Hoppa till innehåll
Hem » لە پەراوێزی قسەکانی کاک مستەفا مەولوودی دا، رەشید زەرواوی

لە پەراوێزی قسەکانی کاک مستەفا مەولوودی دا، رەشید زەرواوی

پاش کۆبوونەوە حیزبەکانی باشووری کوردستان لەسەر پرسی پێکهێنانی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرێز مەسعوود بارزانی و هەروەها پشتیوانی وەزیری دادی ئیسراییل لە درووست بوونی دەوڵەتی کوردی،reshid_zerwawi
 

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری تایبەتی عەلی خامنەیی دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی کوردی  ڕاگەیاند و گوتی:” دامەرزرانی دەوڵەتی کوردی بە فیتی ئیسرائیلە و شتی وا ڕوونادات”.

لەو پێوەندییەشدا بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تۆڕی میدیای ڕووداو لێدوانیان دا. یەکێک لەو کەسانە بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتی حدک بوو کە لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە پێوەندی توندوتۆڵی نێوان حیزبەکان و حکوومەتی هەرێم کرد و گوتی: ”ئێمە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی سیاسی و نیشتمانی دەرکمان بە دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە و هەمیش دەسەڵاتدارانی باشوور ئەرکی نەتەوەیی خۆیان دەرحەق بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بەجێ هێناوە”.

بەشی یەکەمی قسەکانی کاک مستەفا زۆر تەواوە و درزی تێوە ناچێ، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو سەقامگیری باشووری کوردستان، هەموو هاوکارییەکان کرد و لەو پێناوەشدا بە سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانیان لە دەست دا و تووشی کۆسپ کەوتەیی و دووری لە خەڵکی خۆیان و تەریک بوونیش هاتن.

بەڵام بە نیسبەت بەشی دووهەمی قسەکانی بەڕیزتان نەتەنیا دەبێ بکوترێ وانییە، بەڵکوو حیزبەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەت یەکیەتی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی و دواتریش پارتی دێموکرات، ئەوەی لە توانایاندا هەبوو و هەیە لە پێناو پاراستنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردیان و لەو ناوەشدا دیواری لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتیان نەویتر دەست نەکەوت تا بیکەنە پلیکانی خۆش کردنی پەیوەندێکانیان و ئەو ڕەوتە ناکوردانەیە ئێستا لە گەرمترین ئاستی خۆیدایە.

هەر ئێستا لە ژێر چەتری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە دەیان تیڕۆڕیست کە لە تیڕۆر کردنی سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتیش لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، راستەوخۆ بەشداربوون و بە ئازادیش دەخولێنەوە و گەرمێن و کوێستانی بۆ دەکەن و تەنانەت کەسانی وەک حاجی مەسیفی لە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و ئەنوەر عەنەبی لە بزووتنەوەی ئیسلامی پلە و پایەی باڵایان لە حکوومەتی هەرێمدا هەیە، ئەوە جگە لە دەیان تیڕۆریستی تری وەک ئەوانە کە بە ئازادانە و ئازایانە بۆی دەسوورێنەوە.

مەولوودی لە کاتێکدا باس لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێم بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات، کە بەرێز نێچیرڤان بارزانی شۆفێڕی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە نێو شەقامەکانی هەولێر کرد و لێزانانە سەیارەی بۆ هاژووت، فەڕشی سووریان بۆ سەحراروودی تیرۆریست ( قاتڵی شەهید د . قاسملوو) ڕاخست و سەرۆکی هەرێمیش لە ئامێزی باوکانەی خۆی گرت. ئەوە جگە لەوەی کە بە دەیان جار سەرکردە تیڕۆریستەکانی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەرێم و بەبەرچاوی میدیاوە بە شان و شەوکتیان هەڵگوتراوە و نموونەشی مەحموود سەنگاوی بوو کە وتی: ئاواتم دەخواست لە ناو کورد دا پیاوێکی شەڕیفی وەک قاسم سلێمانی هەبوایە”. یان نامە پڕ لە خۆشەویستی باوک و کوڕانەی کاک ئاری هەرسینی پارلمانتێر و سینگ بە گولە و گیان لەسەر دەستان بۆ خامنەیی باوکی ڕوحی ئێران کە بەڕاستی وا لە خوێنەر دەکات بەرگی دەروێشی و موریدی بۆ خامنەیی لەبەر بکات.

هەڵکوتانە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە لایەن هێزی دژە تیڕۆری باشووری کوردستان، داخستنی سنوورەکان لەسەریان، و زۆر جاریش بە میوان و پەنابەر لە قەڵەم دانیان لە خاکی خۆیاندا و تەنانەت لە هەمووشی خۆشتر رێگری کردن لە چەند پێشمەرگەی لایەنی خودی کاک مستەفایە لەسەر سنوور و چەککردنیان و هەڕەشەی تەحویل دانەوەیان بە ئێران لە لایەن هێزی بەناو دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی، نموونەی تری جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە نیشتمانییەی (!!!) هێزەکانی باشووری کوردستانن دەرحەق بە کوردانی ڕۆژهەڵاتە.

کاک مستەفا مەولوودی لە حاڵێکدا بەو زمانە باس لە بابەتێکی لەو جۆرە دەکات کە بنەماڵەکانی سەدان کادر و پێشمەرگەی تیڕۆرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بۆ نموونە شەهیدانی دەروازەی کۆیە)، چاوەڕێی دادگایی کردنی بکوژانی ڕۆڵەکانیان لە حکوومەتی هەرێم دەکەن و تا ئێستاش نەتەنیا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە، بگرە زۆر جاریش ڕۆڵەکانی ئەوانیان بە تاوانبار ناوبردووە و بکوژان و تیڕۆریستان بەبێ هێچ لێپرسینەوەیەک ئازاد بوون کەنموونەکەی دادگایی کردنی بکوژانی شەهیدانی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی دەروازەی کۆیەیە.

کاک مستەفا مەولوودی باش دەزانێ کە وانییە کە دەیفەرموێ و هەموو ئەوانە دەبینێ، کەواتە لەبارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچە کە هەم دەرفەتی زێڕین بۆ گەلی کورد هەڵکەوتووە و هەمیش ئاستی هوشیاری و بیری نەتەوەیی کورد چۆتە سەرێ و ئیتر گەلەکەمان ئەو زوڵم و زۆرییە لە هیچ لایەک قبووڵ ناکات و هێزەکانی کوردستان زۆر بە سانایی دەتوانن کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرن، لەبەرچی پەنای بۆ دەبا و شتێک دەلێ کە وانییە!

ئەگەر چوونەوەی نزیک بە ١٥ پێشمەرگەی حدکا بۆ کێلەشین و هەوڵ و تەقەلای زۆری پەکەکە بۆ رێگری کردنی لەو پێشمەرگانە و تەنانەت هێڕشکردنە سەریان کە دواتر بە ناچاری ملی بۆ خواستی رەوای رۆژهەڵاتی کوردستان دا ، بە بیرخۆمان بێنینەوە، دەردەکوێ کە ئەوەی پەکەکەی ناچار بە پاشکەشە کرد، چوونە سەرەوەی ئاستی نەتەوەیی و هوشیاری گەلی کورد بوو کە تەنانەت لایەنگران وئەندامەکانی خۆشی کردەوە نا کوردانەکەی پەکەکەیان دەرهەق بە حیزبێکی خاوەن مێژوو و سەروەری دەیان ساڵە و هەزاران شەهیدی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،مەحکووم کرد و پاشەکشەیان پێکرد کە دواتر حیزبی دێموکرات توانی زۆر بەباشی هێزی زیاتر بۆ سەر سنوور بەرێ بکات و بەکردەوە دەست بە خەبات و تێکۆشانی چەکداری خۆی بکاتەوە.

باشتر وایە هەندێک دیاری و کادۆ و سەفەر و سەیرانی دۆستانەی هەندێک کەسی هەندێک لایەنی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هەندێک کەسی هەندێک لایەنی باشوور، بە حیسابی کوردی خۆرهەڵات نەنووسرێت و بە بەجێ هێنانی ئەرکی کوردانەی برایانی باشوور لە قەڵەم نەدرێت کە تەنانەت لە ترسی هەڕەشەی ئێران ئیزنیان نەداین لە کاتێک دا کە پەنایان بۆ بەر هەموو دونیا برد تا لە مەترسی داعش ڕزگاریان بکات، ئیزنیان نەدا پێشمەرگەی خۆرهەڵات، دڕوو لە جەستەی زامداریان بێنێتە دەر.

 فیلم