"an independent online kurdish website

بەرپرسە بە چی؟

بەرپرسە بە ئەنجامدانی ئەرکەکانی کە پێی سپێردراوە! ئەگەر هەر تاکێک خۆی بە بەرپرس بزانێت لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆی reuf-golbeden-01

واتە بە بێ ئەوەی کەس بە سەریەوە بێت خۆی کارەکانی خۆی رایی بکات، ئەوە لە ڕاستیدا جگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی پاشەکەوتێکی ئێجگار گەورە بە کۆگای ئابووری  نیشتمان دەگەیێنێت کە کاریگەری لە سەر داهات و داهاتووی وڵاتەکەی دەبێت!

وەرن ژمارەی ئەو کەسانەی کە کار وەک ئەرک جێبەجێدەکەن لە گەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە کار دەدزنەوە، کەم کاری دەکەن، کارەکەیان بە ڕێک و پێکی ناکەن، یان وەک ئەرک سەیری کارەکەیان ناکەن هەڵبسەنگێنین، ئەگەر تێچووی ئەو کارە ئەنجام نەدراوانە کۆبکەینەوە ئەو جار دەزانین نرخی تێچووی نەزانی چەندە گرانە و هەست بە بەرپرسایەتی لە هەمبەر کاردا هەتا چەند دەبێتە هۆکار بۆ خزمەت بە نیشتمان!

 جێبەجێ نەکردنی ئەرک لە گەڵ ئەوەی کە تێجووەکەی دەچێتە گیرفانی بەرپرس بەڵام قورسایی بەرهەمەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هێزی کار و بە شێوەی جۆراوجۆر وەک باج و هەڵکشانی قەیران لە سەر شانی نیشتمانپەروەران و خەڵکی وڵات دەکەوێت!

خۆدزینەوە لە ئەرک و خزمەت بە وڵات چەندە گرانە و پێچەوانەکەشی چەندی بە چەندە؟!

نیشتمان، وڵات، ئاوەدانی، ئاسوودەیی، خۆشگوزەرانی پێوەندی بە هەموومانەوە هەیە!

کۆمەڵگەیەک کە لە سەر بنچینەی بەرپرسایەتی دادبمەزرێت دیارە لە شیرینی بەرهەمەکەشی چێژ وەردەگرێت!

 وڵات بەوە پێش ناکەوێت کە تاقمێک وەک مۆتەکە سواری ملی دەسەڵات بن و خۆیان لێ ببێ بە سەرکردە و سەرۆک و ڕێبەر، هەر بە چاوی دەسەڵاتەوە لە خەڵک بڕوانن و وەک ئەوەی هەموو کەسەک خزمەتکاری ئەوان بێت! سیستمی وا ناتەندرووستە و کات و هێزی دەسەڵات لە رێگەی ململانێ لە گەڵ ئاوسان و قەیرانی ئابووریەوە بە فیڕۆ دەچێت.

لە کۆمەڵگەی تەندرووست بەرپرسایەتی بە پێی شارەزایی دابەش دەکرێت و لە لایەن شارەزایانی تایبەت بەم بوارەدا بەرنامەگەلی کورتخایەن و درێژخایەن بۆ بەڕێوەربردنی وڵات دادەڕژرێت کە پێویست دەکات لە وڵاتێک کە خاوەنی هەبێت هەموو کەس لە ئاستی خۆیەوە بە پێی ئەرکی پێسپێردراو لە پێوەندی بە کارەکەیەوە دەبێتە بەرپرس و هەر بۆیە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبینین بە هۆی ئەم هەستەوە واتە هەست بە بەرپرسایەتی کۆمەڵگە رۆژ لە دوای رۆژ پەرە بە ئاوەدانی و گەشەسەندن دەدات و پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت.

 خەڵک بە پێی شارەزایی بواری خۆی وەک تاک هەر کەس بە پێویستی دەزانێت ئەرکی خۆی بە جێ بگەیەنێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکدا کەس چاوەڕوانی پلە و پایە و ئەو شتانە ناکات لە بەر ئەوەی کە  هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک لە نێواندا هەتا رادەی توانا بوونی نییە!

هەڵاواردن لە کاتی تاوان ناکرێت ئەگەر کەسەکە خاوەن دەسەڵاتیش بێت دەبێ بە یاسا هەڵس و کەوتی لە گەڵ بکرێت! هەر وەک یاسا دەسەڵاتی پێ بەخشیوە هەر بەو جۆرەش لە کاتی خۆیدا دەتوانێت لێی بستێنێتەوە و تەنانەت سزا بدرێت!

 ئەگەر شۆفێریک چرای سووری بەزاند دەبێ سزا بدرێت لە بەر ئەوەی کە یاسای بەزاندووە! جا ئەو شۆفێرە هەر کەس هەیە با ببێت، وادانین سەرۆک وەزیران بێت دەبێت سزای خۆی وەربگرێت و ڕێک لە بەر ئەوەی کە سەرۆک وەزیرە واتە بەرپرسایەتی سەرشانی ئەو لە باری یاساییەوە گەلێک قورسترە و دەبێ بەو ڕادەیە سزا بدرێت کە شیاوی بەرپرسایەتییەکەیەتی!

هەر کەسەک ماشێنی لێخوڕی لە یاسای هاتوچوو ناوی ئاژۆرە( شۆفێڕە) ئیتر ئەو کەسە کێیە یان چ پلەیەکی هەیە دوایی تاوانەکە لێی دەکۆڵنەوە و بە پێی رێژەی تاوان دەبێت سزا بدرێت!

هەر ئێستا لە وڵاتی فینلاند کەسەک کە لە کاتی لێخۆڕیندا سەرپێچییەک بکات بە پێی داهات سزا دەدرێت و ئەگەر شۆفێرەکە کاربەدەست بێت بە تایبەتیش ئەو کاربەدستانەی وا پێوەندیان بە جێبەجێ کردنی یاساوە هەیە ئەوە جگە لە وەی کە سزای ماڵی بە پێی داهات بە سەریدا دەسەپێت لەوانەشە بۆ هەتا هەتایە لە پلە و لە کارەکەی دوور بخرێتەوە!

بە مە دەڵێن جێبەجێکردنی یەکسانی یاسا!

ئەو کات دەبینیت کە یاسا بۆ هەموو کەسە واتە چ وەک ماف و چ وەک ئەرک هەموو لە بەرانبەر یاسادا یەکسان دەبن!!

ئەو کەسەی کە گەسک لە کۆڵان دەدات دەبێت بە پێی خزمەتکردنەکەی نرخی کۆمەڵایەتی خۆی پێبدرێت! ئەو نرخە بە پەروەردەی کۆمەڵگە بەدی دێت!

واتە سەرۆک و وەزیر و گزیر و هەموو کەس نرخەکانیان لە ڕووی نرخە خزمەت کارییەکانیان بە وڵات و نیشتمان دەبێت! خاوێن کردنەوە ژینگە، خزمەتگۆزاری ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و کشت و کاڵ و چی و چی هەموو دەبێت خاوەنی نرخی کۆمەڵایەتی خۆیان بن بۆ ئەوەی هەر کەسە شانازی بە کار و فرمانی خۆی بکات و بە ویستی خۆی لە دڵەوە کارەکەی نەک هەر بە ئەرک بزانێت بەڵکوو بە دڵ بە خزمەتی بیهێنێتە ژمار! خزمەتکردن بە ژینگە واتە بە نیشتمان ئەرکی هەموو تاکێکە و تاکی خاوەن ئەم تێگەیە جگە لەوەی خۆی خزمەت دەکات و ئەرکی پێسپێردراوی بە بێ منەت بەجێدەگەیەنێت لە هەمان کاتیشدا دەبێت بە چاو بۆ وڵات و چاوەدێریکردنی جێبەجێکردنی یاسا و رێساکان بە ئەرک دەزانێت و لە بەرانبەر کاری نایاسایی رادەوەستێتەوە و شەڕی یاسا لە بری پارێزەرانی وڵات دەکات!

لە وەها شێوازێکدا دەبینین کە هەموو کەس خەریکی خزمەتی نیشتمانە و وڵات بەو شێوە هزر و بیرە ئاوەدان دەبێتەوە نەک بە بڕیار و بە بگرە و بەردەی خاوەن دەسەڵات بە سەر بێدەسەڵات!!

ئەو کەسەی وا وەزیرە دەبێ ئەوە بزانێت کە کاری ئەو هێندەی قورسایەتی وەزیرێک بەرپرسیارەتی لە سەرشاندایە! وا دانین وەزیرەکە ناوی هیوایە!

هیوا لە شوێنی کارەکەیدا وەزیرە، هەر بە هۆی قورسی بەرپرسیارەتی دەبێ لەوە تێبگات کە ئەرکەکەیشی بەهەمان ڕادە قورسە! هیوا وەزیرە بۆ خزمەت کردن بەنیشتمان و بە خەڵک نە بۆ ئەمرکردن و منەت بە سەرخەڵکدا کردن!

خزمەت مانای چییە؟ خزمەت واتای ئەوەیە کە بەرپرس بێت لە کارەکەی هەر وەک کرێکارێک یان نانەوایەک یان بازاڕییەک دەبێت بەرپرسی کاری خۆی بێت!!

هیوای وەزیر لە دوای کارەکەی کە دەچێتەوە بۆ ماڵەوە یان دەچێت بۆ بازاڕی کردن ئیتر هەر هیوایە نەک وەزیر، هەر وەک چۆن خێزانی بە ناوی خۆی بانگی دەکات و منداڵەکانی پێی دەڵێن بابە و لەوانەیە هیوای وەزیر مام و خاڵ و برای کەسی‌تریش بێت!! ئیتر هیوای وەزیر یان هیوای سەرۆک یان هیوای بەڕێوەبەر لە شوێنی کارەکەی خۆیدا ئەو بەرپرسە و دوای تەواو بوونی کاتژمێری کار ئەو وەک کەسەکی ئاسایی ناوکۆمەڵگە دەبێ بە ئەرک و مافی خۆی ڕابێت!!

هیوا دوای کار ئیتر شارۆمەندێکی ئاسایی وڵاتەکەیەتی کە لە گەڵ خێزانی دەچێتە بازاڕ ئەگەر شتێک بکڕێت ئەو دەبێت بە کڕیار لە لای فرۆشیاریک، ئەگەر هاتوو کێشەیەک لە نێوان هیوا و فرۆشیار ڕوویدا دەبێت بە پیی یاسای شارۆمەندی کڕیار و فرۆشیار کێشەکە چارەسەر بکرێت بە بێ ئەوەی کە کار و بەرپرسایەتی هیوا واتە وەزیربوون کاریگەری لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکەدا هەبێت!

دۆکتۆریک لە نۆرینگە و خەستەخانەدا دۆکتۆرە،  بەڵام لە کاتی پشوودان لە گوندەکەی خۆیان سەری خۆی بە باخ و چاندنەوە قاڵ کردووە مانای وایە لە کاتی وادا ئەدای دۆکتۆر ناکات واتە بە پێی یاسا لە کاتی رووداویکدا نابێ دۆکتۆربوونەکەی کار بکاتە سەر کێشەکەی ئەگەر هاتوو چووە بەر دەم دادگا!!

 یان قازییەک یان مامۆستایەک، ڕەنجبەرێک، جووتیارێک و بیرکەنێک هەر یەکە بە پێی کاری خۆیان خزمەتی نیشتمان دەکەن هەر بۆیە کەس بۆی نییە منەت لە سەر کەس بکات لە کاتێکدا ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات!

جێبەجێکردنی ئەرک، مافی یاسایی تاک بۆ هەموو تاکێکە و پلە و پایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەرکی تاک لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا. پێویستە هەر تاکێک زانیاری لە سەر هەر دوو بەشەکەدا هەبێت واتە هاونیشتمان لە هەمبەر یاسادا هەم لە مافدا و هەمیش لە ئەرکدا دەبێت خاوەنی زانیاری بێت و بە هەردوو بارەکەیدا ماف بگەڕێتەوە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵ بۆ خزمەت کردن بە نیشتمان!

نیشتمان هی هەموو تاکێکە هەر بۆیە تاک بە تاکی هاونیشتمان هەم ئەرکی نیشتمان پارێزی لە سەرە و هەم مافی هاونیشتمانی لە خێر و خۆشی نیشتمانەکەی دەیگرێتەوە!

هەر وەک چۆن خزمەت بە نیشتمان دەکەین هەروەهاش پێویستە مافی بەشداری کردن لە ژیان بە هەموو ماناکانیەوە بە تاکی هاونیشتمان بدرێت!

یاسا دەبێت ئەو مافانە دەستەبەر کات بۆ ئەوەی خاوەن ماف یاسای لە پشت بێت!

ئەرک و ماف هەر دوو لە یاسای نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت!

مافی هەموو تاکێکە پێداگری لە مافی یاسایی خۆی بکات کە لە یاسای بنەڕەتی وڵات دابین کراوە!

کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی‌تر با بزانێت جگە لە ئەرک جێبەجێکردن مافیشی لە یاسادا دەبێ دەستەبەر بکرێت!

 

21،11،2015 ز

ڕەوف گوڵبەدەن

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی