"an independent online kurdish website

newro_nu

هاونیشتیمانیانی تامەزرۆی ئازادی 

هاتەوە نەورۆزی کوردستان هێمای خەباتی شێلگیر و کۆڵ نەدان، ڕەمزی تێکۆشان و نەوەستان تا سەرکەوتنی ئامانج و بەاری نەتەوەکەمان.


ساڵەهایە کۆماری تاوانی تاران ، لە کوردستان دەستی ناوەتە بینی ژیان ، گۆڵ دەشێلێ ، مۆسیقا دەتۆرێنێ و گۆرانی دەخنکێنێ ، ساڵەهایە ڕوخساری سروشت و جوانی دەشێوێنێ .

گەلی ئێمە زۆر زستانی تووشی دیوە ، زۆرداری بێ ئەژماری لەبەر ڕەویوە و گەلێک بەربەستی ئەستەم لە ئاست باهۆی ئیرادەی هەرمانی داخزیوە.

هزری نەورۆز پێمان دەڵێ ، جەورو ستەم، داگیرکاری،وەک شەوگاری تۆسنی تووش و سەرما، شەماڵی ڕاسانی خاکەلێوە ڕایدەماڵی ولە توێی گەڵاو گولیلکی ئاوەدانی دا،مەلی شادی سروودی سەربەستی دەجریوێنێ. گەل و پێشمەرگە لە داوێنی ژیان دەڕوێنەوەو بەند و سەهۆڵبەندانی چلەکان لە بن پێیان دەتوێنەوە.
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان  
لاوانی دڵ پڕلەگڕی نیشتمانپەروەری
وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازە داواکارین ئەم نەورۆزەشمان وەک هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو، بەهێز و باوەڕبەخۆ، پاریزگاری لە سەنگەرەکانی تێکۆشان و ئیرادەی نەتەوەیی مان بکەین . هاوخەبات بین ئەم نەورۆزەش بکەین بە جێژنی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی تاریک پەرستی ، فەرهەنگی خۆڕنین و قوڕپێوان و دۆش دامان . بەکردنەوەی ئاوری نەورۆز وپێکهێنانی ڕیوڕەسمی پڕشکۆ و سۆز،جارێکی دیکەش بڵێینەوە، گەلی کورد تا هەڵهاتنی خۆری ڕزگاری دەست لە خەبات وتێکۆشان هەڵناگرێ و لە بەرامبەر هەموو هێزێکی ملهوڕ و سەرەڕۆدا کلتووری ڕەسەنی نەتەوەیی و هێماکانی بەرخۆدانی دەپارێزێ .

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە

بەباوەڕمان ، نووتەک و تاریکیی کۆماری ئیسلامی وزوقم و شەختەی بێدادی چۆک دادەدەن هەمبەر شەماڵ و خۆری ڕاپەڕین ، لەبەر قریوەی کۆڕی شادی وقاقا و قریشکەی پێکەنین .

دڵنیاین لە کوردستان، زمهەریری شڵێوەی ڕاسان ئاوماڵکی داگیرکەران ڕادەماڵی تا هەڵدێرگە و تا کەنارەکانی نەمان ، لاوانی وڵات. ئاڵای ئازادیی گەل هەڵدەدەن لە هەواری ڕزگاری نیشتمان، لە کۆشکی سەربەستی کوردستان .
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جێژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بە هاتەوە


   حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران                          
    کۆمیسیۆنی تەشکیلات نەورۆزی٢٧١٦ی کوردی  

              

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی