"an independent online kurdish website

شەقام: لەدوای سوتانی ھوتێل تارا لە مھاباد و دروست بوونی ئاریشە، لەنێوان ھاوڵاتیان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کاری سیاسی ئێوە چۆن دەبێت؟ گۆڕانکاری بەسەر بەرنامەی سیاسی ئێوەوە دەبێ؟ چۆن؟miro_aliar_nu

میرۆ عەلیار: ڕووداوی سووتانی هوتێل تارا یەکەم کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە کورد نەبوو کە تازە بووبێتە هۆی ئاریشە و کێشە لە نێوان هاووڵاتیانی کورد و کۆماری ئیسلامی دا. ڕێژیمی ئێران لە یەکەم ڕۆژەکانی دامەزرانیەوە دەستی کردووە بە سەرکوت و ئازاری خەڵکی کوردستان و ئەو سیاسەتە قەت نەبڕاوەتەوە. ئەو ڕووداوەی مهاباد درز و بێ متمانەیی خەڵکی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی تەنیا قووڵتر کردۆتەوە و ئێمەشی لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمە دیکتاتورە شێلگیر تر کردووە, خةبات به شێوەی جۆراوجۆر ئاوەها کە لەگەڵ بارودۆخی ئەوڕویی کوردستان و ناوچەدا بگونجێ.

شەقام: ئەم ئاریشانەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕویدا، بووە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران، لەبەرانبەر ھاوڵاتیانی کورد؟

میرۆ عەلیار: دەسەڵاتدارانی ئێران سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن بەدژی هاووڵاتیانی کورد بەشێوەی سیستماتیک بەڕیوە دەبەن. ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکە ئەوە بێ کە ئەو  ڕووداوە گۆڕانێک لە هەڵوێست و بیر و سیاسەتی حکوومەتی ئێران لە کوردستان پێک دێنێ، بڕوا ناکەم. چۆن هەتا ئێستا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئەوە بووە کە پێش بگرێ لە چارە سەری و بەرەو پێشچوونی پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریە. 

شەقام: لەمدواییەدا، پەیوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان باش نەبوو لەسەر ڕووداوەکەی کێلەشین، بەمەبەستی باش بوونی پەیوەندییەکە سێ کۆبوونەوە کراوە، باش بوونی پەیوەندییەکان بەکوێ گەیشت؟ لەسەر چی ڕێکدەکەون؟ تاچەند کوردان ئاگادار دەکەنەوە، کە جارێکی تر ڕووداوی لەم شێوەیە دروست نەبێتەوە؟ سەبارەت بە شەھیدبوونی پێشمەرگەیەکی ئێوە، چی دەکرێ؟

میرۆ عەلیار: سیاسەتی ح.د.ک.ئـ. هەمیشە ئەوە بووە کە لەسەر بناخەی ڕێزگرتنی دوولانە و خۆبواردن لە دەستتێوەردان لە کاروباری یەکتر، پێوەندێکی ئاسایی و دۆستانەی لەگەڵ حێزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، یەک لەوان پ.ک.ک.، هەبێ و نزیکی و هاوکاری هێزە کوردستانیەکانی بە دروست و پێویست زانیوە. تەنانەت دوای ڕووداوەکەی ئەخیریش کە بەشایەتی هەموو لایەنەکان بەرپرسایەتێکەی دەکەوێتە ئەستۆی پ.ک.ک.، ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان داوە کە نەهێڵین گرژی نێوانمان تەشەنە بکا و ئاڵۆزییەکە لەڕێگای سیاسیی و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێ.

کۆبوونەوەکان لە کەشووهەوایەکی ئەرێنی و لە تەفاهومدا بەڕێوە چوون. هەر دوو لایەن لەسەر ئەوە هاوڕاین کە کێشە و ناکۆکی نێوان ئەو دوو حیزبە تەنیا بە قازانجی دوژمنەکانمان تەواو دەبێ و پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێ. بڕیارمان داوە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی باروودۆخی نێوانمان و چارەسەریی ئەو پرسە، درێژە بە چاوپێکەتنەکان بدەین.

شەهیدبوونی هاوڕێی پێشمەرگەی حیزب خەسارێکی گەورە و ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو. بەڵام دیارە مەرگی هاوڕێ قادر کەرێمی بەتایبەتی لەو بارەشەوە زۆر ناخۆش و بەژان بوو، چون بەدەستی حیزبێکی کوردستانی شەهید کرا. هیوادارین ڕێبەریی پ.ک.ک. لەو هەڵە گەورەیە دەرس وەربگرێ و ڕێگە نەدا ئەو کارە دووپات بێتەوە.

شەقام: یەکێک لەو خاڵانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەری ڕێککەوتوون، دەبێ ڕێگە لە پێشمەرگەکان نەگیرێ کە لەو سنوورانەدابن، بوونی پێشمەرگەی ئێوە چ پێویستیەکە بۆ ئێستا؟

میرۆ عەلیار: کۆماری ئیسلامی هەروا نکۆڵی لە پرسی کورد لە ئێراندا دەکا و نەک هەر ئامادە نیە دان بە سەرەتایی ترین مافە سیاسی و ئینسانیەکانی خەڵکی کوردستان دابێنێ، بەڵکوو سەرکوت و توندووتیژی و ئیعدامی لاوانی کورد بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. لە وەها باروودۆخێکدا بوون و حوزووری پێشمەرگەی ح.د.ک.ئـ. لە سەر سنوورەکان و پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نزیکەوە، بۆتە پێداویستی.  ح.د.ک.ئـ. ناتوانێ بەرامبەر بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان بێ تەفاوەت بێ.

شەقام: یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵەکەی دێموکرات بە کوێ گەیشت؟ ڕووداوەکەی کێڵەشین کاریگەری لەسەر، لەیەک نزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی ئەو دوو باڵە دەبێت؟

میرۆ عەلیار: بە خۆشیەوە گرژی و ناخۆشیمان لەبەیندا نەماوە و پیوەندیەکانمان ئاسایی بوونەوەتەوە و لەسەر پرسە گرینگەکان ئاڵووگۆڕی بیروبۆچوون دەکەین. بەبێ ڕوودای کێلەشین، چارەسەریی ئەو پرسەی نێوان ئێمە و ئەو هاوڕێیانە بۆتە پێداویستیی خێرای ئەوڕۆی جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕووداوەکەی کێلەشین ئەو پێداویستییەی تەنیا وەبیر هێناوینەوە کە بیکەینە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئێستامان.

شەقام: پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبەکانی تری ڕۆژھەڵات لە چ ئاستێکدایە ؟ پلانێکی یەکگرتووی نوێتان سەبارەت بە ئێران ھەیە؟

میرۆ عەلیار: بە خۆشییەوە پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبەکانی تری ڕۆژھەڵات زۆر باشە و لەسەر پرسە پێوەندارەکان بە کوردستان و ئێران  ڕاوڕاوێژ بەردەوامە. بەڵام بەداخەوە پلانێکی هاوبەشمان بۆ خەبات دژی دیکتاتوریی ڕێژیمی ئێران نیە. لێکدابڕان و ئینشقاقەکانی نێو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە کۆسپن لەسەر ڕێی خەباتی یەکگرتووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. پێداویستیی چارەسەریی ئەو کێشەیە کە لە پرسیاری پێشوودا ئاماژەی پێکرا، لە وەزعی ئێستامانەوە سەرچاوە دەگرێ.

 شەقام: سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران متسەفا ھیجری، وتی چیتر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ھەرێمی کوردستان، چالاکییەکانمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ناوەستێنین، ئەمە مانای چییە؟ ھەروەھا جارێکی تر ئێوە ئامادەی خەباتی چەکدارین؟

میرۆ عەلیار: مانای قسەی هاوڕێی سکرتێری گشتی حیزبی ئێمە ئەوەیە کە بووژانەوە و پەرەسەندنی خەبات لە کوردستانی ئێران نەک هەر لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان ناتەبا نیە، بەڵکوو بەپێچەوانە، لازم و مەلزوومی یەکترن. هەتا جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهیزتر و بەربلاوتر بێ، ئەوەندە بە قازانجی هەرێمی کوردستانە.

ئێمە خەبات دەکەین بۆ دابینکردنی مافە سیاسیەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، و بەهێزبوونی جووڵانەوە و چارەسەریی پرسی کوردستانی ڕۆژهەڵات یارمەتی دەکا بە حەیات و سەقامگیریی دەسەڵاتی کورد لە کوردستانی باشوور. ئێمەش ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی باشوور بە سەرکەوتن بۆخۆمان دەزانین.

مەبەستی  بەڕێز مستەفا هیجری ئەوەیە کە هەڵەیەکی ستراتێژیکیە ئەگەر وا بیر بکرێتەوە کە وەستان و بێدەنگیی جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانی باشوور دایە. ئەو بۆچوونە زۆر راست و بەجێیە.

سیاسەتی ئێستای ح.د.ک.ئـ. دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری نیە. ئامانجی حوزووری پێشمەرگە دەستەبەرکردنی تێکۆشانی سیاسی، تەشکیلاتی و تەبلیغی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ئارەزوومان دەکرد کە لە ئێراندا یاسا و دێموکراسی ئازادی چالاکی سیاسیی دەستەبەر کردبایە و بۆ ئەو مەبەستە پێویستیی بە چەک نەبایە. بەڵام ملهوڕیی کۆماری ئیسلامی هیچ دەرفەت و ڕێگایەکی بۆ ئازادی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی نەهێشتۆتەوە.

شەقام: ڕێکخراوی موجاھیدینی خەڵق، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ١٩٦٥ ـەوە، تۆپۆزسیۆنی ئێران بووە، ئێوە تاچەند پەیوەندیان لەگەڵیان ھەیە؟ ئەگەر پەیوەنیتان ھەیە، لە چی ئاستێکدایە؟ بەرنامەی ھاوبەشتان چییە؟ ئەگەر پەیوەندیشتان نییە، بۆچی؟ چونکە ئەوانیش ئۆپۆزسیۆنن.

میرۆ عەلیار: پێوەندیمان لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک نیە. ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئێرانیش خوازیاری پێوەندیی دۆستانە لەسەر بنەمای ئەسڵی  ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوکاریی سالم و دێموکراتیکین. بەڵام تێڕوانین و تێگەیشتنی موجاهیدینی خەڵک لە پێوەندی و هاوکاری، جۆرێکی دیکەیە!

شەقام: لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کونسوڵی ئێران تێیدا بەشداربوو، بەم بەشداریکردنە چ مانایەک دەدات؟ ئێوەی قسەتان لەسەر بابەتە چییە؟ ھەڵوێستتان چی دەبێت؟

میرۆ عەلیار: لەو پیوەندییەدا هەواڵی جۆراوجۆر دەبیسترێ. حکوومەت و پارلمانی کوردستان بۆخۆیان دیاری دەکەن بە چ شێوەیەک و لە چ ئاستێک دا لەگەڵ ڕێژیمەکانی دەورووبەر تەعامول بکەن. بەڵام پێویستە هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێ کۆماری ئیسلامی سەلماندوویە کە نە دۆستی کوردە و نە بەنیسبەت کوردەوە نیازپاکە. ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵ دەدا کێشە و دووبەرەکی لەبەینی حیزبەکانی باشوور دا ساز بکا، لە عێڕاقدا حکوومەتی هەرێم لاواز و بێ ئیعتبار بکا و سەقامگیریی لە هەڕێمی کوردستان بشێوێنێ.

ڕێژیمێک کە چووکترین مافی سیاسی و مەدەنی بۆ 11 میلیون کوردی وڵاتەکەی خۆی بە ڕەوا نازانێ و چەوسانەوە  و هەڵاواردن و زیندان و سێدارەی لە کوردستانی ئێران کردۆتە سیاسەتی ڕەسمی خۆی و باری یاسایی پێداوە، ناتوانێ بۆ کوردی بەشەکانی دیکە ببێتە دڵسۆز و هاوپەیمانێکی سادق و جێگای متمانا.

حێزب و لایەنە سیاسیەکانی باشووڕ لەپێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خاوەن ئەزموونن و دەزانن کە متمانا بە کۆماری ئیسلامی هەڵەیەکی قەرەبوونەکراوەیە و بەرژەوەندی ستراتێژیکی نەتەوەیی ناکەنە قوربانی لەپێناو هێندێک وردە بەرژەوەندی سیاسی و کاتی دا.

 

وەرگیراوە لە گۆڤاری “شەقام” ژمارە 277                         

www.shaqam.net

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی