Hoppa till innehåll
Hem » بە ڕاگەیاندنی سەرخۆش و بە حیزبی نەخۆش دەوڵەتی کوردیی پێک نایەت؟!، عارف شێخ ئەحمەدی

بە ڕاگەیاندنی سەرخۆش و بە حیزبی نەخۆش دەوڵەتی کوردیی پێک نایەت؟!، عارف شێخ ئەحمەدی

چەند بابەتێکم لە میدیای عەڕەبیدا نووسیی و بڵاو کردەوە و داوای هاوپشتیم لە کۆمەڵەێ وەڵاتانی عەڕەبی کردبوو بۆ درووست بوونی کیانێکی سەربەخۆیی کوردیی.aref-shexahmadi-0

بەڵام زۆر جاران کورد گوتەنی کاری بەپەلە لاقێکی شەلە، هەست دەکەم پەلەم کردبێت، بیردەکەمەوە کە داوای شتێکم کردووە کە زۆر سەرکردەی سیاسی کورد بە محاڵ و خەونی گەورەیان زانیوە. ئاخۆ دەبێ ئەوان چۆنیان لێکدابێتەوە کە ڕاستەوخۆ و لە میانەی شۆڕشی نەتەوەیی و چینایەتی کورد دا لە جیاتی موژدەی سەرکەوتن و بە دەوڵەتبوون خۆیان بە سارد و سڕی و بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ئەم نەتەوەیە شۆڕشگێڕە و بەڵام شۆڕشگێڕانی ناتوانن گەلەکەیان بگەیێنن بە دەوڵەتی سەربەخۆ.

ئەم پرسیارە و دەیان پرسیاری دیکە بەشێکن لە ڕاپرسییەک کە دەمهەوێت بزانم چۆن و بە کام هۆکار شاخەوانانی لووتکەی کوردایەتی و ڕواچییەکانی مەیدانی سیاسەتی کوردیی ناتوانن بگەنە لوتکەی نەتەوەیی و نە نێچیرەکەشیان بە بێ پچرپچر کراوی بگەیێنە ماڵی بە دەوڵەتبوون.

لە دوای شۆڕشی مەزنی پێشوا قازی محەممەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و جوانمەرگ کردنی کۆمار لە لایەن داگیرکەری عەجم و سیخوڕیی و ئاشبەتاڵی بەشێک لە سەرۆک خێڵ و عەشیرەی موکریان لە دژی پێشەوای نەمر، مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێ چۆڵ نەکرا و لە باشووری کوردستانیش بە دووری ساڵانێک دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆ دامەزرا.

ئێستا کە زیاتر لە دوو دەیە لە حوکمڕانی حیزبی عەشاییری و دامەزراندنی سیستەمێکی بە ناو کوردیی تێپەڕ دەبێت، مخابن نەک هەر لە دەوڵەت ناچێت، بەڵکوو بە هەر پێوانەک بی پێوین ناتواندرێت لە ئاست دامەزراوەکانی کۆماری کوردستان بەو تەمەنە کورتەشەوە لە یەک پێگەدا خۆیان ببیننەوە.

دەسەڵاتی قەیراناوی کورد لە باشووری کوردستان وەک سەرێکی زل بە سەر جەستەیەکی لاوازەوە خۆی بەند کردووە و بە ماچی پیرێژنێک لە چەشنی مارەکەی سەر شانی زووحاک سەریهەڵداوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داوای خواردنی مێشکی زیاتری گەنجانی کورد دەکات و تەنیا گەل ئاواتیان دەرکەوتنی کاوە و چەکوشەکەیەتی کە دایناپڵۆسێ و ڕایانماڵێ بۆ سنووری ئەو وەڵاتانەی بە دەیان جار خۆیان تێدا حەشار دا و لەوێندەرەوە گەڕانەوە بۆ گیانی نەتەوەکەیان و لێیان بوونەوە بە شۆڕشگێڕ.

لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی بوودجە و کەم و کورتی لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و لەوەها کات و ساتێکدا کە بەشێک لە نیشتمانی کورد پێویستی بە برایەتی و پلان و ڕاوێژی ڕێک و پێک هەیە بۆ دەرچوون لەم هەموو نەهامەتیە، کەچی بەداخەوە نە تەنیا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان خراپتر دەبێت، حیزبەکان لە دزی و بە تاڵانبردنی سامان و بوودجە و شەڕی مافیایی خۆیان ماندوو نەبوون و گەلیش لەوپەڕی هەناسە ساردی و بێ خزمەتیدا دەنگی دەگاتە تەشقی ئاسمان.

لە لایەک دەڵێن بوودجە نیە و لە لایەکی ترەوە هەر ڕۆژە و لە سایەی دەسەڵاتی حیزبی ـ عەشاییری دا دەیان میدیا و تەلەویزیۆنی ئاسمانی وەک قارچک سەر دەردێنن. کەس نیە بڵێت لە کوێ و بە کام پارە و سامان ئەمانە درووست بوون!

لە هەمووی خراپتر دەوری نێگاتیڤ و سلبی ئەم ڕاگەیاندنە حیزبیانەیە کە لە جیاتی بۆ خزمەت بە گەل بێت و ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی خواستەکانیان بێت، بوونەتە کەناڵی ڕیکلام و دەرخستنی سۆز و عاتیفەی جنس و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوی سێکسی لە جیهان و ناوچەکە و وەک ئەوەی لە کوردستان مێشێک میوانیان نەبێت.

ئەوندەی پڕوپاگەندە بۆ درووست بوونی دەوڵەتی کوردیی دەکرێت بە سەدان ئەوندە هەواڵ و شیکردنەوەکانیان بۆ ورووژاندنی هەستی سێکسی و بەلارێدا بردنی خەیاڵی جەماوەری کوردستانە بۆ مەبەست و شوێنێک کە پێویستی گرینگی خەڵکی نیە.

هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە حیزبی عەشاییری کورد لەم بەشە لە کوردستان ئەوندەیان ڕاوێژکاری بیانی و سیاسەتمەدار بە پارەی نەوت و سامانی خەڵکی کورد لای خۆیان دامەزراندووە و بیرە نەوتیان لە سەر تاپۆ کردوون کە لە داڕشتی فێڵ و پیلانی دزیکردن هاوکارییان بکەن و بزانن چۆن لە ڕێگەی میدیاوە ڕیکلام بۆ ئیدمانی فکریی و جەستەیی بکرێت و بەمجۆرە گەل هەر جارە و بە پاساوێک سەرقاڵ بکەن و خۆشیان لە دیوەخانی عەشاییری خەریکی دابەشکردنی مووچە و معاشی دواخراو و پێنەدراوی هاوڵاتیان بن.

هیوادارم تەنیا بە بینینی ئەم وێنانە کە لە ڕاگەیاندنی حیزبەکانی باشووری کوردستان وەرگیراوە خۆتان لە سەر قەزاوەت بکەن و بزانن حیزبی عەشاییری گیرۆدە بە سێکس لە کوردستان، ئەوندەی خەریکی تێوەگلان بە دزی و ….وەن نیو ئەوندە لە خەیاڵی خواستی ڕاستەقینەی گەل و پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی دا نین.

 بۆ دیتنی سەرجەم وێنەکان و بابەتەکە ئێرە کلیک بکەن.

Screenshot_2016-01-06-15-56-52-1