"an independent online kurdish website

شانۆیەکی دیکەی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی ویلایەتی فەقێی ئێران لە ڕۆژی 7ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کۆتایی پێهات و وەک چاوەڕوان دەکرا aref-shexahmadi

ڕێژەی بەشداریی کردنی نەتەوەی کورد بە بەراورد دەگەڵ ساڵانی پێشووتردا جیاوازیی بەرچاوی پێوە دیار بوو و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان لە 50% کەمتر بووە. بەڵام دەبێ بگوترێت هێشتا مکانیزمی هێنانە مەیدانی خەڵک لە لایەن کۆماری شیعەی ئێرانەوە کاریگەری هەیە و توانیویەتی سەرەڕای ناڕەزایەتی زۆرینەی جەماوەر و سەرجەم نەتەوە و مەزهەبەکانی ئێران لە دەسەڵاتدارانی حاکم، دیسانیش دەوری خۆی ببینێت.

 لە پارێزگای ئیلام کە بە یەکێک لە هەژارترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕیزی پێشەوی پارێزگا قەیراناوییەکانی ئێران لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و…هتد ئەژمار دەکرێت، مۆرەکانی ڕێ‌ژیمی ویلایەتی فەقێ دیسان دەتوانن کایە وگاڵتەجاڕی بە عەقڵی خەڵکی بکەن و قەناعەتیان پێ بهێنن کە دەنگی ئەوان لە لای دەسەڵات دەبیسترێت و زۆرن خەڵکانێک کە باوەڕ بە سیاسەتی ڕێژیم دەکەن و لەمەڕ قسە و بەڵێنی کاندیدێک، لە نێوان خۆیاندا دەیکەن بە شەڕ و کێشە و ئەو هێزەی دەبێ ڕێک بخرێت لە دژی ڕێژیمی داگیرکەر و ئاژاوە گێری ویلایەتی فەقێ، دەبێتە هۆکاری لە ناوبردنی یەکڕیزی جەماوەری خەڵک و ئاژاوە و بێ متمانەیی بە یەکدی.

 مخابن! لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی موکریان کە زۆربەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و گوندەکانی ئەم ناوچەیە بووە، ڕێژیمی ئاخوندی نزیکەی چل ساڵە هەموو سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆی لە دژی خەڵکی تاقی کردۆتەوە و دەگەڵ ئەوەی ئەو هێزی هەرگیز نیە دەنگی ناڕەزایەتی کپ و مت بکات، بەڵام لە ڕێگەی جۆراوجۆر و لەوانە هەڵخەڵەتاندن و وەعد و بەڵێنی بۆ چاککردنی ژیانی خەڵکی و هاوکات سستی و لاوازی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە لایەکی دیکەوە، هێشتا هێزی مانۆڕی هەیە و دەتوانێت لە ڕێگەی مۆرە بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە سەنیری ئەرخەیانی لێ دابنێت.

 ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە ئەوەیە کە دەزانین خەڵکی کورد لەم ڕێژیمە داگیرکەر و ئاژاوەگێڕە ناڕازییە و لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا هێزی بەرهەڵستکاری خۆی پێشان داوە و لە کاتی شۆڕش و بەرخۆدان دا تاقمی چەک و تفاقی شۆڕشی دابین کردووە و قەت نەبووە بۆ ڕۆژێکیش پشت لە هێزی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی گەل بکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لەم پێناوەدا ئەو هەموو چەرمەسەریی و ناخۆشیەیی تەحەموول کردووە و هەرگیز کۆڵی نەداوە.

 زۆرن ئەوانەی کە بە نووسراوە و شێعر و هەڵبەست، گلەیی لە خەڵک دەکەن و کەم نین ئەوانەی لە بن پەتوو ولێفەی تاراوگەدا بای زگیان خاڵی دەکەن و کورد گوتەنی “ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک” گلەیی لە خەڵک دەکەن.

 باشە بۆ لە خۆتانەوە دەست پێ ناکەن؟ ئێوە خۆتان ناتوانن لە ئۆردووگایەکی حیزبی دا دەگەڵ یەکدی دا بسازێن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری دابین بکەن، ڕای جیاواز قەبووڵ بکەن، گەڵاڵەیەکی ڕێک و پێک دابڕێژن و ئاشتبوونەوەش پێشکەش بە خۆتان و …هتد، ئینجا دەتانهەوێت خەڵکی کوردستان وێڕای ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و کێشانەی ڕێژیم بۆی درووست کردوون، بە شەو و ڕۆژێک داگیرکەر و هێزەکەی وەدەرنێن و بەخێر هاتنی ئێوە بکەن کە هێشتا بە عەقڵی ساڵی 57 وە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینن و تێڕوانینێکی کۆن و ئیکسپایەرتان بۆی هەیە!.

 زۆر سەیرە بۆ لە خۆتان ناپرسن کاتێک ڕێژیم دێمۆگرافی شار و گوندەکانی کوردستانی گۆڕیی و زمانی کوردیی و کلتوور و شوناسی نەتەوەیی لاواز دەکات و بە بڵاو کردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دەیان پلان و پیلانی دژە کوردی دیکە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، ئێوە بە کام پلان و ستراتیژی چالاک و سەردەمیانە و بە کردەوە بە گژیدا چوونەوە یان دەچنەوە؟! ئایا جگە لە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک کە بە پەلە پڕووسکە و لەمەڕ ئابڕوو نەچوونتان بڵاوی دەکەنەوە، توانایی چی دیکەتان هەبووە یان هەیە کە لەمڕۆدا خۆتان سوور دەکەنەوە و ئەو خەڵکەی بە هەر هۆکارێک بێت بەشداری هەڵخەڵەتاندن دەکەن تاوانبار دەکەن!؟

 بۆ ناڵێن جگە لەوەی دەتوانن بڵێن بایکۆتی دەکەن، لە دوای ئەوە هیچ بەرنامەیەکی شیاو و ڕێک و پێکتان نیە تاوەکوو جەماوەری ناڕازی یەکبخەن و هێزی ئەوەتان نەماوە بە کردەوە هەنگاوێگ هەڵێنن و بە هەڕەشە و تاوانبار کردنی خەڵک نەبێت خۆشتان نازانن چیتان دەوێت و چیتان پێ دەکرێت. هۆکارەکەشی دیارە ئێوە خۆتان ماڵ لە یەک نین و داوای یەکبوونی خەڵکیش دەکەن!.

 بۆیە بە ڕای من کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی کردنی ئەمجارەی نەتەوەی کورد، جگە لەوەی دەبێ بڵێین سپاسگوزاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین، هیچ گلەیی و گازەندەیک هەڵناگرێت و ئەوەی خۆی لەو خەڵکە پێ شۆڕشگێڕترە کەس دەستی نەگرتووە و “ئەوە عەرز و ئەوە گەز” با چۆنی بۆ دەکرێت و چی پێدەکرێت ئەنجامی بدات و لەوە زیاتر بۆڵەی نەکات…!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی