داگیرکه‌رانی کوردستان به‌رده‌وام له رێگای ده‌ست و پیوه‌ندیه‌کانیانه‌وه به شێوه‌گه‌لی جورواجور حه‌ولی سرینه‌وه‌ی هێما نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی کوردستان ده‌ده‌ن
و ئه‌وه‌ی که بۆنی یه‌کڕێزی و یه‌کگرتوویی کوردی لێوه بێت به هه‌موو تواناوه له گه‌لی دژایه‌تی ده‌که‌ن. له لایه‌که‌وه عه‌لی باپیره‌کان راده‌سپێرن که سووکایه‌تی به سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب بکه‌ن و له لایه‌کی دیکه‌وه خه‌ڵکی به ناو روناکبیرو موفه‌سێر رادسپێرن که دوردونگی بۆ ئالای کوردستان که ره‌مزی یه‌کگرتوویی کورده دروست بکه‌ن.
ئالایه‌ک که پێشه‌نگایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان ده‌کات بوه‌ته چقلی چاوی داگیرکه‌رانی فارس وتوانای دیتنیان نیه . بی گومان به هه‌ڵکه‌وت نیه که راست له‌و کاته‌ی که ئالای کوردستان له لایه‌ن تورکیه‌وه دانی پێدا ده‌نرێت و له لایه‌کی دیکه‌وه کانتون‌نشینه‌کانی پ‌کاکا له رۆژئاوای کوردستان سووکایه‌تی به‌و ئالایە ده‌که‌ن ئه‌و باسه له لایه‌ن هێندێک که‌سی سه‌ر به پ‌کاکای هاوپه‌یمانی ئێرانەوە دێته ئاراوه. ئه‌گینا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ئەو که‌سه‌ی که له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا ئه‌رکی ئه‌م کاره‌ی به ئه‌ستۆ گرتوه بۆ کاتی خۆی که له فلانه حیزب‌دا ئه‌ندامی رێبه‌ری بوو ده‌نگی به‌و ئالایه دا که ئێستا به ئالای بارزانی ناوی ده‌با. ئه‌ی ئه‌و کاته بۆ باسی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد که ئالای کۆمار له گه‌ڵ ئه‌م ئاڵایه جیاوازه؟
بو کوردانی نیشتینمانپه‌روه‌ر گرنگ نیه که ئالای هه‌ڵبژیراوی به‌ڕێز ئۆجالان بکرێته ئالای کوردستان یان ئه‌و ئاڵایه‌ی پارلمانی باشوور. گرنگ ئه‌وه‌یه که هێمایه‌ک بۆ یه‌کگرتوویی و یه‌کرێزی کورد له دنیادا هه‌بێت. دلسوزانی نه‌ته‌وه و خاکی کوردستان ئاڵا ناکەنە کیشه و ره‌مزی دووبه‌ره‌کی به‌ڵکوو به رێزلینان و قه‌بوولکردنی بڕیاری پارلمانی کوردستان رێزه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی خویان به پێشه‌نگایه‌تی ئه‌و ئالایه پته‌وتر دەکه‌ن. بڕیاری کۆتایی له سه‌ر ئالای کوردستان دەهێلینه‌وه بۆ دوای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان.
ئه‌و ئالایه‌ی که پارلمانی باشووری ولات بریاری له سه‌ر داوه جیاوازیه‌کی له گه‌ل ئالاکه‌ی پێشه‌وای کوردستان نیه و ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی که گوڵه گەنمه‌که و پارچه‌کە‌ی ده‌وری و هه‌روه‌ها قه‌ڵه‌می سه‌ر ئالاکه ماهییه‌تی وجودی خۆیان له ده‌ست داوه له زه‌مینه‌ی ئالاکه که‌م کراونه‌ته‌وه. زۆرێک له ولاتە گرنگه‌کانی دونیا وه ک روسیه، ئیتالیا، ئنگلیس، ئالمان و فه‌رانسه ته‌نانه‌ت هیچ چه‌شنه هێما یان لۆگۆیه‌ک له سه‌ر ئالاکه‌یان نیه و ئالاکانیان ته‌نیا له سێ ره‌نگی سه‌ره‌کی پێک هاتوون و هێندێک له‌و ولاتانه وه‌ک ئاڵمان و ئیتالیا لۆگۆی سه‌رئالاکانیان که پێشتر هه‌بوە ئیستا بە تەواوی لا بردوه. لابردنی لۆگۆی سه‌ر ئاڵای ئه‌و ولاتانه هیچ جەشنە دژایه‌تی‌یەکی له لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌و ولاتانه‌وه له گه‌ل نه‌کراوه. خه‌ڵک و ئه‌حزابی ئالمانی شه‌رقی دوای تێکه‌ل بوونه‌وه له گەڵ ئاڵمانی غه‌ربی هیچ چه‌شنه پێداگری‌یه‌کیان له سه‌ر ئاڵاکه‌ی خۆیان نه‌کردوو زۆر به راحه‌تی قبوولیان کرد که لۆگۆی ئالاکه‌شیان که ره‌نگ و بۆی دونیای کمۆنیستی یەکییه‌تی سوویه‌تی جارانی له سه‌ر بوو حه‌زف بکرێت. هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا بۆ چرکەساتێک به بیر‌و مێشکیانا نه‌هات که ئالا بکه‌نه هۆکاری دووبه‌ره‌کی. ئه‌وه‌ی که پارلمانی کوردستانیش به‌شێک له لوگوی سه‌ر ئالای کوردستانی که وه‌ک لۆگۆی ئاڵمانی شه‌رقی ره‌نگ و بۆی دونیای کمونیست و یه‌کییه‌تی سوویه‌تی جارانی له سه‌ر بوو لابردوه و ته‌نیا خۆره‌که‌ی هێشتوته‌وه له دونیادا هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێ کرد کارێکی نوێ نیه و ئاسایی‌یە و زۆر به جێ بوه. ئێمه‌ی کوردیش وه‌ک ئالمانیه‌کان و هه‌موو گه‌لانی دونیا دەبێ ئالا بکه‌ینه ره‌مزی یه‌کبوون و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌ک ئه‌وه‌ی که حه‌زفی لۆگۆیه‌کی کۆن به ره‌نگ و بۆی یه‌کییه‌تی سوویه‌تی جاران بۆ دڵخۆشی فارس بکه‌ینه که‌ره‌سته‌ی دووبه‌ره‌کی خه‌ڵکی کوردستان.
باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ناکرێ چورا کوردستانی سه‌ربه‌خۆ ئالایه‌کی وەک یەکیان هه‌بێت. له هیچ یاسا و رێسایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی باسی ئه‌وه نه‌کراوه که ئالای ولاتان نابی لیکچوونیان هه‌بی یان وه‌ک یه‌ک بن. هه‌ر بۆیه چوار به‌شه‌که‌ی کوردستانیش له ئه‌گه‌ری بوونی چوار وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کوردستانیشدا ده‌توانن ئالای وه‌ک یه‌کیان هه‌بێت و که‌سیش ئێعتراز نه‌کات، ئه‌وه‌تا هه‌ر ئیستا دوو ولاتی سه‌ربه‌خۆی چاد و رومانی ئالاکه‌یان به ته‌واوی وه‌ک یه‌که‌و هیچ کێشه‌یه‌کیش له سه‌ر وێکچوون و یه‌کبوونی ئاڵای ئه‌و دوو ولاته پێش نەهاتوه.
ئه‌و که‌سه‌ی که بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت ره‌خنه له‌وه ده‌گرێ که پارلمانی باشوور ته‌نیا پارلمانی چوار ملیون که‌سه، ده‌بی خۆی لەوەش گێل نەکا که ئالای کوماری کوردستان له مه‌هابادیش که ئه‌و له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا کە هیچ زەرورەتیکیش نیە پێداگریی له سه‌ر ده‌کات ته‌نیا ئالای که‌متر له ملیونێک حه‌شیمه‌تی ئه‌وکاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری کوردستان بوو. پرسیار ئه‌وه‌یه که چونە بریاری ملیونێک کوردی ژێر ده‌سه‌لاتی کۆماری کوردستانی پێ ”وەحی مونزەلە” به‌لام بریاری نوینه‌رانی چوار ملیون کوردی باشووری بە لاوە گرنگ نیە؟
جێی داخه که هه‌موو گه‌لانی دونیا له هیما و ئالای هاوبه‌شیان بۆ یه‌کگرتوویی و ئنسجامی نه‌ته‌وه‌یی که‌ڵک وه‌رده‌گرن که چی له نه‌کبه‌تی و چاره‌ڕه‌شی ئێمه‌ی کورد که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که راست به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دونیا هێما و ئالای نه‌ته‌وه‌یی که ره‌مزی یه‌کگرتوویی ناوخۆیی گه‌لانه ده‌که‌نە بیانوو و که‌ره‌سته‌ی لێکترازان و دووبه‌ره‌کی خستنه‌وه له ناو به‌شه‌کانی کوردستان.
بۆ تاکی نه‌ته‌وه‌یی کورد گرنگ نیه که هاوشاری و هاونیشتیمانانی به‌شه کوردستانەکه‌ی ئه‌و بڕیاری په‌سند کردنی جۆری ئاڵایان داوه یان هاونیشتیمانانی به‌شێکی دیکه‌ی کوردستان. ئه‌گه‌ر بڕوامان به نه‌ته‌وه‌یه‌کی هاوبه‌ش هه‌یه بۆ ده‌بێ منی مه‌هابادی به لامه‌وه سه‌خت بێت که هه‌ولێریه‌ک بڕیارم بۆ ده‌ربکات. گۆمانم نیه ئه‌وکه‌سانه‌ی که به‌م شێوه دژی هاونشتیمانانی خۆیان له به‌شه‌کانی دیکه کوردستان هه‌ڵوێست ده‌گرن قه‌ت تا ئه‌م راده‌یه دژایه‌تی ئاڵای فارسیان نه‌کردوه که ده‌یان ساڵه له سه‌ر سه‌رمان هه‌ڵدراوه و ئسفهانی و تارانی بڕیاریان له سه‌ر داوه.
جیاتی ئه‌وه‌ی که ئه‌م باسه ده‌که‌نه کێشه‌یه‌کی نوێ با وزه و توناکانمان بۆ یه‌کڕێزی نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان بکه‌ین و به نووسین و تێکۆشان جیلی نوێ و گه‌نجانی وڵات له خۆماڵی نه‌بوونی ئاڵای شیروخورشیدنشان و ئه‌ڵڵا نشانی فارس ئاگادار بکه‌ینه‌وه. ئه‌و که‌سانه‌ی که پرسیار ده‌خه‌نه سه‌ر ئالای کوردستان ئایا تا ئیستا چه‌ند بابه‌ت یان مه‌قاله‌یان دژی هه‌ڵکرانی ئالای فارس له کوردستان نووسیوه؟ خۆ به باشی ئاگادارن که ئیستاش به هه‌زاران و بگره ملیونان که‌س له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاڵای فارس به ئالای خۆیان ده‌زانن و رێزی لێ ده‌گرن که ئه‌مه کاره‌ساته و ده‌بی ئه‌م کاره‌ساته ببێته بابه‌ت و رۆژه‌ڤی رۆژنامه‌نووس و ته‌حلیلگه‌ری کورد نه‌ک ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
به ره‌سمی ناسینی ئالای کوردستان له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه له مه‌حافلی روژنامه‌نووسی و میدیای فارسه‌کان چ له ناوه‌وه چ له ده‌ره‌وه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو، بۆ وێنه به‌ڕێوه‌به‌ران و کارمه‌ندانی بی‌بی‌سی فارسی ناراسته وخۆ بێزاری خۆیان له به ره‌سمی ناسین ئالای کوردستان له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه نیشاندا. پرسیار خستنه سه‌ر ئاڵای کوردستان له‌م کات وساته‌دا و گه‌رماوگه‌رم دوای سه‌فه‌ری بارزانی بۆ تورکیه ناراسته‌وخۆ به مه‌به‌ستی دڵخۆشکردنی بی‌بی‌سی‌چیه‌کان و کورد گوتنی کلکه‌سووته کردنێکە بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی بی‌بی‌سی و رووناکبیران و رۆژنامه‌نووسانی دیکه‌ی فارس.
کوتا قسه ئه‌م پرسیاره‌یه که: داخوا دژایه‌تی ئالای کوردستان و هاو قسه و هاو هه‌ڵوێست بوون له گه‌ڵ فارس‌نیوز له ناوه‌وه و بی‌بی‌سی له ده‌ره‌وه ده‌چێته خانه‌ی کام به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کورد و چ قازانج و ده‌سکه‌وتێکی بۆ تاکی به ناو رۆژنامه‌نووس و بە ناو ته‌حلیلگەری کورد هه‌یه؟
خۆزگه ئه‌و هەموو نیزیکایه‌تیه‌ی کاکی ته‌حلیلگه‌ر له گه‌ل فارسه‌کان ئه‌م دوو به‌یته‌ی مەولوی و نێزامیه‌کەی ئه‌وانی فیرده کرد که ده‌ڵین:
ما برای وصل کردن آمدیم… نی برای فصل کردن آمدیم.
امیدورا بود آدمی به خیر کسان …مارا به خیر تو امید نیست شرمرسان.
رەحمەت عەزیزی