۆ چەک، و دابەشکردنی هێزە کوردستانییەکان به سەر دوبەش و چەند بەش، قسە توند و هەرەشە و تاوانبارکردنی یەکتر به پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت به بێ ئەوەی بەڵگە نیشان بدەی..

بەو پێیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان تووشی سەرلێشێواوییەکی سەیر بووەتەوە کاتێک رووداوەکەی کێلەشین روو دەدات! لەبەر ئەوەی، ئەم قسانەی ئێستای کاک رەزا، لەگەڵ ئەو قسانەیان کەلە سەر ماسمێدا دەیانکرد لە کاتی رووداوەکە، زۆر لە یەکدی جیاوازن! هاوکات، لێرەدا دووڕووییەک لە هەڵوێست و ترسان لە دەربڕینی هەڵوێست لەواندا زۆر زەقە! ئاخر ناوبراو دەڵێ هەر لە یەکەم چرکەکاندا ئێمە دەمانزانی ئەو گەمەیە بۆ چێیە و چۆنە؟!
پاشان، گەر ئەوە قسەی حیزبەکەشیان بێ، کەواتە ئەوان دەبێ بەردەوام وا پێناسە بکرێن کە لەسەریاندا گێژەڵووکەی هەڵکردنی سیناریۆ هەیە و تەنانەت گومانیان لە سێبەرەکەی خۆشیانە! ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ کە لە بواری دەرونییەوە توانای ئەوەیان نییە خاوەن سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان بن و تەنیا بۆ ئەوەی لە قافڵە بەجێنەمێنن و دەستی خەڵکی دیکە ، بەتایبەت کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پێچ بدەن، بۆیان گرنگ نییە چەندە ئەم چڵ و ئەو چڵ بکەن و کەی و بەلای کێدا لا بکەنەوە!
لە رەوتی دانیشتن و رەخساندنی بەستەری پێکەوە کارکردندا حیزبەکان پێویستە هەردەم جێگەی ئەوە بهێڵنەوە خاڵە هاوبەشەکان بخەنە بەر باس و لەسەر بنەمای ئەو خاڵە هاوبەشانە پێکەوە کاربکەن، نەک ئەوەی را جیاوازەکان بکەنە هەوێنی لێکدوورکەوتنەوە و خەم و ئازارەکانی نەتەوەیەک بە با بدەن! لێرەدا ئەمەوێ بپرسم کە ئایا کاک رەزا کە بەرپرسایەتیی هەیە لە حیزبەکەی خۆیدا، چۆن سبەی دەتوانێ بەم تۆمەتانەوە روو لە حیزبی دێموکرات بکات و هەوڵ بدات هەلی پێکەوە کارکردن بڕەخسێنێ؟ یان ئایا گەر توانی بە پێچدانەوەیەکیش ئەو نزیکبوونەوەیەی دروست کرد، چۆن دەتوانێ حاشا لەم قسانەی ئێستای بکات کە تەنیا و تەنیا لەدایکبووی زیهنی تاکی یان حیزبیی خۆیەتی؟


کاک رەزا باش دەزانێ ئێمە تەنانەت لەگەڵ ئەوانیشدا قسەمان کردووە کە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە یەکدی نزیک ببنەوە و ئەوەشمان بە باوەڕەوە قەبووڵ بووە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتیک دەتوانن بەرەیەک پێکبهێنن کە ئەو جودابوونەوە و لێکترازانانە کۆتاییان پێبێ و هەمووان رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە.
کەعبیی رێزدار وەک سیاسەتوان و هاوکات وەک کەسێک کە خاوەن بەرپرسایەتییە، ئەبێ ئەوە بزانێ کە کۆنگرەی پازدەیەمی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسی یەکگرتنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی جودابوو لە حیزب بڕیاری داوە و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش حیزبی دێموکرات خاوەن ستراتیژییە و بە خۆشییەوە ئێستا حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی جودابوو لە حیزب، خاوەن هاوکاریی زۆر نزیکن پێکەوە و دڵنیابن کە لەو بڕگە مێژووییە هەستیارەشدا، حیزبی دێموکرات وەک هەردەم، سەربەرزانە زاڵ دەبێ بەسەر قەیرانەکاندا.


لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ رێزدار رەزا کەعبی و بەو هیوایە کە هەموومان بتوانین لە هێنانە ئارای هەر باس و بابەتێک، بەرپرسانە بدوێین و بنووسین، بۆ من ئەو پرسایرە دروست بووە کە ئایا ئەم قسانەی کاک رەزا تەنیا بۆچوونی خۆیەتی یان حیزبەکەیان ئاوا بیر دەکاتەوە؟!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی