Hoppa till innehåll
Hem » پەكەكە چۆن هەدەپەی كوشت؟ رێبوار کەریم وەلی

پەكەكە چۆن هەدەپەی كوشت؟ رێبوار کەریم وەلی

(1) لە سەرەتای حوزەیرانی 2013 و ئەوكاتەی كە ناڕەزایەتییەكانی پاركی گەزی لە ئیستانبوڵ سەریانهەڵدا، هەدەپە لە دروستبووندا بوو،rebwar_kerim_weli

گفتوگۆكانی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیا خەریك بوو دەگەیشتە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە. پەكەكە ئەو ناڕەزایەتییانەی قۆستەوە و بووە یەكێك لەو لایەنانەی كە پەلاماری ئەردۆغانیان دەدا. زۆر كەس پێیانوابوو كە ئەو ناڕەزایەتییانە كۆتایی حكومەتەكەی ئەردۆغانە، بە تایبەتی كە شەش مانگ دواتر ریسواییەكی گەورەی دارایی لەسەر ئەردۆغان و وەزیرەكانی ئاشكرا كرا، بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە پرۆسەی ئاشتی هەر بەردەوام بوو.

 

لە سەرەتای 2014ـشەوە، هەدەپە پتر لەوەی خۆی پێ تەڕەفێكی دانوستاندنی ئاشتی بێت و خاوەنی دۆزێكی نەتەوەیی بێت، تەحویل بوو (یان گۆڕدرا) بۆ پارتێك كە بەرگری لە بنەماكانی كۆماری توركیا بكات لە دژی هەژموونی موحافەزەكاری و هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی. دیار نییە كە ئامانج لە دروستكردنی هەدەپە چی بوو؟ ئایا پەكەكە دەیویست بە ناسنامەی توركیاییبوون، دەرچەیەك بۆ دووركەوتنەوەیان لە دۆزی نەتەوەیی و دروشمەكانی پێشوویان بدۆزنەوە، یان بەرەیەكی دیكەی چەپ (چونكە چەپی كلاسیكی جەهەپە سەركەوتوو نەبوو) لە دژی ئەردۆغان بكەنەوە؟

 

لەڕاستیدا، بەتوركیایی بوونەكە سەریگرت و هەدەپە وەكو تەڤگەرێكی توركیایی سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیراندا بەدەست هێنا، بەڵام ئەوەش باجەكەی ئەوە بوو كە پڕۆسەی ئاشتی وەستا و تەرەفی سەرەكی واتا ئاكپارتی و ئەردۆغان، كۆتایی پڕۆسەكەیان راگەیاند. چونكە هەدەپە نەیتوانی یان رێگەیان نەدا ئەو هێزە گەورە پەرلەمانیەی دەستی كەوتبوو، بیخاتە خزمەتی چارەسەری و لەولاشەوە پەكەكە تەپڵی شەڕی لێدا. دەستپێكردنەوەی شەڕ لە حوزەیرانی 2015ەوە كۆتایی بە رۆڵی سیاسیی هەدەپە لە توركیا هێنا، چونكە جارێكی دیكە ئەو سەركەوتنەی پێ دووبارە نەكرایەوە و بەرەو بچووكبوونەوە چوو. گۆڕەپانی سیاسی لە كوردستانی باكوور بە تەواوەتی كەوتە دەست پەكەكە و ئەو هێزانەی كە لەناو شارەكاندا دروستی كردوون. ئێستا كە هەدەپە لە پەرلەمان بەرەوڕووی هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی بووەتەوە (چونكە هەردوو هاوسەرۆكەكە دەگرێتەوە) لە ئاستانەی لێكهەڵوەشاندایە و تەنانەت لەناو خودی هەدەپە دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی ماوەی رابردوو بەرز بووەتەوە كە داواكاریی ئۆتۆنۆمی یان خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری، دەكرا بە دانوستاندن و لە ئەنقەرەوە بهاتبایە دی.

 

پەكەكە بواری مانۆڕی سیاسی لەبەردەم هەدەپەدا نەهێشتووەتەوە و رۆڵی پەرلەمانتارەكان ئەوەیە كە چاك یان خراپ دیفاع لە پەكەكە بكەن، ئەگەرنا ئەمڕۆ هەدەپە 59 ئەندام پەرلەمانی هەیە و پارتی دەسەڵاتداریش دەیەوێ دەستوور بگۆڕێت و هێشتا بوار بۆ دانوستاندن (تەنانەت ئەگەر بە نهێنیش بێت) ماوە.

 

لەبری سیاسەت، شەڕ

 

(2) پەكەكە شەڕی هەڵبژاردووە و دەوڵەتی توركیاش لاریی لەوە نییە. راگەیاندنی (بزووتنەوەی شۆڕشی یەكگرتووی گەلان) و كۆكردنەوەی كۆمەڵێك رێكخراوی ماركسیستی لینینیستیی كورد و تورك (كە زۆربەیان عەلەوین و رێكخراوی ژێرزەمینین) لەژێر چەتری پەكەكەدا، لە قۆناغی یەكەمدا راگەیاندنی مەرگی هەدەپەیە و ئینجا بەدوای چەند ئامانجێكەوەیە كە دەكرێ دیارترینیان ئەوە بێت، پەكەكە دەیەوێت ئەو تۆمەتانە لە خۆی دوور بخاتەوە كە گوایە هەوڵ دەدات توركیا وەك سووریا لێبكات و بە راسپاردەی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ئەو شەڕە لەگەڵ توركیادا دەكات.

 

پەكەكە دەیەوێ بڵێ شەڕی ئەوان لەگەڵ توركیا شەڕێكی نەتەوەیی نییە و شەڕی هەموو گەلانی توركیایە لەگەڵ دەوڵەتدا و لە بەرەیەكی ئایدیۆلۆژیی چەپی شۆڕشگێڕدایە. ئەو رێكخراوە ژێرزەمینیانە لە ناوچەكانی رۆژئاوای توركیادا لەدژی حكومەت بۆ كردەوەی توندوتیژ بەكاربێنێت و گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكانی كوردستانی باكوورەوە بگوازێتەوە بۆ سەرانسەری توركیا.

 

ئەو رێكخراوانەی كە پەكەكە لەگەڵیان رێككەوتووە، دەتوانن لە مەودایەكی كورتدا نائارامی بەسەرانسەری توركیادا بڵاوبكەنەوە و هەندێك زیان بە دەوڵەتی توركیا بگەیەنن، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە بەشێكی زۆری ئەو رێكخراوانە لە توركیا سەرباری ئەوەی سەنگ و كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە، بە رێكخراوی تیرۆریستیش ناسراون و ئەو كارەی پەكەكە هێندەی دیكە ئاو دەكاتە ئاشی توندڕەوەكانەوە و بەوەش ئەگەری دووركەوتنەوەی پەكەكە لە پۆلێنی تیرۆر هێندەی دیكە لاواز دەبێت.

 

گەڕان بەدوای هاوپەیمانی سەربازی

 

(3) پەكەكە لە كوردستانی رۆژئاوا بەرەی سەربازیی دروست كرد، لە باكووریش دوای نزیكەی سێ مانگ دانوستاندن هەمان شتی راگەیاند. ئەوە دەریدەخات كە سیاسەتی پەكەكە بۆ داهاتووی ناوچەكە و بە تایبەتیش كوردستانی باشوور، گەڕان دەبێت بە دوای هاوپەیمانی سەربازی. رەنگبێ پەكەكە نەتوانێ لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان چالاكیی وای هەبێت، بەڵام دەمێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەمان كار دەكات. ئەگەر بیانووی ئێستا شەڕی داعش بێت، دەبێ لە داهاتوودا، هاوپەیمانی سەربازیی پەكەكە لەگەڵ گرووپی دیكەی چەكداری لە دژی كێ و لەپێناوی چیدا بێت؟

 

سەرچاوە:  روداو

بابەتی پەیوەندی دار

ڤیدیۆ و وێنە، مێدیاکانی پەکەکە رایانگەیاند کە پ ک ک و دە رێکخراوی تر، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییان دروست کرد.

پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێ بە خۆێدا بچێتەوە . حوسێن کوردنەژاد