بەرێز مستەفا هیجری”سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لە کۆڕێک دا کە ئەنیستیتۆی میری لە هەولێر ڕێکی خستبوو،ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات ئامادەیە لە رووی سیاسی و سەربازی لەگەڵ سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاری بکات.
هیجری لە قسەکانی دا وتی:”ئێمە وەک هێزێکی سیاسی پێمانوایە لە نەهایتەدا دەبێ بە وتووێژ داخوازییەکانمان چارەسەر بکەین، بەڵام وتووێژێک کە لانی کەمی سیقەی تێدا هەبێ، بزانین کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لە ڕێگای وتووێژەوە کێشەکانی کورد چارەسەر بکا.هەروەختێکی ئەو نیەتە لە کۆماری ئیسلامی دا ببینین،بێ گومان جارێکی دیکە روو دەکەیەنەوە وتووێژ، کۆماری ئیسلامی مەعموولەن لە ژێر زەخت دا مل ڕادەکێشێ، ئەوەش پێویستی بەوە هەیە کە هەموو لایەکمان پێکەوە بتوانین ببین بە هێزێکی شوێندانەر کە زەخت بکەینە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران”.
کاک مستەفا هیجری لە سمینارەکەدا داوای کرد لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانەتیەک پێک بێ بۆ بەرەو پێشبردنی ڕەوتی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پیوەندییەدا وتی:” حیزبی دێموکرات لە پێوەندی بەو مەسەلەیە ئامادەیە بە روونی پێکەوە کار بکەین،ئەگەر ئەوانەی کە ئیمکانی درێژەدان بە خەباتی چەکداریان هەیە ئێمە ئامادەین لەگەڵیان درێژە بەو کارە بدەین،ئەوانەی کە رەنگە باوەریان بە خەباتی چەکداری نەبێ یان نەخێر هێزێکی ئەوەیان نەبێ کە بێن لە خەباتی چەکداری دا بەشدار بن، لە زۆر ڕێگای ترەوە دەتوانن پشتیوانی ئەو خەباتە بن. موهیم ئەوەیە کە ئێمە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی کە لە واقع دا دروشمی سەرەکی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانە، ئەوەمان لە بیر نەچێ کە بتوانین لەسەر ئەو خاڵە پێکەوە کار بکەین. لەسەر ئەوە بەرە پێک بێنین، ئێتلاف پێک بێنین،ئەگەر بکرێ هێندێک لەو هێزانە بتوانین یەک بگرینەوە بۆوەی کە لە موقابل کۆماری ئیسلامی بەهێز بین”.
هیجری تایبەت بە جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە و ناردنەوەیان بۆ نێوخۆی وڵاتیش وتی:” ڕێژیمی ئێران هیچ ژینگەیەکی ئەمنیەتیی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتووەتەوە، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دوای خوێندنەوەیەکی قووڵ، بەو ئاکامە گەیشت کە؛ هێزی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی وڵات”.
کاک مستەفای هیجری لە کۆتایی قسەکانی دا ئاماژەی بە ماهیەتی کۆماری ئیسلامی دا و وتی:” هەتا کۆماری ئیسلامی مابێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت”.
