"an independent online kurdish website

ئەوەی ڕژیمی ئێران نەناسێت نە لە سیاسەت دەزانێ و نە لە چەمکی ترۆر تێگەیشتووە!reuf-gulbeden


دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەریانخست کە ئەوەندەی گوێڕایەڵی ترۆریستەکانی کۆماری سێدارەن ئەگەر هەر ئەوەندە هاوڕێیەتی و هاوکاری یەکتر بووبان ئێستە کوردستان بەو دۆخە نەدەگەییشت!

کورد لەوەتی هەیە درۆشمی دڵی کوردستان و قودسی کوردستان بۆ کەرکووک دەڵێتەوە و مێشکی خەڵکیان بە درۆشم و هۆتاڤی بێ ناوەرۆک کەڕ و کاس کرد!

هەر ئەو کاتانەی کە کە لە سەر نووسینی ناوی کەرکووک کۆک نەبوون، دەبوایە بەو پەیامە بمانزانیبایە کە دوو شێوە نووسین بۆ ناوی کەرکووک لە ڕاستیدا بەشێک بوون لە کێشەکان کە لەو ڕۆژانەدا بەو جۆرە دەریاندەخست!

ئەمیان دەینووسی: ” کەرکووک

ئەویان دەینووسی: ” کەرکوک

ئەمە یەکەم پەیام بوو کە لێی تێنەگەیشتین و بە بێ بیرکردنەوە جێبەجێمان کرد!

ئەمە دەسپێک بوو بۆ ئەوانەی کە ئەوڕۆکە لە ناو جەرگەی کەرکوودا نووسینگە بۆ ترۆریستانی کۆماری سێدارە و حەشدی وەحشی دەکەنەوە و هەر ئەوانە بوون کە کوردستانیان کرد بە شوێنی یاریگە بۆ ئێران و تورکیا و عەرەبستان و ئەمریکا و کێ و کێ و تاد

 

کردنەوەی نووسینگەی ترۆر لە کەرکووک تەنیا بە فرمی ناسینی ترۆرە، ئەگینا چەندین ساڵە بەڵێ چەندین ساڵە هەر لەو کاتەوە کە لە پەڕگە ئێنتێرنێتییەکانی ئیتلاعاتەوە سەرپەرشتی ئەو درز تێخستنە دەکرا کە خستیانە ناو دەسەڵاتی کوردەوە و هەر ئێستە ئیتر ئاساییە کە کەسەک کە تەنانەت هیچ بڕوای بە دین و ئایین نییە بەڵام بە خۆمەینی جەلادی کورد بڵێت ئیمام! هەر چەندە بە کاربردنی ئەم ناوە پاشخانێکی ئایینی هەیە و بە تایبەتیش دوای هاتنە سەرکاری کۆماری سێدارە لە ئێران بۆ ماوەیەک لە لایەن ئاییندارە شێعەکانی سەر بە دەسەڵات کەڵکیان لە ناوی ” ئیمام ” بۆ سیاسەتکردن وەردەگرت! ئایەکوو کوردێکی سێکولار و زۆر جار دژە ئاینن بە چ پێوەرێک دەڵێت ” ئیمام خۆمەینی” ؟!

وەک دەبینن لە لای بازرگانی سیاسی خۆمەینی جەلاد دەبێ بە ئیمام و کەچی خودی کۆماری سێدارە بڕوای بە کوڕەزاکەی خۆمەینی نییە، ئیتر چۆن چۆنی ئێوەی ساویلکە بەو سیستەمە دیکتاتۆڕییە باوەڕ دەکەن و دەفتەری خۆمەینی لە کەرکووک دەکەنەوە کە لە ڕاستیدا ئەوە پێشکەشکردنی کەرکووک و دواتر کوردستانە بە ئێران و ئیتر ڕۆژی ڕەشی ئێوەش لەم ڕۆژەوە دەست پێدەکات!

بەدبەختی ئەو خەڵکە لەوەدایە کە کەوتوونەتە ژێردەستی چەند کەس بازرگانی نەوت کە هیچ بڕوایەکیان نە کوردستان هەیە و نە بە کورد!

دژایەتی کردن لە گەڵ ویستی سەربەخۆی کوردستان هەر لەمەوە سەرچاوە دەگرێت! تەواوی نەتەوەکانی جیهان سەربەخۆ بن لای ئەمانە کێشە نییە، لای ئەمان، ئەوە کێشەیە کە کورد سەربەخۆبێت!

لە ڕاستیدا ئەوە داگیرکەری ئێرانە کایە بە ئێوە دەکات و ئێوەش لە ڕێگەی فیتووی ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن و هەر بۆ خۆتان خەریکن وڵاتی خۆتان کاول دەکەن بە بێ ئەوەی بزانن خزمەت بە پاسدار و ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە دەکەن!

باشە کێ قازانج دەکات لەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری سێدارە و حەشدی وەحشی لە کەرکووکدا ببێت؟

ئەم هەموو خوێنە بۆ ئەوە ڕژا، ئەم هەموو شەڕە لە گەڵ داعش کرا بۆ ئەوەی داعشی سوننە دەرکەن و نوێنەرایەتی داعشی شێعە لە کەرکووک بکەنەوە؟!

22 بەهمەن ( ڕێبەندان) ئەو ڕۆژەیە کە خەڵکی ئێران بە گشتی فریویان خوارد و ڕێک وا دیارە لەم ڕۆژەشدا لە گەڵ ئەوەی ئەزموونی فریوخواردنمان هەیە کەچی دیسانەوە ڕێک لەم ڕۆژەدا دیسانەوە مێژوو لە کەرکووک دووبارە دەبێتەوە!

ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات خێرمان لە کۆماری سێدارە نەدی و ئیتر با باشوور لە ئێمە پەند وەربگرن!

کۆماری سێدارە بۆ کوڕ و کوڕەزای خۆمەینی خێری نەدایەوە ئێستە پێتان وایە بە کردنەوەی نوێنەرایەتی نووسینگەی خۆمەینی بۆ ئێوە خێر دەداتەوە؟!

دڵنیا بن کە ئەگەر ئەوڕۆ هەڵوێست نەبێت ئەوە ئیتر ئێوەش دەبن بە بەشێک لە هیلالی شێعە و ئیتر هەتا سایکس- پیکۆیەکی‌تر خواتان لە گەڵ!

تەوای ئەم ئاژاوە و مووچە بڕین و خەڵک برسیکردنە هەر بۆ ئەمە بوو کە کورد لە ویستی سەربەخۆیی پاشگەز بکەنەوە!

دەسکیسەکانی کۆماری سێدارە وا دیارە ئەرکی داگیرکەران و دۆژمنانی کورد جێبەجێ دەکەن!

سایکس- پیکۆی تازە بەڕێوەیە و کورد مافی خۆیەتی بە سەربەخۆیی بگات و نابێ جارێکی‌تر داگیرکەران کوردستان بەش بەش بکەنەوە!

تورکیا وەک دەبینین بەو شێوە بێ بەزییانە نەتەوەکەمان لە باکوور سەرکوت دەکات و بۆ ئەوەی ڕێگە لە کورد بگرێت کە بە مافی چارەنووسی خۆیان بگەن و هەر هەمان نەخشەش لە مێشکی بۆگەنی کۆماری سێدارەدایە و هەر ئێستا ئەویش خەریکە ڕێگری دەکات لە سەربەخۆیی کوردستان و تەواوی ئەم هەوڵ و دژایەتییەی بۆ ئەوەیە کە لە نەخشەی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا زۆرترین پشک بۆ خۆیان ببەن و کەمترین زیان ببینن!

کورد ئەوڕۆکە لە دوو ڕێیانی چارەنووسی خۆیدایە و پێویستە کە لە سەربەخۆیی کەمتر ڕازی نەبێ، ئەگینا بۆ سەد ساڵی‌تر دیسانەوە دەبنەوە بە بەشێکی داگیرکراو!

کۆماری سێدارەش خۆی لە گۆڕاندایە و دوایی تورکیا نۆرەی ئێرانە و لە خۆتانەوە پشت بە ترۆریستەکانی کۆماری سێدارە مەبەستن!

کەرکووک پاک بکەنەوە لە ترۆریستەکانی کۆماری سێدارە!

لە داعشی سوننە هێشتا ڕزگار نەبووین کە دەمانخەنە بەر دەستی داعشی شێعە و حەشدی وەحشی!

دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستان خۆیان بۆ کلکایەتی ئێران دەکوتی!

 

ڕەوف گوڵبەدەن

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی