هەروەک پێشتر کاک خالید عەزیزی لە وتووێژەکانی دا ئیشارەی پێ کرد و وتی ئەوان دەیان هەوێ خەڵک خۆیان بۆ چوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بڕیار بدەن،
ئیستا دەفتەری سیاسیش رەسمەن ئەم بەیاننامەی بڵاو کردۆتەوە کە کۆپیەکی بۆ سایتی پێشمەرگەکان ناردراوە .
دەقی بەیاننامەکە
بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان
هەڵوێستمان لە بارەی هەڵبژاردنەکانی 7ی ڕەشەمەی داهاتووی ئێران
ڕۆژی 7ی ڕەشەمەی داهاتوو، دەیەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕەهبەری، لە ئێران بەڕێوە دەچێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە زمانی سکرتیری گشتیو بەرپرسانییەوە، ڕوانینو بۆچوونەکانی خۆی بە شێوەیەکی گشتی لە بارەی هەڵبژاردن لە ئێرانداو ئەرکی خەڵکی کوردستان لە ڕووبەڕوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاندوە. ئێستاش کە قۆناغی بڕیاردانی دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سەلاحیەتی پاڵێوراوانی ئەو دوو هەڵبژاردنە کۆتایی پێ هاتوە، بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی یەکجارەکیی ئەم حیزبە لە سەر ئەم هەڵبژاردنانە، بە شێوەی خوارەوە، بە ئاگاداریی خەڵکەمانو بیروڕای گشتیی بگەیەنین:
– لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، پرۆسەی هەڵبژاردن هەر لە دەسپێکەوە تا ئەنجامەکانی بە هۆی ئەو مەرجو میکانیزمانەی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات بە سەریدا زاڵ کردووە هەم لە نێوەرۆکی دیموکراتیکی خۆی بە تاڵ کراوە، هەم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەر جۆرێکو هەر چییەک بێ، کاریگەرییەکانی لە ڕێگای بەربەستو بڕیاری دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکان، دەگەیەنرێتە لانیکەمی خۆی. بەم جۆرە دەنگدەرانو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەوان لە باشترینو ڕێگەپێدراوترین هەلومەرجیشدا، لە ئاستێکی زۆربەرتەسکو سنوورداردا دەتوانن لە سەر دانانو پێداچوونەوەی قانوونەکانی وڵاتو جۆری ڕێبەریو بەڕێوەبەریی سیستەمی سیاسیی وڵات، ڕۆڵیان هەبێ.
– سەرەڕای ئازادنەبوونی هەڵبژاردنوهەموو ئەو بەربەستو کەموکووڕییانەی لە وڵاتی ئێران لە سەر ڕێی هەڵبژاردنی ئازاد هەن، خەڵکی ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جار هەوڵیان داوە دەرفەتی هەڵبژاردن بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتداران بە کار بێنن. هێندێک جار بە پێشوازی نەکردن لە هەڵبژاردنو خۆبوارن لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ، جاری واش بووە بە دەنگدان بەو پالێوراوانەی کە لە خۆیان بە نزیکتریان زانیون، یا پێیان وابووە کەمتر سەر بە دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانی کۆماری ئیسلامیین. بێجگە لەمەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند هەڵبژاردنی ئەم ساڵانەی دواییدا، کەشوهەوای سیاسیی سەروبەندی هەڵبژاردنیان بە شێوەیەکی وریایانە بۆ خستنەڕووی بندەستیو بێمافی نەتەوەی کورد لە ئێرانو سیاسەتی سەرکوتکەرانەو پڕلە هەڵاواردنی دەسەڵاتداران، قۆستووەتەوە.
– کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لە گوشارو گەمارووە سیاسیو ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان ملی بۆ هاتنەسەرکاری سەرکۆمارێک بە گوتارێکی تا ڕادەیەک جیاوازلەوانی پێشووو پاشەکشە لە سیاسەتو هەڵوێستە دەرەکییەکانی ڕابردووی خۆی ڕاکێشا. چاوەڕوان دەکرا لە ئاستی نێوخۆییو بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بواری سیاسیو ئابوورییشدا مل بۆ جۆرێک کرانەوە بداو تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕێگا بۆ بەشداریی ڕیفۆرمخوازانو دەنگی جیاوازی دیکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکاتەوە. بەڵام وەک لە ڕەوتی پێداچوونەوەی کاندیداکانی ئەم دەورەیەی هەڵبژاردن دا دیتمان لە ئاستی ئێراندا، شانسێکی ئەوتۆی بۆ چوونی ڕیفۆرمخوازانو کەسانی سەربەخۆ لە قۆڵەکانی نێودەسەڵات بۆ نێو هەر دوو مەجلیس نەهێشتووەتەوە، لەپارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، سەلاحیەتی زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەو کاندیدایانەی ڕەت کردووەتەوە کە لە ڕووی پێگەو کارنامەی سیاسی، ناسراوو جێگای پشتیوانیی خەڵک بوونو چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ دەکرا هەڵگری ویستو داخوازە جیددییەکانی خەڵک بن. دەزگاو دامەزراوە سەرکوتکەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاونو هەر چی لە ڕۆژی دەنگدان نزیکتر دەبنەوە، پتر چالاکانی سیاسیو مەدەنی بە تایبەتی ئەو کەسانەی هەوڵیان داوە دەرفەتی بەرتەسکی هەڵبژاردن لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوەو بە قازانجی هەڵبژێرانی کەسانی سەر بە خەڵك بقۆزنەوە، بەرەوڕووی گوشاروهەڕەشەو ڕاوەدوونان بکەنەوە.
بە سەرنجدان بە هەمووی ئەو ڕاستییانە:
1- حیزبی دیموکراتی کوردستان سپاسو پێزانینی خۆی بە چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆو خەڵکی وشیارو بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێ، چونکە سەرەڕای هەموو بەربەستو ئاستەنگەکان لە چەند مانگی رابردوودا کەشوهەوای سیاسیی پێش هەڵبژاردنیان بۆ هێنانەبەرباسی کێشەکانی گەلی کورد لە ئێران، خستنەڕووی ستەمو هەڵاواردنی دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر بەو گەلە، لەقاودانی گەندەڵیوهاودەستیی ژمارەیەک لە نوێنەرانی دەورەکانی پێشووی مەجلیس لە گەڵ دەزگا سەرکوتکەرەکانو گرنگترین چاوەڕوانییە کانی خۆیان لە پالێوراوان، قۆستەوە.
2- دەنگدان یا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، هەر دوویان مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکن. ئەگەر لە حەوزەیەکی هەڵبژاردن کە هیچ کاندیدایەکی دڵخوازو هەڵگری داخوازەکانی خەڵکی لێ نییە، بایکۆتی سندووقەکانی دەنگ بە هەڵوێستێکی سیاسیی شیاوو دژبە کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ، لە حەوزەیەکیش کە کاندیدایەکی بەستراوە بەخەڵک، خۆشناو، بوێر، خاوەن پێشینەو کارنامەی خاوێن لە گەڵ مۆرەیەک یا چەند مۆرەی گەندەڵو هاودەستی دامو دەزگا سەرکوتکەرەکان لە ململانێ دان، دەنگدان بە قازانجی کاندیدا باشەکە، دەتوانێ گونجاوترینو کاریگەرترین هەڵوێست بێ. لەو شارو ناوچانەش کە لە ڕووی دیموگرافییەوە تایبەتمەندیی خۆیان هەیەو، کورد لە گەڵ نەتەوەی دیکە پێکەوە دەژین، زۆر پێویستە دەنگدەرانی کورد دوور بڕوانن، زۆرترین هاوکاری، یەکگرتووییو هاودەنگییان هەبێ بۆ ئەوەی پشتی کاندیدای شیاوی کورد بگرنو بەم جۆرە سەنگو قورسایی خۆیان لە هەر ڕوویەکەوە بسەلمێنن. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە خەڵک لە هەر دوو حالەتدا لە گەڵ چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆ پرسو ڕاوێژو هاوفکری بکەن بۆ ئەوەی کەسانی هەلپەرست، نەتوانن دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن.
3- ئاکامی هەڵبژاردن لە کوردستان هەر چۆنێک بێو هەر کەسانێک ، بە دەنگ یا بە ناوی خەڵکی شارو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بچنە مەجلیس، خەڵک دەبێ ببن بە هێزی گوشار لە سەریانو جێبەجێکردنی داخوازەکانو دابینکردنی مافەکانی خۆیانیان لێ بوێن. گوشاری خەڵکی کوردستان بۆ سەرناوەندەکانی یاسادانانو دامەزراوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیو هەوڵدانیان بۆ هێنانە گۆڕی داواکانیان، پێویستە لە دوای هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕێکخراوترو یەکگرتووانەتر درێژەی هەبێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٤
١٩ی فێوریەی ٢٠١٦
………………………………………………………
بابەتی پەیوەندی دار: ’
شانۆی هەڵبژاردنەكان لە دەلاقەی وتەكانی خامنەییەوە، مستەفا هیجری
هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوێستە جیاوازەكان لە ئێران و كوردستانی رۆژهەڵات، شەریف فەلاح
ڕاگەیاندراوی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەنگدان یان بایکۆت ؟!، مەلا برایمی مەجید پور
کڵاوێکی شەرعیی بۆ هەڵبژاردن!، د. کامران ئەمین ئاوە
گاڵتەجارێک بە ناوی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا. رەحیم رەشیدی
فس فس پاڵەوان و گۆڕەپانی چۆڵ. عومەر غولامعەلی
گاڵتەجاڕی بە ناو هە ڵبژاردن، فەرزاد جلوەزان
هەڵبژاردن یا هەڵاواردن . م. ئەمین بایەزیدی(خەراپە)
بڕیاری سیاسی و هەڵوێستەکانی ”حدکا” بەرئەنجامی ڕاوێژ و تێڕوانینی وردن!، محمد سلێمانی
دیسان بەزمی هەڵبژاردن لە ئێران! ناسر باباخانی
هەڵبژاردنەکانی ”پەرلەمانی لە ئێران” لە نێوان بەشداری کردن و نەکردندا
خەمۆکیی سیاسیی، ”بە بۆنەی دەهەمین دەوری هەڵبژاردنی ”مەجلیسی شواری ئیسلامیی ئێران”، د. کامران ئەمین ئاوە
هیوادارم بە ئەنقەست نەبێ، تەیموور مستەفایی
کوردستان و ئۆینی هەڵبژاردن لە سیستمی ویلایەتی فەقیهیی ”کۆماری ئیسلامی” دا عومەر غولامعەلی
شرکت در انتخابات با افتخار بە حفظ کدامین دستاورد ؟، صدیق بابایی
وتووێژی کاک خالید عەزیزی و کاک عەبدوڵا موعتەدی سەبارەت بە هەڵبژاردن، بەڵام کۆمەڵە هەڵبژاردنی تەحریم کرد.
…
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی لە ئێراندا تەحریم کرد.

دەقی بەیاننامەکە:
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاویدا، دەیەوێ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسی بەناو شوورای ئیسلامی و هەروەها خولی پێنجەمی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە ببا و لەو پێناوەدا، لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزەوە دەستی کردووە بە ناونووسینی بەربژێرەکانی ئەندامەتیی ئەو مەجلیسانە. ڕێژیم وەکوو هەمیشە لە پرۆسەیەکی چەند مانگەدا، هەم پێش لە دەسپێکی ناونووسین و هەم لە دوای ناونووسین و باسی لەفیلتێردانی بەربژێرەکانی هەڵبژاردن و تا دوایی، کە پەردەی کۆتایی شانۆکە بە کۆتاییهاتنی دەنگدان و دەستێوەردانی سندووقەکان بەئاکام دەگا، کایەیەکی چەندپات کراوە بەڕێوە دەبا و بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئامادە بوون لەو شانۆیەدا و بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن، باس و بابەتی جۆربەجۆر دەورووژێنن و بە دروستکردنی کەشی ئێحساسی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گرووپە هەمەڕەنگەکان لە ئێراندا، دەیانەوێ خەڵک وا تووشی وەهم ببن کە ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەندێک شت بگۆڕێ.
هەرچەند بۆ کەسانی شارەزا هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە دیاربوو، بەڵام ئەزموونی چەند دەیە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، هیچ ناڕوونییەکی نەهێشتۆتەوە و بەڕوونی سەلماندوویە کە ئەم ڕێژیمە لە ئامرازی هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مەشرووعیەتی چەواشەکراوی خۆی کەڵک وەردەگرێ و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و دێموکراتیک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بوونی نیە.
ئەوەی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتبێ، دەزانێ کە ئەم ڕێژیمە لە سەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، کە نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکوو خۆی بە خاوەنی خەڵک دەزانێ دامەزراوە و ئەم دەسەڵاتی وەلیی فەقیهە، لە ڕێگەی زەبر و زەنگی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی و لە ڕێگەی دەستگرتن بە سەر سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنەوەی بەپێی پێویستییەکانی ڕێژیم و هەروەها لە ڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنی بەربڵاو لە تلویزیۆنەوە بگرە تاکوو مینبەری مزگەوتەکان، خۆی دەسەپێنێ و درێژە بە مانی دەدا و لە ڕاستیدا ئەوەی کە سەرچاوەی بنەڕەتیی دەسەڵات و حکوومەت بێ، لە ئۆرگانە ئینتسابییەکاندا کۆ کراونەتەوە و هەموویان لە ژێر دەستی وەلیی فەقیهدا بەڕێوە دەبرێن و بەپێی یاسای نامەشرووعی کۆماری ئیسلامی، ڕێبەری ڕێژیم خاوەنی خەڵک و خاوەنی هێز و خاوەنی بڕیاری ئەساسی لە نێو سیستمدایە.
بەو پێیە باسی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لە ئێراندا، هەر لە بناخەوە لەجێی خۆیدا نیە، چوونکە ناوەندەکانی دەسەڵات ناخرێنە هەڵبژاردنەوە و تەنیا پۆستە لاوەکیە بێدەسەڵاتەکانن کە لە سیناریۆیەکی چەواشەکراودا، شانۆگەریی هەڵبژاردنیان بۆ بەڕیوە دەچێ.
لەم پێناوەدایە کە شایەتی ئەوەین، هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری لە ئێرانی ژێردەدسەڵاتی ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ، بەڵام هەموو سەرۆک کۆمارەکان لە کۆتاییدا بەو ئاکامگیرییە دەگەن کە بە وتەی خاتەمی، جگە لە تەداروکاتچییەکی ویستەکانی ڕێبەر، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.
هەر وەها هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە دەچێ، کە بەپێی یاساکانی ڕێژیمیش بێ، دەبێ چاوەدێری بە سەر کارەکانی ڕێبەردا بکەن و ئەوان ڕێبەر دیاری بکەن، بەڵام گەر بە ئەسپاییش باس لە نەک ڕێبەر، بەڵکوو تەنیا ئەو ئورگانانەی کە فەرمان لە ڕێبەر وەردەگرن بکەن، هەڕەشەیان لێ دەکەن و بێدەنگ دەکرێن، کە نابێ ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە بکەنەوە کە پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر ڕاکێشن!
لە نێو دامەزراوەکانی ڕێژیمدا، مەجلیسی ڕێژیم لە هەموویان کارتۆنیترە. بە هەموو شێوازێک پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن کە جیناح و دەستە و تاقمی جیاواز لە ڕێژیمدا هەیە و لە سەر کورسیی مەجلیس گوایە ڕەقابەت دەکەن، بەڵام مەجلیس تەنیا دەبێ بە شوێنی کۆبوونەوەی تاقم و دەستە جیاوازەکان و وەرگرتنی ئیمتیازاتی مادی بۆ کەسەکان و ئەوەی یاسا و بڕیاری چارەنووسساز بێ، ڕێگەیان نیە کە باسیشی بکەن و گەر خودای نەکردە ڕۆژێک لە ڕۆژان، یاسایەکی بە تۆزقاڵێک لەگەڵ ویستی ڕێبەری ڕێژیم جیاواز بێ و ئەو مەجلیسە بیەوی ئەو بڕیارە پەسند بکا، وەک دەورانی مەجلیسی شەشەمی ڕێژیم، بە فەرمانێک بێدەنگیان دەکەن و سەرۆکی مەجلیسیش دەڵی؛ ”حوکمی حکوومەتی” هاتووە و نابێ چیدی باس لەو شتە بکرێ!
ئەوانە هەموو سنووری ئیختیاراتی نیهادە بەناو ئینتخابییەکانی نێو ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهین، کە بەپێی یاسای ڕێژیم و بەپێی عورفی حکوومەتی و بەپێی ڕەوتی دەسەڵاتداریی، هیچ دەرەتان و دەرفەتێک بۆ هیچ ئیرادەیەکی جیاواز لە ئیرادەی وەلیی فەقیهی تێدا ناهێڵنەوە و هەرکاتیش بەپێویستیان زانی، سوپای پاسداران هەڕەشەیەک دەکا تاکوو دەنگە لارەکان ڕاست بکەنەوە و ”بەسیرەتیان” بۆ بگێڕنەوە.
جیا لە بێدەسەڵاتیی ئەو نیهادانە، بوونی شوورای نیگەهبان کە لە باتی هەموو نەتەوەکانی ئێران بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدا، بازنەیەکی دیکەی بێدەسەڵات کردن و بێنێوەڕۆک کردنی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیە. شوورای نیگەهبان بەپێی یاسای ناڕەوای کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی ”نەزارەتی ئیستیسوابی” پێدراوە کە دەتوانێ هەم بەسەر ڕەوتی هەڵبژاردندا چاوەدێری بکا و هەم بەربژێرەکان دیاری بکا و هەم براوەی بەناو هەڵبژاردن دیاری بکا و لە ڕاستیدا هەڵبژاردن لە ئێراندا هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک نیە، بەڵکوو دیاریکردنی مۆرەکانی جێگاپەسندی ڕێژیمە بۆ نێو ئۆرگانە فۆرمالیتە و ڕواڵەتییەکان.
لە ڕەوتی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی بەربژێرە جێی پەسندەکانی شوورای نیگابانیشدا، دووبارە دامودەزگا نیزامی، ئەمنیەتی، ئابووری، ڕاگەیاندنی و مینبەری مزگەوتەکانی ژێردەستی ڕێژیم، وەگەڕ دەکەون تاکوو لە نێو بەربژێرەکانیشدا ئەوەیان کە زۆرتر بەدڵی ڕێبەری ڕێژیم و دارودەستە و تاقمەکانی نێو ڕێژیمە، خەڵکیان بۆ کۆبکرێتەوە و دەنگی چەواشەکراوی خەڵک بۆ لای ئەوان بێ. لە کۆتایی دەنگدانیشدا، دووبارە ئەوە شوورای نیگابانە کە دەنگەکان دەژمێرێ و هیچ چاوەدێرییەکی بێلایەن بوونی نیە، تاکوو لانیکەم دەنگەکان بە دروستی بژمێردرێن و ئەوەی بەدڵیان بێ و بە پێویستی بزانن، وەک براوەی شانۆگەرییەکە ڕایدەگەیەنن.
بەم هۆکارانەوە کە پرسی هەڵبژاردن لە ئێراندا هیچ پێوەر و پێوانەیەکی ئازاد و ڕاستەقینە و دێموکراتیک بەخۆیەوە ناگرێ و خەڵکیش باوەڕیان پێی نیە و ڕێژیم لە هەموو بەناو هەڵبژاردنەکانیدا، لەگەڵ قەیرانێک بە ناوی قەیرانی ڕوو وەرگەڕانی خەڵک لە سندووقەکان بەرەوڕوو دەبێ، بۆیە لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا کە تاکوو ئێستا ٣١ هەڵبژاردنی جۆربەجۆری بەڕێوە بردووە، بەردەوام پیلانی گێڕاوە و پەلەقاژەی کردووە، تاکوو خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. پیلانەکانی ڕێژیم بۆ ئەو مەبەستە هەر لە دروستکردنی دەنگۆی جۆربەجۆرەوە کە وا نیشان بدا لەم هەڵبژاردنەدا شتێکی جیاواز دێتە ئاراوە دەست پی دەکا و تا دەگاتە دروستکردنی جۆرە کێبەرکێیەکی ناواقیعی لە نێو خەڵکدا کە بە گرووپ و چین و توێژ و سەلیقەی جیاوازەوە، وا بزانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دیاری دەکەن و گەر ئەوان نەیکەن، گرووپی ڕەقیب بەشەکەی ئەوان داگیر دەکەن. ئەمە جیا لەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک کە بۆیان بکرێ، بە هاندان و تەماح وەبەرنان و بە هەڕەشە، خەڵک بۆ چوونە سەر سندووق پاڵ پێوەدەنێن.
لەم دەورەیەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیس و مەجلیسی خوبرەگانیشدا، دوای شکستی گەورەیان لە بواری پەروەندەی ناوکیدا، کە لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا تەسلیم بوون و چۆکیان دادا، هەم بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان و هەم بۆ بازارگەرمیی هەڵبژاردن، هەندێ دەنگۆیان لەنێو خەڵکدا بڵاو کردەوە کە هیچ نیشانێک لە ڕاستیی تێدا نیە، چوونکە لە ئەساسدا هیچ شتێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت وهیچ دەرەتانێک بۆ بەشداریی ڕاستەقینە و دێموکراتیکی خەڵک لە دیاریکردنی چارنووسی خۆیان و وڵاتدا نیە. بڕیاری چارەنووسساز لە شوێنی دیکە دەدرێ کە گاڵتەی بە نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان دێ.
لە کوردستانیشدا، چەندین بەرابەری هەموو ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژیم لە شوێنەکانی دیکە دەیکا، بە ئەنجامی دەگەیەنێ و بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا و لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بەربژێری ڕەنگاوڕەنگ دادەنێ تاکوو ڕەقابەتێکی ناواقیعی لە نێو فەزای بیروڕای گشتی لە کوردستاندا دروست بکا و بەداخەوە هەندێ جاریش تێیدا سەردەکەوێ و لە هەموو ئیمکاناتی سپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی و کومیتەی ئیمداد و حەراسەتی زانکۆ و ئیدارەکان و هەڕەشەی نانبڕین و … کەڵک وەردەگرێ، تاکوو خەڵکی کورد لە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بن.
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە بە هەموو ئەو باسانەی لە سەر دۆخی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان لە ئێراندا کردمان و بە هەموو ئەزموونی ڕابردووی ڕێژیمەوە، ئایا تاکوو ئێستا هیچ گۆڕانێکی موسبەت بە قازانجی خەڵک کراوە و لە دەستی ئەو بەناو نوێنەرانە لە مەجلیس شتێک هاتۆتە دی، تاکوو خەڵک دڵیان بە بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە خۆش بێ؟.
ڕوون و ئاشکرایە کە شتێک بە ناوی پارلەمان و مەجلیسێک کە نوێنگەی ئیرادەی خەڵک بێ، بوونی نیە وتەنیا شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئورگانێکە کە شوورای نیگابان ڕێگەی پێداون تێیدا بەشدار بن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە جگە لە شەرعیەتدان بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.
لە وەها دۆخێکدا گەر تەنانەت موعجیزەیەک ڕوو بدا و تەواوی مەجلیس ببێ بە کەسانی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر و لە خەمی مافی گەلدا بن، تازە هیچیان پی ناکرێ و هەموو هەوڵ و تەقەلایان بە حوکمێکی حکوومەتی بەفیڕۆ دەدرێ.
بەو باس و بابەتانە و بەو ڕابردوو و ئەزموونانەی کە باس کران، پێمان وایە کە شانۆگەریی ئەم جارەی ڕێژیمیش وەک هەموو شانۆگەرییەکانی، هیچ پێوەر و ڕەنگێکی هەڵبژاردنی دێموکراتیک و ئازادی پێوە دیار نیە و ئاکامەکەشی هەرچی بێ، بەقازانجی خەڵک تەواو نابێ و هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بۆ گۆڕانکارییەک بە قازانجی گەلی تێدا نابێ و نایەتە دی. بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بە ناڕەوا و نادروست دەزانین و بایکۆتی دەکەین.
داوا لە خەڵکی وشیار و مافخوازی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد دەکەین کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نائازاد و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبن و لە ڕۆژی دەنگداندا لە سەرسندووقەکان ئامادە نەبن و لە باتی دەنگدان لە وەها پرۆسەیەکدا، لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
داوا لە هەموو تێکۆشەرانی گەلەکەمان و هەموو ئازادیخوازان و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەین کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و بە هەموو تواناوە بۆ ئیفشا کردنی پیلانەکانی ڕێژیم و بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە و هەروەها بۆ هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان کار بکەن و هەوڵ بدەن، تاکوو بۆ جارێکی دیکەش بەم ڕێژیمە بڵێینەوە کە پیلان و شانۆگەرییەکانیان بۆ خەڵک بەتاڵ و بێمانا بوونەتەوە.
برووخێ ڕێژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتن بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٤
١٠ی ژانویەی ٢٠١٦