"an independent online kurdish website

شلێر باخ ئاوایەکی زۆر چکۆلەیە کە  کەمپێکی پەنابەرانی لێیە و چەندین بنەماڵە کە لە وڵاتە ئیسلامیەکانەوە بە هیوای ژیانێکی خۆش و ئاسوودەوە هاتوون لەو کەمپە مەسێحی نشینە نیشتەجێ کراون.sheida-rezayiy-

شەیدای پێشمەرگە و خەباتگێڕیش کە بە ئاواتی چارەسەری نەخۆشیەکەی و ژیانێکی خۆشتر لە گەڵ منداڵە چکۆڵەکانی ڕووی کردبووە ئۆتریش لەو کەمپە نیشتەجێ کرا بوون. ئەوان هەر زوو جێ خۆیان لە نێو دڵی خەڵکی ئەو دێە خنجیلانەو زۆر مرۆڤ دۆستەدا کردەوە.

خەلکی شلیر باخ هەر زوو شەیدا و منداڵەکانیان وەکوو دانیشوی ئەو دێیە خنجێلانەیە قەبووڵ کرد و ئیتر ئەوان وەکوو ئەوەی کە شەیدا لە پێناوی سەربەستی و خۆشگوزەرانی ئەواندا خەباتی کردبێت و تووشی ئەو هەموو ئازار و مەینەتیە تاقەت پرووکێنە هاتبێت، زۆر بە دڵێکی ئاواڵەو مێهرەبانەوە هاتن بە دەمیەوە زۆر هەوڵیاندا بۆ چارەسەری نەخۆشیە لە دەرمان نەهاتوەکەی، پاش چەندین جار هاتووچووی نەخۆشخانە و هەموو جۆرە ئازمایشێک بۆ نەخۆشیەکەی، بۆیان دەرکەوت کە تازە ماوەیەکی زۆر بەسەر نەخۆشیەکەیدا تێپەڕیوە و ئیتر تازە کار لەکار ترازاوەو دەبێ چاوەڕوانی مەرگ بکات. کە دوکتورەکان ئەو خەبەرەیان پێدا و وتیان تازە نەخۆشیەکەت چارەسەر نابێت زۆر سادە و بە پێکەنینەوە وتی: چۆن شتی وادەبێ من ئەو هەموو ڕێگاو وڵاتانەم بڕیوە  کە لێرە ئیتر لەو هەموو دەردیسەری و نەهامەتیانە  ڕزگارم بێت و لە گەڵ منداڵەکانم ئیتر بە ئاسوودەیی بژیم. بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە دوکتورەکان وتیان هەروا دەرچوو، شەیدا هەرچەند کە هیوایەکی زۆری بە ژیان هەبوو، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (10.09.2016) لە ماڵەوە لە باوشی گەرمی منداڵ و هاوسەرە تازەکەیدا بۆ هەتاهەتایە چاوەکانی لەسەریەک دانا و دڵە پڕلە ئاوات و ئارەزوەکانی لە لێدان کەوت و  لە نێو ئاپۆڕای گەرمی خەڵکی دێ خۆنجیلانەکەی شلیرباخدا ، گۆڕ غەریب بە خاک سپێردرا.

ڕۆحی شەیدا پێشمەرگەی بەوەفا و گۆڕ غەریب شاد و سەبووریش بۆ بنەماڵە بەڕێزەکەی و هەموو خەڵکی تەنگیسەری کورد پەروەر و شۆڕشگێڕ.

عوسمان مرادی

تکایە بۆ بینینی وێنەکان ئێرە کلیک بکەن

sheida-rezayi-bezak-spardn-20160913_3


بابەتی پەیوەندی دار

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە هۆی نەخۆشینی شێرپەنجە لە وڵاتی ئۆتریش ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە ئێوارەی دوێنی ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، خاتوو شەیدا ڕەزایی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشینی شێرپەنجە لە وڵاتی ئۆتریش کۆچی دوایی کرد.

خاتوو شەیدا ڕەزایی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێرانبوو. ناوبراو هاوسەری شەهید هەژار ڕەزایی ناسراو بە “هەژار تەنگیسەری” بووە.

شەیدا یەکێک بوو لەو ژنە تێکۆشەرانەی زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی لە ڕێگای خزمەت بە خەباتی حیزب و گەلەکەی تەرخان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیڕان پرسە و سەرخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی ناوبراو و شەهید هەژار و سەرجەم کەسوکاری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

كورتەیەک لە ژیاننامە و بەسەرهاتی شەیدا ڕەزایی

شەیدا ڕەزایی لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ناو بنەماڵەیەكی هەژار و زەحمەتكێش لە گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی، سەر بە شارستانی سنە لە دایک بووە. بە هۆی دەستكورتی بنەماڵەكەی لە خوێندن بێ‌بەش كراوە و هەر لە منداڵییەوە شانبەشانی دایک ‌و باوک ‌و خوشک ‌و براكانی لە مەزرا خەریكی كاركردن بووە. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی. لەگەڵ كاک خلیل ڕەزایی بڕیاریاندا كە ژیانی هاوبەش پێک بێنن‌ و لە كاک خلیل مارە بڕا، بەڵام بەداخەوە بەر لەوەی كە شایی بكەن، كاک خلیل پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، شەهید بوو.

پاش شەهید بوونی كاک خلیل، خوشكە شەیدا مارە بڕا لە كاک هەژار ڕەزایی، برای شەهید خەلیل ڕەزایی ‌و لەگەڵ كاک هەژار ژیانی هاوبەشیان پێک هێن ا‌و بوونە خاوەن كوڕێک بە ناوی پێشەوا. كاک هەژار ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، هاتە دەرەوە و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

بەوهۆیەوە خوشكە شەیدا كەوتە ژێر گوشار و ئەزیەت ‌و ئازاری بەكرێگیراوانی ڕێژیمەوە و بەردەوام فشاریان خستبووە سەری كە دەبێ‌ بڕوا هەژاری مێردی لە ناو پێشمەرگەدا بێنێتەوە‌و تەحویلی بداتەوە. بە ناچار خوشكە شەیدا ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی هاتە دەرەوە ‌و ژیانی ئاوارەیی ‌و دەربەدەری هەڵبژارد و شانبەشانی هەژاری مێردی ئەركی حیزبی بەڕێوە دەبرد ‌و لە ناو شۆڕشدا بوونە خاوەنی سێ‌ منداڵ بە ناوەكانی شلێر، پشتیوان ‌و شادی.

بە داخەوە كاک هەژار ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، لە جەریانی بەڕێوەبردنی ئەركی پیرۆزی حیزبی لە ناوچەی ژاوەرۆ لە گوندی میراو كەوتە بەر دەستڕێژی جاشە خۆفرۆشەكانی ڕێژیم ‌و لەگەڵ هاوڕێیەكی دیكەی بە ناوی شمسوڵڵا ڕۆستەمی شەهید بوون.

خوشكە شیدا وەكوو ژنێكی شۆڕشگێڕ توانی منداڵەكان بەخێو بكات ‌و كارێک بكات كە هەم وەک باوكیان ‌و هەم وەک دایكیان نازی منداڵەكان بكێشێ‌‌ و نەهێڵێ‌ بێ‌باوكیان پێوە دیار بێ‌.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەگەڵ كاک سدیق ژیانی هاوەشی پێک هێناوە و بوون بە خاوەن منداڵێكی دیكەش. بەڵام بەداخەوە خوشكە شەیدا چەند ساڵ پێش تووشی سەرەتانی “مەعدە” هات و تا ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ كاک سدیقی مێردی ‌و منداڵەكان بڕیاران دا بەرە و ئووروپا بە هیوای ئەوەی كە لە ئووروپا چارەسەریی نەخۆشییەکەی بكرێ کۆچ بکەن ‌‌و لە وڵاتی ئۆتریش نیشتەجێ‌ بوون ‌و خوشكە شەیدا لەوێ‌ لە خەستەخانە بەستەری كرا و هەوڵی زۆر درا كە لە مردن رزگاری بكەن ‌و پاش ساڵێك دەستوپەنجە نەرم كردن لەگەڵ مەرگدا بەداخەوە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە وڵاتی ئۆتریش بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان كرد.

خوشكە شەیدا ژنێكی نیشتمانپەروەر بوو زۆر دڵسۆزی حیزبەكەی بوو‌و ئەندامێكی هەڵسووڕ‌ و تێكۆشەری حیزبی دێموكرات‌ و یەكیەتیی ژنان بوو، ناوبراو هەر ئەركێك كە بۆی دیاری كرابا بە گیان ‌و بە دڵ بەڕێوەی دەبرد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی