ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، سیمینارێک لە سەر پرسی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا،
له لایەن ” تۆڕی هاوكاری نێوگروپی پارله‌مانی سوید، بۆ دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ له ئێران‌دا، لە پارله‌مانی ئەو وڵاتە، بەبەشداری ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌ری حیزب و لایەنە سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ بەڕێوە چوو.
شایانی باسە لەو سیمینارەدا ” مەهاباد مینووزادە” بەرپرسی یه‌كێتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بەشداری کرد و له لەو پێوەندییەدا ووتارێکی پێشکەش کرد.
بەرپرسی یەکێتی ژنان لە باسه‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به جۆره‌كانی پێشێلكاری مافی ژنان له ئێران به گشتی و كوردستان بەتایبەتی كرد.
مینووزاده له بەشێکی دیکەی باسه‌كه‌یدا ووتی ئێمە وەک یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرجەم ژنانی ئازادیخوازی کورد، دەبێ هەوڵ بدەین کە ببینه ده‌نگ و ڕەنگی ئه‌و ژنانه‌ی كه هیچكات ڕەنگیان نەبینراوە و ده‌نگیان نه‌بیستراوه.
خاتوو مەهاباد له بڕگەیەکی دیکەی ووتاره‌كه‌یدا ئاماژەی بە چەند خالێک لە یاسای ئێران كرد كه مافی ژنانی پێ پێشێل ده‌كه‌ن.
ناوبراو هەر لە درێژەی ئەو باسەدا گوتی ئه‌گه‌رچی پێشێل كرانی مافی ژنان له ئێران‌دا سیسته‌ماتیك و به پێی یاسا ده‌کرێت، به‌ڵام له‌م نێوه‌دا مافی ژنانی نه‌ته‌وەبنده‌سته‌كانی ئێران، وه‌ك ژنانی كورد و ئەوانیتر، زیاتر پێشێل ده‌كرێ.
ئەوە لە حاڵەتێکدایە کە ژنانی کورد جگە لە ستەمی مرۆیی، ستەمی نەتەوەیی و ئایینیشیان لێ دەکرێت.
شایانی باسه ئه‌م سیمیناره له كاتێكدا پێک هات كه چه‌ند حه‌وتووی دیكه هه‌یئه‌تێكی بازه‌رگانی وڵاتی سوید سه‌ردانی ئێران ده‌كا و لەو پێوەندییەدا نوێنه‌رانی حیزبه سیاسیه‌كانی سوید جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه پێویسته له‌م جۆره دیدارانه باسی مافی مرۆڤیش بكرێت.
لەم سیمینارەدا جگه له نوێنه‌ری حیزبه سویدییەکان، نوێنه‌ری رێكخراو‌ی نووسه‌ران ” قەڵەم” نوێنه‌ری رێكخراو‌ی ئه‌منییەتی ئینتێرناشناڵ و چه‌ند رێكخراو‌ی مافی مرۆڤی دیكه‌ش بانگه‌هێشت كرابوون.
یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید،
١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،
٢٠ی ئاپریلی ٢٠١٦ی زایینی،