"an independent online kurdish website


لە لێڕێکی چڕ و بژوێن و خۆشدا

لە ژینێکی بە کەیف و پڕ خرۆشداrasul_sultani

هەموو جۆر گیانلەبەر دەژیان تەبایی

مشوور خۆر و بە رادەی دڵنیایی

هەتا شێر خۆی لە هەمووان کردە پاشا

لە مەزنی و گەورەیی وان کەوتە حاشا

هەمووی یەکسەر بە کەم زانین و چاوی

لە گۆشتیان بوو لەگەڵ تاسەی هەناوی

یەکی لێ کردنە جەلاد و سیخوڕ

لە دایکی خۆی گومانی بوو کچ و کوڕ

ئەوی گیانی لەبەردا بوو و لەوێ بوو

لە نیسێی خۆی دەترسا و ترسی لێ بوو

ئیتر گشت گیانلەبەر لەو کارە هەڵچوون

لە زوڵمی شێر لە دارستان وەڕەز بوون

هەموو ساغبوونەوە شۆڕش بە پا کەن

دژی شێر رابن و ئەو دۆخە چا کەن

وەڕێ کەوتن بڕۆن بۆ جێیەکی دی

بڕۆن و ئاوەدان کەن دێیەکی دی

بە هەوراز و نشێواندا گەڕان زۆر

هەتا ئاوابوو تیرێژی گەشی خۆر

لە پشت گردێ هەڵیان دا خێوەتی ژین

لە دەوری خۆ هەڵیانبەس کوچک و پەرژین

بەیانی کەوتنە دەنگدان و تەگبیر

کە دیاری کەن کەسێ زانا بێ هەم ژیر

گوتیان پێویستە سەرکردە کەسێ بێ

لە تەنگانەی ژیان فریادڕەسێ بێ

یەکێ لەو نێوەدا دەنگی هەڵێنا

گوتی قوربان ئەوەی فەرمووتە هەر نا

دەبێ رێبەر کەسێ ماندوو نەناس بێ

کەسێ دایم هەوێنی دەنگ و باس بێ

دەبێ پێودانگی دیکەش کەین دیاری

کە رێبەرمان بباتە کۆشکی باری

یەکیان هێنا سەروسەکتێکی ناحەز

بەڵام وەک ماینی کەحلانێ خۆشبەز

گوتیان ئاغا گەلێ زەحمەت دەکێشێ

لە هیلاکی دەمێ نایێتە پێشێ

خەریک بوون دەنگ بدەن کە خوا گەیاندی

بەڵام گوێدرێژ لە ناکاوێ زەڕاندی

گوتی وەمزانی کام ژیرە و لەسەرخۆ

دەبێتە رێبەر و پاشای کەژ و کۆ

ئەمن وەمزانی پێوانگ ئەقڵ و فامە

مشوورخۆری خەبات و ترس و سامە

بەڵێ لام وابوو کام زانا و جەسوورە

بە زاکوون و بە تەگبیر و مشوورە

دەبێ ئەو رێبەری رێگەی نەجات بێ

دەبێ ئەو سیمبولی ژین و خەبات بێ

کەچی وەدیارە ئەو پێودانە لێرە

زیانی بۆ پەزە و بۆ ئێوە خێرە

بەڵێ پێودانگ ئەگەر هەر ماندووبوونە

زەڕین و کاری قورس و هاتووچوونە

ئەگەر کێ ماندووتر بوو ئەو لەسەر بێ

ببێتە رێبەر و دەفعی خەتەر بێ

کەسێ لەو نێوە لەو شوێنە و لە جێتان

ئەوەندەی من شەکەت نەبووە لە رێتان

لە هەوراز و نشێوان بارو لێنام

تفاق و نان و جۆتان پێ دەهێنام

لە کوێ یەکتان پەکی کەوتا دەمودەس

دەتانگوت جا چ قەیدی وا کەرێ هەس

لە هەر جێ کێ بڕستی لێ بڕاوە

لە سەر پشتم تەواو ماندووی حەساوە

وەرن سەیری بکەن ژینی گەشی من

لە پاش ئێوە دراوە هەر بەشی من

بەڵێ بەڵگەم لە بۆ ژین و پشووتان

کە سێبەر بووم لە سەر ژینی هەمووتان

بە ئەو پێودانگە بێ ئاخر قسەی خێر

هەقی خۆمە بڵێم دەبمە سکرتێر

 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی