لاڤۆنتین دەڵێ : ” درۆزن و تەڵەکەباز و ریاباز .. لەسەر ئەرکی کەسانێک دەژین کە گوێیان لێدەگرن “
لە زمان و لە پەندی پێشینانی کوردیدا، گەلێ وشەی هاومانا و هاومەبەست و، گەلێ پەندی پێشینانی کوردیمان هەن، دەربارەی کەسانی ریاباز و مەراییکەر و خۆهەڵواس و ماستاوکەر و دەڵەچە و لەگاو و چاپلووس .. وەکو دەڵێن، فڵان کەسێکی : دەڵەچەیە، ریابازە، کلک لەقێنە، ماستاوکەرە، شان تەکێنە، خۆهەڵواسە، کاسەلێسە، چەورکەرە، دەروون نزمە، دەست ماچکەرە، لارەملە، زمان لووسە، کڕنۆش بەرە … هتد. لە پەندە کوردییەکانیشمان بۆ هەمان مەبەست، بۆ نموونە دەوترێ : ” تەشی لەبەر دەڕێسێت “، ” پیازی بۆ پاک دەکـات “، ” مامە حەمەیەی لەبەر دەکات “، ” شانی بۆ دەتەکێنێت “، ” بۆیـە پێی دەڵێ مامـە، چۆلەکـەی بۆ بگرێت “، ” سابـوون مـەدە لە ژێـر پێـم “، ” سڵاوی کـوردە، بێ مەڵامـەت نییە ” ،” هەسـتان لەبـن پێی دەدات “، … هتد .
هەموو ئەم وشە و پەندانە تانە و تەشەر و توانجن، لە کەسانێکی ریاباز و خۆهەڵواس و دەڵەچە و کلک لەقێن و نەفس سووک و، لە بەرژەوەندیخوازێکی تایبەتی، دەگیرێن .
ریاباز و خۆهەڵواس، بەو کەسانە دەوترێت، کە بە وشەی خۆشەویسی و نەرم و نیان و ناسک و شیرین و چەور، یا کورد وتەنی : ترش و خوێ و بەهـارات بە قسەکانیانەوە دەکەن .. بە شێوەیەکی هەڵەبەستراوی دوور لە راستییەوە، بە زیادەڕۆییەکی زۆرەوە، ستایشی کەسانی بەرپرس و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەر و کاربەدەستان دەکەن و، زۆریش بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن و هەڵیان دەنێن، زۆر فشیان دەکەنەوە .. کە شایەنی ئەو هەموو ستایش و هەڵنان و پیاهەڵدانانە نین .. لە راستیشدا، خۆشەویستی و نەرمەبڕی و ستایشەکانی ریابازان و خۆهەڵواسان، درۆی نەقشێنراون و، لە ناخی دڵیانەوە نایەن، خۆشیان باوەڕیان پێیان نییە بۆیە وشەکانیان رووکەشین و، بازرگانین و، زۆر بێ تام و چێژن و، دوورن لە راستییەوە .. تەنها بۆ باوەڕپێکردن رازیکردنی پیاهەڵدراوەکانیانن .. بۆ بەدەست هێنانی مەبەست و مەرامی تایبەتیی خۆیانە، بۆ نزیکبوونەوەیە لێیان .. بۆ وەرگرتنی پلە و پایە و پۆستە، بۆ دەستکەوتی تایبەتیی خۆیانە کە مامە حەمەیی و مێچە مێچە دەکەن .. بە پشتی ئەوانیشەوە دەخوڕن و دەنازن .
ریابازان و خۆهەڵواسان، بۆ گەیشتن بە خواست و بە مەرامەکانیان .. هەموو رێگایەک دەگرنەبەر، نە شەرمیان بە خۆیانە و، نە گوێش بە سوکایەتی و بە توانـج و بە پلار و ناتوورە و شەقڵشکاندن و ئابڕووچوون دەدەن .. تەڕ نابن و تەریق نابنەوە .. چونکە ریایی و مەرایی و دەڵەچەیی، بۆنەتە پیشەیان و، کارێکی ئاسایی بە لایانەوە و، بوونە بە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکـانیان و، نزیک بـوونەوە لە پیاهەڵـدراوەکـانیان .. تا ئەو رادەیەی، دروشمیان : ” گەر پێویستیت لای سـەگ بێت .. پێی بڵێ گـەورەم ”
هەر بۆ ئەم مەبەستەش، ریابازان دەیانەوێت کەسانی دڵسۆز و راستگۆ و دەستپاک و دادپەروەر و سەرڕاست و کوردستان پەروەری راست و دڵسۆز، لە رێی خۆیان لابدەن، پیلانیان بۆ دادەڕێژن و تەڵەیان بۆ دەنێنەوە و، و، توومەت و بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن و سیخوڕییان لەسەر دەکەن و، لە لای بەرپرس و ئاغاکانیان درۆیان بۆ هەڵدەبەستن .
لەوانەشە ریایی و مەرایی کردن، لە ئەنجامی کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژییەوە بێت .. لە بوونی ترسێکی زۆر لە ناخی مرۆڤدا .. وەک لە دەسەڵات بترسن و نەتوانن لە هەقیان بێن .. گەر بەرەبەرەکانیشیان بکەن یا لەسەر مافی خۆیان داکاڵێن .. ئەوا سەرچاوەی بژێویی ژیانیان لە دەست دەدەن .. واتە لێرەدا ترسێکی ئابوورییە .. ئەم ترسەش لە کوردستاندا رەگێکی مێژوویی هەیە .. لەو رۆژەوەی کە دەربەگ و ئاغاکان پەیدابوون و، دەستیان بەسەر زەوی و زاری کشتوکاڵیدا گرت .. جووتیارەکانیش بە سەپانی بە کولەمەرگی دەژیان .. ئاغاکانیان زۆردار و ستەمکار بوون .. کردەی جوتیاران بوو .. بردەی ئاغاکان بوو .. نەیان دەوێرا، لە ئاغاکانیان هەڵبگەڕێنەوە، یا لە فەرمانەکانیان دەربچـن .. ئەگینا چارەنووسی خۆیان و خێزانەکانیان، کۆشتن یا دەرکردن بوون .
لە ئەمڕۆشدا، بە هەمان شێوەی جاران، ئاغا دەسەڵاتدارەکان حوکمڕانی و، بەرپرسە سیاسیەکان .. کە پۆست و دەسەڵاتیان لە بنەماڵەدا قورخکردوون و، دەستیان بەسەر سامانی کوردستاندا گرتوون .. خۆیان گیرفان پڕ و تێرن .. بێباکن لە برسێتی و نەبوونی خەڵکی بێ دەرامەت و بێ پارە .. دەست و پێوەند و خوبزە و لارەمل و دەڵەچە و ریاباز و پێڵاودانەر و زمان لووسێکی زۆریشیان بە پارە کڕیون، بۆ ئەوەی بانگەشەیان بۆ بکەن و، بە شان و باڵیان هەڵدەن و ستایشیان بکەن و، کڕنۆشییان بۆ بەرن، ئەم نۆکەرانە بە جۆرە نواندنێکەوە دەست بە سنگیاندا دەدەن و بە نەڕوا و درۆ پێیان دەڵێن ( گەورەم، ئەشەدوبیلا هەموو فەەرمایشەکانتان راستن ) . ئەوانەشی کە پێان بڵێن ئێوە هەڵەن و پێتان خوار داناون .. یا کل بە بەری چاوتانەوەیە .. کەس نازانێت کە بە چ دەردێکیان دەبەن .. چارەنووسیان نادیار دەبێت .
لە ئەمڕۆدا ریایی و مەرایی و دەڵەچەیی و ماستاوکردن، بوونەتە نەخۆشییەکی رەوشتی و کۆمەڵایەتی مەترسیدار و، تووشی زۆربەی گەلانی تازە گەشەکردوو هاتووە، چونکە هێشتا دیکتاتۆریەت و زۆرداری و خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەڵات بنبڕ نەکراون .. هێشتا ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، تەنها قسە و دروشمی رووتی بازرگانین و، جێبەجێ نەکراون .. ئەم نەخۆشییە تابێت زیاتر تەشنە دەکات و، ئێسکی میللەت دەڕزێنێت و، بۆتە شێرپەنجەیەکی کۆمەڵایەتی و، تا بێت زیاتر مێشک بۆگەن دەکات .. تا ئەو رادەیەی کە ریایی و نۆکەری و کڕنۆش بردن، بوونەتە پرانسیپی کەسانێکی نەفس نزم و هەلپەرست و دووڕوو و دووزمان و ئاژەوەگێڕ .. لە فەرهەنگی ئەم کەسانەدا ئابڕوو و شوورەیی و سووکایەتی و شەرمەزاری بوونیان نییە .. کێ کەر بێت ئەوان دەبن بە کورتانی .. لۆژیکیان ( کڕنـۆش بـردن .. تا بتـوانـن ).
( ڤایرۆسی ریایی و مەرایی ) لە ( ڤایرۆسی ئایدز ) ترسناکترە .. ئەگەر کەش و هەوای گونجاوی بۆ بڕەخسێت زۆر بە زوویی تەشنە دەکات و بڵاودەبێتەوە .. بۆیە پێویستە لە بەرچاوبگیرێ و بە جدی کار بۆ ئەوە بکرێت، کە لە رەگەوە هەڵبکێشرێت و بە تەواوی بنبڕ بکرێت تا جارێکی تر هەڵنەداتەوە .. باشترین و ئاسانترین رێگاچارەش، ئەوەیە کە ریابازان و خۆهەڵواسان ئاشکرا بکرێن و، پەردەی شەرمەزاری لە روویاندا لاببرێت، سەری گڵوڵەی ریای و مەراییش بدۆزرێتەوە .. دەزگایەکی چاودێریش لە کەسانی دڵسۆز و پاک و راستگۆ و بێلایەن دابمەزرێت .. تا لەم بارەیەوە بە وردی چاودێـری ریابازان و خۆهەڵواسان بکات و، بەبێ چاوپۆشی بیانداتە دادگا و سزای یاسایی بدرێن.
زۆرن ئەو کاربەدەستە باڵایانەی کە ئەمڕۆ، لە حکوومەتدا دەسەڵاتدار و کاربەدەستن و، لە پۆست و پلە و پایەی باڵای حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دان .. یا لە دەستەی باڵای حیزبە سییاسییە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان دان .. بەشێکی زۆریـان، نە بەگراوندێکی خەبات و تێکۆشانیان هەیە، نە قوربانییەکی ئەوتۆشیان داوە، نە توانایان لە سیاسەت هەیە و، نە توانای بەڕێوەبردن و کارڕاپەڕاپەڕاندن و، داهێنانیان هەیە، نە رۆشنبیرن و، نە قسەزانن، نا خاوەنی بڕوانامەیەکی ئەکادیمی و زانستی و زانیاریشن .. نە پسپۆرن لەو کار و ئەرکانەیی کە پێیان سپاردوون، نە بە توانانن و نە بە شایستەیی خۆشیان ئەو پۆستانەیان بە دەست هێناون و، پایـە بە پایـەش بە پەیـژەی سیاسی و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و بەرپرسێتیدا سەرنەکەوتن، بە ڵکو لە سایەی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و خزم خزمێنە و نزیکی و باڵ باڵێنە و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و ماستاوکردندا و خۆهەڵواسیندا و، کوڕی فڵانە بەرپرسە، یا خزمی غەزووری سەپانی ماڵی شێخە .. چۆن وا لە پڕێک بوون بە کوڕێک ..؟! ئەمانە بە سەر شانی کەسانێکی تردا سەرکەوتن و، بوونە بە خاوەنی پلە و پۆستی باڵا و، دەخوڕن و دەبڕن و دەدزن .. هەندێکیان هەر هیچیان لەباردا نییە و، لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن .. ئەمانەن هۆکاری ئەم بارودۆخە نالەبارە سیاسییەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان .. ئەمانەن هۆکـاری راستی قەیرانی دارایی و هەڵتەکانی ژێرخانی ئابووری کوردستان .. گەر شەرمیان بە خۆیان هەبوایە .. دەبوایە یەکسەر دەستیان لە کار و لە پۆستەکانیان هەڵبگرتایە و .. بۆ کەسانی دڵسۆز و بەڵەد و پسپۆر بەجێیان بهێشتنایە .
بێگومان گەورەترین گەندەڵیش ( بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێن و پۆستی شیاودا )، نە نان بۆ نانەوایە و .. نە گۆشت بۆ قەسابە ..؟؟
پێویستە حکوومەتی ئێستای باشووری کوردستان هەڵبوەشێتەوە و، حکوومەتێکی تازەی تەکنۆکرات بە ناوی (حکوومەتی رزگارکردنی کوردستان ) حکوومەتێکی کاتی بێت، تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو لە کوردستاندا دەکرێت .. حکوومەتێک وەزیرەکانی لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری بیت .. دوور لە مەحسووبیەت و لە مەنسوبیەت لە خزمایەتی و لە بنەماڵەیی و لە عەشیرەتگەری و لە ناوچەگەری .. چونکە لە راستیدا حکوومەتی ئێستای کوردستان لاوازترین حکوومەتە و شکستی هێنا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، لە سنووردان و بۆ گەندەڵی و، بۆ نا شەفافییەت لە پارەی داهاتەکانی سامانە سروشتییەکانی کوردستان .. بە تایبەتیش پارەی فرۆشتنی و نەوت..؟ پێویستە یەکسەریش پەڕلەمانی سڕبووی کوردستان بکەوێتەوە کار و شەرعیەتی و دەسەڵاتی بۆ بگەڕێننەوە .. ئەگینا باردۆخی کوردستان خراپتر دەبێت و .. حیزبە سیاسییەکانیش لەیەک دەترازێن و .. وقەیرانی داراییش خراپتر دەبێت .. ئەم ئەنجامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی حکوومەت و حیزبەکانی کوردستان دایە .. تەنهاش رۆڵەکانی گەلەکەمان باجی ئەم ئەنجامەش دەدەنەوە .
هەندێ ریابازان و خۆهەڵواسان، پاساو بۆ کڕنۆشبردن و لەگاوی و مێچکە مێچکیان دەهێننەوە .. بەڵام کەس نابێت ( پێویستی ) بکات بە بیانوو و پاساو هێنانەوە بۆ ریایی و مەرایی .. پەندێکی ( باسکی ) هەیە دەڵێت : ” ریابــاز خـزمی ناپــاکە ”
کەسانی جوامێر و نەفس بەرز و باوەڕبەخۆ و رەنجدەر و کۆڵنەدەر و سەبەرز .. گەر لە برسیشدا بمرن ریای و مەرایی لەبەر کەس ناکەن .. ناوبانگ و رەوشت بەرزی و ئابڕووی خۆیان بۆ پۆست و پلە و پایە لەکەدار ناکەن .. هەمیشە بە ماندوو بوون و بە ئارەقی ناوچەوان نانی خۆیان پەیدا دەکەن .. کاسەلێسی کەس ناکەن و، نان و پیـازیان پێخۆشترە .. لە گوشت و پڵاوی بە منەتی ئاغا و ماغا و بەرپرسان و دەسەڵاتداران .
ئەفسوس لە ئەمڕۆدا ـ هەرچەندە کەمیشن ـ کۆمەڵێک لە رۆشبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران .. دوای بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان کەوتوون و، بوونە بە پاشکۆی کاربەدەستان و بەرپرسان و، ستایشیان دەکەن و بە پیاندا هەڵدەدەن .. لە راستیشدا راست ناکەن و خۆشەویستییەکی ناخیان بۆیان نییە .. خۆیان و ئەو کەسانەش دەخەڵەتێن .. چونکە باش دەزانن کە پیاهەڵدراوکانیان شایانی ئەو ستایش و خۆشەویستی و پیاهەڵدانانە نین .. ئەمەش لادانە لە پرانسیپ و لە پەیامی پیرۆزی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد و بوێر و دڵێر .
لە کاتی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ ( سەدام حوسێن ) دا مانگ نەبوو کە ئاهەنگ و کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە لە دیوانی کۆشکی کۆماری عێراقدا، بۆ پیاهەڵدان و ستایشی سەدام رێک نەخرێت .. گەلێ شاعیر و نووسەر و هونەرمەندی خۆفرۆش و بەرژەوەندی پەرست زیادە رۆییەکی زۆریان لە هەڵکێشانی سەدامدا کرد و، زۆر فوویان دا، تا وایان لێکرد، زۆر لە خۆیی بایی بێت .. تەنانەت ( ٩٩) نازناویان بۆ سەدام هەڵبەست، وەک :
( پاڵەوان، پاڵەوانی عەرەب، سەرکردەی پێویست، شمشێری عەرەب، تەنیا سەرکردە، خۆشەویستی ملێونان، دۆژمن شکێن، … هتد ) بەڵام بەچاوی خۆمان بینيمان، کە چۆن سەدام حوسێنی فسفس پاڵەوان، وەکو مشک لە کۆنێکدا خۆی حەشاردابوو و دەرهێنا.
جا ئەوانەی کە شیعر و پەخشان و سروودیان، بەسەر سەدامدا هەڵدا، لە ئەمڕۆدا زۆر تەریق و شەرمەزارن .. هەرچەند دەکەن ناتوانن ئەو هەڵانە و شەرمەزارییان لە بیری خەڵکی بەرنەوە .. چونکە مۆرکی خۆفرۆشی و کڕنۆشبردن و نۆکەرییان کاڵ نابێتەوە .
هەر بۆ بزەی سەرلێوتان، چیرۆکی ( کەرە دێزەی حاجی نەریمان ) تان بۆ دەگێڕمەوە :
حاجی نەریمان گوێدرێژێکی دێزەی هەبوو، بە ( کەرە دێزە ) ناوی دەبرد .. کەرە دێـزە وای لێهات نەیدەتوانی باری قورس هەڵبگرێ .. حاجی نەریمان بڕیای دا کە بیفرۆشێت .. سێ رۆژ لەسەر یەکتری بردی بۆ مەیدانی کەرفرۆشتن .. بەڵام کەس لێی نەکڕی .. دەڵاڵێکی كەرفرۆش، کە حاجی نەریمانی دەناسی، پێی وت : ” بەیانیش کەرە دێزە بیهێنەوە بۆ مەیدان، بزانم بۆتی نافرۆشم ” .
حاجی نەریمان بۆ رۆژی چوارەمیش، کەرە دێزەی بردەوە بۆ مەیدانی کەرفرۆشتن .. دەڵاڵەکە بینی کابرایەک کڕيار سەیری گوێدرێژەکەی حاجی نەریمان دەکات ..
دەڵاڵەکە ( لە دوورەوە .. بە دەنگێکی بەرزەوە ) : ئەرێ حاجی نەریمان .. ئەوە کەرە دێزە دەفرۆشیت .. ؟
حاجی نەریمان ( وەڵامی دایەوە ) : بەڵی .. بەڵی .. دەیفرۆشم .
دەڵاڵەکە : جا باشە حاجی نەریمان پێم ناڵێیت، کە لە ئەمڕۆ بە دواوە، کەروێشک بە چی گل دەدەیتەوە .. ؟
حاجی نەریمان ( بە پێکەنینەوە ) : نا .. نا .. یەکجاریش وا نا .
مەبەست لە وەڵامەکەی حاجی نەریمان بۆ دەڵاڵەکە، واتە کەرە دێزە هێندە قایم راناکات کە بتوانێت بگات بە کەروێشک و گلی بداتەوە .. ئەمە ستایشێکی زیادەڕۆییە و چونکە کەرە دێزە، کەری خۆمە و دەزانـم چی لە باردایە .. ئەم ستایش و پیاهەڵدانە هەڵناگرێ.
لە ئەمڕۆشدا دەبینین، دەڵاڵەکانی سیاسییەکان و، دەڵاڵەکانی دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی و بەرپرسەکان .. زیادەڕۆیی لە هەڵنانی ( پیاهـەڵدراوەکـانیان ) دەکەن .. کە لە راستیدا شایەنی ئەو ستایش و هەڵنانانە نین .
بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە ( ستایشی ریایی ) و ( ستایشی راستی ) زۆر جیاوازن سەرکردە و کەسانێکی ئەوتۆمان هەن، کە لە خۆشەویستییەکی ناخی دڵەوە، بەبێ هیچ مەبەستێک و بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی .. شایەنی ئەوەن کە چەنـد ستایشیان بکەین هێشتا کەمە .. بۆ نموونە : پێشەوا قازی محەمەد، پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کچە شەڕڤانە پاڵەوان و گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان .. شەهیدە نەمرەکانمان .. هەرکەسێکی دڵسۆزی تر، کە بە سەربەزی و راستگۆیی و بێ ریایی خزمەت دەکات .
لە ناخی دڵيشمەوە دەڵێم، پڕ بە دڵ هەموو ئەو رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسانەم خۆشدەوێ و ئەوپەڕی رێزیان لام هەیە کە بەبێ ترس، بە راستی راستییەکان دەنووسن و، هەرگیز چاویان لە بەرژەوەندیی و دەست کەوتی تایبەتی خۆیان نییە، زۆر دڵسۆزن بۆ کـورد و کوردسـتان .. مایەی رێز و شانازین لە لای خوێنەرانی دڵسۆزیش .
رەزا شوان / نەرویج