ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ و لە کاتێکدا ڕاوێژکاری باڵوێزخانەی فەرانسە”سەباستیان سۆرن” و نوینەری باڵوێزخانەی بریتانیا” شارلوت وارێن والر” سەردانی پارێزگای کوردستانیان کردبوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمەوە لە نزیک شاری سەقز دەستبەسەر کران.
جێگری سیاسی- ئەمنیەتی پارێزگای کوردستان بە هەواڵدەری تەنسیمی ڕاگەیاندووە لە کاتێکدا ئەو کەسانە بە مەبەستی گەڕان و سیاحەت سەردانی کوردستانیان کردبوو و دەبوایە لە شاری سنە و لە هوتێل ” شادی” بمانایەوە، بەڵام ڕێرەوی خۆیان بەزاندووە و لە شوێنە هەستیارەکانیش وێنە و فیلمیان هەڵگرتۆتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییەی رێژیم هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو دیپلۆماتەی رەد کردۆتەوە و گوتوویەتی:” ئێمە ئەو دوو کەسەمان ڕاگرتووە و داوای کارتی پێناسەمان لێ کردوون، ئەوانیش ڕایان کرد و لە نزیک ئاوایی ” ایرانخواە” ماشینەکەمان ڕاگرتوون و قسەمان لەگەڵ کردن کە پاش هاودەنگی شوێنەکەیان جێ هێشتووە.
عەلی رەزا ئاشناگەر”جێگری سیاسی-ئەمنیەتی رێژیم لە کوردستان” دەڵێ کە ئەو کەسانە لەچوارچێوەی هێندێک کار کێشە دەنێنەوە و لەو سەفەرشدا وێنەیان لە ناوەندە سەربازییەکان، چیا، دۆڵ، چەم و شوێنە هەستیارەکانی ناوچە گرتووە.
بەدوای شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی رێژیم لە مانگی ڕابردوو و لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەو هۆیەوە بە دەیان کەس لە هێزەکانی رێژیم کوژران و بریندار بوون، ڕێژیم ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بە تەواوی پارێزگاکانی کوردستانی ئەمنیەتی کردووە، گومانی لە هەر کەسێک هەبێ، قولبەستی دەکا و تا ئێستاش بە دیان لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاپێچی بەندیخانەکان کردووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە پشت “ڕاسان”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوەن و پێدەچێ ڕێگری و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئەو دوو دیپلۆماتکارەی فەرانسە و بریتانیا پێوەندی بەو پرسەوە هەبێ.
