"an independent online kurdish website

له رۆژی پێنجی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٥ هەتاوی، ئیبراهیم ئەحمەدی له کاتی هێرش بۆ سەر بنکەی جاش و پاسداران له گوندی رەزاوی ناوچەی مەریوان به توندی بریندار بووو پاش ١١ ساعەت بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ ماڵئاوایی له ژیان کرد و دڵه پر له هیواکەی بۆ  هەمیشە لە لێدان کەوت.shekofe_qubadi

  منیش به ئەرکی خۆم هەستامەوه و داوام له کۆمەلێک له دوستانی خۆم و ئیبراهیم کرد که هەر کەس پێ خۆشه بۆ ئەم مەبەسته به نووسینی بیرەوەرییەک بەشداریی ئەم یاده بێت.

کۆمەڵێک له دۆستان به دەم داخوازییەکەمەوه هاتن و به نووسینی بیرەوەییەکانی خۆیان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی که بتوانین پێکەوه سیمایەک له کەسایەتی کەم وێنه و بەرزی شەهید ئیبراهیم بخەینه بەر دەست ئێوەی ئازیز که پر به دڵ سپاسی هەموویان دەکەم.

جێگای خۆیەتی که سپاس له بەهرامی خۆشەویست بکەم که وەکوو هەمیشه یارمەتیدەرم بوو و ئەرکی پێداچوونەوه به سەر هەموو نووسراوەکانی به ئەستۆ گرت و لەگەڵ فرمیسکەکانم هاوبەش بوو.

لێرەدا بەشی یەکەمی کە هەستی دەروونی خۆمە بڵاو دەکەمەوه و بەشی دووهەمی کە بیرەوەری کۆمەڵێک لە هاورێیانی شەهید ئیبراهیمە له رۆژەکانی داهاتوو بڵاو دەبێتەوه.

نەمری و سەرفرازی بۆ هەموو ئەو کەسانەی گیانیان بەختی ئازادی و دێمۆکراسی کرد

سڵاو له شەهیدان سەربەرزمان به تایبەت شەهید ئیبراهیم ئەحمەدی

____________________________________

shehid_ibrahim
 

بۆ زامی دووباره کولاوەم که قەت سارێژ نابێت

 

تاکەکان له ژیانی ئێمە نەقشێکی سەرەکی دەگێرن و بوونیان له کات و سەردەمێکی تایبەتدا دەتوانێ ببێته هۆی مان و نەمانی تاک و گروپێک. ئیبراهیم یەکێک لەو تاکانه بووه له ژیانی مندا که بەشێکی زۆر له ژیانی  ئێستام مەدیوونی ئەوم . ئەوڵ جار شەهید ئیبراهیمم که ئەو کات ئەندامی رێکخراوی چریکی فدایی، ئەقەلییەت بوو، له گوندی تۆریوەری سەر به ناوچەی سنه بینی. ئەو کات لەگەڵ شەهید حسام له رێگای رۆیشتن بۆ دەفتەری سیاسی بووین، بۆ بەشداربوونی شەهید حسام له کۆنگرەی ٥ی حیزب. شەهید ئیبراهیم بریندار بوو و دایکی بۆ سەردانی هاتبوو بۆ ئەوێ. کۆمەڵێک پێشمەرگە بووین له ماڵی یەکێک لەو مرۆڤه شۆڕشگێرانەی ئەو گونده کە بانگهێشت کرابووین بۆ شام. چەند جارێکی دیکه لەم بەر و ئەو بەر لەگەڵ شەهید مەنسوور فەتاحی دیبووم و چەند جاریش هات و چووی ماڵی ئێمەی کردبوو.

شەهید بوونی حسام له باری دەروونییەوه زەربەیەکی زۆر کاریگەری له سەرم دانابوو. له پێشدا تووشی خەمۆکییەکی زۆر قورسی کردبووم که زۆر کەم کەس لەو کاتەدا زانست و دەرکییان لە سەر ئەو نەخۆشییه هەبوو. بەڵام به هۆی بوونی دۆست و هاورێیانێک که منیان هەر بەو شێوەی که بووم خۆش دەویست و رێزیان لێدەگرتم و پشتیوانم بوون، توانیم ئەو پرۆسە ناخۆشەی ژیانم تێپەر بەکەم. له دایکبوونی هیوای کورم دوای شەهید بوونی حسام گەورەترین رووناکی خسته ژیان و دڵی من. هیوا به راستی هیوای ژیانێکی دووباره بۆ من بوو، بەڵام به داخەوه به هۆی بێ دەرەتانی و هەل و مەرجی تایبەتی ئەو کات مەجبوور بووم هیوا له خۆم دوور خەمەوه. ئەو دوور خستنەوه زامی برینەکەی دەروونمی کولاندەوه و دیسانیش رەفیقە راستەقینەکانم بوون به هۆی دڵخۆشی و هێزیان پێ‌بەخشیم. یەکێک له گەورەترین شانسەکانی من له ژیاندا ئەوه بووه که هەمیشه تووشی رەفیقی باش و دڵسۆز بوومه. له دوای شەهید بوونی حسام هەموو کادر و پێشمەرگەکانی هێزی زرێوار به خۆیان و ماڵ و منداڵەوه پاڵپشتێکی زۆر گەوره بوون بۆ من که هەر لێرەوه سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو کەسانی دادەنوێنم که له رۆژە سەختەکانی ژیانمدا یارمەتیدەرم بوون. کاتێک که حسام شەهید بوو بەشێک له دڵ و جستەی من لەگەڵی روویشت و ئەو کەلێنه تا هەتایه وەک خۆی دەمێنێتەوه.

ساڵ ١٣٦٢ له گوندی دەرەویانی فارس بۆ جارێکی دیکه شەهید ئیبراهیمم بینی که لەگەڵ شەهید سەلاحی زاوای هاتبوونه نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات.  چیرۆکی چۆنیەتی دەسپێکی پێوەندی خۆشەویستی من و ئیبراهیم به یەکتر ئێستاش دوای ساڵیانێکی زۆر بزە دەخاتە سەر لێوەکانم که ئێرە شوێنی گێرانەوەی نییه.

لە هەڵبژاردنی ئیبراهیم بۆ شەریکی ژیان هیچ کات پەشیمان نەبوومه و به عەقڵی ئێستاشم و به چاوخشاندنێک له سەر رابردووم، به یەکێک له باشترین هەڵوێستەکانی ژیانی خۆم دەزانم.  هەر چەند بنەماڵەکەی تووشی زۆر ناراحەتی و گرفتیان له ژیان کردم بەڵام بۆ خۆی رزگارکەری ژیانی من بوو.

کاتێک که من ژیانی هاوبەشم لەگەڵ شەهید ئیبراهیم پێکهێنا، له باری دەروونییەوه وا رووخابووم بووم که قەت پێم وا نەبوو بتوانم بنەمایەکی نوێ بۆ خۆم دروست بکەم. خۆشەویستی ئیبراهیم بۆ من و رێزدانانی بۆ ویست و داخوازەکانی من له لایەک و تێگەیشتووی ئیبراهیم له سەر کاردانەوەی شەهید بوونی حسام له سەر من له لایەکی دیکەوه، بوو به هۆی ئەوی که من ورده ورده لەو سەرلێشێواویە رزگارم بێت. ئیبراهیم زۆر به تاقەت، میهربان، تێگەیشتوو بوو و رێز و ئەوینێکی بێ وێنەی بۆ من هەبوو. له گریانەکانم بۆ دووری هیوا لەگەڵم هاوبەش بوو و قەت به تەنیای نەدەهێشتم. له هەموو کاتێکدا دڵی من و ویستی منی پێش له هەموو شتێکی دیکه دادەنا و لە ماوەی ژیانی هاوبەشماندا یەک جار به قسەی نەکردووم که ئەو جارەش مەسیری ژیانی ئێمەی به تەواوی گۆری. ئەویش ئەو کات بوو که من به ئەسرین حامله بووم و نەمدەتوانی له شاخ بژیم و رێگای روویشتن بۆ دەرفتەری سیاسیشمان لێ‌گیرا بوو و ئەوەی که بیریشم لێ نەدەکردەوە گەرانەوه بۆ نێو کۆماری ئیسڵامی بوو. داوام لێکرد واز له پێشمەرگایەتی بێنێت، پێکەوه برۆین بۆ دەفتەری سیاسی، لەوێ بنێرینه شوێن هیوا و لەگەڵ من وهیوا برۆین بۆ ئوروپا. ئەو کات که من بیرم له خۆم و هیوا و ژیانی داهاتووی هاوبەشمان دەکرد، ئەو بیری له لای خەبات بۆ رزگاری و ئازادی نەتەوەکەی بوو. ئیبراهیم خەباتەکەی له پێش ژیانی شەخسی خۆی هەلبژارد و هەر لەو رێگایەش گیانی بەخت کرد. شەهید ئیبراهیم هاندەرێکی راستەقینه له ژیانی مندا بوو که توانی هەم بەشێک له برینەکەی دەروونی من دوای شەهید بوونی حسام سارێژ بکات و هاوکاتیش لەو دەروونه رووخاوه بناخەی تازەی مرۆڤێک دابنێت که هێزی بەرەنگاربوونی لەگەڵ زۆر گرفتی گەوره له ژیاندا بووه و ئێستاش هەیەتی. یەکێک لە گەورەترین ئاواتەکانی پێکهێنانی ژیانێکی بەختەوەر بۆ هیوا و ئەسرین بوو به تایبەت زۆری بۆ گرینگ بوو که هیوا له ژیاندا سەرکەوتوو بێت.

ebrahim_ahmedi_she

رووداوە نەخوازراوەکانی ژیان، من و ئیبراهیمیان له یەک جودا کرد و ئاخرین جار که ئیبراهیمم بینی پێش شەهیدبوونی له کاتی کۆنگرەی ٧ی حیزب بوو که به سەردانێکی چەند رۆژه چووم بۆ لای. ئاخرین شەو له قاوەخانەیەک خەوتین که خەڵکێکی زۆری لێ بوو و هاورێ عوسمان مەلاش هاتبوو بۆ بەرێکردنی خێزانی. من و ئیبراهیم هەتا سبەی پێکەوه قسەمان کرد. له نێو قسەکاندا که باسمان له داهاتوو دەکرد و پلانمان دادەنا که کەنگێ یەکتر ببینین، ئیبراهیم دیسان ئەو باسەی دووپات کردەوە و گوتی: شکۆفه نازانم ئێمه دەتوانین جارێکی دیکه یەکتر ببینین یان نه بەڵام یەک شت قەت له بیر مەکه و ئەویش ئەویە کە هەوڵ بده هەمیشه کراوه بیر بکەیتەوه. دەزانم ئەگەر من نەبم بنەماڵەکەم تووشی گرفتت دەکەن بەڵام گوێیان مەدەیه، ئەسڵەن گوێ مەدە قسەی کەس. تۆ ئینسانێکی زۆر به توانا و بریاردەری، ئیجازه مەدە کەس بۆت بریار بدات. ئەگەر من شەهید بووم گوێ نەدەی به قسەی خەڵک که ئەو دوو شووی کردووه و ژیان به تەنیایی ببەیتە سەر. پێش له هەموو شتێک بۆ خۆت بژی و دوایش بزانه ئەگەر تۆ بمردبایی دڵنیا به شەهید حسام ئیستا ژیانی دیکەی بۆ خۆی پێک‌هێنابوو و ئەگەریش تۆ پێش من بمری منیش ژیانێکی دێکە پێک‌دێنم. پێت وا نەبێت چونکه ژنی ئەبی زوڵم له خۆت بکەی. تایبەتمەندییەکانی تۆ که له ماوەی ئەو چەند ساڵه خۆیان نیشان داوه، سەرەرای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانت سەربەخۆ بوون و باوەر به خۆ بوونته. گرفتەکانی ئەو ماوەیه و شێوەی بەرەنگاری تۆ لەگەڵ ئەو گرفتانە نیشانی داوه که چەنده به توانا و بەرپرسی له بەرامبەر ژیانی خۆت و منداڵەکان و من. رێگا مەدە کەس بریار بدات له ژیانت و ژیان هەمیشه دەبێ بروات و تەنگ و چەڵەمەی ژیان نابێ ببێته هۆی راوەستانی رەوتی ژیانت. له بیرت نەچێ که تۆ بەرپرسایەتی ژیانی هیوا و ئەسرینت له ئەستۆیه. من دڵنیام که تۆ ئەوەنده بە توانای که دەتوانی به سەر هەموو تەنگ و چەڵەمەیەک له ژیاندا زاڵ بیت. تۆ ژیانت خۆش دەوێت و ئەگەر من نەمام کەسێک هەڵبژێره که ئەو هەسته له تۆدا نەکوژێت و رێگا مەدە که کەس ئەو تایبەتمەندییانه له تۆ بستێنێ.

شەوێک که ئیبراهیم شەهید بوو خەونێکم بینی. له گوندێک له سەر شاخێکی بەرز پاڵم به دیوارێک دابوو که پێشمەرگەکان تەرمێکیان له سەر دەست بوو و دەیانبرد. یەکێکیان هاتە پێش و گوتی براژن هەسته با برۆین بۆ سەر قەبران چونکه پێشمەرگەیەک شەهید بووه. منیش وڵامم دایەوه که باشە بۆ دەبێ من بێم، جوابی دایەوە کە کاک ئیبراهیم شەهید بووه دەبێ بیت. به دڵه خورپەیەکی ناخۆش وەخەبەر هاتم و خەونە ناخۆشەکانی من بە داخەوه زۆر جار بەدی دێن.  ئەو کات زۆر جار رەفێقەکانم پێیان دەگوتم شکۆفه گیانی خۆت خەو به ئێمەوە مەبینه. دوو رۆژ دوای ئەوه خاڵۆزاکەم هات بۆ ماڵمان و وتی شکۆفه: بنەماڵەی ئیبراهیم پێوەندییان پێوە گرتووم که تۆ بچی بۆ سنه که پێکەوە برۆن سەردانی ئیبراهیم بکەن که گەراوەتەوە بۆ مەنتەقه. بنەماڵەی ئیبراهیم قەت بۆ شتێکی ئەوا پێوەندییان بە منەوه نەدەگرت. زانیم که خەونەکەم بە داخەوه راسته بەڵام هەوڵم دەدا بیری لێ نەکەمەوه و خۆم سەبووری دڵی خۆم بدەمەوه. هەر ئەو رۆژه رێکەوتم و بۆ ئێواره گەیشتمه سنه. که گەیشتمه سەر کۆڵانی ماڵی بابی ئیبراهیم له قەرەباڵەخێکە زانیم که ئەو جارەیش گردەلوولی خەم باڵی رەشی بە سەر ژیانما کێشاوه و ئەم جاره نه تەنیا هیوا بەڵکوو ئەسرینشم بێ باب بووه.

دوای ٣٠ ساڵ هێشتا یادی ئیبراهیم، پێکەنینەکانی، قسەخۆشەکانی، خۆشەویستی بۆ رەفێقەکانی و هەست به بەرپرسایەتییەکەی و ئیمانی به رێبازی خەبات بۆ ئازادی و رزگاری نەتەوەی له بیرم ماوەتەوه و بۆ هەتا هەتا هەر له بیرم دەمێنی.

 

شکۆفە قوبادی

سوئید

رێکەوتی پێنجی جۆزەردانی ١٣٩٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی