ئەوڕۆکە ئەوەی کە یەک تۆزاڵ شارەزایی لە بار و دۆخی جیهان بێت و سیاسەتی جیهانی لە پێوەندی بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخوێنێتەوە،
تێدەگات کە هەلێکی مێژوویی بۆ نەتەوە و گەلە بندەستەکانی ئەو ناوچەیەی کە ئێمەی تێدا دەژین لە ئارادایە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە ژێردەستی و کۆیلەتی دەسەڵاتە سەردەستەکانی ناوچەکە رزگار بکەن!
یەکێک لەم نەتەوە ژێردەست و داگیرکراوەی ناوچەکە نەتەوەی کوردە کە خاکەکەی واتە کوردستان پارچە پارچەکراوە و هەر پارچەیەک لەم کوردستانە لە لایەن داگیرکەرێکەوە داگیرکراوە یان لە باشترین دۆخدا بە بێ ویست و داخوازی خاوەنەکەی بە وڵاتێکەوە لکێندراوە کە مێژووی بوون و تەمەنی دەرکەوتنی بۆ هەڵسەنگاندن نابێت لە گەڵ مێژووی دوور و درێژی پڕ لە ئازاری نەتەوەی بندەستی کورد!
بەم جۆرە ئەو نەتەوە سەردەستانە بوونەتە داگیرکەری خاکەکەمان و وردە وردە بە بێ ئەوەی هەست بە خۆمان بکەین بە ناوی هاوڵاتی رەسەن و برای دینی بووینەتە داگیرکراو و کۆیلەی دەستی زۆردارانی ئێران و تورک و عەرەب، خۆشمان هێشتا بە تەواوەتی نازانین چیمان بە سەردا هاتووە؟!
پێڤاژۆی تواندنەوە و داگیرکاری لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک پێڕەو کراوە و هەموو هێماکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە بەرنامەی ژینۆسایدکردنی کورد ویستوویانە هەم کورد تێدابەرن و هەمیش کوردستان بۆ هەتا هەتایە داگیربکەن!
هەر پارچەیەک لە کوردستان بە بێ ویستی خۆی بە وڵاتێکی سەردەستەوە گرێدراوە کە رێک هەر ئەم هەستە سەرکوتکراوەیە کە هەستی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی لە گەڵ هاوڕەگەزەکانی خۆی سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنێ و سەرەڕای سەد ساڵەی سایکس- پیکۆ کورد لە هەموو کاتێک زێدەتر بە یەک نزیک دەکات!
شەڕ و ماڵوێرانی و کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی شەنگال و کۆبانێ و هەروەها هەڵواسینی رۆڵەی کورد لە پێش چاوی خەڵک لە ناو شارەکاندا هەر هەمووی لە چوارچێوەی تواندنەوە و ژینۆساید و کۆمەڵکوژی مانا دەکرێنەوە!
سیاسەتی داعش لە شنگال و حەشدی شەعبی لە گوڵاڵە و خورماتوو رێک هەمان سیاسەتی قڕکردن و لە سێدارەدانی کوردە لە شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران هەروەها سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە کۆبانێ و باکووری کوردستان رێک هەمان سیاسەتی بەعسە لە هەڵەبجە و پرۆسەی کۆمەڵکۆژی بە ناوی ئەنفال واتە ئەم داگیرکەرە رەنگاوڕەنگانە پێکەوە وەڵامی هاوکێشەیەک دەدەنەوە بە ناوی کورد و کوردستان و هەر بۆیە لە گەڵ ئەوەی کە چەندها جیاوازی و ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە بەڵام لە سەر سیاسەتی هەڵکەندنی رەگ و ریشەی کورد لە سەر خاکی باو و باپیرانی خۆی زۆر بێ شەرمانە پێکەوە هاودەنگن!
ئەم هەڵوێستە زۆر مانا لە خۆ دەگرێت کە ساناترین مانا ئەوەیە کە تەمەنی داگیرکاری داگیرکەرانی کوردستان لە کورتی داوە بەو مەرجەی کە کورد بە هەوانەی پڕ لە زانیاری ئەوڕۆیی و مۆدێڕنەوە هەڵوێست بگرێت و ئامادەکاری بکات بۆ قۆناخە یەک بە دوای یەکەکانی خێرای رووداوەکان و هەروەها خوێندنەوەی ریالیستی ناوچەکە لە لایەک و ویست و داخوازی کەڵەکەکراوی کورد بە درێژی سەدان ساڵ خەبات و راپەڕین کە دەبێت ئەوڕۆکە بە وریاییەوە بەرەو ئامانج هەنگاو هەڵبێنێ!
ئەوڕۆکە لە گەڵ ئەوەی کە لە باشوور تەجرۆبەیەک لە دەسەڵات بە هەموو کەم و کورتییەوە لە ئارادایە و لە رۆژئاواش تەجرۆبەیەکی تازە هاتووەتە کایەوە و لە باکووریش راپەرین و بەرخۆدانێکی مەزن بوونی هەیە و رۆژهەڵاتیش چاوەڕێی هەلێک دەکات بۆ ئەوەی بڵێسەی راپەڕین داگیرکەری ئێران بسووتێنێ و کورد بە گشتی ئەوڕۆکە لە رۆژەڤی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و بە سەرهات و دەنگ و باسێک نەماوە ناوی کوردی تێدا نەیێتە کایەوە!!
ئەم هەلەی کە دوای کۆتایی هاتن بە پەیمانی سایکس- پیکۆ هاتووەتە ئاراوە، پێویست دەکات کە کوردیش هەلەکە بقۆزێتەوە کە هەلی رزگاری یەکجارەکی کوردە لە کۆیلەتی و ژێردەستی داگیرکەران!
خەبات و تێکۆشانی هەمە چەشنەی کورد راست وایە کە لەم چوارچێوەی ستراتێژییەکدا خۆی بنوێنی و تەنانەت پێویست دەکات و پێویستە کوردیش بەرژەوەندی گشتی بخاتە بەر بەرژەوەندی حێزبی و گرووپی و تاکە کەسییەوە!
لە کاتێکدا کورد هەلی رزگارکردنی بۆ هەڵکەوتووە پێویستە حێزبە کوردستانییەکان هەڵوێستەکانیان یەک بخەن و پێکەوە لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی یان پلاتفۆرمێکی نیشتمانی هاوبەش پێکەوە لە سەر خاڵە ستراتێژییەکان رێک بکەون و لە واژۆکردن و خۆبەخاوەنکردنیدا پەلە بکەن! ئەمە ئەرکی نیشتمانی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەرە!
واژۆی ئەوە بکەن کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێکەوتنەکان و هەروەهاپێویستە کە دەستەی باڵای نیشتمانی کورد نوێنەرایەتی ئەو رێکەوتنە بکات بۆ جێبەجێکردن و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کە دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی حێزبییەوە بێت!
ئەمە رێگەیەکە بۆ رزگاربوون لە دووبەرەکی و چەند بەرەکی!
نە تاک و نە هیچ حێزبێک نابێت بە بێ پرسکردن پێوەندی لە گەڵ داگیرکرانی کوردستان دامەزرێنیت مەگەر بە پێی ئەو بریارانەی کە دەستەی باڵای بەرژەوەندی کوردستان دەری دەکات!
ئەوڕۆکە کورد پێویستە بە روونی هەڵوێستی هەبێت بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان و بۆ ئەوەی کورد لە دەوری داخوازییەکانی خۆی کۆبێتەوە!
کورد ئەوڕۆکە دەبێ پارێزەری نیشتمانی خۆی بێت لە هەمان کاتدا زۆر بە وریاییەوە پێویستە دەس و پێوەندەکانی داگیرکەران لە کوردستان لە جووڵە بخات و دەستی درێژیان لە خاکی خۆی دابڕێت!
ئەوڕۆکە لە بەر ئەوەی کە جارێک هیچ دەستەیەک نە بەرز و نە نزم بەدی ناکرێت دیسان بۆ نزیکبوونەوە لە یەکتر لانی کەم با هەر هەموومان هەڵوێستمان لە سەر سیاسەتی داگیرکەرانەی تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق روون و راشکاوانە بێت!
با لە گەڵ ئەمریکا و ئورووپا و رووسیا هاوپەیمانی ستراتێژی بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوومان گرێ بدەین و خۆمان لەو وڵاتانە نزیک بکەینەوە کە پشتیوانی لە کورد و کوردستان دەکەن!
ئەگەر پێتان وایە داعش هاندەری یەکگرتنەویە؟
کە واتە چاوەڕێی داعشێکیتر بکەن با یەکگرین!
رەوف گوڵبەدەن
17.4.2016 ز