ڕۆژی شه‌ممه ڕێكه‌وتی ١٢ی مارس یادی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان له شاری سالا کرایەوە. یاده‌كه به ده‌قه‌یه‌ك بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی کورد و کوردستان ده‌ستی پێ كرد.
پاشان، وێڕای بەخێرهاتن کردنی به‌شداربووان، لەلایەن كومیته‌ی ژنانی گشتی سوئێده‌وه پیرۆزبایی ڕۆژی ژنان لە ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی كورد بەتایبەتی کرا.
بۆ ئه‌م یاده به‌ڕێزان بەهیە حەیدەری و د. عه‌لی عه‌بدیلزاده بانگێشتن كرابوون كه بێن له‌سه‌ر ڕۆڵی ژنان بەنۆرە باسێک پێشکەش بكه‌ن.
به‌ڕێز به‌هیه باسەکەی لەسەر ڕۆڵی ژنانی كورد لە بوارە جیاجیاکانی ژیان و هۆی کەمڕەنگ بوونی ڕۆڵی ژن لە نێو دەسەڵاتدا چڕ کردبووەوە و لەسەر ئەوە پێداگریی کرد، کە ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ پێناسە دەکرێن، کەچی لەلایەن ئەو نیوەکەی ترەوە ئاسانکاریی بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی پلە و جێگای شیاوی خۆی بدۆزێتەوە. لەم پێوەندییەدا کۆسپەکانی سەر ڕێگای ژنانی بۆ گەیشتن بە پێگەی شیاوی خۆیان خستە ڕوو.
پاش باسه‌كه‌ی به‌هیه خانم پشوو بۆ خواردن ڕاگه‌یێندرا. خواردن له لایه‌ن كۆمیته‌ی سالاوە ساز كرا بوو، کە زەحمەتەکانیان جێگای ڕێز و پێزانینە.
به‌شی دوه‌می یاده‌كه تەرخان کرابوو بۆ باسەکەی به‌ڕێز د. عه‌لی عەبدیلزادە. به‌ڕێزی باسی له بوونی نایه‌كسانی لەنێوان ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگەی سوئێد‌دا کرد. لەو بارەیەوە ئاماژەی بە هۆكاره‌كانی كه‌م بوونی ژنان له به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگە، وەک كه‌م بونی ژنان له ناو كاری سیاسه‌ت، ئابووری و له بواری كاردا کرد. باسی ئەوەی کرد، كه له وڵاتێكی دیمۆكراتیكی وه‌ك سوئێد هێشتا مافی یه‌كسانی نه‌گەیشتۆته ئاستی شیاوی خۆی. بۆ نموونه مووچه‌ی ژنان و پیاوان هێشتا نایەکسانن و بۆ کاری وەک یەک مووچەی وەک یەک وەرناگرن و، مووچه‌ی پیاوان زۆر له مووچه‌ی ژنان به‌رزتره. ئەمە سەرەڕای ئەوە کە گەلێک جار ئاستی خوێندنی ژنان زۆر به‌رزتره له پیاوان.
به‌ڕێز د. عه‌لی ڕایگه‌یاند كه به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه و ئه‌و به‌ڵگانه كه هه‌ن نیشان ده‌درێ كه ژنان تواناییان به‌رزه و ده‌توانن كار و چالاكی بكه‌ن به‌ڵام ده‌بێ ئاسانكاری بكرێت و باوه‌ڕ بوون به توانایی ژنان جێ بگرێت. ژنان ده‌بێ له ناو كۆمه‌ڵگەدا ڕۆڵی گرنگیان پێ بدرێت و بگه‌ن به ئاستی به‌رز له هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگەدا، چ له بواری سیاسه‌ت‌دا بێت، مودیرییه‌ت‌دا بێت یان ئابووری‌دا بێت.
دوا به‌شی یاده‌كه به گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ كۆتایی پێ هات!
ئێمه له لایه‌ن كۆمیته‌ی گشتیی سوئێد پڕ به دڵ سوپاسی به‌ڕێزان به‌هیه حه‌یده‌ری و د. عه‌لی عه‌بدیلزاده ده‌كه‌ین بۆ قسه و باسه‌كانیان، كه پڕ بوون له زانیاریی گرنگ و زۆر به كه‌ڵك بوون بۆ ئێمه و به‌شداربووان!
زۆر سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە لە یادەکەدا به‌شداربوون!
هەروەها زۆر سپاس بۆ كۆمیته‌ی سالا كه كاره‌كانی ئه‌م یاده‌یان له ئه‌ستۆی خۆیان گرتبوو و به جوانی به‌ڕێوه‌یان برد!
یه‌كێتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران-سوئێد
٢٠١٦–٠٣–١٢