"an independent online kurdish website

ساڵەکان دەرۆن و تەمەن هەڵدەکشێ خۆشی و ناخۆشیەکان کۆن دەبن بەڵام لەبیر ناچنەوە بەتایبەت ناخۆشیەکان، بەتایبەت لەدەست دانی ئازیزان،halime-ismaili

بەڵام قانونی تەبیعەت و سروشتی ئینسانەکان وایە پێویستە خۆیان قەناحەت بەخۆیان بێنن یا باشتر بڵێم کە هیچت پێ نەکرێت و ژیانیش بەردەوام بێت.  هەوڵ دەدەی کە خەمەکان لە یاد بکەی یان  خۆت فریو دەی بۆ هەڵاتن لە دەست خەمی لە دەست دانی ئازیزان بەڵام کورد گۆتەنی هەر قامکەی خۆێنی خۆی لێدێت. زۆر کەس هەن و بینیومن و لە گەڵیان دواوم، کەسم نەبینیوە بۆ ساتێکیش خۆشەویستی لە دەستچووی خۆی لەبیر چوو بێت.  ئەوەی راستی بێت کە ژیان بەردەوامە مرۆڤ بۆ بەردەوامی خۆی دەبێ شان وەبەر داو لە گەڵ خەمەکان بەشەر بێت، چۆک دانەدات بۆ شتێک کە لەدەستی خۆی دا نییە و هیچی لەدەست نایەت ئەویش لەدەست دانی خۆشەویستانە خۆزگم دەخواست کە بۆ گەڕانەوەی کۆچ و لەدەست دانی ئازیزان هەموو ئینسانەکان هەر چی لە دەستیان هاتبا کردەبایان ئەوکات کەس کۆتایی نەدەکرد و من یەکێک لەو کەسانە دەبووم بۆ گەرانەوەی براکانم شەهیدان رحیم و محمود ئیسماعیلی و خۆشەویستەکەم حەسەن پورخزری کە خۆڵی هەموو دونیام بەسەر خۆم دادەکرد بۆ هێنانەوەیان بەڵام داخی گرانم شتی وا نییە و ناکرێ. ئیمەش بەدوای وان دا دەرۆین و ناگەرێنەوە .

 لە سەرماو سۆڵ و سەهۆڵ بەندانی بناری قەندیلی قەڵای شێرە کوڕانی دێموکڕات دا لە بەفرانباری ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی کە تازە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران  لە گەورەدێ را  هاتبوو بۆ دۆڵی شەهیدان واتا بۆڵێ و ئەستێرۆکان و ئینزێ لە بناری قەندیل کە لە رۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٣٦٦ دا کاتژمێر یەک و چارەگی نیوەرۆ کە زۆر ساردو سەرماو کرێوە بوو،  تازە نانی نیۆەرۆمان خۆارد بوو، حەسەن لە پێشمەرگەکانی بیستبوو کە لەو سەرمایەدا دەستە کەوێکی زۆر لە نیزیک ماڵی خۆمانن. وتی دەچم بۆ راوەکەو  لە گەڵ ئەوەی کە زۆرم داوا لێ کرد کە نەچێ بەڵام قەدەر وابوو هەر دەبوو بروات. حەسەن رۆیشت و لەوکاتەدا بەداخەوە کەوتینە بەر بۆمبارانی فرۆکە کورد کوژەکانی کۆماری سێداری ئاخوندی ئێران و  داخی گرانم، هاوژیانی خۆشەویستم حەسەن پورخزری کادری لێوەشاوە و دەنگخۆشی حیزب شەهید بوو  و سێ پێشمەرگەش بە سووکی بریندار بوون.

hassan-purxzri-zemawend

چواردە مانگ لە زماوەندەکەمان تێنەپەری بوو،   ئاکامی کوڕمان تەمەنی  چوار مانگ و دە رۆژ بوو کە بابی شەهید بوو. ناخۆشتر لەوەی بەو تارایەی کە بە سەری منیان دادابوو بە بووکی هەر ئەو تارایەشیان بەسەر شەهید حەسەن دادابوو و بردیان بە خاکی پیرۆزی کوردستانیان ئەسپارد و دڵتەزێنتر لەوەی شایەکەمان سێ شەممە بوو، شەهید بوونی حەسەنیش هەر لە رۆژی سێ شەممەدا بوو. زۆر جار ئەوەندە شتەکان بە پێجەوانە دەبن تەنیا بەشەرە خۆی رادەگرێت ئەگینا زۆر ئاستمە نووسین و گێرانەوەی هەر چەند ٢٨ ساڵی بەسەر دا تێپەرێوە بەڵام هیچ کات کۆن نابن و لە بیر ناچنەوە.

 ئاکامی چۆار مانگ و دە رۆژی ئەو کات و یادگاری خۆشەویسترین کەسم شەهید حەسەن ئیستا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە،  کورێکی نیزیک بە شەش مانگانەی خنجیلانە و جوانی هەیە و بەخۆشیەوە لە گەڵ ئەویکە ٧ ساڵ لە تورکیە ماینەوە و مافی چوون بۆ قوتابخانەی نەبوو ئێستا لە وڵاتی نۆرۆێژ ساڵی کۆتایی دانیشگای دەخۆێنی و تەواو دەبێت.

akam-purxzri

 ئاواتە خۆازم بتوانێت جێگای بابی بگرێتەوە، گۆڵێک ىێت لە ناو گۆڵان بۆ خزمەت بە گەل و نیشتیمان، کوردستانی خۆشەویستمان کە ئەو هەموو لاوە ناسک و نازدارە خۆێنی خۆیان پێشکێش کردوە.  هەزاران سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهید حەسەنی پورخزری خۆشەویستم  و براکانم و هەموو شەهیدانی سور خەڵاتی کوردستانی بەخۆێن رەنگینم مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو دوژمنانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان .

 بە پێویستی دەزانم سوپاسی زەحمەت و پشتیوانی ماندو بوونی هاوسەری بەڕێزم یەحیا موحەممەدی بکەم کە لە پێگەیاندنی ئاکام دا وەک بابێکی دڵسۆز و مێهرەبان پشتی گرتم و لە هیچ شتیک کۆتایی نەکرد دەتوانم بڵێم شەهید حەسەنیش مابا هەر ئەوەی دەکرد بۆ ئاکامی کە یەحیا کردی هیوادارم سێبەری لە سەر سەرمان کەم نەبێت.  تا دەمرم لە بیرمە و جێگای رێزو خۆشەویستیمانە .

 hasan-purxzri

halim-ismaili-yehia

2015/01/03

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی