سیاسەت وەک هونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کۆمەڵگە، لە لای ئەوانەی دایان هێناوە، سوودی لێ وەردەگیرێت
بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی گشتی خۆیان و بەرژەوەندی تاک و کۆی جەماوەڕ، بە پێچەوانەوە وەک هەموو شتێکی دیکە لای حیزب و خۆ بە سیاسی زانی نەتەوەی کورد ژێراوژوور دەخوێندرێتەوە و لە جیاتی ئەوەی خێر و بێری هەبێت زیاتر بۆ کۆڵەوار کردن و بەرژەوندی حیزب و دەسەڵاتی تاکڕەوانە و دیکتاتۆر کەڵکی لێوەر دەگیرێت و هیچی تر.
حیزب و سیاسەتی کوردی لە باشووری کوردستان بۆ پێشەوەچوونی خەونە عەشاییری و مافیاییەکانی خۆی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی گڵاو و گەندەڵ، دەستی داوەتە هەر چەشنە پەلامارێکی قێزەون و هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی ناناسێت و هەر هەمووی بۆ پاراستن و پاوانی خۆی دەبەزێنێت و تەنیا قازانجی خۆی بەلایەوە گرینگە و کەڕامەت و کەسایەتی هیچ کەسێک حیسابی بۆ ناکرێت.
لە هەر کۆمەڵگەیەکی مودێرن و پێشکەوتووی ئەم جیهانەدا کە حیزب و سیاسەتمەداری کورد بە ڕواڵەت و لە شکڵ و شێوەدا لاسایان دەکاتەوە، گوێگرتنی ئاشکرا لە پێوەندی تەلەفوونی و چاودێری کردنی ژیانی ئاسایی خەڵک بەشێکە لە یاسا شکاندن و هەر دەوڵەت و دەسەڵاتێک وای کردبێت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بووەتەوە و ئەگەریش بە نهێنی وا بکات دیسان هەر ئەوندەی تر ڕیسوا دەبێت و کاتێک دەردەکەوێت لە لای جەماوەری خەڵک، ئەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و دەیان و بگرە سەدان خوێندنەوەی یاسایی بە دوای خۆیدا دێنێت.
لێرەدا ناچمە سەر ئەوەی بمانهەوێت بزانین عەبدوللەتیفی سەلەفی پێوەندی تەلەفوونی و دواتر سێکسی دەگەڵ ئافرەتێکدا هەبووە یان نا، چونکە وەک ڕۆژنامەنووسێک بەدەر لە ئەرکی خۆم و ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی ناتوانم بچمە ناو بازنەی تۆمەت و بووهتانەوە و کەسایەتی خەڵکی بریندار بکەم.
عەبدولەتیفی سەلەفی مرۆڤێکە وەک هەمووی ئێمە، دەخوات و دەخواتەوە و …هتد، بەڵام زیاتر بۆچی ڕەخنەی لێ دەگیرێت بە ڕواڵەت دەبێ ئەوەبێت کە ئەو کابرایە خۆی بە دواکەوتە و باوەڕمەند بە سەلەفی ساڵح لە ئایینی ئیسلامدا دەزانێت و شەو و ڕۆژ لە مزگەوتی بەهەشت و کەناڵی ئامۆژگاری نەسیحەتی خەڵکی دەکات کە خۆیان لە بیدعە و زینا کردن و خراپەکاری دوور بگرن و لای خەڵکی باسی بە تەقوا بوونی دەکرێت. کەچی بڵاو بوونەوەی هەواڵێکی لەم چەشنە و هەروەها تۆمارێکی دەنگی لە سەر ئەو بابەتە، تووڕەیی بەشێکی زۆر لە نەیارانی عەبدوللەتیف و حیزبە سیکۆلارەکانی بە شوێندا هات و فارس گوتەنی وەک هەمیشە لە کاە(کا) کووه (کێو)یان درووست کردوو و لە هەمووش خراپتر سیفەتی خراپەی کەسێکی موسڵمانیان گشتگیر کرد بۆ هەر باوەڕمەندێکی ئایینی ئیسلام.
لێرەدا وەک ئەوەی هیچ کەسایەتیکی حیزبی و سکۆلاری کورد لەو کارەی دەڵێن کە عەبدوللەتیف سەلەفی کردوویەتی نەیکردبێت و هەموویان لە ئاوی شەویی پاک تر بن هەر ئەوەی ماوە قەساسی پێش جینایەتی هەر موسڵمانێک بکەن بە هۆکاری ئەوەی ئەویش هاوبیری جەنابی عەبدوللەتیفە. لێرەدا پرسیارەکەی من ئەوەیە کە تەنیا عەبدوللەتیف و باوەڕمەندی کورد دوو ژن و چەند ژنی هەیە، یان زینا دەکات، حەزی لە ژنی مێرد دار هەیە، ژنی مێرد داری داگیر کردووە، بە تەلەفوون قسەی سێکسی دەکات؟! بە دڵنیایی نەخێر. فەرموو لەو لایەنە سیاسیەی باشووری کوردستان کام کەسایەتیان تەنانەت بە جەنابی هەڤاڵ سکرتێری گشتییەوە کە هەر لە سەردەمی گەنجیەوە لە ڕووسیا وەک مامۆستا هەژاری ڕەحمەتی دەگێڕێتەوە لە ناو مەسعەد(ئاسانسۆڕ)ێکدا عاشق ببوو، و کەسانی دیکەی ئەو حیزبەش کامیان لە مەلایەکی ئایینی سەلەفی پاکترە با خۆی بناسێنێت و با ئەو عەبدوللەتیفی سەلەفی ڕەجم بکات یان خود بە یاسای چەپکە گوڵەکەی خۆیان چی لێ دەکەن با پێمان بڵێن.
خوێندنەوەی بەندە و هەر کەسێک کە بیهەوێت بە ویژدانەوە باسی وەها ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بکات، دەبێ لایەنی ویژدان لە بیر نەکات و لە هەموو شتێکیش گرنگتر بەپەلە نەبێت و پێش زانیاری تەواوی ڕووداوەکە تا کۆتایی نەکەوێت، تاوەکوو بزانین ئەمە تەنیا دەنگۆ و ناوزڕاندنە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو و دەبێت چاوەڕوان بین تاوەکوو چۆنیەتی حەقیقەتی ڕووداو دەردەکەوێت.
ئەگەر وەها شتێک بووبێت، من تەنیا ڕەخنەیەک کە دەتوانم لە عەبدوللەتیفی سەلەفی ـ مەدخەلی هەم بێت ئەوەیە، کە جەنابیان ئەگەر وایکردبێت هەرچی زووترە بێ پێچ و پەنا کورد گوتەنی بڵێت” مەلاش سەهوو دەکات”، با دەست لە گوتار خوێندن و نەسیحەتی خەڵکی هەڵگرێت و وەک خۆی هەمیشە دەفەرمێت: ” ئیسلام و مزگەوت بەریئە لە پیاوی ناپاک”، کەوایە با ئەو بۆنە پیسە زیانی زۆرتر بە موسڵمانان و ئەهلی ئیمان نەگەیێنێت و لە خیتابە و گوتار خوێندنەوە دەست هەڵگرێت. چونکە تەنانەت لە وەڵاتانی سیکۆلاریش هەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم چەشنە بە دەست لە کار کێشانەوە کۆتایی پێ دێت و ئاو بێنەو و دەست بشۆ!!.
بەڵام بۆچی هەست دەکەم ئەو کێشەیە یان خود ڕووداوە گەورەتر کراوتەوە لەوەی تەنیا کردەوەی جەنابی عەبدوللەتیف سەلەفی لەمەڕ پێوەندی تەلەفوونی و خۆشەویستی بووبێت، چونکە وەک باسمکرد هەرکەس بخوات و …هتد، هەڵەش دەکات، بە باوەڕی بەندە ئەم چەند خاڵە دەبێ باس بکرێن تاوەکوو خوێنەری بەڕێز بزانێت لەوەها کات و ساتێکی قەیراناوی لە باشووری کوردستان دا بۆچی باسی قەوماندنی مەلایەکی ئایینی هەڵڵا دەنێتەوە و گەورەتر دەکرێتەوە زیاتر لە چواچێوەی هەر ڕووداوێکی لەم چەشنە:
یەکەم: عەبدوللەتیف سەەلەفی خۆی زۆر بە مرۆڤێکی ڕێک و پێک و بە تەقوا دەزانێت. بە قەولی سەعدی شاعیر لە شەڕدا هەرکەس دەسبەسەر بکرێت عەیبە و عارە، بەڵام کەسێک سیلاحی پێ بێت و دەس بە سەریش بکرێت خراپترە لەوانی دیکە، زانایان حوکمی کەسی خاوەن سیلاحیان هەیە بۆ کۆمەڵگە. بۆیە هەرکەس شتی وا بکات خراپە، بەڵام ئەگەر عەبدوللەتیف وایکردبێت زۆر خراپترە، چونکە ئەو خۆی بە خاوەن سیلاحی تەقوا و ئایین دەزانێت.
دووهەم: بە چ پاساوێک دەبێ جاسووسی لە سەر ژیانی خەڵکی بکرێت؟ لە کاتێکدا هەر ئەو حیزبەی ڕەخنەی لە بەعسی سەددامی دەگرت کە موخابەراتی ئەو ڕەژیمە هەموو شتێکی خەڵکی عێڕاق و کوردستانی کۆنتڕۆڵ دەکرد و دەستی بە سەر هەموو نهێنییەکدا گرتبوو، ئێستا بۆخۆشی لەو خراپتر پەلاماری کەسایەتی و ئابڕووی تاکی کۆمەڵگە دەدات و تۆماری دەنگی پێوەندی خەڵکی بڵاو دەکاتەوە.
سێهەم: ئەمە یەکەم جار نیە حیزبی بنەماڵەیی و مافیایی کورد لە باشووری کوردستان تاوانی وا بکەن لە دژی سووککردنی یەکتر و لایەنگری خۆیان. بە دەیان کەسیان کوشت و زیندانی و بێ سەرو شوێن کرد، لە مەلای ئایینی تاوەکوو کۆمۆنیست و بێ باوەڕ و ڕەخنەگر، هیچیان لە سێبەری دەسەڵاتی عەشاییری و بنەماڵەیی حیزبەکانی باشووری وەڵات، ژیانیان نەپارێزراوە و کەوتۆتە بەر دڕندانەترین پەلامار و ترساندن و توقاندن. بۆیە دەڵێم ئەوان ئەگەر وەک بەعس نەبووبن ئەوە کەمتر نەبوون لەم بابەتەشدا.
چوارەم: پێشتر مامۆستا سەید ئەحمەد، کە ئەویش مامۆستایەکی ئایینیە کەوتبووە بەر تانە و تەشەر و کەسانی دیکەش هەروەتر.گرینگتر ئەوەیە کە لە حکومەتی هەرێمی سەوزدا عەبدولەتیف گەشەی دەکرد و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و مزگەوتێک و سەدان لایەنگری هەبوو، بەڵام برادەرانی هەرێمە سەوزەکە عەبدوللەتیفـ یان بە مۆرەی پارتی دیموکرات و بارزانی دەزانی و دەیانگوت پارتی لە ناوچەی سۆرانی جێگە و پێگەی نەماوە و ئەم مەلا داعشەیان لە دژمان درووستکردووە. هەڵبەت لە مێژۆیی شەڕی ناوخۆدا هەردەم جەلالیەکان پارتی دیموکراتیان بە پاڵپشتی ئیسلامیەکان تۆمەتبار دەکرد و بە توندی ڕەخنەیان لێ دەگرت و ئێستاشی دەگەڵ بێت لە پێشانگەی کتێبی هەولێر کە گۆیا پارتی بە دەست ئانقەست ڕێگەی بە بڵاوبوونەوەی کتێبی عەڕەبی و ئیسلامی داوە!.
کەوایە هەر وا بە ساکاری ئەمجارە ناوی عەبدوللەتیف نەکەوتۆتە ناوان و جیاواز لەوەی ئەم ڕووداوە چەندە ڕاستە و حقیقەتی هەیە یانیش نا، ئەوەی کە بۆچی ئەمجارە لایەنێکی سیاسی کورد بە زەقی کێشەی کۆمەڵایەتی مەلایەکی ئایینی زەق دەکاتەوە تەنیا لە دژایەتی ئیسلام و شێواندنی تێڕوانینی ئایینی خەڵکی باشووری کوردستان نیە، بەڵکوو هاوکات وەک تیرێک چەند نیشانە دەپێکێت. ئەم ڕەفتارەی موخابەراتی هەرێمی سەوز دووپاتکردنەوەی هەمان ئەخلاقی یەکتر بەعەرزدادان و سووک کردنی لایەنگر و ئەوانەی سەمپاتیان بۆ لایەنێکی دیکە هەیە وەبیر دەهێنێتەوە، بۆیەش هەوڵ دەدرێت ئەم ڕووداوە ببێتە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامە و گرنگترین هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی حیزب و دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی.
2016/04/21
تێبینی: ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و پێشمەرگەکان لێی بەرپرسیار نییە.
بابەتی پەیوەندی دار
ئەنوەر ئەبوبەكر، راگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی سلێمانی لەكاتی بەشدارییكردن لە بەرنامەی هۆتلاین لە تەلەڤزیۆنی و رادیۆی رووداو رایگەیاند ”لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەنگۆی هەبوونی پەیوەندی سۆزداری لەنێوان ژنە خوێندكارێكی پەیمانگاكە و د.عەبدوللەتیف ئەحمەد دروستكردووە.
ئەنوەر ئەبوبەكر رەتیكردەوە بەبێ بوونی بەڵگە هیچ تۆمەتێك ئاراستەی ئەو مامۆستایە بكەن و گوتیشی ”جیاوازی هەیە لەنێوان ئیدیعا و ئیتیهام، تاوەكو بەڵگەی روون و ئاشكرامان نەبێت تۆمەت ئاراستەی هیچ كەسێك ناكەین”.
ئەنوەر ئەبوبەكر روونیكردەوە كە وەكو راگری پەیمانگە رێگا نادات چی دیكە توێژینەوەی ئەو ژنە خوێندكارە لە لایەن د. عەبدوللەتیف سەلەفییەوە سەرپەرشتی بكرێت و گوتی ”قبوڵ ناكەم ئەو خوێندكارە بۆ توێژنەوەكەی بچێتە لای مامۆستا ئەوەش حاڵەتێكی ئاساییە لەكاتی بوونی كێشە بڕیاری وا بدرێت”.
عهبدولـلهتیف سهلهفی لهبارهی تۆماره دهنگییهكهوه روونكردنهوه دهدات

خهندان–
عهبدولـلهتیف سهلهفی رابهری سهلهفییهكانی كوردستان لهبارهی ئهو تۆماره دهنگییهوه روونكردنهوه دهدات كه لهههندێ ماڵپهڕو تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بڵاوكراوهتهوه، گوایه پهیوهندی ناوبراو لهگهڵ ژنه خوێندكارێکی خۆی دهسهلمێنێت.
ماوهی چهند رۆژێكه دهنگۆی پهیوهندی نێوان عهبدولـلهتیف سهلهفی لهگهڵ ژنه خوێندكارێکی له پهیمانگای زانسته ئیسلامییهكان لهسلێمانی بڵاوبووهتهوه، تائێستاش عهبدولـلهتیف سهلهفی چهند روونكردنهوهیهكی لهو بارهیهوه داوه.
عهبدولـلهتیف سهلهفی لهنوێترین رونكردنهوهیدا كه كهناڵی ئامۆژگاری سهر به سهلهفییهكان بڵاویكردووهتهوه دهڵێت ”ئەوەی کە دەگوزەرێت لەم چەند رۆژەدا لە بڵاوکردنەوەی نووسین و تۆماری دەنگی و ئەم جۆرە بابەتانە، شتێکی نامۆ نییە، نموونەی لە مێژوودا چەندینجار دەرحەق بە کەسانی خەمخۆر و هەڵگری پەیامی خوایی دووبارە بۆتەوە وە ئامانجیش لەم جۆرە بابەتانە و هاوشێوەکانی ناشرینکردنی ئەم پەیامە پیرۆزەیە پێش هەموو شتێک و پاشان هەڵگرانی”.
نووسیویشیهتی ”هەڵوێستی من سەبارەت بەم بابەتە بریتیە لە بەردەوامبوون لەسەر خزمەتکردنی میللەتەکەم بە پێشکەشکردنی وتارو وانە و ئامۆژگاریکردنی موسوڵمانان بە یارمەتی خوا، هەرچەندە هەوڵی لەکەدارکردن و شکاندنیشم بدرێت لەناو کۆمەڵگادا.
سەبارەت بەو تۆماره دەنگییهی بڵاوكراوهتهوه، عهبدولـلهتیف سهلهفی رایگهیاندووه ”لهسهردهمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا – بەتایبەت لای کەسانی ژیر- ئەمە شتێکی زۆر روون و ئاشکرایە کە بواری دەستکاریکردن و شێواندنی زۆر تێدایە. لە ئایندەدا – إنشاءالله – ڕاستیەکان دەردەکەون، هەموولایەک دڵنیادەکەمەوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی (ناشەرعی) لە ئارادا نییە”.
ئهوهشی خستووهتهڕوو ”بهنەیاران و ناحەزان دەڵێم له خوا بترسن و دهس لهم جۆره كارانه ههڵگرن، جا بهرامبهر به من بێت یان كهسێكی تر بێت، چونكه ئهمه جگه له كێشهوبهره و ئاشوب و فیتنه هیچی تری بهدوادا نایەت”.
خهندان زانیویهتی ئهو خوێندكارهی كه دهوترێت پهیوهندی خۆشهویستی لهگهڵ د.عهبدولـلهتیف داناوه ههر لهگهڵ بڵاوبوونهوهی دهنگۆكه دهوامی ئاسایی خۆی له پهیمانگاكهی نهكردووه.
پێشتر ئهنوهر ئهبوبهكر، راگری پهیمانگای زانسته ئیسلامییهكان، بهخهندانی راگهیاندبوو ”تائێستا ناتوانن بڵێن د.عهبدولـلهتیف كارێکی لهو شێوهیهی كردووه”.
وتیشی: ”دهنگۆیهكی لهو شێوهیه ههیه، بهڵام ئهندامانی ئهنجومهنی پهیمانگاكهمان ئهو دهنگۆیانهیان به بوهتان وهسفكرد، بهڵام وهك رێكارێكی یاسایی لیژنهیهكمان بۆ دهنگۆكه پێكهێناوه”.
س.م