"an independent online kurdish website

سێمینارێکی گشتی  بۆ  هاوڕێی بەڕێز کاک رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی و نیزامی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شیستا ترێڤ لە دەقەری ستۆکهۆڵم پێک هات.saleh-2015

کاک رۆستەم باسی کێشەکە لە گەڵ پ ک ک و دانیشتنەکان لە گەڵ هاوڕێیانی پێشوو   کە دوای کتێبەکەی کاک مستەفا دانیشتنەکانیان راگرتووە ….    و کۆماری ئیسلامی و وەزعی حیزبی کرد.

 

فەرموون سەرجەم باسەکەی ئەمڕۆ و بە وڵامی پرسیارەکانەوە.

2015/07/04

فیڵم هەڵگر و مونتاژ: ساڵە نەڵۆسی

www.peshmergekan.com

ڤیدیۆ

تکایە بۆ وێنەکان ئێرە کلیک بکەن 

دەقی هەواڵ لە کۆمیتەی سویدەوە

لە ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید سیمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز ” رۆستەم جەهانگیری” بەڕێوە چوو.

کاتژمێر ١ی دوا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەسەر داوای کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید و بە بەشداری هەر یەک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی سوید، سیمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز کاک ” رۆستەم جەهانگیری” ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی و نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم “هۆڵی شیستا ترێف” بەڕێوبرد.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڤییەن، د.قاسملوو و هاوڕییانی دەستی پێکرد.

سەرەتا ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید لە چەند وتەیەکی کورتدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و سوپاس کردن لە بەڕێز ” جەهانگیری” بۆ قبوڵکردنی داواکەیان و بەشدار بوونی لەو سیمینارەدا، هاوکات ئاماژەی بە یادی ٢٢ی پوشپەڕ شاڵڕۆژی شەهیدانی ڤییەن، د.قاسملوو و هاوڕێیانی کرد، کە چەند رۆژێکی دیکە ٢٦ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە دڵ تەزێنەدا تێدەپەڕێت.

دواتر داواکرا لە بەڕیز کاک ” رۆستەم جەهانگیری” ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی و نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە وتەکانی پێشکەش بە بەشداربووانی سیمینارەکە بکات.

بەڕێز جەهانگیری چەند تەوەری گرنگی هەڵبژاردبوو کە باسیان لەسەر بکات و لە دەسپێکی وتەکانیشیدا ئاوڕێکی دایەوە لە تیرۆرکرانی شەهیدانی ڤییەن، د. قاسملوو سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی و لەو پێوەندییەدا وێرای ناردنی ڕێز و سڵاو بۆ گیانی پاکیان، پەیمانی وەفا و ئەمەگداری بە رێباز و ئامانجەکانی ئەو شەهیدە نەمرانە دووپات کردەوە و هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی وەک ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە مەحکوم کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی هەرچەن کە حیزبی دێموکرات لە نیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا بەردەوام نیگەرانی هەبووە و هەیە، بەڵام بەپێی ئەو باوەڕەی کە بۆخۆی هەیبوو بە مەسەلەی ئاشتی و دیالۆگ لە لایەن کومیتەی ناوەندی حیزبەوە بڕیار بۆ رێکخرانی ئەو وتووێژە درا کە بەداخەوە ئەنجامەکەی تیرۆرکرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی لێکەوتەوە.

بەڕێز جەهانگیری لە بڕگەیەکی دیکەدا رەخنەی توندی ئاراستەی لێپرسراوانی ئەو کاتی دەوڵەتی ئوتریش و دەزگا قەزاییەکانی ئەو وڵاتە کرد و وتی ئورووپا بە گشتی و دەوڵەتی ئوتریش بەتایبەتی لەو بارەیەوە دەبێ داوای لێبوردن لە گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بکا و هەنگاویش بۆ وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی بدات.

بەڕێز جەهانگیری لەتەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوا لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێران و هەروەها پێناسەیەکی کورت لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران و کردەوەکانی لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا کرد. ناوبراو لە درێژەی باسەکیدا وتی رێژیمی ئێران نەک هەر هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی تێدا پێک نەهاتووە و بەدی ناکرێ، بەڵکو مەترسییەکانیشی بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران و ئازادیخوازانی ئێرانی لە پەرەسەندن دایە و لە ئاستی ناوچەییشدا دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە قەیرانێکی خوڵقاندووە کە لە چەندین گۆشەوە ناسەقامگیری و توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێناوە و زیانی زۆری مرۆیی و ئابووریشی بەدوا بووە.

بەڕێز جەهانگیری لە بڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکەدا ڕووی قسەکانی لە ئامریکا و رۆژئاواییەکان کرد و رەخنەی ئەوەی لێگرتن کە ئەوان لە مەسەلەکانی مافی مرۆڤ، ئازادی گەلان، ئازادی سیاسی و رێکخراوەیی، بارودۆخی نالەباری زیندانەکان و زیندانیان و سەرکووتی خەڵک و زۆر زوڵم و ناعەداڵەتی دیکەی ناو کۆمەڵگای ئێران چاوپۆشی دەکەن و پێی وابوو هەوڵی ئەوان تەنها پرسی ئەتۆمی و بەدەستهێنانی چەکی ناوەکییە و مەسەلەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مافی مرۆڤ لەبیر کراون.

بەڕێز کاک ڕۆستەم لەو پیوەندیییەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی و مانەوەی نیزامەکەی ئامادەیە لەبەرامبەر هەموو گوشار و ئابڵۆقە سیاسی و داراییەکاندا ملکەچی بڕیارەکانی گفتوگۆکان بێت و ئەوەش تەنها بۆ ماوەی خۆی و بەفیڕۆدانی کاتە و هیچیتر.

جەهانگیری لەتەوەرێکی دیکەدا ٧٠هەمین ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەر باس و لەگەڵ پیرۆزکردنی ئەو یادە بە بایەخە لە مێژووی پڕ لەسەروەری حیزبی ڕوانی و ئاماژەی بەو دەسکەوت و پرەنسیپە نەتەوەییانەدا کە مێژوو لەسەر حیزبی دێموکراتی ساخ کردوونەتەوە.  وەک ” کۆماری کوردستان، دامەزرانی سوپای نیشتمانی، ناو و ئەرکی پێشمەرگە، خوێندن بە زمانی کوردی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان “.  لە درێژەدا بەڕێز جەهانگیری باسی لە سەربەخۆیی سیاسی حیزبی دێموکرات کرد و بە شانازییەوە ئەو پرەنسیپەی بە سیاسەتی ڕاست و دروستی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات زانی و پێداگری کردەوە کە لەگەڵ ئەوەی لە ڕابردوودا نرخمان بۆ ئەو سەربەخۆییە داوە، ئێستاش و لە داهاتووشدا لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام دەبین.

ناوبراو، سیاسەتی دەست تێوەردان و بڕیاردان لە جیاتی لایەنەکانی تری بە کارێکی نەشیاو و ناواقیعی زانی و وەسفی حیزبی دێموکراتی بەوە کرد کە لەو بارەوە کەمترین گلەیی و ڕەخنەی هاتۆتە سەر.  ناوبراو ئەوەشی باس کرد کە نەک لە باشوری کوردستان لەهیچ کاروبارێکی ئەو هەرێمەدا دەست تێوەردانیان نەبووە بەڵکوو لە پێناو خۆگرتن و پاراستنی ئەزموونەکەشیدا ئامادە بوون خەباتی چەکداری حیزبەکەیان ڕاگرن و بنکەکانیان لە سنورەکانەوە بۆ قوڵایی خاکی باشووری کوردستان بگوازنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆڵی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند کە رەچاوی ئەو خاڵەیان کردووە.

جەهانگیری لە پرەنسیپێکی دیکەی حیزبەکەیدا دوا و ئاماژەی بە ئەرکی نەتەوەیی و هەست بە بەرپرسیارێتی کردنی حیزبەکەی لە هەمبەر پرسی کورد لە هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستاندا کرد.  کاک ڕۆستەم گوتیشی ئەوەی کە هەردەم سیاسەتی داگیرکەرانە و دیکتاتۆرانەی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا مەحکوم کردووە و پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی بۆ پرسی ڕەوای گەلی کورد و هێزەسیاسییەکانی لە بەشەکانی خۆیاندا بە ئاشکرا دەربڕیوە حیزبی دێموکراتە، لەو پێوەندییەدا وەک نموونە باسی لە دوایین هەڵوێستی حیزبی دێموکرات کرد کە سەبارەت بە پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای حکومەتی هەرێم چووە بەرەکانی جەنگ دژ بە گرووپی تیرۆریستی “داعش” و لەسەر داوای ئەوانیش کشایەوە دوا.

ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە کە تا ئێستا رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتییەکان لە خەم و ئازاری سەرجەم پارچەکانی دیکەدا بەشدار بوونە و ئێستاش کاتیەتی کە دەبێ لایەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە.

هەربۆیە پێی وابوو کە حیزبەکەی ئەرکی خۆی تا ئێستا لە بەرامبەر براکانیان لە باشووری کوردستان بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و بە پێویستی زانی کە دەبێ رۆژهەڵات جوڵەیەک بدا بە خۆی.  بەڕێز جەهانگیری ئەو جوڵەییەشی تەنها لە خەباتی چەکداریدا نەدی، بەڵکوو پێی وابوو بە رۆیشتنەوە بۆ ناو خەڵک و خاکی رۆژهەڵات و لە نزیکەوە پشتیوانی کردن لە جوڵانەو و داواکانیان ئامانجی سەرەکی حیزبەکەیەتی.

هاوکات چالاکبوونەوەی حیزبی دێموکرات لە ڕووی چەکداری و سەربازییەوە بە پشتیوانییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقەڵەمدا.

بەڕێز جەهانگیری باسێکی لە رووداوەکەی ” کێلەشین” کرد کە دەسپێکی ئەو هەنگاوە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیەوە هەڵگیرسا.  بەڕیزیان وێڕای بەداخبوونی لە رووداوەکە، هیوای خواست کە دانیشتن و گفتوگۆکان بگەنە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پۆزەتیڤ.

سەبارەت بەو رێککەوتنەش کە ئێستا لە نێوانیان دا هەیە پێی وابوو دڵخۆشکەر دیارە لە کاتێکدا دەکرا کە بێ ئەوە هیچ لایەک زیانبار بێت لە رێگای وتووێژەوە پێکەوە بگەینە ئەو ئەنجامەی ئێستا. هاوکات پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە وەک حیزبی دێموکرات هەموو ئامادە بوونێکی گفتووگۆیان هەیە بەو مەرجەی هیچ مەرجێک رێگر نەبێ لەو خەباتەی ئێستای حیزب کە رووە و ناوخۆی کوردستانی ئێران هەنگاوی بۆ هەڵهێناوەتەوە.

تەوەرێکی دیکەی قسەکانی بەڕێز جەهانگیری تەرخان  کرابوون  بۆ باسێک لەسەر باروودۆخی نێوخۆیی حیزبی دێموکرات و مەسەلەی دانیشتنەکان لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو. جەهانگیری بە کورتی لەئاکام و داهاتووی جیابوونەوەکانی پێش دوایین جیابوونەوە دووا و چووە سەر باسی ئەو هەنگاوانەی بە کردەوە ڕێبەری حیزبی دێموکرات بۆ مەسەلەی لێک نزیک بوونەوە و تەنانەت یەکگرتنەوەش لەدوای کۆنگرەی پازدەهەمەوە هەنگاوییان بۆ هەڵهێنیاوە.

بەڕێز جەهانگیری گوتی ئێمە لەمەسەلەی دانیشتنەکان بۆ یەکگرتنەوە نەک هەر کۆسپمان دروست نەکردووە بەڵکوو هەموو هەوڵێکی خۆشمان داوە تا ئەو جێگایەی کە ئوسول و بڕیارە تەشکیلاتییەکان ڕێگامان پێدەدەن لەگەڵیان بکەوینە گفتوگۆ.  هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەوان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێیان وایە کە ناکرێ دوو هێزی سیاسی بە یەک ناو و کەڵک وەرگرتن لە هێمای هاوبەش و مێژووی هاوبەش لە پەنای یەک کاربکەن و بڕۆنە بەرەیەکەوە، هەر ئەوەشی بە بەربەستی سەرەکی ئەو پێکەوە کارکردنە وەک دوو حیزب و بەرەسمی ناسینە زانی.  

هاوکات پێوەندییەکانی ئێستای نێوانیانی بە دڵخۆشکەر زانی و ئاشکراشی کرد کە لەزۆر بواردا هەماهەنگی، ڕاوێژ و هاوکاری یەکتری دەکەن.

دوایین بەشی قسەکانی بەڕێز رۆستەم جەهانگیری بریتی بوو لە باسێک لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد. ناوبراو دەرەنجامی قسەکانی ئەوە بوون کە دەبێ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد نێوماڵی خۆیان لە هەموو پارچەکانی کوردستان یەک بخەن تا بتوانن بە هاوبەشی لە بەرەیەکدا پێکەوە کار بکەن.

پێشی وابوو کە هێزە سیاسییەکان ناچارن لە بارودۆخی ئێستادا پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی پشتیوانی و کۆدەنگی ڕای گشتی و وڵاتانی زلهێز بەدەست بێنن. ناوبراو نەشی شاردەوە کە پاوانخوازی هەندێک لایەن و جیابوونەوەی نێو حیزبەکان کاریگەری لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی داناوە و هەر بۆیەشە کارەکانی کۆنگرە ناڕۆنە پێش.

دوابەشی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و تێبینی بەشداربووان کە دواتر لە لایەن بەڕێز رۆستەم جەهانگیرییەوە وەڵام درانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید

٢٤ ـ ٧ ـ ٢٠١٥

      

 

 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی