"an independent online kurdish website

لەم بەشەدا زۆر سپاسی هاورێیان: عومەر شەریفزاده، ئەحمەد پادگانی، حەمە ئەمین فەرهادی، فەرەیدوون یوسفی و محەمەد ئەحمەدی (حەمە نسلی) دەکەم که به نووسینی بیرەوەرییەکانیان گەورەیی و کەم وێنەیی شەهید ئیبراهیمیان له روانگەی فەرماندەرێک، رەفێقێک و هاوسەنگەرێک خستووەته بەر دەم ئۆگرانی ئازادی و دێمۆکراسی. shkofe_qobadi_nu

خۆشحاڵم که پێکەوه توانیمان له یادی ٣٠ ساڵەی شەهید بوونی ئەو مرۆڤه خەڵک ویست و خۆنەویستەدا جارێکی دیکه بەم شێوەیە ئەمەگناسی خۆمان به شەهیدانی گەلەکامن نیشان بدەین.

جێگای خۆیەتی که چەپکه گوڵی پێزانین پێشکەشی بەرێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان و خاکەلێوه بکەم که وەکوو هەمیشه یارمەتیدەرم بوون.

 omer_braym

چە زوو درەنگ بوو!

(لە گەڵ هاوڕێی لە بیر نەکراوەم کاک برایم ئەحمەدى لە ٧٢ سەعات ئاخرین ساتەکانى ژیانیدا)

ژمارەمان لە دووسەد پێشمەرگە زیدەتر بوو ، نیوە شەوێکى درنگ پاش رێپێوانێکى دوور و درێژ گەیشتینە بەرزایەکانى کێوى کۆڕە میانە. ماندوو و هەلاک بوین و دواى ئەوە فەرماندە نیزامیەکانمان کەمین و نیگابانیان دەرکرد، هەر چند پێشمەرگەیەک پێکەوە لە بنە بەردێک ڕاکشاین. بڕێکیان هێشتا بە تەواوى دەراغەکانیان دەر نە هێنا بوو خەویان پێدا کەوت. سەرەتاى سێهەمین مانگى بەهار بوو و هێشتا بەفرەکان بە تەواوى نەتوابوونەوە و پەڵەى بەفر هەر وەک قژى سپیی دایکى نیشتمان بە سەر دوندى کۆرمیانەوە مابوون. دونیا ئەمن و ئارام بوو و کۆڕە میانە و پێشمەرگە جارێکى دیکە بە یەک شاد بوونەوە و یەکتریان لە ئامێز گرتەوە. کۆڕە میانە و پێشمەرگە ناسراو و دۆستى قەدیمیی یەک بوون و گەلێک جاران پێکەوە هێرشى دژمنانیان تێک شکاندبوو و حەماسەیان خۆلقاندبوو. هەر هاوینى ساڵى ڕابردوو دروست هەر لەم جێگایەش بوو لە شەرێکى دەس و یخەدا کۆڕەمیانە و پێشمەرگە پێکەوە دەیان کەس لە هێزى دژمنیان تەفر و تونا کرد و زیاتر لە حەفتا کەلاکى جاش و پاسدار لە بەرزایەکان بە جێ مابوون. کۆرە میانە بۆ پێشمەرگە قەڵاى نەگیران بوو. من و کاک بریم ئەحمەدی و کاک سدیق فیروزى و چند پێشمەرگەى دیکە لە هەموان ماندووتر بووین، چوونکە بۆ بڕێک کارى نهێنى حیزب و هێنانى تەداروکات سەرمان لە ئاوایی دێموکرات پەروەرى نسڵ دابوو. ئاوایی نسڵ لە قوڵایی گۆشەى رۆژهەڵاتى کۆرە میانە هەڵکەۆتوە و رێگایەکى پڕ لە هەوراز و لێژمان بریبوو. من و کاک ئیبرایمیش وەک هەموو پێشمەرگەکانى دیکە لە ژێر گابەردێکى گەورە دا ڕاکشاین و دڕاغەکانمان کرد بە سەرین وخەوتین ( لە راستیی دا بە هوى ماندوویەتى زۆر، بیهۆش بووین ).

بەیانى کە تاو هەڵات ، کۆڕە میانە یەکەم نوختەى بوو کە تێشکى خۆرى لێوە نیشت و تاو تەزۆیەکى خۆشى بە لەشى سەردى ئێمەى پێشمەرگە دا هێنا. تاو بۆ ئێمەى پێشمەرگە وەک لێفە وا بوو. قاسپە قاسپى کەو و جریوە جریوى باڵندە جورا و جورەکانى کۆرەمیانە لە خەو ڕایان پەراندم و قڕم و قاڵى پێشمەرگەکانیش کە بۆنى غرور و هەیەجانى جەوانى پێوە دیار بوو با ئیتر بمێنێت. کە لە خەو هەڵسام سروشتى کۆرەمیانە وەک بووک بە دەیان گوڵاڵەى رەنگا و رەنگ رازابوەوە و پێشمەرگەکانیش هەر هەموو لە خەۆ هەستا بوون و برێک بە چەک و بڕێکیش بێ چەک لە هاتوو چوودا بوون یان لە دەورى کترە رەشەکانیان خەریکى چا خواردنەوە بوون. تاهیرە لاڵ بانگى من و کاک برایمى کرد کە بروین نان و چا بخوین و وادیار بوو کترە رەشەکەى ئیمەش حازر بوو. ئێوارە لە ئاوایی نسڵ لە نێو دەبەیەکى پلاستیکى دا بڕێک کەرەمان هێنا بوو تا بەیانى بە نان و چاى شیرینەوە بیخۆین کە دەبەکەمان هینا دیتمان لە جێ کەرە تەنیا چند بەردى چکۆلەى تێدایە ( کاک سدیق فیروزى بە گاڵتە شیرینەکانى خۆى کەرەکەى دەر هینا بوو و لە جێ ویدا بەردى بۆ ئیمە دانابوو ، دیارە دوایی بە پێکەنینەوە هات بۆ لامان و بەشیی داین ).

پێشمەرگایەتى ( حیزبایەتى ) لەو سەردەمە دا فەرهەنگى تایبەت بە خۆى هەبوو، فەرهەنگێک کە لە سەر بنەماى پاکى و راستى پێک هاتبوو. گەلێک جار دەبینرا کە پێشمەرگەیەک بۆ نەجاتى هاوڕێى پێشمەرگەى، خۆى لە مەترسى بخات یان تەنانەت خۆى قوربانى بکات و پێوەندى پێشمەرگەکان لە گەڵ یەکتر وەک پێوەندى ئەندامانى بنەماڵە وا بوو. تەنیا رەفیقى حیزبى نەبووین بەڵکو رەفیق بە ماناى وشە بووین. ئێمە چند کەسێک ( من ، کاک ئیبرایم ئەحمەدى ، کاک مەنسورفتاحى ، کاک سدیق فیروزى ، کاک عمر بوکانى ، کاک سالار … و چند کەسى دیکە ) هەر چند کەم ئەزموون بووین و ئاموزشى پێویست‌مان نەبوو ، بەڵام لە بەرێوبەرى ئەرکى بەرپرسایەتى و حیزبایەتى مان دا زۆر سەرکەوتوو بووین و رازى سەرکەوتنیشمان تەنیا و تەنیا لە پاکى و ئیمانى پتەو بە خەبات و حیزبى دێموکرات بوو. موبالیغە نیە ئەگەر بڵیم بێ کێشەترین و سەرکەوتووترین ئورگان و هێزى حیزبى دێموکرات لەۆ هەلومەرجە دژوارە دا بووین و تاقە جارێک نێوان ناخۆشیمان لا دروست نەبوو بەو چەشنەى کە لە بڕێک لە ئورگان و هێزەکانى دیکەى حیزبى دێموکرات دا باو بوو. قازانج شەخسى لاى ئێمە وشەیەکى بیگانە بوو ، هەر چى هەبوو و نەبوو لە پێناوى خەبات و بۆ حیزى دێموکراتى کوردستانى ئیران بوو.

دوا نیوەرۆ بە ئەدەبیاتى ئەو دەم ، ئێمە مەسئولەکان لە بنی گابەردێکى گەورە کۆ بووینەوە تا بۆ ٢٤ کاتژمێرى داهاتوو بەرنامەڕێژى بکەین. بریارمان دا شەو دەبێ بروین بۆ شاخى کۆساڵان لەوەى دا دوو یان سێ رۆژان بمینینەوە تا بە پێی ‌هەل و مەرج خۆمان سازمان بدەین. ناوچە بە تەواوى میلیتاریزە کراو بوو و ئەو هەموو هێزە نەىدەتوانى پێکەوە بێت و نە تەداروکیش دەکرا و لە لایەکى دیکەوە خۆ کار و تێکۆشانى حیزب تەنیا عەمەلیاتى نیزامى نەبوو دەبا لە بوارەکانى دیکەش دا بەرنامەى تێکۆشان دیارى کردبا. هەر لەم کۆبوونەوەیە دا بڕیار درا دەبى تیمێکى تەداروکاتی و ئیتلاعاتی لە پێشەوە بروات تا لە ئاوایی رەزاۆ کە لە بنارى کۆساڵان هەڵکەوتووە، تەدارکاتى سێ رۆژانى ئەو هەموو پێشمەرگانە ئامادە بکات ، بۆ ئەم مەبستەش من و کاک برایم و پێشمەرگەیەکى دیکە کە خەڵکى ئاوای رەزاۆ بوو ( بە داخەوە ناوەکەم لە بیر نەماوە ) دیارى کراین. دوا نیوەرۆ ئێمە لە هێز جیا بووینەوە و بەرەوو ئاویی کەڕاوا وەرێکەوتین و پاش چندین کات ژمێر رێگابڕین گەیشتینە نزیکى ئاوایی. هێشتا هەوا هەر رووناک بوو خۆمان کردە نێو ئاوایی و لە یەکەمین کۆڵان دا ئاگادار کراین کە جاشێک ( ئەم ئاوایە تەنیا ئەم جاشەى هەبوو ) کە لە مۆڵگەى ئاوایی خزمەتى بە رێژیم دەکرد ، بۆ پشوو دان هاتوەتەوە و لە ماڵ دایە. ئێمەش دە س بە جێ دەورى ماڵى جاشەکەمان گەمارۆ دا و داواى تەسلیم بوونمان لێ کرد. جاشەکە لە پلەکانە کانى ماڵەکە دا کە دوو قات بوو هاتە خۆار و گوێمان لێ بوو لە سەر پلەکانەکان لە چەخماخەى چەکەکەىدا. من و کاک برایم کە هەر دوو لاى دەرگاکەمان لێ گرت بوو و دەس لە سەر پلەپیتکەى کڵەشینکۆفەکانمان حازر بووین و باکمان نەبوو، بەڵام ئاگادارى ئەوە نەبووین کە رەنگ بێ ماڵى جاشەکە لە پشتەوەش دەرگایەکى ترى بۆ هەڵ هاتن هەبێت. چند خولەکێکى کێشا بەلام جاش نەهات و ئەم جارە تێ گەیشتین کە جاش لە پشتەوە ڕا هەڵ هاتوە. ئێمەش بە شوێنی‌دا هەڵهاتین و چندین کۆڵانمان تێپەڕاند و هەر وا بە هەڵ هاتن بە شوینى دا دەرۆێشتین لە ناکاۆ ژنێک لە پەنجەرەى ماڵێکى دوو تەبەقەوە کە چاۆدێرى بە سەر سەحنەکە دا هەبوو و ئێمەى ناسیبوو لە دەلاقەى ماڵەکەوە سەرى دەرهیناو و گوتى ” ئەوە مرێشکتان لێ ون بوە واهەڵ دێن ، نازانن ئەویش چەکى پێیە ، بگرنەوە تازە دەستى بە مۆڵگەکە گەێشت ” ( دیارە ئەم رستانەى بە زمانى شیرینى هەورامى گوت) منیش کە لام کردەوە ژنەکەم ناسیەوە و بنەماڵەیەکى زۆر دێموکرات دۆست بوون. سڵاۆ و ئەحواڵپرسیم لە گەڵ کرد گوتى ” وەرن نان و چێشتم حازر کردوە ” ئیمەش رۆێشتین و نانمان خوارد و پاشانیش گوتى ” کولێرە چەربەم دروست کردوە و بۆم پێچاندوونەتەوە بەڵام بەشى مەنسوریش بدەن چوونکە زۆر حەزى لە کولێرە چەربە یە “.

لە لایەن ئەندامانى نهێنى حیزبەوە ئاگادار کراین کە چند رۆژێک دەبى دوژمن لە ناوەراستى ئاوایی رەزاو مۆڵگەى داناوە ئەم هەواڵە بڕێک بەرنامەى ئێمەى ئاڵ و گۆڕ پێکرد. ئەمجار مەجبوور بووین بۆ ئامادە کردنى تەداروکات لە جێ ئاوایی رەزاو روو لە ئاوایی دەگاگا بکەین کە تەقریبەن چوار کیلومیتر لێک دوور بوون و هەر وا لە جێی پێشمەرگەکەى خەڵکى رەزاو ، دوو پێشمەرگەى دیکە بە ناوەکانى بەها و موختار کە هەر دوو خەڵکى ئاویی دەگاگا بوون لە تیمى خۆمان دابنین. جگە ئەمەش ئەندامانى حیزب پێیان ڕاگەیاندین کە ئاوى چۆمى شامیان زۆرە و بە شەۆ پەڕینەوە لەو چۆمە دا زۆر سەخڵەتە بە ناچارى دەبێ لە سەر پردى رزاوەوە بروین. پردى رەزاویش زۆربەى وەخت کەمینى دژمنى لە سەر دا بوو و بە دوو ئەندامى نهێنى حیزبمان ڕاسپارد تا لە پێشەوە برون و پردەکە تاقى بکەنەوە کە بە خۆشیەوە کەمینى لە سەر نەبوو و کوڕەکان هاتنەوە و ئێمەش دواتر هەموو بە ئاسانى بە سەر پردەکە دا پەرینەوە.

کاتێک گەیشتین ئاویی دەگاگا ، کات ژمێر لە ٢ى شەو تێپەر ببوو و هەر چندە ویستمان کە هاتنەکەمان نهێنى بێت و کەس نەزانێت بەڵام چند خولەکێکى نەخایاند تەواوى ئاوایی لە هاتنی ئێمەى پێشمەرگە ئاگادار بوو و بە لێشاو هاتن بۆ لامان. ئاوایی دەگاگاش لەو ئاواییانە بوو کە لە سەرەوەى لیستیی دۆستانى حیزبى دێموکرات نوسرابوو و دەس بە جێ چند کەسێک دەستیان بە کۆ کردنەوەى پێداویستی کرد و ئێمەش ئەدرەسى هێزى پێشمەرگەمان لە کۆساڵان بە چند کەس دا تا بە بارى هێستران تەداروکاتەکە بگەنە دەستى وان. بۆ خۆشمان تا درنگانێک بۆ بڕێک وردە کارى حیزبى لە ئاوایی ماینەوە. هەروا کێشەیەکى کۆمەڵایەتى سەیریش رووى دا بوو که خەڵک لە ئێمە داوای یارمەتییان کرد و ئێمەش توانیمان بەشێک لەو کێشەیه بۆ خەڵکەکە چارسەر بکەین.

هەوا هێشتا بۆم و لێل بوو و دۆس و دژمن لێک جیا نەدەکرانەوە که لە ئاوایی هاتینە دەر و رێگاى کۆساڵانمان گرتە بەر. کەمتر لە کیلومێترێک لە ئاوایی دوور کەوتبووینەوە، خەو و ماندوویەتى زۆرى بۆ هێناین وبریارمان دا لە بنى تاشەبەردێکى گەورە کە وەک ئەشکەوت وا بوو سەر خەوێک بشکێنین و پاشان درێژە بە رێگاکەمان بدین. بە بێ نیگابان هەر چوارمان، هەر وەک دەواى بێ هوشیمان خوارد بێت، خەومان پێدا کەوت. یەک یان دوو سەعات زێدەتر نەگوزەرابوو بە تەقەى چند گولەیەک کە لە تەنیشتمان هاۆێژران وە خەبەر هاتین و زوو بە زوو لە بن تاشە بەردەکە خۆمان ئامادە کرد. ترس و سەرما و نەخەوتن پێکەوە تێکەڵ ببوون و بڕێک ورەمان زەعیف ببوو. زۆر بە ئارامیی لە کونى ئەشکەوتەکەوە چاومان لە دەر، واتە شوێنى تەقەکە کرد. دیتمان تاقمى زەربەتە و وێش دەچێت هەر لە ئێوارەوە هاتبێن و هاویشتنى ئەو چند فیشەکەش بە پێی عادەت نیشانى ئەوە بوو کە کەمینەکەیان کۆ دەکردەوە. هەر واش بوو خۆیان کۆ کردەوە و رۆیشتن و ئێمەش نەفەسێکى تازەمان کێشا و بە لۆژە لۆژ رێگاى سەرکەۆتن بۆ سەر لووتکەى کۆساڵانمان بۆ پەیوەست بوون بە هێزى پێشمەرگە گرتە بەر.

لە چاشتینگاە دا ( نزیک نیوەرۆ ) لە بەرزایەکانى کۆساڵان گەیشتینەوە هێزى پێشمەرگە و زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگەکان هێشتا هەر لە خەودا بوون. ئێمەش هەر کام لە بنە بەردێک ڕاکشاین و خەوتین. دوا نیوەرۆ درنگانێک بۆ بەشدارى لە کۆبوونەوەى مەڵبەند، خەبەریان کردمەوە. لە کۆبوونەوەکە دا وێراى سازماندەیی نوێ، بریار درا بە هەر قیمەتێک بووبێت دەبێ مۆڵگەى ئاوایی رەزاو بگرین ونەێڵین ئەم مۆڵگەیە سەقامگیر بێت (بە تایبەت نابێ ئیجازە بدین رێژیم لە ناوە راستى ئاوایی مۆڵگەى هەبێت). بۆ ئەم مەبەستەش تیمێکى شناسایی کە بریتیی بوون لە من و کاک برایم و پێشمەرگەیەکەى خەڵکى رەزاو دیارى کراین. هەر که کۆبوونەوەکە کۆتایی هات، تیمی ئێمەش بەرەو ئاوایی رەزاو بەرەوخۆار بووینەوە. تا گەیشتینە ئاوایی هەوا تاریک داهات و ئێمەش بە بێ کێشە چووینە نێو ئاوایی. لە سەرەتا دا چند کەس ئەندامى نهێنى حیزبمان چاو پێکەوت و بڕێک زانیاریمان لە سەر نەفەراتى مۆڵگەکە کۆ کردەوە. هەموو نەزەریان ئەوە بوو ژمارەى ئەفرادى نێو مۆڵگە ناگاتە بیست کەس و جگە لە فەرماندە و بیسیمچی مۆڵگەکەش نەبێت هەموو کوردن و زۆربەشیان خەڵکى هەورامانن. هەمیشە یەکێک لە ئەرکەکانى ئەندامانى نهێنى حیزب کۆکردنەوەى زانیارى لە سەر دژمن لە هەموو بوارێکدا بوو. دوابەدوای کۆکردنەوەى ئەم زانیاریانە لە گەڵ شوراى ئاوایش کۆبوونەوەمان کرد و پێمان ڕاگەیاندن ئەگەر ناتوانن پێش بە دانانى مۆڵگەى رێژیم بگرن، دەبێ لانیکەم وەک ئاواییەکانى دەور و بەرى خۆتان ئیجازە نەدەن رێژیم لە ناوەراستى ئاوایی مۆڵگە دابنێت با لە قەراغى ئاواییدا مۆڵگەى هەبێت.

بۆ گرتنى مۆڵگەیەک تەنیا زانیارى لە سەر ژمارە و تەرکیبى ئەفرادى دژمن کافیی نیە، بەڵکوو فەرماندەرى عەمەلیات دەبى چۆنیەتى (موقعیەت)ى هەڵکەۆتنى مۆڵگەکەش بزانێت واتە فەرماندەى عەمەلیات پێویستە بە تەواوى بزانێ لە کام لاوە هێرش دەکات و لە کام لاشەوە پاشەکشە دەکات. لە کۆبوونەوەکەشدا کاک برایم وەک فەرماندەرى عەمەلیاتى گرتنى مۆڵگەى رەزاو دیارى کرابوو.

بڕێک لە نیوەشەو تێپەر ببوو و تازە دایکە هەورامیەکان کۆڕپەکانیان لە بێشکەنایان خەواندبوو و پیاوە زەحمەتکێش و دەس قڵیشاوەکانى ئاوائیش لە خەوى قورسى ماندویەتى رۆژە درێژەکانیاندا بوون. بڕێک لە چراتۆرەکان هیشتا نەکوژابوونەوە کە ئێمەش بە ئەسپایی لە ئاوایی هاتینە دەر و تەنیا چند سەد میتر لە ئاوایی دوور بووینەوە کە لە تەنیشتى رێگاى ئەسڵى کە دەروات بۆ چەمى شامیان چاومان بە بنەبەردێک کەوت کە هەڵکەندڕا بوو. ئەگەر لێی تێڕوانین، دیتمان بە ئاسانى جێگای هەر سێ کەس‌مان دەبێتەوه. دراغەکانمان دەرهێنا و هەر سێ لە تەنیشتى یەک ڕاکشاین. لە بەر تاریکى شەو بە باشی موقعیەتى جێگاى چاڵەکەمان نەدەزانى و کە هەوا رووناک بوو دیتمان جێگاکەمان زۆر خەتەرە. هەڵەیەکى گەورەمان کرد بوو، بەڵام تازەش درنگ بوو. ئەم چاڵە خەڵکى رەزاو هەڵیان کەندبوو تا لە خاکەکەى بۆ سۆاقى ماڵان ئیستیفادە بکەن (شتێک لە هەورامان زۆر باوە). بڕێک بەردى چکۆلە لە نێو چاڵەکەدا هەبوون و وەک سەنگەر دروست کەی لە پێشەوەى چاڵەکەمان دانان تا خەڵک کە لە رێگاکەوە هاتووچوو دەکەن نەمان بینن. ئەگەر لە چاڵەکە هاتباینە دەر بە ئاسانی هەم لە ئاوایی و هەمیش لە مۆڵگەکەوە دەبینراین. لە بەر ئەوەى مەجبور نەبین بۆ دەس بە ئاو بچین تا ئێوارە هیچمان نەخوارد. رۆژێکى تاڵ و زۆر درێژمان بردە سەر و لە بەر خەتەر بوونى جێگاکەمان لە چاڵەکە نەهاتینە دەر و کات زۆر یواش یواش دەرۆیشت. جارى وابوو لە کات ژمێرێکدا چەندین جاران چاومان لە سەعاتەکانمان دەکرد(ئەو کەسانەى پێشمەرگایەتیان لەو هەلومەرجە دژوارەدا کردوە باش لەم دێرانە تێدەگەن). عەقرەبەى کاتژمێرەکان لە شەشى دوانیوەرۆ تێپەریبوو و هەر چەند هێشتا هەوا هەر رووناک بوو بەڵام ئامپێرى ورەمان وەک کاتژمێرى سەعاتەکانمان چووەسەر و دەستمان بە گڕاندنەوەى حیکایەت و قسەى زل بۆ یەکتر کرد. پانوراماى جێگاکەمان چەمى نسڵ و گۆشخانى، سەۆڵاوا، ئاوایی کراۆا و تەواوى کێوى کۆرەمیانە بوو. جوانى بەهاری ئەو بەندەنە وەسف ناکرێت و تەنیا قەڵەمى تیژى شاعیرێکى بە توانا وەک شێرکۆ بێکەس دەتوانى جوانیی ئەو دیمەنە رەسم بکات. ئێمەش هەر کام باس و قسەى جوراوجورمان بۆ یەک دەکرد. کاک برایم گوتی: ” ئارەزووم ئەوەیە خودموختارى بگرین و لە لاى راستى ئاوایی کڕاۆاۆە کە دیمەنەکەى پێمانەوە دیار بوو، ماڵێک دروست بکەم و لە گەڵ ژن و منداڵەکەم لەوێدا بژیم “.

هێشتا دوو گوریس خۆر بە ئاسمانەوە مابوو که لە چاڵە هەڵکەندراوەکە هاتینە دەر و بە گورج و بڕى و هەڵهاتن خۆمان گەیاندە بەردەکانى پشت رێگاکە. پڕ بە سینگمان نەفەسێکى گەورەمان هەڵ مژى و لە بن بەردێکى گەورەدا تۆشەبەرەکەمان کردەوە. برنجە سورە و مریشکى سوورکراو لە گەڵ نانى سەرساجى هەورامى و پیاز دەستمان بە نان خۆاردن کرد. دواى خواردنەکە جگرەیەکیشمان کێشا و ئەمجار بە زگى پڕ و بە دەستى پڕەوە رێگاى کۆساڵانمان گرتە بەر تا بە هێزى پێشمەرگە بگەینەوە. کە گەیشتینە سەر لووتکەى کۆساڵان هێشتا پێشمەرگەکان نەنووستبوون. لە دەورى ئاورەکانیاندا خەریکى چا خوردن و حیکایەت گێڕاندنەوە بۆ یەکتر بوون. کاک برایم لە گەڵ فرماندەرى هێز دوو بە دوو کۆبوونەوە تا زانیاریەکان تاۆ و تۆ بکەن.

بریارى گرتنى مۆڵگەى رەزاو جیددى بوو. سبەینێ دوا نیوەڕۆ تیمی گرتنى مۆڵگە بە فرماندەرى کاک برایم ئەحمەدى کەوتنە رێ (هەر چند لە گەڵ تیمی پێشمەرگەکان فەرماندەرى هێزیش رۆیشت بەڵام فەرماندەرى عەمەلیات بە ئەستوى کاک برایم بوو). بۆ گرتنى مۆڵگەى نێو ئاوایی نابێ پێشمەرگەى زۆربەشدار بێت و هەر بۆیە ژمارەى پێشمەرگەکان لە پانزە کەس کەمتر بوون. لە ئەساس دا گرتنى مۆڵگە دەبێ زەربەتى بێت و نابێ لە نیو ساعەت زیاتر درێژە بکێشێت و ئەگەر مۆڵگەکە لە نێو کاتژمێردا نەگیرا دەبێ پێشمەرگە پاشەکشە بکات. ئەمە قاعیدەى شەرى پارتیزانى ئەو وەختە بوو.

پێویست وەبیر هێنانەوەیە که حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئیران کە رێبەرى شورشى چەکدارى لە ئەستۆ بوو، لە ساڵى ١٩٨٥ زاینیی بە مەبەستى کۆنتروڵى هەلومەرجى سەختى خەبات هێزى پێشمەگەى خۆى سازماندیی نوى کردبوو. ناوەندى ئاژوان هەڵوەشاوەو و لە جێگای ئەودا ناوەندى یەکى جنووبى کوردستان لە کۆمیتە شارستانەکانى مەریوان ، سنە و کرماشان پێک هاتبوو و هەروەها هێزى زاگرۆس بە فرماندەرى کاک مەنسورى فەتاحى لە هێزەکانى زرێوارى مەریوان ، شەهید شەریف زادە و بیستون دروست ببوو کە لە سێ لک (لکى یەک بە فەرماندەرى کاک ئەحمەد پادگانى ، لکى دوو بە فەرماندەرى کاک برایم ئەحمەدى و لکى سێش بە فەرماندەرى کاک سالارى ئیبرایمى) سازمان درا بوون.

نزیک بە نیوە شەو بوو و لە گەڵ کاک فتاح عبدولى کە بەرپرسى مەڵبەند بوو لە تەنیشتى ئاورەکەمان خەریکى قسە و باس بووین. یەکەم پێشمەرگە تیمی عەمەلیات گەیشتەوە و یەک راست هات بۆ لاى ئێمە و گوتى ” کاک برایم بریندارە و برینەکەشى سەختە “. ئێمەش دەس بە جێ ئەوەى لە ئیمکان و توانامان دا بوو بۆ موعالیجەى ئامادەمان کرد. بە داخەوە ئیمکاناتی دەرمانیمان یەکجار زۆر کەم بوو و تواناى چارەسەرى بریندارى سەختمان نەبوو و گەلێک جار پێشمەرگەى بریندار بە هۆى بێ ئیمکاناتى دەرمانى شەهید دەبوو. چەند خولەکێک دواتر تەرمى نیوە گیانى کاک برایم لە حاڵێکدا بە سەر هێسترێکەوە بەسترابوو گەیشت. نەى دەتوانى قسە بکات و زامەکەى کارى بوو. دەستم لە نێو دەستى دانا و پرسیارم کرد ” ئەگەر دەنگى من دەبیسیی و دەنگم دەناسیەوە ، دەستم گۆشار بدە ” دەستمى دەگۆشى روون بوو کە بێهۆش نیە بەڵام توانایى قسە کردنى نەبوو.

بە دۆستانى بەرپرس پێشنهادم کرد نابێ ڕاوەستین و دەبێ هەرچى زوتر رەوانەى یەکێک لە شارەگەورەکانى ئێرانى بۆ موعالیجە بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش من و کاک عومەر رەحمانى (عومەر بوکانى) ئامادە بووین. کاک عومەر بوکانى سمێڵیکى تایبەتى هەبوو و بۆ ئەوەى نەناسریتەوە، سمێڵەکەمان پێ تاشى. هێشتا حەرەکەتمان نەکردبوو که کادرە دەرمانیەکانمان پێیان ڕاگەیاندین که بە داخەوە دڵە پاک و پڕ لە ئارەزووەکانى کاک برایم لە لێدان کەوت و بەم چەشنە ئیتر بۆ ئەو هەموو شت ” زوو درنگ بوو “.

هەر کە هەوا تاریک داهات لە گەڵ دوو پێشمەرگەى دیکە تەرمى ساردى کاک برایم‌مان بە خەم و پەژارەیەکى زۆرەوە لە سەر هێسترێک دانا تا لەۆ جێگایەى کە شەوى ڕابردوو ئارەزوى دروست کردنى ماڵێکى بۆ خۆى و بنەماڵەکەى لێ کردبوو بە خاک بسپێرین. یەک راست چوینە شوێنە دیارى کراوەکەى خۆى. خاوەن مڵکەکە گیایەکى زۆرى تازە بڕیبوو و ئێمەش چند دانە مۆڵگە گیامان کۆ کردنەوە و تەرمى کاک برایمان لە ژێر مۆڵگە گیاکان شاردەوە. منیش بۆ ئاخرین جار پڕ بە چاوگەلم قەڵافەتى میرانەى کاک برایمم تەواشا کرد. یەکێک لە پێشمەرگەکان بە سوارى هێسترەکە بەرەو کۆساڵان بۆ لاى پێشمەگەکان وەرێ کەوت و من و ئەو پێشمەرگەکەى دیکەش چووینە ئاویی کەراۆا تا تەرتیبى ناشتنى تەرمی کاک برایم بدەین.

سێ ئەندامى چالاک و دڵسوزى حیزبم کۆ کردنەوە و داستانى شەهید بوون و چۆنیەتى بە خاک سپاردنی کاک برایمم بۆ باس کردن و هەر وا پێم ڕاگەیاندن بەیانی ئەوەڵى وەخت پێویستە بۆ خاوەن مڵکەکە داستانەکە بگێرنەوە و هەر داوایەکى هەبوو ئێمە وەک حیزبى دێموکرات بۆى جێبەجێ دەکەین. بەیانى کە داستانەکەیان بۆ خاوەن مڵکەکە کە باس کرد بوو بە دەنگى بەرز گریا بوو و گوتبوى تەواوى مڵکەکەم پێشکەش بە گڵکۆى شەهید ئیبرایم بێت. هەر سێ کەس وێڕاى پەژارەیەکى زۆر بەڵام زۆر دڵسۆزانە قۆڵیان هەڵ ماڵى و هەر شەو هەر لەو جیگایەش کە بۆ خۆى ئارەزوى کردبوو ماڵى لێ دروست بکات بە خاکیان سپارد. هەڵبەت دوایی بیستم بنە ماڵەکەى هاتوون و تەرمى کاک ئیبرایمیان لەو شوینە دەر هیناوەتەوە و بردوویانە لە ئاوایی ئارەنان واتە ئەو شوێنەى کە لێی لە دایک و گەورە ببوو ناشتویانە.

لە حاڵێکدا خەڵکى ئاوایی هێشتا هەر هەموو لە شیرین خەوى بەیانى دا بوون، خادەمى مزگەوت خەریکى کردنەوەى دەرگاى مزگەوت بۆ نوێژکەران بوو. هێشتا ئەستیرە کاروان کوژە بە سەر دوندى کۆرەى میانەوە دەدروشایەوە که من و هاوڕێی پێشمەرگەم بە چاوى پڕ لە فرمێسک و بە دونیایەک خەم و پژارەوە لە هاوڕێیانى تەشکیلاتى حیزب جودا بووینەوە و بەرە و خوارەوەى ئاوایی رو بە کۆساڵان بۆ لاى دوستانی پێشمەگەمان وەڕى کەوتین.    

پێشمەرگەکان دەورى مۆڵگەى بە کرێگیراوان دەدەن و لە یەکەم دەس‌ڕێژدا نیگابانەکان دەکوژن و زۆربەى هەرە زۆرى جاشەکان بۆ خۆارەوەى ئاوایی هەڵ دێن پێشمەرگەکان خۆیان دەگەێنە سەر بانى مۆڵگەى دژمن. تەنیا دوو کەس کە یەکیان فەرماندەى مۆڵگەکە بوو موقاومەت دەکەن. چند جاران داوای تەسلیم بوونیان لێ دەکەن بەڵام خۆیان بە دەستەوە نادەن. پێشمەرگەکان سەنگەر و سەربانی مۆڵگەکەیان بە دەستەوە دەبێت و کاک برایم نارنجەک دەر دێنێ تا لە دەلاقەى مۆڵگەکەوە بیخاتە نێویان بەڵام بە داخەوە هاویشتنەکە کورت دێنێت و لە دیوارى پەنجەرەى مۆڵگەکە ئەدات. نارنجەک دەگریتەوە و لە نیزیک کاک برایم دەتەقیتەوە و پڵاشەیەک لە نارنجەکەکەى خۆى لە سەرى و پڵاشەیەکیش لە کڵەشینکۆفەکەى ئەدات و بە سەختى بریندار دەبێت. دیارە پێشمەرگە کان دواتر لە سەر بانەکەوە نارنجۆک دەخەنە نێو مۆڵگە و هەر دوو بەکرێگیراوەکەش دەکوژن.

بەم جورە ژیانى مرۆڤێک کوتایی پێهات کە تازە ژیانى دەس پێ کردبوو. کارنامەى خەباتگێرێک بەسترا کە دەیتوانى زۆر حەماسەى دیکە لە دەفتەرى تێکوشانى خۆىدا تومار بکات ، دڵى عاشقێک لە لێدان کەوت کە گەلێک خۆشەویستى تێدا رەسم کرابوون. چیرۆکى فیلمى تێکۆشەرێکى دێموکرات تەواو بوو کە زۆر کەس تامەزرۆى دیتنى بوون ، زمانى رووناکبییرێک لە قسان کەوت کە زۆر قسەى بۆ گوتن هەبوون و هەر وا منیش دۆستێکم لە دەس دا کە هەتا ئاخرین ساتەکانى ژیانم هەر یادى دەکەم. کاک برایم مرۆڤێکى رۆح‌سووک و لە بەر دڵان بوو ، زۆر زوو لە گەڵ خەڵکى دیکە تێکەڵ دەبوو و ڕێزێکى زۆرى بۆ دۆستایەتى هەبوو ، شۆخ و ئەهلى مەجلیس بوو.

ئەمرۆ ٢٧ى ئاۆریلى ٢٠١٦ى زاینیی لە دیوە سەرد و سڕ و چوڵ و هۆڵەکەى خۆم دانیشتوم تا لە سەر ڕاسپاردەى بەڕیز شکۆفە خانمى قوبادى بڕێک لە بیرەوەریەکانى خۆم لە گەڵ هاوڕێى خۆشەویستى هەردووکمان ( کاک ئیبرایم ) بنووسمەوە. هەوا خۆش و رووناکە ، تیشکى تاو لە دەلاقەى دیوەکەمەوە لام میوانە تا پێکەوە یادگاریەکان وەبیر بێنینەوە. فلاکسێکى پڕ لە چاى تازەم لاى خۆم داناوە ، لاپەرەى بیرەوەریەکانم یەک بە دواى یەک لە مێشکمدا هەڵدانەوە. بڕێک تاڵ و تراژیدى و برێکیش شیرین و کۆمێدى ، وا سوارى شەپۆلى خیاڵەکان بووم ئەگەر هەوا تاریک نەبا ، بۆ ئەۆ ٧٢ سەعاتە ، لانى کەم ٧٢ لاپەرەم دەنووسیەوە بە بێ ئەوەى تەنانەت دوو رستەش دووپات کرابانەوە …

یادى شەهید برایم ئەحمەدی بەرز و رێگای پڕ رێبوار بێت.

عومەر شەریفزاده

ناسیاویی من و شەهید ئیبراهیم ئەحمەدی

 

شەهید ئیبراهیم ئەحمەدی لە پاش شۆرشی گەلانی ئێران لە سالێ ٥٧ ی هەتاوی ئەبێت بە ئەندامی رێکخراوی چریکە فیدایەکانی خەلکی ئیران و دواتر تێکۆشانی خۆی لە بەشی ئەقەلییەتی چریکە فیدایەکانی خەلکی ئێران دەست پێدەکا. بە هۆی تێکچوون و هەڵوەشانەوەی ئەو رێکخراوە شەهید ئیبراهیم لە گەڵ ژمارەیەک لە هاورێیانی بریار ئەدەن بۆ خەبات و تێکۆشانی داهاتوویان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێرن. سەرئەنجام لە پاش کۆنگرەی شەشەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە یەکجاری سنگەری خۆیان ئەگۆرن و پەیوەست ئەبن بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزی پێشمەرگەی حیزبەوە. پاش کۆنگرەی شەشەمی حیزب شەهید ئیبراهیم و شەهید سەلاح ئەحمەدی کە ئامۆزای یەکتر بوون لە کومیتەی شارەستانی مەریوان و هێزی زرێباری مەریوان سازمان دەدرێن. هاتنی ئەو شەهیدانە بۆ کومیتەی مەریوان و هێزی زرێباری مەریوان بەم هۆکارە بوو کە ئەو کات شەهید مەنسوور فەتاحی فەرماندەری هیزی زرێباری مەریوان بوو و هەروەها ئەوان پێشتر یەکتریان ئەناسی و لە رێکخراوی چریکە فیدایەکانی خەلکی ئێراندا بوون و رەفیق بوون. هەربۆیە هێزی زرێباری حیزبیان هەڵبژاردبوو بۆ خەبات و تێکۆشان. لە رێکەوتی ٢٥.٣.١٣٦٢ی هەتاوی سەلاح لە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرپلەی سارال لە ناوچەی مەریوان لە نزیک ئاوای چاولکان شەهید بوو . ناسراوی من لە گەڵ شەهید ئیبراهیم ئەحمدی لە پاش کۆنگرەی شەشەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە کومیتەی شارستان و هێزی زرێباری مەریوان دەستی پێکرد و تا کاتی شەهید بوونی پێکەوە بووین. لە مێژوودا نموونەی زۆر پەیدا ئەبێت کە شۆرشێک لازم و پێویست بوو ئەنجام بدرێت تا مەعلوم بێت چە کەسێ شۆرشگێرە یان نییە. شەڕی بچوک لە گەڵ دوژمن مەکتەبێکی گەورە بوو بۆ شۆرشگێران. بێ ئەوی کەسێک یان لایەنێک بچوک بکەمەوە ئەڵێم نەسڵی ئەمرۆ لە عادەت و رۆحیات لە گەڵ نەسڵی پیشوو بە چەندین سال دور و جیاوازن لە یەکتر. ئەو نەسڵە کە لە مەوجی یەکەمدا بە دژی رژیم دەستیان دایە خەباتی چەکداری و ئامادەی هەموو چەشنە لە خۆبردوویی و فیداکاری بوون لە مێژوودا کەم وێنەیە. ئەم نەسڵە شۆرشگێرەی قەدیم باشترین تاکەکانی لە جەرەیانی خەباتی چەکداریدا بە هۆی دوژمنەوە لە بین چوون. ئەبی بە رابردوی ئەو شۆرشگێرانە کە لە پێناو بیروباوەری خۆیاندا و نەتەوەکەیاندا فیداکاری و ئازایەتیان نواندوە شانازی بکەین و پێویستە یادیان بکەینەوە و ڕێز لە خۆبردوویی و قارەمانەتیان و گیان بەخت کردیان بگرین و بە رابرووی ئەوان و خۆمان وەفادار بین. من لە گەڵ شەهید ئیبراهیم هاوری و هاوخەبات و هاسنگەر بووم و لە رۆژە سەخت و دژوارەکاندا پێکەوە بووین. شەهید ئیبراهیم بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی قۆناخەکانی پلەی تەشکیلاتی- نیزامی بە خێرایی تێدەپەراند و بە هۆی ئەوی کە شایستەیی لە خۆی نیشان دابوو کرا بە جێگری فەرماندەری هێز و دواتر فەرماندەری هێز. لە کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بشدار بوو، لە پاش کۆنگرەی حەوتەم ئاڵوگۆری تەشکیلاتی و نیزامی پێکهات و مەڵبەندی یەک و هێزی زاگروس پێکهات و شەهید ئیبراهیم بە فەرماندەری نیزامی ناوچەی سنە و شەهید سالار ئیبراهیمی بە فەرماندەری نیزامی ناوچەی کرماشان و کامیاران دیاری کران و بەندەیش بووم بە فەرماندەری نیزامی ناوچەی مەریوان. لە رۆژی ٣١،٢،١٣٦٥ هێزەکانی ریژیم هێرشیان کردە سەر پیشمەرگەکانی هێزی زاگروس لە پشت ئاویی ترخان ئاوا و نسل لە ناوچەی شامیانی مەریوان و هێزەکانی ریژیم زەرەر و زیانێکی گیانی زۆریان بینی. هێزی زاگروس و مەڵبەندی یەک بریاریاندا کە دەست بە سەر مۆڵگەی جاشەکانی ریژیم لە ئاوایی رەزاو لە ناوچەی شامیانی مەریوان بگرن. سەر ئەنجام لە شەوی ٥،٣،١٣٦٥ ی هەتاوی هێزی زاگروس لە ساعەتی ١،٣٠ شەودا هێرشیان کردە سەر پایەگای جاشەکان لە ئاوایی رەزاو و جاشەکانی ریژیمیان گەمارۆدا. شەهید ئیبراهیم بە نارنجەکی سەر ژ-س تەقەی لە پایەگا کرد کە بەداخەوە تەرکەشی دیواری بتوونی پایەگاکە لە خۆی دەکەوێت دەبێتە هۆی ئەوەی بە سەختی بریندار بێت و پاش ١١ ساعەت بە هۆی کاری بوونی برینەکە شەهید بوو. یەکەمین نەفەریش بوم کە بۆ نەجاتی گیانی شەهید ئیبراهیم تێکۆشام و گرتم بەکۆڵەوە و لە مەیدانی شەڕەکەدا دوورم خستەوە. بە هۆی بریندار بوونی ئیبراهیم وازمان لە گرتنی پایگای جاشەکان هێنا و هەموومان تەمەنامان ئەکرد و تێدەکۆشاین کە ئیبراهیم هیچی بە سەرنەیەت. پێویستە لێرەدا ئەوە بیژم کە محەمەد ئەمین فەرهادی کە کادری درمانی بوو زۆر تیکۆشا بۆ نەجاتی گیانی ئیبراهیم. لە سەرەتای برینداریەوە هەتا کاتی شەهید بوونی بندە لە گەڵ هاوریانی پیشمەرگە لە لای شەهید ئیبراهیم بووین. شەهید بوونی خەساریکی گەورە بوو لە حیزب چونکە شەهید ئیبراهیم فەرماندەریکی بە ورە، ئازا، لێهاتوو بوو و هیج کات نائۆمیدی پێوە دیار نە دەبوو. لە شەڕەکاندا مەعنەویاتی زۆر بەرزی هەبوو و لە کاتی تەنگانەدا هیچ کات جەسارەتی خۆی لە دەست نەدەدا. لە هەموو باردۆخیکدا لە گەڵ هاوسەنگەرانیدا دەبوو و هاوکات مرۆڤیکی سادە، ساکار و خاکی بوو و خوشەویستی هاوسەنگەرانی بوو.

یادی پیرۆز بێت

ئەحمەد پادگانی

 

ئێمه له ساڵی 1362 له ئاوای بلچه سوور بووین که له ناکاو خەبەرمان پێ گه‌یشت که بەرزایه‌کانی ئه‌و گونده به‌دستی بەکرێگیراوه‌کان که‌وتوه. شه‌هید ئیبراهیم ئه‌حمەدی یادی هەمیشه زیندوو له گەڵ چەند پێشمەرگەیەک بەرەو سەر بەرێ که‌وتن که شەڕ دەستی پێکرد. به‌ڵام له ژێر ئاگری دوژمندا هه ر به سه‌رکەوتوویی بەرەو سەنگری دوژمن بەرەو پێش چوو و دوژمنی له‌وێ راونا بەڵام به‌داخەوە له‌وێ بریندار بوو به‌ڵام هه‌ر برینه‌کەیمان دەرمان کرد دیسان بەرەو پێش بەردەوام بوو . شه‌هید ئیبراهیم ئه‌حمدی یه‌کیک له‌و فەرمانده قارمانانه بو که هەمیشه دوژمنی به ئه‌ژنۆ دەر ئه‌هێنا و بەراستی قارمان بوو.

یادی هەمیشه زیندو رێگای پر رێبوار بێت.

ئەمین فەرهادی

 

دوای ماندوو بوونێکی زۆر لەوێ گیرساینەوە و خەوتین بەڵام چە خەوێک ماندوو بی و ئارەقەت کردبێ و تەنیا بو ماوەیەکی کورت خەوت لێ دەکەوێ هەموومان وا بوین و لە سەرما دەلەرزین. بەڵێ شەومان گەیاندە رۆژ و هەر کەس بە لاێکدا بڵاو ببووینەوە. دەستەیەک خەریکی دار جەم کردن بوون وجەماعەتێک خویان دابووە بەر خۆر. منیش خەریکی ئانتێنی بیسیم بووم کە کاری ئانتێن تەوا بوو تبق رەواڵی هەمیشە بیسیمچی کەمێ دور دەبو لە هێز. باشم لە بیرە کە خەریکی بەرێکردن و وەگرتنی پەیامەکان بوم چاوم بە لای راستدا گێرا دیم شەهید ئیبرایم خەریکە بە دوربین چاو لە شوێنێک دەکا. منیش کە کارم تەواو بوو چوم بو لای و لە دوور شوێنکی پێ نیشان دامم، کە ئەوە ئاوای ئەوانە. هەر بوی باس دەکردم کە ناوی سیروس قوسەیری هات و منیش وتم تو خوا کاک ئیبرایم من ناویم بیستووە ئەوە کێیە چکارە بوو لە پر بانگیان کرد کاک برایم وەرە با نان و چای بخوین. رەحمەتی وتی هەستە با بروین دوایە بوت باس دەکەم. ئێستاشی بە دواوە بێ ئەو بەحسە تەواو نە بوو، داخی گرانم خوم هەواڵی شەهید بونیم بو رادیو نارد.

هەزاران سڵاو له شەهید ئیبراهیم و هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاری

فەرەیدوون یوسفی

 

پێشه‌کی سڵاو له روحی شه‌هیدانی حیزب و گەل. نازانم چۆن و له کوێوه ده‌ستی پێبکه م. ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیم له گه‌ڵ ئه‌م که‌ڵه پیاوه‌ی مێژوودا بوو. هیچکات قه‌ڵەم و بیره‌وریه‌کان ناتوانێ ئه‌و رۆژانه بێنێته‌وه به‌ر چاو. من هه ر له ئه‌وه‌ڵی ئینقلابه‌وه شه‌هید ئیبراهیمم ناسیوه که ئه‌وکات مه‌قه‌ریان له نسڵ بوو بەڵام بۆ خۆم که له هه‌ورارەگه‌رمه له بەر پلەی ساراڵی مه ریوان مەقەریان بوو هاتمەوه لایی حیزب. لەوێ بۆ یەکم جار لەگەڵ شەهیدی فەرمانده بووم تا کاتی شەهید بوونەکەی. کاک ئیبراهیم کەسێکی گەوره و مودیر بوو و قارەمان له هەمان کاتدا ماموستامان بوو حەتا جێگەی باوکیشی بۆ ئەو دەسته له پێشمەرگەکانی هێزی زریبار پڕ کرده بوەوه. به هۆی ئەوە که پێشمەرگەکانی هێزی زرێبار زۆربەمان گەنج و منداڵ کار بووین هەر بۆێه ئەرکی باوکایەتیشی بۆمان بوو. ئەو ساڵه له کوساڵان بووین تەرحی گرتنی پایگای رەزاویان دارشت. تیمێکی قارەمان و شەڕ کەریان جودا کردەوه بۆ گرتنی پایگایی بەڵا لێدراو. منیش کادری ده‌رمانی بووم لە گەڵ تیمەکەدا رویشتین بەەو ئاوایی رەزاو. تیمی زەربەت که کاک ئیبراهیم بوو رویشتن بۆ لێدانی پایگاکه. منیش له گەڵ شەهید مەنسور مامەوه. شەڕ دەستی پێکردو کار کوتایی پێهات شەهید ئیبراهیم بریندار دەبێت له سەریەوه. بەڵێ ئێمەش تەرمی نیوه گیانی باوکه نازدارەکەمان هەڵگردوو و بەرەو بەرزاییەکانی کوساڵان بەرێ کەوتین. به هۆی سەخت و کاریگەر بوونی برینەکەی هەموو هەوڵەکانمان بۆ نەجاتی گیانی بێفایده بوو و دوایی چەند کاتژمێرێک دڵه گەورەکەی له لێدان کەوت و ماڵئاوایی له دوستانی کرد .به شەهید بوونی کاک ئیبراهیم پێشمەرگەکان هەم فەرماندەیەکی قارەمان و هەم باوکێکی دڵسۆزیان له دەست دا.

حەمە نسلی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی