دوای هەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، (حەسەن رۆحانی)ی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکی گەشتەکەی بۆ ئەوروپا بە سەردانیکردنی ولاتی ئیتالیا دەستپێکرد.
ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن (موتێیۆ رێنزی) سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لێی کرا، بووە جێگەی سەرسورمان لای هاولاتیانی ئیتالی ،بەتایبەتیش دوای داپۆشینی ئەو پەیکەرە روتانەی کە لە مۆزەخانەی کۆلیسێیۆ لە رۆمادا دانرابوون ، کە بووە جێگەی نارەزایی و گاڵتەپێکردنی هاولاتیان بە حکومەتەکەی رێنزی.
وا پێدەچیت حەسەن روحانی لەبەر چاوی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ،وەکو سەرۆکێکی مۆدێرن و رزگارکەری ئاشتی و رەنگە بە شایەنی وەرگرتنی خەلاتی نۆبل بۆ ئاشتی بێتە بەرچاو، بەلام دیارە ئەوانەیان لە بیر چۆتەوە کە چۆن لە ئێران رۆژانە گەنج و لاوی ئەو ولاتە بەتایبەتی کوردانی رۆژهەلاتی کوردستان لە پێناو هێنانەدی ئازادی و سەربەستی لە سێدارە دەدرێن، ئەمە جگە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کەمە نەتەواتیەکانی تر. مەبەستی رۆحانی لەم سەردانەیدا بۆ ئیتالیا بەستنەوەی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیەکانی نێوان هەردوو ولات بوو، ئیتالیاش ئەمەی بە هەلێکی گونجاو قۆزتەوە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکانی، بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانە داراییەی کە ماوەی چەند سالێکە رووبەرووی بۆتەوە. شاندەکەی ئێران لە رۆما زۆر بە ئاشکرایی ئاماژەیان بەوەدا (کە تا ئێستا تەنها کەل و پەلی پیشەسازییان لە ئیتالیا کریوە، بەڵام لەمەودوا لە توانایان دایە تەواوی کارگە پیشەسازییەکان بکڕنەوە)، بێگومان ئەمە بۆ ئیتالیا بە دەستکەوتێکی ئابوری گەورە دادەنرێت ،بۆ ئەوەی باری دارایی ولاتەکەی لە دارووخان رزگار بکات.
سەبارەت بە رەوشی ئیستای رۆژهەلاتی ناوەراستیش ،ئیتالیا پشتگیری خۆی بۆ هەڵوێستی ئێران پیشاندا لەمەر چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی رەوشی نالەباری عێراق و سوریا. بەلام دیارە حکومەتی ئیتالیا ئەوەی لەیاد چووە کە هۆکاری سەرەکی تێکدانی بارودۆخی عێراق ، پاڵپشتیکردنی ئیران بووە لە پارتە سیاسیە شیعەکانی عێراق ، ئەمە جگە لە پالپشتیکردنی بزوتنەوەی حەماس و حزبوللای لوبنانی کە ئەمانیش بەشێکن لە تێکدانی بارودۆخی ناوچەیە. کەواتە ئەوروپا چۆن دەتوانێت چاوەروانی لە ئێران بکات بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکە ،لە کاتێکدا خۆی هۆکاری سەرەکی نانەوەی ئاژاوە و ململانێ سیاسیەکانە لە رۆژهەلاتی ناوین. بەلام بە داخەوە ولاتانی رۆژاوا هەروەک کاری ئاساییان تەنها لە پێناو چاککردنەوەی بارودۆخی بازرگانی و دارایی ولاتەکانیان ئامادەن چاوپۆشی لە هەموو پێشێلکارییەکان بکەن.جێگای ئاماژە پێکردنە کە لە سالی 2013 واتە لە کاتی دەستبەکار بوونی رۆحانی تاوەکو ئێستا(2275)کەس لە سێدارە دراون،تەنانەت لە ساڵی 2015 (948)کەس لە سێدارە دراون. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە رەوشی ئێران لەگەل دەستبەکار بونی رۆحانی زۆر خراتر بوو لەوەی ئەحمەدی نەژاد.
سەرچاوە: باس نیوز