بە ناوی خودای بەخشندەی مێهرەبان
پێشەکی ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو لایەکتان و سەری ڕێز و نوازیش بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان
سڵاو بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و بنەماڵەکانیان، سڵاو لە زیندانیانی خۆڕاگری کورد لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی دڕندەی ویلایەتی فەقێ
بەڕێزان ڕێبەرایەتی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموکرات!
کادیر و پێشمەرگەی دیموکرات و لایەنگرانی دیموکرات خواز!
لە هەلوومەرجێک دا کە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستی بە یەک ڕیزی و برایەتی هەیە و دوژمنانی لە مێژینەی نەتەوەکەمان واتە شیۆنیزمی عەڕەب و عەجەم بە دەیان و بگرە سەدان پلان و پیلانیان لە دژی باروودۆخی سیاسی ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەمان حازر کردووە و بەو پەڕی بێ شەرمیەوە دەڵێن دژی درووستبوونی کیانێکی کوردیی دەوەستن و ناهێڵین سەر بگرێت، کەچی بەداخەوە پارت و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان خەریکی درێژەدان بە ناکۆکی و شەڕی ڕاگەیاندنن لە دژی یەکدی و ئەوەی لە بیریان نەبێت پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی بۆ دەربازبوون لە کێشە و گرفت و قەیرانە ناوخۆیی و دەڕەکیەکانە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی کورد لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا بە درێژەدان بە وتووێژەکانی دوو لایەنی دیموکرات دڵیان خۆش بوو و ئاواتیان یەکگرتنەوە یا خود تەواو بوونی کێشە و ناکۆکی نێوان ڕێبەرایەتی دوو لایەنی دیموکرات بوو و هێشتا چاوەڕێی هەواڵێکی خۆش دەکەن.
بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کورد و بە تایبەت لایەنگرانی حیزبی دیموکرات شەو و ڕۆژ داواکارییان ئەوە بوو کە تکایە یەک بگرنەوە و کێشەکانتان تەواو بکەن، واز لە پاوانخوازی لەمەڕ دەسەڵاتی تاکڕەوانە بێنن، ئاوڕێک لە مێژوویی پڕشنگداری کۆماری کوردستان و پێشەوای نەمر قازی محەممەد و ڕێبەرانی شەهید قاسملوو و شەرفکەندی بدەنەوە.
بەڕێزان ڕێبەرایەتی هەر دوو لایەنی دیموکرات!
قسەکانی ئەم دواییانەی بەڕێز کاک خالید عەزیزی و قسەکانی چەند ڕۆژ پێشتری بەڕێز کاک مستەفا هیجری هەر دووکیان قسەی دیموکراتە، ڕەنگە وەک یەکدی نەچن بڵام هەر دوو بەڕێزیان بە مێژووی دیموکراتەوە خەباتی ڕابردوو و ئێستایان گرێ دەدەن و کەسایەتی خۆیان پێناسە دەکەن، دوژمنی دڵ پڕ لە قینی ئاخووندی شمشێری خۆی تەنیا بۆ یەکتان ناسوێت و بەوی دیکەتان گوڵ و سڵاو بڵێت، ئەو لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێت لە بچووکترین ناکۆکی و هاوڕا نەبوونی ئێوە قەڵەشت و سنووری خیانەت و دوژمنایەتی درووست بکات، کەوایە بۆچی بە دەستی خۆتان ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن، هەر هاوڕێیانی دوێنێ و ئەمڕۆی یەکتر نین، ئەگەر مەبەستتان خزمەت بە نیشتیمان و درێژەدان بە ڕێگە و ڕێچکەی پێشەوا قازی محەمەد و ڕێبەرانی شەهید لە ڤییەن و میکۆنووسە، ئیدی ئەم هەڵڵا و بەزمە چیە لە سەر گوتار و شرۆڤەی سیاسی یەکتر درووستی دەکەن؟!
ئەگەر ئێوە مەبەستتان قازانجی نەتەوەی کورد و سەرکەوتنی کاروانی خەبات بێت، بەمجۆرە بۆتان ناچێتە سەر و خەریکن لە دژی یەکتر دوژمن بە خۆتان خۆش دەکەن، ئەگەر هەر دوو لاتان تەنیا نەختاڵێک ڕۆحی لێبووردەیی و تەوازووعتان هەبوایە، داهاتووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان بەلاوە گرینگتر دەبوو لە شەڕ و هەڵڵا و تانە و تەشەر لە دژی یەکتر و ئاژاوە نانەوە.
هەموومان یەک دووژمنمان هەیە کە بەلایەوە هیچمان لەوی دیکە بۆ ئەو ڕێژیمە جیاوازتر نین، ڕەنگە ڕێژیم بۆ نانەوەی ئاژاوە و فیتنە چەپڵە بۆ یەکمان لێدات بەڵام لە هەر فرسەتێکدا دەخوازێت هەموومان بسڕێتەوە.
وەک کەسێک کە ئەندام و لایەنگری هیچ لایەکی دیموکرات نیم بەڵام خۆم بە قەرزداری مێژووی پڕ لە سەروەری و خەباتی قارەمانەی نەتەوەیی ئێوە دەزانم، داواتان لێ دەکەم خامە و موڕەکەبی قەڵەمەکانتان لە دژی یەکدی خاڵی مەکەن و لوولەی تەفەنگەکانتان پێکەوە ڕوو بکەنە دوژمنی داگیرکەری عەجەم.
ئێوە بتانهەوێت و نەتانهەوێت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ بە هەر جۆرە ڕەنگ و ڕواڵەت و بیروڕایەکی سیاسیەوە یەکڕیزی خۆیان پاراستووە و چاوڕێی ئێوەشن هەرچی زووترە ڕیزی خۆتان یەکبخەن و واز لە شەڕی ڕاگەیاندن و پرتە و بۆڵە لە دژی یەکتر بێنن.
دڵنیابن خۆتان زەرەر دەکەن و نەتەوەکەمان بەو پەڕی وشیاری سیاسیەوە هەنگاو دەنێت و خۆشتان دەزانن گەلی کورد لەوپەڕی وشیاری و هەماهەنگی دا هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت.
کەوایە ئەی مەشخەڵدارانی خەباتی نەتەوەیی، بۆچی دەنگتان یەک ناخەن، تا کەی واز لە فکریەتی زۆرانبازی و یەکتر بە عەرزدادان و شارچیەتی ناهێن؟ دڵتان بە کێ خۆشە و پشتان جگە لە نەتەوەکەتان بە کێی دیکە گەرمە کە خەریکن یەکدی دەهاڕن؟
بۆیە داواکارم لێتان درێژە بەم ناکۆکیانە مەدەن و ئەوەی درێژە بەم جۆرە خیتابە و فکریەتە بدات بیهەوێت و نەیهەوێت، لە لای خەڵکی گومانی ئەوەی دەکەوێتە سەر کە هەڵسووکەوتی ئێوە کەوتۆتە ناو بازنەی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی و دوژمن خەریکە پێتان پێدەکەنێت و بە دەهۆڵ و زووڕنای خۆی هەڵتان دەپەڕێنێت.
لە کۆتایی دا داواکارم لە کادیر و پێشمەرگە و لایەنگرانی دیموکرات لە جیاتی ئەوەی لایەنگری لە هەر چەشنە ناکۆکییەک بکەن، یەک دەنگی و یەکبوونی خۆتان بە گوێ ڕێبەرانی هەر دوو لایەنی دیموکرات دا بدەن و بە هیچ شێوەیەک مەچنە ناو بازنەی خۆپەرستی و شەڕی ڕێبەری و کورسی و دەسەڵاتی ئەوانەوە، چونکە دڵۆپێک خوێنی شەهید و فرمێسکی دایکی شەهیدێکی ئەم نیشتیمانە و خەبات و بەرخۆدانی ئێوە، پیرۆزترە لە هەر تاک و کۆی ڕێبەرانێک کە ناخوازن دەنگی ئێوە ببیستن و وەڵامی داوای یەکگرتن و یەکبوونی خەڵکی کوردستان وەک باییەک بە لای گوێیان دا دەڕوات و وەک ئەوەی مێشێک میوانیان نەبێت.
ڕێز و حورمەت
عارف شێخ ئەحمەدی ـ ڕۆژنامەنووس و چالاکی میللی مەزهەبی کوردستان
6/4/2016
بابەتی پەیوەندی دار
-
وڵامی هاوڕێیانی پێشوو بە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران
-
بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بە دیموکرات دەزانن و دیموکراتیان خۆش دەوێت، عارف شێخ ئەحمەدی
-
کاک خالید عەزیزی دەیتوانی کێشەکە ئاسانتر جارەسەر بکات! ئازاد کوردی
-
ماڵپەڕێکی سەربە ڕێژیم لێدوانی خالید عەزیزی دەکاتە بەڵگەی ئیعتراف بە بێ توانایی بزووتنەوەی کورد !
-
دهستپێكردنی خهباتی چهكداريی حیزبی دێموكراتو ههڵوێستی دۆڕاوانی سیاسی، ههڵۆ جانانی
-
مستەفا هیجری: لەبەر هەرێمی كوردستان شەڕی چەکداری لەگەڵ ئێران ناكەین، ئەگەر هێرش نەکەنە سەر پێشمەرگەکانمان
-
وتووێژی کەیهانی لەندەن لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی
-
بۆ ڕیزدار خالیدی عەزیزی، کەژاڵ حاجی میرزایی
-
پەیمان حەیدەری: دیسکۆرسی بەڕێز خالید عەزیزی، دیسکۆرسێکە لە چوارچێوەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه دا
-
مستەفا هیجری بۆ رووداو: ئەمساڵ پێشمەرگەکانمان دەنێرینەوە رۆژهەڵاتی کوردستان
-
پەیوەندی سیاسی نێوان سەلاحەدین خەدیو و خالید عەزیزی، تاهیر قەرەخان
-
لهم دۆخهدا دهسپێكردنهوهی خهباتی چهكداریی گونجاو نییه!؛ ئاریتما موحهممهدی
-
مستەفا هیجری: لەبەر هەرێمی كوردستان شەڕی چەکداری لەگەڵ ئێران ناكەین، ئەگەر هێرش نەکەنە سەر پێشمەرگەکانمان
-
پەیامی نـــــــەورۆزی کاک مستە فاهیجری و خۆ تێوەگلاندنی کاک خالید عەزیزی؟، سولەیمان ئەحمەدنژاد