"an independent online kurdish website

گیان لە دەست دانی بروسک تۆغان، نیشتمان پەروەر و ڕۆژنامەنووسێکی بلیمەت و بە توانا بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە دۆستی گەلێک ئازیز و هاوکاری پێشووbrusk-tugan-0

لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، کاک بروسک تۆغان کە لە فەڕانسە دەژیا و لە گەڵ پزشکانی بێ سنوور سەبارەت بە کەمپی پەناخوازانی کورد کاری دەکرد، تەرمەکەی  لەكەنار دەریاچەی شاری دانكێركی فەرەنسا دۆزراوەتەوە، رۆژی دوشەممەوە روداوەكە رویداوە و تائێستاش لێكۆڵینەوە لەروداوەكە ‏بەردەوامی هەیە”  و خەمێکی قووڵی بۆ هەموو دۆست و هاڤاڵان و ناسیاوانی بە جێ هێشت.

خویندنی ئاکادمیک:

کاک بروسک خەڵکی جوولەمێرگ، خۆێندنی ڕۆژنامەوانی لە زانکۆی ئیستانبووڵ تەواو کردبوو و هەر لە وێش کاری ڕۆژنامەنووسی دەست پێکرد. پاشان پەڕێوەی هەندەران و لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوو. ماوەیەک لە دەنگی ئەمەریکا وەک ڕۆژنامەنووس کاری کرد و دوایی بۆ ئەیالەتی کالیفۆڕنیای گوێزتەوە و لە زانکۆکانی کولومبیا و کالیفۆڕنیادا بڕوانامەی مەستەری لە بەشی ڕۆژنامەنووسی و زانستەکانی سیاسی دا وەرگرت.

ئاشنابوونمان:

لە ساڵی ٢٠٠٢ کە سەرەتای کارکردنم لە دەنگی ئەمەریکادا دەست پێکرد لە گەڵ کاک برووسک ئاشنا بووم. ئەو کات لە بنکەی دەنگی ئەمەریکا لە نێویورک دا کاری دەکرد و جارجاریش بۆ کارکردن دەهاتەوە واشنگتن. ئەو ماوەیە کە لە نێویۆڕک بوو بە تایبەتی زوو بۆم دەرکەوت کە بە ئامادەکردن و پێشکەش کرندنی ڕاپۆرتان لە بوارەکانی جواروجۆری پێوەندیدار بە بابەتەکانی دۆزی کورد و جیهان لە بواری ڕۆژنامەوانی دا چەند شارەزا و لێزانە.

پاش ماوەیەکی زۆر لە نیویورک هاتەوە بەشی کوردی لە واشنگتن.

تایبەتمەندی یە بەرزەکان و ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی:

برووسک تۆغان هێمایەکی ڕوون لە رۆژنامەنووسێکی بە توانا و ماندوویی نەناس بوو. ماوەیەکی زۆرم لە گەڵ کاک برووسک کار کرد و کار کردن لە گەڵ ئەو مانایەکی ڕاستەقینەی بە کارەکە دەبەخشی. ئەو کاتانەی کە ئەو بەرپرسی کاری ڕۆژانە بوو، جیگایەکی تایبەتی خۆی هەبوو، چوونکە لێی فێردەبووم. سه‌دان ڕۆژ و بگره‌ دەیان شەوی یەک شەمە واتا ئەوکات کە ملیۆنها کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە لە دەمی پشوودان بۆ دەستپێکردنەوەی حەوتوویەکی نوێ بوون، کار کردن لە گەڵ کاک برووسک کە بێ وچان خەریکی ئامادەکاری و دەرهینانی پرۆگرام بوو بۆ پڕگرامی ١ یان ٢ی سەر لە بەیانی بۆ ڕادیۆ، ماندوویەتی تەواو سووک دەکرد.

کاک برووسک بە واتای راستەقینە رۆژنامەوانێک بوو کە هەمیشە ڕێزی لە ڕەوشت و ئەخلاقی رۆژنامە وانی دەگرت و لە کردەوە دا نیشانی دەدا. لە هەمان کاتدا، ئەو ڕێ و شوێن و دیسپلینی تایبەتی لە کاری رۆژنامەوانیدا دەخستە ئەزموون. ورد بینی و وەردانەوەی هەوال و دلنیا بوون لە راستی و دروستی و لە پاراستنی بێ لایەنی ، لە هەموو راپۆرتەکان و هەواڵەکانی دا دەدیترا.

کاک برووسک مرۆڤێکی خاکی، سەر و ڕووخۆش و ڕێزێکی تایبەتی بۆ هاوکارانی خۆی هەبوو، چە ئەوانەی ئێستا لە ئەو بەشە دا نەماون و چە ئەوانەی ئێستا لە ئەو بەشەدا کاردەکەن گەواهێکی ڕوون بۆ ئەو ڕاستیە هاشاهەڵنگرەیە. هەڵبەت کە دەگەیشتە کار پرنسیبی تایبەتی خۆی بە کردەوە نیشان دەدا. هەمیشە ئەو پڕەنسیبانەی پەیرەو دەکردن کە نیشان بدات ڕۆژنامەنووس و بە گشتی میدیا کار وەک دادوەرێک وایە کە ئەوەندی بتوانیێت ڕاستی و درووستی و نابەرابەری وبگرە تاوانەکانی مرۆڤە دڵرەق و دیکتاتۆرەکان بە بوێری بخاتە ڕوو، بەلام کە دێتە سەر بریاردانی کۆتایی ئیدی کاری ئەو زیاتر بڕ ناکات.

لە لایەکی دیکە وە، بە پێچەوانەی دادوەری ئاسایی ئەوە گوێکران و بینەرانن کە دەتوانن بریاری لە سەر ئەو بابەتانە و ڕاستی و دروستی و بگرە تاوانە ئەنجام دراوانە بدەن کە میدیا کار پێشکەشی دەکات. هەر بۆیە کاری میدیاکاری زۆر پێ لە دادوەری ئاسایی پێرۆز تر و بەنرختربوو. ڕەنگە هەبن ئەو میدیاکارانەی کە بۆیان بە گرفت بێت لە کاری میدیایی دا ئەخەلاقی رۆژنامەوانی بپاریزن، بەلام برووسک مانایەکی راستەقینە لە ئەو رۆژنامە خاوەن پرنسیب و خاوەن ئەخلاقانە بوو.

دوورکەوتنەوە:

لە ساڵی ٢٠٠٨ پاش ئەوەی له‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا نه‌مان چوو بۆ فه‌ڕانسه‌ کە تازە کاناڵێکی تەلەڤزیونی کوردی (كورد ١) دامەزرابوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی کاری ڕۆژنامه‌وانی درێژه‌ پێبدات. هەڵبەت ئەوەش سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی سەخت بۆ ئەو بوو.

ئەو ماوەیەی کە لە فەڕانسە بوو، لە بەشی دەستەی سەروتارنووسانی تەلەڤزیۆن کاری دەکرد. لە نووسینی وتاری بە ئینگلیسی توانایەکی تایبەتی هەبوو، هەر بۆیە بابەتیشی هەم لە نێو ئەمەریکا و هەم بۆ ڕۆژانەی هێڕاڵد تریبون چاپی ئینگلیسی لە فەڕانسە دەنووسی و یەک لە ئەوان وەک نیشتمانپەروەرێکی بە ئەمەگ هێنانە گۆڕی پرسی کورد لە باکوور و داکۆکی کردن لە مافی ڕەوای گەلی کورد لە ئەو وڵاتەدا بوو.

کاک برووسک دوای کار نەکردنی لە تەلەڤزیۆنی کورد 1 له‌ فەرانسە چوو له‌ گه‌ڵ تیمی پزشکانی بێ سنوور له‌ کاری یارمه‌تی دان به‌ په‌نابه‌ران دا هه‌وڵی ده‌دا.

کارەسات:

چێرۆکی گیان لە دەستدانی کاک برووسک ، بە سەرهاتی پڕ لە ژانی مرۆڤێکی دڵپاک و خۆنەویستە که‌ ئه‌گه‌رچی زۆر حه‌زی کرد بژیت و خزمه‌ت بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسێندرا.

جێی خۆیەتی بۆی بە پەپەڕۆش بم چونکە برووسک بە کۆلە بارێک لە زانست و زانیاری دەیەویست خزمەت بکات؛ و بۆشی هەر بە پەڕۆش دەبم کە هاوسەرێکی بە وەفا و دوو منداڵی نازلێ شێواوی لە پاش خۆی بە جێ هێشت.

ئەو نەدەبوایە ئاوا لە نێو شەپۆلەکانی دەریا دا بێ سەر و شوێن بچی بەڵکوو لە پشت ئەو مێزەی کە بۆی وەک سەنگەرێکی بەرخودان و ڕاست نووسین و ڕاست بیژین بوو دا درێژە بە کارە پڕ لە شانازی یەکەی بدات.

خەمی لە دەست دانی کاک برووسک، مەرگی ئالانی خونجیلانە و پەپولە ئاساکەی وەبیرهێنامەوە ئەوەی پارەکە شەپۆلەکانی دەریاش ڕەحمیان پێ نەکرد کە چارەنووسەکانیان چەندە وەک یەک دەچن. ئالان لە گەڵ بنەماڵەکەی بۆ ڕزگاری لە چنگ ستەمکاری دۆژمن ڕیگای هەندەرانیان گرتە بەر، کاک برووسک یش بۆ هه‌وڵ و خه‌باتێکی دیکه‌ جارێکی دیکه‌ی ڕووی له‌ هه‌نده‌ران کرد.

بە ئەم بۆنەو تاڵەوە، سەرەخۆشی گەرمی خۆم پێشکەشی خێزان و هەموو خزم و دۆستان و خۆشەویستانی دەکەم. بێگومان جیهانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی یەکێک لە باشترین قوتابیان و هۆگرانی خۆی لە دەست دا.

سەربازی وون، هۆگران و خۆشەویستانت هەرگیز لە یادت ناکەن و لێبراوی و نیشتمانپەروەریت و بزە مانابەخشەکەی سەر لێوەت هەوێنێک بۆ ژیان و بەرخودانە.


لە کۆتایی دا ئەم چەند وتە کورتەی خوارەوە ببینن ئەوەی سەبارەت بە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦یە کە کاک برووسک لە سەر فەیس بووکەکەی جێ هێشتووە و پیرۆزبایی ساڵی نۆی لە هەمووان دەکات.

Birusk Tugan

December 31, 2015 •

Sersala we pîroz be!

Hêvî dikim ku 2016 bibe sala azadî û aştiyê.

#‎HappyNewYear!

May 2016 bring freedom & peace.

Yeni yılınız kutlu olsun!

2016’nın özgürlük ve barış yılı olması dileğiyle.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی