کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نیوان رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ولاتانی پێنج کۆ یەک بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەبەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: “رابردوو نیشانی داوە لەو جۆرە حاڵەتانەدا سەركوتو فشار بۆ سەر خەڵك بەرینترو زیاترو بێبەزییانەتر دەبێ و لە دەرەوەی وڵاتیش رێگا دەدات كۆماری ئیسلامی ئێران بە رێژەیەكی بەرچاوتر لە پێشوو یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچە وەك بەشارئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكانی یەمەنو باقی گرووپە تیرۆریستییە وردو درشتەكانی بدا”.
دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانە بەڕێزەكان!
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
لەرەوتی زیاتر لەدوو دەیە هەوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاركردن لەسەر پڕۆگرامی ناوکیی بە مەبەستی دەستپێراگەیشتن بە چەكی ناوکیی كە بە شێوەیەكی نهێنی و بەدوور لە چاوی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بەڕێوەی دەبرد، پاش ئاشكرا بوونو لەقاودانی ئەو هەوڵەی رێژیم كە نیگەرانی كۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوای لێكەوتەوە. هەر بۆیە كۆمەڵگای جیهانی بۆ پێشگرتن لە دەست پێڕاگەیشتنی كۆماری ئیسلامی بە چەكی ناوکیی زنجیرە گەمارۆیەكیان بە كۆ و بە تاك لە رێگای دام و دەزگا نێونەتەوەیییەكان خستە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو گەمارۆیانە هەرچەند هەر لە سەرەتاوە شوێنی خۆیان لەسەر ئابووری ئێران دانا، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران هەر بڕیارێكی لەو پێوەندییەدا بە “كاغەز پارە”و هەر ئاكامێكی ئەو گەمارۆیانەی لەبەرژەوەندی ئابووری ئێران و گەیشتن بە “خودكفایی” رادەگەیاند، ئەو رەوتە لە باس و خواستی ناوکیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی ماوەی نزیك بە دوازدە ساڵی خایاند تا سەرئەنجام ئاكامی گەمارۆكان زۆر بەرین و شوێندانەرتر بوون لەسەر ئابوری و وەزعی رێژیم و ناچاری كرد بە جیددی بچێتە پشتی مێزی وتووێژ و بۆ خۆ رزگاركردن لە ئاسەواری رووخێنەری ئەو گەمارۆیانە لەسەر خۆی، هەنگاو هەڵبگرێ.
رەوتی دانیشتن و وتووێژی جیددیتر لەسەر پرسی ناوکیی ئێران نزیك بە ٢٢ مانگی خایاند و سەرەئەنجام رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٤/٧/٢٠١٥ی زایینی دوو لایەنی دانوستانكار رێككەوتنو نێوەڕۆكی رێككەوتنامەكەیان مۆر كرد كە بە رواڵەت هەموو لایەكی پێوەندیدار بەم مەسەلەیە پێی رازین. رێكەوتنێك كە نە هەموو ئامانجەكانی رۆژئاواییەكانی بۆ هەمیشە دابین كردووە و نە بەرزەفڕی و داخوازییەكانی كۆماری ئیسلامی بە پەلە و دەستبەجێهێناوەتە دی.
نێوەرۆكی رێككەوتنامەكەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێرانو ١+٥ بۆ رۆژئاواییەكان لە ئەگەری پابەندبووونی كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو بەندەكانی ئەو رێككەوتننامەیە، دابینكەری ئەو مەبەستەیە كە ئەگەر نەك بۆ هەمیشە، بەڵكوو بۆ ماوەی چەند ساڵ مەترسی دەست پێڕاگەیشتنی كۆماری ئیسلامی ئێران بە چەكی ناوکیی بڕەوێنێتەوە. بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگری ئەم پەیامەیە كە گەمارۆكان نەك بەمجۆرە كە كۆماری ئیسلامی خوازیاری بوو، بەڵكوو لە مەودای زەمانێكی دیاریكراودا لەسەر لابچن یا لەسەری سووك بكرێن.
لە هەولومەرجی دوای قەبووڵی ئەو رێككەوتنامەیەداو سوك بوون یا لاچوونی گەمارۆكان كۆماری ئیسلامی ئێران نەك خەڵكی ئێران، پشوویەكی تازەی دێتەوە بەر و بە ئازادبوونی دارایە بلوككراوەكان و فرۆشی نەوتی زیاترو داهاتی پتر دەستی لە باری ئابووریەوە ئاوەڵەتر بێ، لەو بارەوە هێندێكەسو لایەن وای لێكدەدەنەوە كە ئەم وەزعە شوێن لەسەر باشبوونی وەزعی ژیانو گوزەرانی خەڵك دادەنێ، لە حاڵێكدا بە ناسیاوییەك كە لەسەر نێوەرۆكی كۆماری ئیسلامی و سیاسەتو كردەوەكانی تا ئێستای لە دەست دایە پێشبینی دەكرێكە لانی هەرە كەمی ئەم ئابوورییە چاوەڕوان كراوە بۆ لای خەڵكو بە قازانجی ژیانو گوزەرانی خەڵك بێو بەشی هەرە زۆری لە نێوخۆی وڵاتدا بۆ دەزگا سەركوتكەرەكان، ئەمنییەكان، ئیتلاعاتو دامەزراوزەكانی دیكەی سەر بە رێژیم و بە تایبەت سوپای پاسدارنی ئینقلابی ئیسلامی ئێران تەرخان بكرێتا لەسەر مانەوەی رێژیمو سەركوتی ئاوادیخوازانو تەنانەت جیابیرانی نێو رێژیم شێلگیرترو پێداگرتر بن.
رابردوو نیشانی داوە لەو جۆرە حاڵەتانەدا سەركوتو فشار بۆ سەر خەڵك بەرینترو زیاترو بێبەزییانەتر دەبێ و لە دەرەوەی وڵاتیش رێگا دەدات كۆماری ئیسلامی ئێران بە رێژەیەكی بەرچاوتر لە پێشوو یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچە وەك بەشارئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكانی یەمەنو باقی گرووپە تیرۆریستییە وردو درشتەكانی بدا، بەهێزبوون و پشت ئەستووربوونی ئەوانەش بە كۆماری ئیسلامی ئێران بە مانای درێژەكێشانی ئاژاوەو شەڕو ئاوارەییو وێرانی لە ناوچە دەبێ.
بە واتایەكی دیكە دەست ئاوەڵەبوونی كۆماری ئیسلامی لە باری ئابورییەوە وەك ئاكامێكی ئەو رێككەوتنامە ئەگەر لە لایەك تا رادەیەك نیگەرانی رۆژئاواییەكان لەدەست پێڕاگەیشتنی كۆماری ئیسلامی بەچەكی ناوکیی دەرەوێنێتەوە، بە پێچەوانەوە نیگەرانی خەڵكی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستو وڵاتانی ئەو ناوچەیەو هاوپەیمانەكانی ئەوان لە رۆژئاوا لە دەخاڵەتو دەستێوەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانتر دەكاو چوونكە بەربڵاوتربوونی ئاڵۆزییەكانی ئێستایی ناوچەی لێدەكەوێتەوە. بەتایبەت كە وێدەچێئەم رێككەوتننامە ناوکیییە بە جۆرێك پێوەندی سیاسی و دیپلوماتیكیشی بەدوای خۆیدا بێنێ كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكەڵك وەرگرتن لەو پێوەندیانە زیاترو چالاكتر لە پێشوو سەركوتی ئازادیخوازانی ئێران بگرێتەبەرو لە ناوچەشدا ئاژاوەگێڕی و دەخاڵەتەكانی خۆی پەرەپێ بداو لە ئاست هەموو ئەوانەدا بە بێدەنگی و بێتەفاوەتی رۆژئاواییەكان لە لەقاودانی ئەم سیاسەت و كردەوانەیدا دڵنیا بێیا كەمتر بۆی گرینگ بێ.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستیە كە رێككەوتننامەی كۆماری ئیسلامی ئێرانو ١+٥ تەنیا مەسەلەی ناوکیی رێژیمی لە خۆ گرتووەو مەسەلەی دەخاڵەتو دەست تێوەردانی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتانەی ناوچەو پێشێلكردنی مافی مرۆڤو مافی نەتەوەكانو مافی ژنانو سەركوتی بەردەوامو بێسنووری ئازادیخوازانی ئێرانی لە نێوخۆدا نەگرتوەتەوە نییە و باسێكی پێشگیرانەیان لێنەكراوە دەكرێ بە راشكاوی بڵێین ئەگەر ئەو رێككەوتنامەیە تا رادەیەك كێشەی كۆماری ئیسلامی ئێرانو ١+٥ ی لە سەر مەسەلەی ناوکیی چارەسەر كردووە، كێشەی خەڵكو نەتەوەكانی ئێرانیو ئازادیخوازانی ئەو وڵاتەو تەنانەت كێشەی وڵاتانی ناوچەش لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەر لە جێگای خۆیاننو لە داهاتوودا رەنگە پەرەگرتوویی زیاتریش بە خۆیانەوە ببینن.
لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ٧٠ ساڵ خەباتی بێپسانەوە و بەردەوام بۆ دابینبوونی دێموكراسیو دابینبوونی مافی نەتەوایەتی كوردو هێنانە دی عەداڵەتو دادپەروەری و مافی ژن لە ئێراندا كە وەك پێش ئەو رێككەوتنامەو تەنانەت پێش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیش بۆ ئەو بەها جیهانیومرۆییانە لە تێكۆشاندا بووە لە داهاتووشدا شێلگیرانە خەباتیان بۆ دەكاو لەسەر رێبازی خۆی سوور دەبێ و رێگای خەبات تا سەركەوتنو گەیشتنی بەو بەهایانە بە پشتبەستن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەپێوێ.
ئەو راستیەش لەبەرچاوە كە ئەگەر بە دوای ئەو رێككەوتنەدا تەنانەت ئاڵوگۆڕ لە چالاكی ناوکیی كۆماری ئیسلامی ئێراندا پێك بێئاڵوگۆڕ لە سیاسەتو كردەوەو نێوەڕۆكی رێژیمدا پێك نایەو هەر ئەوەش مەترسی رێژیم بۆ سەر كۆمەڵگایی جیهانی لە جێگای خۆی دێلێتەوە. بۆیە پێویستە وڵاتانی رۆژئاواییو ئامریكا ئەو راستیە لەبەرچاو بگرن و ئەو بەها مرۆڤیانەی وەك دێموكراسی، مافی نەتەوەكان و… نەخەنە ژێر سێبەری ئەم رێككەوتننامەیە.
خەباتی كورد لەكوردستانی ئێران خەباتێكی رەوایە بۆ مافێكی ئینسانی، نەتەوایەتی و ئازادیخوازنەیە. خەباتێكە بە رابردوویەكی روونو بە داهاتوویەكی گەش، بۆیە ئەو خەباتە تا دابینبوونی دێموكراسی، مافی نەتەوایەتیو هاتنەدی عەداڵەتو دادپەروەری هەر بەردوام دەبێبێكارتێكەری بەرژەوەندی هیچ سیاسەتو لایەنێكی دەركی. تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو رۆڵە خەباتگیرەكانی كورد لەو خەباتەدا كاریگەری مێژوویی خۆیان نیشان دەدەن.
هیوادارین ئوگرانی دێموكراسیو ئازادیخوازان لە ئێرانو بە تایبەت حیزبو رێكخراوەكانی كوردستانی بە واقیعینیو چاوكراوەییەوە بڕواننە ئەم مەسەلەیە بە بێهیچ دوودڵیو ڕاڕاییەك لە رەوتی خەباتی دژی رێژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی ئێران جیددیتر هەنگاو بنێنو لە پێناو رووخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانو هێنانە دی ئاواتو ئامانجە ئینسانیو نەتەوەییەكانی گەلانی ئێران هەروا شێلگیرو پێداگر بن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣٩٤/٤/٢٦ی هەتاوی
٢٠١٥/٧/١٧ی زایینی