"an independent online kurdish website

ئامانج لەو کۆمێنتارانە دوو شتە: هەم سەبارەت بە کۆمەڵێک گرفتی هەنووکەیی بزووتنەوەی کورد ڕای خۆم بە خوێنەر بگەیەنم ، هەم سەرنەخی ئەو گرفتانە بدەمە دەست خوێنەران تا بەدوایدا بچن و لایەنەکانی ئەو سەرنەخانە هەڵسەنگێنن. هەڵبەت هەمووی ئەو ڕا و بۆچوونانەم لە چوارچێوەی کوردستان دا خۆیان بەرجەستە دەکەن.kavos_azizi12

یەکەم

لە دوای ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەهاری سالی ٢٠١٦ کە جگە لە زەبرێکی قورسی نیزامی و کوژرانی دەیان ئەفسەر و مۆرەی ڕێژیم لە کوردستان و بێ بنەما دەرخستنی ئیدیعای ڕێژیمی مەلاکانی ئێران کە گوایە ئێران جەزیرەی ئارامە و لە کوردستانیش بزووتنەوەیەک بەو شێوەیە لە ئارادانیە ،کۆمەڵێکیش کادر و پێشمەرگە و ڕێبەریی ئاڵاهەڵگری ئەو ڕاسانە واتە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون ، ئەوەبوو وەک پێویستییەکی هەنووکەیی لە مەڕ پێداگریی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی و چالاکانی سیاسی ، خەڵکی کوردستان و بگرە ئەندامانی حیزبیش ، ڕیزە دیدارێک لە لایەن حیزبەوە بەمەبەستی وڵامدانەوە بەو پێویستییە هەنووکەیە و بۆ هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان دا پێک‌هێنران کە جێی دڵخۆشی بوون. هیوادایەک پەیدا دەبوو کە لانی کەم ئەحزابی ئەو بەشە لە نیشتیمان بگەنە هەنگاوێکی عەمەڵی. هەروەها خودی ڕاسان، هەنگاوەکانی و ئەو دیدارانە دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبوو و ببووە جێی باسی مەحفەلی سیاسی و جڤاکی . کەچی دەبینین هەم ڕاسان کەم ڕەنگ بۆتەوە و هەم ئەو دیدارانە ئاکامێکی هەستپێکراوی نەبووە.

هەروەها باسێک لە هەوڵی یەکگرتنەوەی دوو بەشی دێمۆکرات نەماوە و ئەگەر ئاوا بڕوات لە نەکاو دیسان ئەندامانی هەردوولا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بکەونە گیانی یەکتر.

چارەسەر ئەوەیە کە ئەو دیدارانە لە سەر ئەساسی خاڵەهاوبەشەکان ئاکتیڤ بکرێن کە دەتوانێ لە سەرەتا دا خاڵی بچووک بن، بەڵام لە پاشەڕۆژ دا بەرینتر بکەنەوە. دیدارەکانی چڕتر و بە ئامانجتر بکەنەوە و کەسیش پەڕاوێز نەخەن.

دووهەم

باشووری کوردستان ئێستا لە قەیرانێک دایە کە هەزار ڕەحمەت لە قەیرانی دارایی. گەورەترین قەیران کە ڕووبەڕووی هەرێم بۆتەوە، قەیرانی مەشرووعیەتی ئیدارە و دەسەڵاتە. پارڵەمان بەس بیناکەی وەک خۆی ماوەتەوە. حکوومەت جێی خۆی داوەتە سەلیقە و بڕیاری تاقە حیزبێک . دیپلۆماسی هەر پەیوەندیی حیزبی یە.

ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و زۆر عەیبی داپۆشیوە فیداکاریی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکانن. ئەگینا جگەلە هیندێک فەرمانگە کە ئەوانیش هەر بە دەسەڵاتی حیزب بەڵام لە بینا حکوومییەکاندا دەوام دەکەن.

سەردانی وەفدی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دوکتۆر بەرهەم ساڵح جێگری دووهەمی سکرتێر بۆ ئێران دیسان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە نیەتی تێکدان لە لایەن بەدناوترین کەسەکانەوە لە نەزەر نەتەوەیی کورد پێشوازی کران . ئەو (عنصر نامطلوب) انە کەلە هەموویان دیارتر سەحراروودی قاتڵی دوکتۆر قاسملوو بوو.

ئەو ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام تیکرار دەبێتەوە وبەداخەوە بەرپرسانی باشووریش خۆیان بە کەم و موحتاج دەبینن. لە کاتێک دا وەک عورف ئەوان دەتوانن خانەخوێ حاڵی بکەن کە مەخاتەب مۆرەی بەدناوە .

دیاردەی هەرە ناهومێدکەر ئەوەیە کە سنووری دێگەڵە خەریکە دەێتەوە ئەمری واقیع و قەڵشی نێوان لایەنەکان قەڵشی ئەوبەشە لە نیشتیمانی لێ بکەوێتەوە. لەو نێوەشدا یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی دێمۆکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران بەرپرسیاری یەکەمن. لە نێو کەسایەتییەکانیش دا بارزانی، نەوشیروان و سەرکردایەتیی یەکیەتی بەرپرسیارن.

چارەسەر ئەوەیە کە بارزانی لە باتی دەستپێشخەریی بچووک ئەویش لە مەسلەحەتی حیزبی دا، هەنگاوی گەورە و وەک ڕێبەرێک پەرلەمان ئاکتیڤ بکاتەوە کە ئەویش بە گەورەیی نواندنێک دەکرێ. هیچ نابێ ئەگەر بارزانی سەردانێکی سلێمانی بکا و چاوی بە نەوشیروان مستەفا بکەوێ .دونیاش خەرا نابێ ئەگەر سەرۆکێکی تازە بۆ پەرلەمان دیاری بکەن. با لەم دۆخە دا رەفتاری ئەردۆغان لەگەل موخالیفەکانی بکەینەوە نموونە. ئەو چۆن توانی باخچەلی و قلیچدارئۆغلوو بکاتە هاوکار و پشتوانی خۆی.

سێهەم

باکووری کوردستان لەگەل ئەوەی خەڵک لە سەرپێیانە، گریلا لە شەڕ دایە بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتیی بزاڤەکە خەریکە تووشی دۆڕانێکی سیاسی و جەماوەری دەبێ کە ئەوەش ئاکامی خوێندنەوەیەکی هەڵەی حیزبی خاوەن باندۆری بزاڤەکەیە.

لێدانی خەندەق و سەنگەرلە نێو هیندێک لە شارەکان کە لە شاری هەرە خەباتکارەکان بوون . بە جۆرێک کە ئەو کارە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو شارانە هەم وێران بن، هەم خەلکێک تێدابچێ و هەمیش ئەو خەڵکە بە نائۆمێدی و دڵشکاوی یەوە ڕووبکاتە مەترۆپۆلەکانی وەک ئیستانبۆل و ئانکارا و ئیزمیر.

لەوێش کێشە یەکتر قەبووڵ نەکردن بەردەوامە،ئینکاری یەکتر بۆتە کولتووری باوی سیاسیی بزاڤی کورد. یەکڕیزییەک لە نێو ئەحزاب دا نابیندرێ.

سەرەڕای هەموو کەم و کۆڕییەکان ئەو بەشە لە نیشتیمان هەنگاوی باش هەڵدەگرێ و بەتایبەتی مەجالێک هەیە کە بزاڤی کورد بە مەرجێک کە یەکگرتوو بێ بتوانێ مافەکانیان بە یاسایی بکرێن. ئێستا چەندین حیزبی ئەو ەبشە لە نیشتیمان بە ناسنامەی کوردی و کوردستانییەوە لیسانسی تێکۆسانیان لە تورکیە دا پێدراوە کە ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە .

گەورەترین دۆڕان ئەوەبوو کە یەکەم ساتی دوای هەڵبژاردنی ٧ی حەزیرانی ٢٠١٥ لایەی کوردی وتانی ٨٠ نوێنەری هەبێ، بەڵام ڕایان گەیاند ئێمە ئامادە نابین لە گەل حیزبی دەسەڵاتدار بچینەوە کوالیسۆنەوە و کەوتنە دژایەتیی ئەو حیزبە. ئەگەرئەوکات هەربە قسەش ڕایان گەیاندبا ئامادەن لەگەل ئاکەپە کابینە پێک بێنن زۆر گرینگ بوو، با ئاکەپە گوتبای نامانەوێ. ئەودەم بە قازانجی کوردبوو.

ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێ دەبا دوای هەڵبژاردنی ١ی مژداری پارساڵ کرابا و گوترابا ئێمە پێداگرین لە سەر ڕەوتی دیالۆگ و چارەسەری، بەڵام نەکرا.ئەوەی ئێستا داوا دەکرێ بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ، لە کاتێکدایە کە لایەنی کورد لە ناو ساحەی سیاسیی تورکیە دا لاوازە و  بەداخەوە پەڕاوێز خراوە کە خۆشی لەو پەڕاوێز خستنە دا دەخیلە و قەندیل پێویستە وڵامدەر  و بەرپرسیاربێ.

چارەسەر ئەوەیە کە پارتی زۆرینە چ لە شاخ و چ لە شار یەکگرتنی حیزبە تورکەکان لەم دۆخەی دوای هەوڵی کوودەتای ١٥ی تەمووز بکاتە بنگەهی هەوڵەکانی و بە دڵفراوانی و واز هێنان لە پاوانخوازی و خۆبەزڵزانی هەوڵ بدا حیزبەکانی دیکەی کورد لەو بەشەی نیشتیمان بکاتە مەنزوومەیەک وەک مەنزوومەی خۆر. تەنیا هاودەنگی و هاوکاریی لایەنەکان دەتوانێ کوردی باکوور لەو دژواریانە بپارێزێ.

چوارەم

ڕۆژئاوای نیشتیمان ئێستا لەبەردەم گەورەترین مەترسیدایە . حیزبی دەسەڵاتداری ئەوبەشەش هەر سەرچاوەکەی لە قەندیلە، بەرپرسیاری یەکەمە لەو دۆخە. ئەو دەسەڵاتە نە ئامادەنەبووە لایەنەکانی تر قەبوڵ بکا، بگرە ڕەفتارەکەشی بەنیسبەت ئەو لایەنانە لە ڕەفتاری حکوومەتی سووریە کەمێک نەرمتر بووە نەک زۆر.

نە ئامادەیە دان بە لایەنی دیکە دابنێ، نە ئیزن دەدا ئەو ژمارە پێشمەرگەیەی کە وەک پێشمەرگەی ڕۆژئاوا هەیە واریدی خاکی خۆیان بن، نە ئیعترافیان پێ دەکا، کەچی لەگەل هیندێک مەسیحی، تورکمان، عەرەب و چیچێنی بەرەی هێزی دێمۆکراتی سووریە پێک دێنێ کە ڕەنگە ژمارەیان زۆر کەمتر بێ لەو هیزی پێشمەرگە کە ٢ ساڵە لە دژی داعش لە باشوور شەڕ دەکەن بەڵام پێشمەرگەی ڕۆژئاوان.

ئەو ڕەفتاراەی حیزبی دەسەڵات کارێکی کردووە کە بەشێک لە خەلک خۆیان بە بێگانە بزانن. هەموو کەس دەیگوت کە هاوپەیمانیەتی لەگەل ئەسەد نیهایەتەکەی بە زیانی کوردە، بەڵام حیزبی دەسەڵات درێژەی بە هاوپەیمایەتە دا، کەچی ئێستا قسەی هەموو کەس ڕاست دەرچوو، نەک هی حیزبی دەسەڵات. خۆبەزڵزانیی ئەو لایەنە کارێکی کردووە کە تەنانەت کوردانی غەیرە خۆی بۆشیان گرینگ نەبێ کە چی بەسەر ئەو بەشەی نیشتیمان دا بێ.

قەندیل کوردی ڕۆژئاوای کرد ەبە بەشێک لە کێشە وگرفتەکانی خۆی لە گەل باشووری کوردستان. ئەو ەگەورەترین تاوانە بە نیسبەت ئەو بەشە لە کوردستان. هەم ئەحزابی باشوور هەم قەندیل ڕۆژئاوایان کردە فیدای ململانێی حیزبیی خۆیان.

چارەسەر ئەوەیە کە حیزبی دەسەڵاتداری ڕۆژئاوا واز بێنێ لە خۆ بەزڵزانی و خۆی نەکاتە فیدای ململانێیەک کە هی ئەو نیە . پێویستە بگەڕێنەو ەیەکتر قەبووڵ کردن و کەس مەنع نەکەن. ئیزن بدەن لایەنی تریش بە ئەندازەی قەبارەی خۆیان بەشداری کار و خەبات بن.

خوێنەری بەڕیز ئەم چەند کۆمێنتارە لێکدانەوە و هەڵسەنگداندن نین، تانیا ڕای خۆمن وەک سەرنەخ بۆ ئێوەی بەڕیز . هەربۆ ئەوەبوو کە سرنجتان بۆ ئەم خاڵانە ڕابکێشم.

هەرشاد بن

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی