بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە سایتی پێشمەرگەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەکانی هەرێمی ئوریبرۆ، ڤێستەرمانلاند، سوێدەرمانلاند و فالوون
و بۆرلێنگەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، یادی 10ی خاکەلێوەیان کردەوە.
لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوید، بەشکۆوە ڕێز لە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان گیرا.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەکانی هەرێمی ئوریبرۆ، ڤێستەرمانلاند، سوێدەرمانلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، کۆڕێکی ماتەمینی هاوبەشیان، بەبەشداری بەڕێز و تێکۆشەر مامۆستا ” حەسەن شیوەسەڵی” ئەندامی ئیفتیخاری کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێز دوکتۆر ” حوسێن خەلیقی” ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات و نووسەر و سیاسەت مەداری کورد و هەروەها شاندێکی کومیتەی سویدی حدکابەسەرپەرستی ” ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کومیتە، لە شاری ئێسکیلستونا بەڕێوە برد.
لەو کۆڕە ماتەمینییەدا وێرای کۆمەڵێ لە ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ڕێژەیەک لە بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدانی دانیشتووی ئەو سێ هەرێمە و دەورووبەری، کومیتەی لینشۆپینگی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێ خەڵکی ئەو شارە و هەروەها شاری ستۆکهۆڵم و چەند شوێنێکی دیکەی وڵاتی سوید، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پەیمان نوێ کردنەوە بە ڕێبازی پێشەواو هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان، بەشدارییان کرد.
سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب ” و هەستانە سەرپێ و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەستی پێکرد.
پێشەکەی لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ” عارف عەزیزی” بە گەرمی بەخێرهاتنی بەشداربووان، نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسی و فەرهەنگییەکان و سەرجەم مێوانانی بەڕێزی کۆڕەکە کرا و داوا لە دایە ” مرێم ڕۆستەمپووڕ” دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان کرا کە بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان ٦٩ مۆمی یادی ٦٩ ساڵەی شەهیدانی کوردستان داگیرسێنێت.
پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی هەرێمی ” سوێدەرمانلاند، ڤێستەرمانلاند، ئوریبرۆ”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن حەبیب بەهرامی خوێندرایەوە.
پەیامی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید لەلایەن “محەممەد ئەحمەدی” خوێندرایەوە.
برووسکەی ماتەمینی: حیزبی شوعی کوردستان، ڕێکخستنی شاری ئێسکیلستونا.
برووسکەی ماتەمینی: کۆمەڵەی کوردی لە شاری ئێسکیلستونا.
برووسکەی ماتەمینی: ماڵپەڕی خاکەلێوە لە سوید.
پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن ” عەزیز مراد پەرست ” پێشکەش کرا.
پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن ” مەلا محەممەد بێگزادە” پێشکەش کرا.
شایانی باسە لەو کۆڕەماتەمینییەدا دوو هاوڕێی ئازیز و خۆشەویست، بەڕێزان: مامۆستا ” حەسەن شیوەسەڵی” ئەندامی ئیفتیخاری کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتۆر ” حوسێن خەلیقی” ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، وەک کۆڕگێر بانگهێشت کرابوون.
لە بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا کۆڕگێڕی یەکەم مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و گەورەیی و وەفاداری شەهید پێشەوا، کرد.
بەڕێز شیوەسەڵی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ئازادی خواز چۆن دەژی و هەوڵ بۆ پێکەوە ژیان دەدات. گوتیشی پێشەوای نەمر دیتوانی بۆ خۆی باشترین ژیانی هەبێ و دەکرا ببایە بە خاوەنی گەورەترین مڵک و سامان، بەڵام ئەو مەرگ و پەتی سێدارەی هەڵبژارد، ئەوەش مەزنی و کورد پەروەری ئەو گەورە پیاوە دەگەیەنێت.
بەڕێز شیوەسەڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئێمەی کورد هێشتا داواکاری و وەسێتەکانی پێشەوای نەمرمان لە گوێ نەگرتووە و ڕەفتارمان پێ نەکردووە. ناوبراو هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ئیشارەی بە پرشو بڵاوی حیزب و لایەنەسیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ووتی ئێستا لە هەمووکاتێ زیاتر ئێمە پێویستیمان بە یەک دەنگی و یەک ڕیزی هەیە و دەبێ لەوبوارەدا هەوڵی زیاتر بدەین.
لە بەشی دووهەمی کۆڕیادەکەدا، کۆڕگێڕی دووهەم بەڕێز: دوکتۆر ” حوسێن خەلیقی” ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باسێکی سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و بوێر و لێهاتووی پێشەوا قازی محەممەد پێشکەش کرد.
بەڕێز دوکتۆر خەلیقی وێرای ئەوەی کە قسەکانی بەڕێز شیوەسەڵی پشتڕاست کردەوە، گوتی پێشەوا تەنیا ڕێبەر و سەرۆک کۆمار نەبوو، پێشەوا سمیبوول و ڕەمزی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی کوردە، پێشەوا چرای ڕووناکی ڕیگامانە.
دوکتۆر خەلیقی لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا ووتی دوژمنانی کورد تەنیا پێشەوایان لە سێدارە نەدا، کۆماریان ئیعدام کرد، هیواو ئاواتی مللەتێکیان هەڵواسی.
کاک دوکتۆر لەبەشی کۆتایی قسەکانیدا باسێکی کورتی لەسەر شۆڕش و بەرخۆدانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و خاڵە مەنفی و موسبەتەکانی کرد. ناوبراویش وەک بەڕێز شیوەسەڵی لەسەر یەک ڕیزی و یەک دەنگی گەلی کورد پێداگر بوو. گوتیشی تا ئەوکاتانەی بەم شێوەیە پرشووبڵاو بین وەزعییەتمان لە ئێستا باشتر نابێت.
لە بەشی کۆتایی کۆڕیادەکەدا بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لەلایەن کومیتەکانی ” ڤێسەرمانلاند، سوێدەرمانلاند، ئوریبرۆ”ی حدکا لە وڵاتی سوید، شاخەگوڵ بەسەر بنەماڵەی شەهیدانی بەشداربوو لە کۆڕیادەکەدا کرا و بە ” سروودی ئەی شەهیدان” کۆتایی پێهات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئێسکیلستونا،
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ڤێسترۆس،
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئوریبرۆ،
١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی،
……………
لە شاری فاڵۆنی وڵاتی سوید، سیمینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەی ” فاڵۆن و بورلێنگە”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بۆ بەڕز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و پەیمان نوێ کردنەوە بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری هەمیشە زیندوی گەلەکەمان، سیمینارێکی بەڕێوە برد.
پاش شروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، لەلایەن کاک ” مەولوود ئازەرئەفشان”ەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.
پاشان پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ” فاڵۆن و بورلێنگە” لەلایەن کاک ” جەلال کەریمی” بەرپرسی کومیتەی ناوبرا خوێندرایەوە.
دواتر لەوحەیەک لە وێنەی ” پێشەوا قازی محەممەد” و نامەی تایبەتی ” کۆمیسوێنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەگەڵ شاخە گوڵ، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدانی بەشداربوو لەو سیمینارە کرا و سیمینارەکە بەو شێوەیە کۆتایی پێهات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ فاڵۆن، بورلێنگە
١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی